نەجمەدین کەریم و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق
Saturday, 19/07/2014, 12:00
1661 بینراوە
ئەگەر چی دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، کورد هەندێ جار تەئکیدی لە سەر مافی چارەی خۆ نووسین و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکرد و لە ژێر کاریگەری و گوشاری ئاشکرا و نهێنی وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئەمریکا کە بە داخەوە بە دۆست و هاوپەیمانی کورد لە قەڵەم دەدرێت ڕەنگە ئەمجارەش کورد بە بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراق ئەو هەلە زێڕینەی خۆی لە دەس بدات و چیتر ئاوەها بەستێنێک فەراهەم نەکرێت کورد لە سەر خاکی خۆی بە ئازادانە و لە ژێر ئاڵای وڵاتی سەربەخۆی کوردستاندا بژیت.
جموجوڵی دیپلۆماتیکی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ و هەڕەشە و گوشاری ئەوان کورد بەرەو بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەبات. ئەگەر چی ئەمجارە کورد مەرجی قورستری دەبێت و پێدەچێت هەندێ وەرەقەی جیاوازتر لە ڕابردوو ڕوو بکات، بەڵام دابەشکردنی پۆستەکانی کورد لە بەغدا ئەگەری ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکانی کوردی بە گشتی لێ دەکەوێتەوە.
دوای دەسنیشان کردنی دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمان هەموو نیگاکان لە سەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە پشکی کورد و یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە چڕ بوونەتەوە. یەکیەتی نیشتمانی کوردستان کە دوای غیابی درێژخایەنی تاڵەبانی چەندین قۆناغی هەستیاری تێپەڕاندووە و دوایین جار توانی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم چەشنێک ئاشتی لە نێوان حیزبەکەیان و دەنگە تۆراوەکانی دروس بکات لە ئێستادا لە سەر پرسی کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تووشی هەمان ململانێ و باڵ باڵەتی دەبێت کە وەکوو نەخۆشییەکی کوشەندە زیان بەو حیزبە و تەنانەت بەرژەوەندی گشتی کورد دەگەێنێت. لە ئێستادا دوو لایەن لە ناو یەکیەتی نیشتمانی ڕکابەرەتی دەسنیشانکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن. یەک لەو کەسانە کە لە لایەن باڵێکی ناو ئەو حیزبەوە پاڵپشتی دەکرێت نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک و پەرلەمانتاری ئێستای پەرلەمانی عێراقە. ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین سەرکردەی ناو یەکیەەتی بە ئاشکرا دژ بە کاندیدکردنی نەجمەدین کەریمن و مەکتەب سیاسی حیزبەکەیان بە تەنیا مەرجەعی بڕیاردان لە سەر ئەم پرسە دادەنێن.
کاندید کردنی نەجمەدین کەریم و پێداگری ناوبراو لە سەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار چ زیانێک بە یەکیەتی و کوردستان دەگەێنێت؟ یەکیەتی وەکوو حیزبێکی گەورە و کاریگەر لە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراق تووشی هەندێ ململانێ و ناکۆکی سەبارەت بەم مەسەلەیە بووە و پێش بینی ئەوەش دەکرێت بەرەو ئاقارێکی توند و تۆڵتریش بڕوات، ئەمە بۆ خۆی زەرەر لەم حیزبە و لە ئاکامدا بە کوردستان دەگەێنێت. سەرۆک کۆماری عێراق کە پشکی کوردە دەبێت ڕەزامەندی و کۆدەنگی هەموو لەیەنە سیاسییەکانی لە سەر بێت تا ئەو کەسە بە پشت بەستن بە پاڵپشتی نەتەوەیی، چالاکتر داکۆکی لە ماف و ئیمتیازاتی گەلی کورد بکات بەڵام ئەگەر نەختێک سەیری ڕابردوویەکی نە چەندان دوور بکەینەوە ئاشکرایە کە پارێزگاری کەرکوک لە ماوەی کارکردنیدا لەو شارە نەیتوانیوە ڕەزامەندی لایەنەکانی دیکە بە دەس بێنێت و هەر ئەمەش وایکرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگری لە سەر ئەوە بکات ناوبراو وەک سەرۆکی لیستی هاوبەشی کوردستانیان لە کەرکوک لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەسنیشان نەکرێت و لە ئاکامدا ئەو لیستەش نەکەوتە بواری جێ بە جێکردنەوە و کورد بە چەندین لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و کەسایەتی نەجمەدین کەریم و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی بوو بە هۆی لێکترازانی کورد و ئێستاش کاندیدکردنی ناوبراو هەمان سیناریۆ دووبارە دەکاتەوە و خاڵێکی لاوازە کە یەکڕیزی و کۆدەنگی کوردان دەکاتە ئامانج و پێدەچێت دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد لەم کات و ساتەدا زۆرتر دڵیان بە شێخ نەجمەدین کەریم بکرێتەوە لە گەڵ ئەوەی کە ناکۆکی ناوبراو لە گەڵ هێزێکی گەورەی وەک پارتی دیددمەکراتی کوردستان دەتوانێت کێشی سیاسی کورد بەرامبەر بە بەغدا دابەزێنێت. ئەو کاتەی کە جەلا ل تاڵەبانی وەک یەکەمین سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا بە هەمان شێوەی باشوور لەو بەشەکانی تری کوردستانیش ئاهەنگ و شادی کوردان دەلالەتی لەوە دەکرد کە کەسایەتی مام جێی فەخر و شانازی هەموو کوردانە و لە ئێستاش پێویستە هەمان پێوەر و فاکتەر بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتی ئەو کەسەی کە کاندیدی کورد دەبێت ڕەچاو بکرێت ، بەڵام شێخەکەی یەکیەتی نەک تەنیا لە باشوور و ئەو بەشەکانیتری کوردستان خۆشەویست نییە تەنانەت لە ناو حیزبەکەی خۆشیدا ئیجماعی لە سەر نییە و پێ ناچێت ئەگەر وەکوو دووهەمین سەرۆک کۆماری کوردی عێراق هەڵبژێرێت دەسکەوتێکی گرنگی بۆ کورد و کوردستان بێت.