بەگۆڕی شەهیدە مەزڵومەکان درۆدەکەن
Friday, 27/09/2013, 12:00
لەبیرمە ئەوکاتەی مام جەلال بوو بەسەرۆکی کۆماری بەناو عێراق دەستە دەستە خەڵک بەپەلەپڕوزکێ دەهاتنە ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کەسی وا هەبوو ٢٤ کاتژمێر پێشتر باسی مام جەلالت بۆ بکرادیە لەوەڵامدا دەی ووت من ناچمە ناو حیزبێکەوە ٦٦ ی لەمێژوودا تۆمارکردبێت . گەر تاکی کورد بەهوشیاریەوە ئاراستەی سیاسی جیاوازتر لەوەی پێشووی هەڵبژێرێت بەمانای وەرچەرخانێکی ئەرێنیە بۆ گۆڕانکاریەکان بەڵام گەر تەنها بۆ خۆبردنەوە پێشەوە و پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسیەکانی پێشتری خۆی بێت لەناو حیزبێکی دۆڕاودا بۆ ناو بزاڤێک یان حیزبێکی براوەدا ئەوا وەک ئەوە جەنگاوەرە ترسنۆکە وایە بە هەمووان بڵێت هێرش بکەن و خۆشی لەترساندا سەرتاپای جەستەی پڕکردبێت لە پیسایی.
ئەوەی دەیبینین لەدوای دەرنجامە ناڕەسمیەکان بەدەیان نووسەری دەرباری ناو ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی ووتارو کۆمینتی وا دەنووسن کە باوەڕناکەیت ئەمانە لەناو حیزبێکدا بووبن هێندەی قەبارەی مێشوولەیەکیش سەرکردەکانی خیانەتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئەخلاقی و فەرهەنگیان لە نەتەوەی کورد کردبێت ، ئەم نوسەرە تەبیعەت نیسکانە ووتاری وا پیشانی خەڵک دەدەن بەتایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و هەندێک لە میدیاکان کە گوایە ئەمان زۆر لە مێژە ڕەخنەی زل زلیان لە تیمی مەکتەب سیاسیی وسەرکردەکانی یەکێتی گرتووەو و هۆشداریان داونەتێ گەر بەقسەیان نەکەن دەدۆڕێن ، سەمەرەکە لەوەدایە زۆربەی نووسینی ئەو بەناو نووسەرە دڵسۆزانەی یەکێتی پێش هەڵبژاردن هێندەی لەخەمی پەلەپڕوزکێی فریاکەوتنن لەکاتی ئیزافیدا جەسارەت ناکەن لینکی تۆمارکراوی نوسینەکانیان بۆ خوێنەرەکان بڵاو بکەنەوە تا بزانن لە کام بەروارو لەکام بەشی ڕۆژنامەو سایتی حیزبەکەیاندا تۆمارکراوە وەک ئەرشیف . ئەم بەناو نوسەرە دڵسۆزانە نووسین و بابەتی لێکدانەوەی ڕەوشی سیاسی و ڕێکخراوەیی بۆ دەربابوونی یەکێتی لە قەیرانەکانی وەها بۆ خەڵک بڵاودەکەنەوە کە ئەمان پێش نەوشیروان مستەفاش درکیان بە بوونی لەدەستدانی متمانەی جەماوەری یەکێتی کردووە بەرامبەر بە مەکتەبی سیاسی و سەرکرادیەتی بەڵام بەبیانووی ڕەچاوکردنی گەشەکردنی پڕۆسەی دیموکراسی و خەباتی شاخی مام جەلال و نەبڕینی قووتی ژیانی ماڵ ومنداڵیان لەناو یەکێتیدا ماونەوەتەوە، بڕوابکەن هەندێکیان ڕستەی هێندە قەبە قەبەی نوسیووە کە نەوشیروان مستەفاش پەی پێ نەبردەوە تەنانەت سەرهەڵدانی ئاراستەی ڕیفۆرمیش لەناو یەکێتیدا بەهی خۆیان دەزانن بەڵام نەوشیروان مستەفا زوڵم و نۆرەبڕی لێکردوون یاخوود بەمانایەکی تر غەدری لێکردوون و پێش هاتنەدەرەوەی لە یەکێتی پرسی بەم زاتە ڕیفۆرمیستانە نەکردووە.
پڕۆسەی گۆڕانکاری بۆ خۆی قیرسمچەیەکی مێژووییە هەر دەسەڵاتێکی بۆندار بۆگەنەکەی تاکی کورد کوێروکاس بکات دەبێت بخرێتە ناو چاڵی خۆڵ و خاشاکەوە ، بەڵام بۆهەر گۆڕانکاریەکیش کارەکتەرەکان وەک کات و شوێن بۆ مێژوو پێداویستیەکی تەواوکەری پڕۆسەی گۆڕانکاریەکەیە، (کوردستان پۆست) وەک پێگەی دەروازەی جەسارەت بۆ گۆڕانکاری بە ئەرشیفێکی تۆمارکراوەوە پێشەنگی سەنگەری ئازایەتی و بوێری بووە، بڕۆن سەیربکەن بزانن لەو ئەرشیفەدا چی نووسراوە و چۆن باسی پڕۆسەی گۆڕانکاری کراوە ، هەموو ئەو نووسەرە پەشیمانخوازە خۆبەدۆڕاو زانەش کە بەهەر پاساوێک مانەوەیان لە ناو ڕاگەیاندنەکانی حیزبدا بەیان دەکەن، بێجگە لە درۆی مەلەوانە درۆزنەکە هیچی تر نییە.
من وەک خۆم وەک نەریتی لەبیرنەکردن و وەفا بۆ هاوڕێ شەهیدەکانم تا هەست بە دووبارە شەهیدکرنەوەیان نەکەم لەسەردەستی مونافیقەکانی حیزب سوێند بە گۆڕی شەهیدان ناخۆم بەس بەکفنی شەهیدە مەزڵوومەکان ئەو نووسەرە سیفەت (نیسکانە) خەریکی خۆ هەڵگێڕانەوە و چەواشەکردنی خەڵکن بۆ گسکدان لە پاشەڵی زێرابیان و خەریکە خۆیان دەکەنە (نووسەری گۆڕانخواز) ، وەک بژاردەی یەکەمی ڕووداوەکانیش گەر پارتەکەی بارزانی بەچاوی بەزەییەوە یەکێتی نیشتمانی بکاتە شەریک لە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوودا هەر هەموویان باوەخوون دەبنەوە و هەمان قەوانی پێشوو لێ دەدەنەوە و نەوشیروان مستەفاش بە هۆکاری لێکترازان و لاوازکردنی یەکێتی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵگا ناوزەند دەکەن.
هیچ بە سەیریشی مەزان ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد و مەلا بەختیار و سەعدی پیرە و ئازاد جوندیانی و هەموو نەخوێندەوارەکانی تریش لە مەکتەبی سیاسی بابەت و نووسینی تۆمارنەکراوی واتان بە بەرواری ١٠ ساڵ لەمەوپێش بۆ بڵاودەکەنەوە تا پێتان بڵێن ئەوە ئێمە بووین هەڵکەری چرای گۆڕانکاری بووین .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست