ئەم خوێنەی كۆبانی و كەركوك بە فیرۆ نادرێت ؟
Friday, 30/01/2015, 12:00
مێژوو زۆری فێركردوین، زۆریشی پێ وتوین و ئەوەتا بە دوبارە كردنەوەی هەڵەكان وانیشانی دەدەین كە هیچ پەندێكمان لێ وەرنەگرتوە، ترسی گەروەمان لەوەدایە كە ئەم جارە بەرهەمی دروێنەكەمان بۆ ئەوانیتر بێت .
زۆر راستە كە دەڵێین خەباتی چەندین ساڵە و روبارێك خوێن بە یەك سەعات گفتوگۆ لە سەرمێز دەدۆرێنین و هەمیشە لەدەرئەنجامدا دەستمان لەبن هەمبانەكەوە بە بەتاڵی دەردەچێت ، بۆ ؟
خەباتێكی سەخت و دوورودرێژمان كردووە و لە سەرەتاییترین مافی نەتەوەی بندەست بێبەشبوین، ئەمەش نەك لە دەرئەنجامی ترسنۆكی، نەك لە سڵكردنەوە لە قوربانیدان، نەك لە بێ توانایی، نەش لە ناحەقیمانە لە پرسە سەرەكیەكەمان، بەڵكو هەمیشە و هەموو جارێك لە بێ پلانی و دڵسافی و خۆشباوەری و پشت بەستن بە چەند بیروباورەێكی نامۆ بە واقعی كۆمەلایەتی و تایبەتمەندێتی كوردانە و دوور لە مافی راستەقینەی گەلی كوردستان و هاوردەكردنی فیكری دەرەكی و سیاسەتی ناراست و پشتبەستن بەویتر و متمانەكردنی بێ بنەما بە لایەنی بەرامبەر .
لەم قۆناغەدا، دیسان خوێنی گەلی كورد لە هەرچوارپارچەكە تێكەڵ بوو، دوژمنان دەست ناپارێزن و بارودۆخێك هاتۆتە ئاراوە كە پێویستی بە تێرامانێكی زۆر ورد و عاقڵانە و لەخۆبوردوانەی هەمووان دەوێت و، دەكرێت بە دوا هەل لەقەڵەم بدرێت بۆ رزگاریی یەكجارەكی .
دوو رێگای سەرەكی لە پێشمانەوەیە، لە هەڵبژاردنیاندا قورسیەك دەبینرێت، ئەگەر لە دیاریكردنی رێگاكان پشت بە پشتخانی فیكری و عەقڵیەتی سەركردایەتی و سنورداریی مەودای قوربانیدان بە بەرژەوەندیە تەسك و تایبەتیەكان بخوێنینەوە، ئەوە زۆر رەشبین دەبین و بروامان بە سەركەوتن كز دەبێت .
ئەگەر قوربانیدان بە بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەكان نیو ئەوەندەی قوربانیدان بێت بە خوێنی گەلە ستەمدیدە هەژار و دڵسۆزەكە، ئەوە بێگومان ئاسۆمان رۆشن دەبێت . من وەك خۆم و بە هەڵسەنگاندنی سەرپێیانە بۆ سەكردایەتی ئەمرۆی كوردستان بە قورسی دەزانم ئەم رێگەیە بگرنە بەر، هەر ئەم رێگەیە كە هیچ پێویستی بە خەڵكی تر ناكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان . رێگەكەی تر، سازشكردن و هاوپەیمانێتی و هاوكاری دەستی دەرەكی و پشتبەستن بە ئەوانیترە دوور لە قوربانیدان بە بەرژەوەندیە تەسكەكان، ئەمەش ئاسۆی لێل َ و نادیار دەبێت . لەو باوەرەدام كە سەركردایەتی كورد ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرێت وەك لەم چەند ساڵەی دواییدا بەو روونی دیارە كە ئەمەی گرتۆتەبەر، بەڵام و ابە جوانی دەیبینین كە دەرئەنجامەكان هەمیشە كورت دەێنن .
ئەو خۆبەخت كردنەی لە كۆبانی و كەركوك و مەخمور و شەنكال كرا ئەگەر هاوتەریب بە سیاسەتی راست و واقعیانە و لەخۆبوردوانە پێگەی كورد لە جیهان پتەوتر بكات، ئەوا بە هەڵەیەكی نێوخۆیی سەركردایەتی و ئەو ململانێیە حزبیەی لە ئارادایە پاشەكشە بەو ئاستەش دەكات و ، ئەوەی لەم دەسەڵاتەی كوردستان دەیخوێنمەوە كە مەودای تێفكرینی لە سنوری خێزان و بنەماڵەدایە و نەپەریوەتەوە بۆ زەرورەتی دەوڵەت و بەرژەوەندی باڵای كوردستان و گواستنەوە بۆ قۆناغی دەوڵەتداری، بۆیە نەك هەر ئێمەو مانان بەڵكو چاودێران و دڵسۆزانی كورد و خەمخۆرانی پرسەكەش ترسی لە دۆرانە گەورەكەیە_ هەرچەند ئیدعای ئەوە بكرێت كە كورد قۆناغێك چوەتە پێشەوە _ئەگەر پێشكەوتنی ناوەندی وڵاتانی داگیركەر لەسەر حیسابی ئێمە بێت وەك تا ئێستا دەردەكەوێت و، ئەگەر بەر لە شكستی گەورە نەگیرێت لە نێو ئەو هاوكێشە تازانەی كە لە ناوچەكە روو لە سەرهەڵدانن بە گشتی و دەردانەكانی بەر كورد دەكەوێت و پریشكیشی زۆر فراواندەبێت، لەهەموو بوارەكاندا . نەبونی ستراتیجی خۆبەرێوەبردنی راست و دروست و نا رێكخراوی و شڵەژان و هەڵەشەیی لە سیاسەت وەك لەم چەند ساڵەدا بۆمان دەركەوت كە لە دوو دەیەدا نەك ژێرخانێكی ئەوتۆمان دروست نەكردوە و توانای خود بەرێوەبەری لە ئاستی سفردایە بەڵكو وەزعەكە وا دەخوازێت جارێك و بۆ ماوەیەكی درێژتر لە ژێر دەستەیی بەردەوام بین و چاورەێی دەستی دەرەكی بین بە پێی بەرژەوەندیەكانی ئۆكسجینی ژیانمان بۆ دابین بكات . بۆیە ئەگەر لە بارودۆخێكی ئاوادا هەوڵی خۆریكخستنەوە لە ئارادا نەبێت و تەنانەت ململانێی حزبی باڵی بەسەر بەرەكانی شەریشدا كێشابێت لە كۆبانێ وە بۆ خانەقین ئەوا ئەگەری بە فیرۆدانی خۆێنی گەنجە دڵسۆزەكانمان هەمیشە لە ئارادایە و گەیشتنمان بە دوامەنزڵگەی خەباتمان دوور دەبێتەوە .
ئەوەی دەبینرێت كە كاروباری سیاسی و حزبایەتی هەمیشە یارمەتیدەر بووە لە چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكانی وڵاتانی دونیا، كەچی بە پێچەوانەوە ئێمەی كورد هەمیشە حزبەكان فاكتەری سەرەكی ئاڵۆزی و ململانێ و بەفیرۆدانی هەلە رەخساوەكانی بەردەم جێبەجێ كردنی ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە لە كوردستاندا . كەچی هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵك و خودبەرێوەبەری كوردستان بەحزبەكانەوە بەستراوەتەوە و، حزب دەسەڵاتی كوردی بەرێوەدەبات و هیچ دەسەڵاتێك لەسەروی حزبەوە نیە، ئەمە لە قۆناغێكدایە كە جارێك نەگەیشتویتە چوارچێوەیەكی دیاریكراوی سیاسی باوەرپێكراو لە ناوچەكە و جیهاندا، بۆیە هەمیشە خەمی دڵسۆزان بەفیرۆدانی خوێنی گەنجانی خۆبەختكردووە .
ئەوەی جێگەی باس بێت لە رووی رێكخستنەوە، لە ماوەیەكی كورتی خۆبەرێوەبەری كانتۆنەكان و پتەوی نێوخۆیی كوردستانی رۆژئاوا، ئەگەر بەراورد بكرێت بە دوو دەیەی خودموختاری و تەنانەت نیمچە سەربەخۆی هەرێمی كوردستانی باشوور، ئەوا ئاهێك بە دڵدا دیتەوە و تا رادەیەك گەشبینی باڵ بەسەر بیرو هۆشدا دەكێشێت، ئەگەر سروشتی ئەو ململانێی هەمەجۆرەی ئێرەش بۆ ئەوێ نەپەرێتەوە و ئەوێش بەدەردی ئێرە نەبرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست