کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەنجومەنی باڵای ڕاگەیاندن، دیوی دووەمی یاسای خۆپیشاندانی دەسەڵاتە !

Sunday, 15/05/2011, 12:00


ڕۆژانی 13 و 14 ی ئەم مانگە لە شاری هەولێر و لەبەشی ڕاگەیاندنی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین و ڕێکخراوی (ئایریکس)ی ئەمریکی"کۆنفرانسێک"یان ڕێکخست، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ڕاگەیاندن. بەپێی ئەم پڕۆژەیە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە 9 کەس دەبن . سیانیان سەرۆکی هەرێم دیاری دەکات ، سیانی تریان سەرۆکی حکومەت دیاری دەکات، سیانی تریان سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکات !!.

ئەم پڕۆژەیە کە بە ڕواڵەت وا دەخرێتە پێشچاو کە پڕۆژەی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆیەو هیچ پەیوەندیەکی بەسەر دەسەڵاتەوە نەبێت، بەڵام لە بناغەدا لە وێنەی هەمان ئەو پڕۆژانەی دەسەڵاتە کە دەیەوێت ئازادی سیاسی بۆ جەماوەری ناڕازی کوردستان زیاتر بەرتەسک کاتەوە.

هەر ئێستا میدیاکانی دەسەڵات دەستیان کردووە بە پشتیوانیکردن لەو پڕۆژەیە، وە پاساو بۆ پێویستی بوونی ئاوها ئەنجومەنێک بەوە دەدەنەوە تا کۆتایی بە بێ سەرەوبەری راگەیاندنی ئێستا بهێنن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە میدیاکانی دەسەڵات هەر ئێستا خەریکی نانەوەی گەورەترین پشێوی و نائارامین و ڕۆژانە ئاشی هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆ دەگێڕن.

پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای ڕاگەیاندن ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و عەقیدەدایە. دیوی دووەمی یاسای دژی ئازادی خۆپیشاندانە و درێژەی ئەو هێرشە سەربازیانەی دەسەلاتە بۆ سەر مەیدانەکانی ئازادی، بەیاسیاییکردنی تیرۆر و لێدانی رۆژنامەنوسانە کە پێشتریش پیادەی کردووە. دەسەڵات دەزانێت کە خۆشباوەڕی و متمانەی جەماوەر بە دەسەڵاتەکەی لە دەستداوە، بۆیە لەگەڵ بەکارهێنانی هەزاران هێزی چەکدار بۆ سەرکوتکردنی خۆپشاندانەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان، ئێستا خەریکە بە یاسای خۆپیشاندان و پێکهێنانی ئەنجومەن بۆ ڕاگەیاندن، مافی قسەکردن و ئاگادار بوون لە حەقیقەت و ڕاستیەکانی کۆمەڵگە لە جەماوەری ئازادیخوازی کۆمەڵگە وەربگرنەوە. ئەم هەوڵەی دەسەڵات دەبێ بکەوێتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کۆمەڵگە، نابێت پەسەند بکرێت و فرسەتی پێکهێنانی پێ بدرێت، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەنگی نارازی خۆی دەخاتە پاڵ هەموو ئەو دەنگە نارازیانەی ئەم پرۆژەیە ریسوا دەکەن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

1552011

Shukak Abdulstar
Skrtaryaty Maktaby Syasy
00964 770 76 79 334 - 7\24
00964 (0)53 312 89 31 -2 :00 pm -- 500 pm (Bagh.)




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە