عێراق ئەو وڵاتەى كەبە هەڵە دروستكرا
Tuesday, 10/03/2015, 12:00
(وا مێژووى عێراقى نوێ نزیك دەبێتەوە لە سەدەیەك، هیوادارین پێش ئەوەى تەمەنى ئەو هەڵیە بگاتە سەد ساڵ ڕاست بكرێتەوە)
لە پاش جەنگى جیهانى یەكەم و خاكى نێوان دوو ڕوبارەكە كە تا ئەوكاتەش سەر بە دەوڵەتى عوسمانى بوو لە لایەن بەریتانیاوە داگیركراو كرا بە وڵاتێكى سەربەخۆ و ناونرا (المملكە عراقیە) هەروەها (ولایەتى موێل) یش لكێنرا بە وڵاتە نوێكەوە، هەر ئەو كاتیش كەسێكى شیاو دەست نەكەوت كە هەموو دانیشتوانى مەملەكەتە نوێكە لە لایەك و موستەعمەرەى ئینگلیزیش لەلایەك ڕازیبن لە سەر ئەوەى ببێتە مەلیكى وڵات، هەربۆیە پەنایان برد بۆ (شەریف بن حسین) ى مەلیكى حیجاز كە یەكێك لە كوڕەكانى بنێرێت بۆ فەرمانڕەواى عێراق، هەمولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەى كە (فەیسەڵ) ى كوڕى (شەریف بن حسین) هاوردە بكرێت، هۆكارى ڕازى بونى بەریتانیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دڵنیا بون لەوەلائى بنەماڵەى شەریفى مەككە بۆ خۆیان، پاشان لەبەر ئەوەى كە بنەماڵەى شەریف سەر بە بنەماڵەى (ئالبیت)ن هەر بۆیە شوێنكەوتوانى ئاینزاى شیعى ڕازى بون لەسەر كەسایەتى (فیسەڵ)، لە لایەكیترەوە لەبەر ئەوەى كە ئەو بنەماڵیە سەر بە ئاینزاى سونەن سونەكانیش لاریان نەبوو لەسەرى.
هەر لە سەرەتا دامەزراندنى وڵاتە نوێكەوە لە 1921 وە تا ڕوخانى ڕژێمى پێشوو واتە 2003 كە دەكاتە 80 ساڵى فەرمان ڕەوایى بە سەردەمى (مەلەكى و كۆماریەوە) لە لایەن سوونەوە فەرمان ڕەوایى وڵات كراوە هیچكام لە فەرمانڕەوایان بەمردنى ئاسایى نەمردوون، لەو ماوە زەمەنیەدا هیچ كاتێك گەلى كورد هەستى بە ئاسودەیى و ئازادى و پێكەوە ژیان نەكردووە، هەموو ڕژێمەكان بۆ سەپاندنى خەونى خۆیان و چەوساندنەوەى نەیارەكانیان هەموو ڕێگەیەكى نەشیاویانگرتۆتەبە، بەهەموو شێوەیەك هەوڵى كۆكوژى گەلى كوردوو نەیارەكانى ئاینزاى شیعیشان داوە، پاش هەشتا ساڵ لە فەرمان ڕەواى سوونەكان جارێكیتر وڵات توشى داگیركاریەكى نوێ بویەوە لە لایەن ئەمریكاو هاو پەیمانانەوە و بۆ هەتا هەتایە كۆتایى هات بە دەسەڵاتى ئەوان، پاشان لە ژێر چاودێرى ئەمریكاو هاو پەیمانان نۆرە هاتە سەر فەرمانڕەواى ئاینزاى شیعى، هەر ئەوو كات زۆر لە سیاسەت مەدارانى نێو خۆ و دەرەوە ڕایان وابوو كە عێراقى ئەمجارە وڵاتى سەرجەم عێراقیەكان دەبێت بەبێ جیاوازى نەتەوە و ئاین و ئاینزا، بەڵام ئەوانیش چونكە بە نەفەسى تۆڵەوە دەستیان پێكرد و دەستیانگەشت بە خەونى دەیان ساڵەیان هەرلە سەرەتاوە جۆرێك لە بێئومێدى بە لایەنى كورد و سونەكانەوە دیاربوو! وا 12 ساڵیش تێدەپەڕێت بەسەر فەرمانڕەوایى ئەواندا، بەڵام وەك ئەوەى كە هەر ئەوە لە چارەى عێراقیەكان نوسرابێت كە نابێت هیچ كاتێك هەست بە ئاسودویى و پێكەوە ژیان بكەن و خۆیان بە هاوڵاتى پلە یەك بزانن، ئەمانیش هەمان هەڵەى ڕژێمەكانى پێشوو دووبارە دەكەنەوە، پاساوى ئەمەشیان ئەوەیە هەموو ئەو تاوانانەى كە ڕژێمەكانى پێشوو ئەنجامیانداوە دەخەنە ئەستۆى سوننەكانى وڵات! هەموو ئەو نەهامەتیانەى كە لەماوەى بنیاتنانى ئەم وڵاتەوە و بەتایبەت پاش شەڕ و كوشتار و داگیركاریەكانى ئەم ساڵانەى دوایى زۆربەى دانیشتوانى وڵات و تەنانەت زلهێزانیش ئەو بڕوایەیان لا دروست بووە كە مانەوەى ئەم وڵاتە بەم شێوەیە ئیتر بێ مانایە و خزمەت بە دانیشتوانى ئەم وڵاتە و ناوچەكە و وڵاتانى دونیاش ناكات، بۆیە بیر لە هەڵوەشانەوەى عێراقە یەكپارچەكە دەكرێتەوە، سەرەتا بۆ سێ ولایەت و لە وێشەوە ڕێگە خۆشبكرێت بۆ دابەشبونى بۆ سێ وڵاتى سەربەخۆ بۆ (شێعە و سونە و كورد).
هیوادارین ئیتر كاتى ئەوە هاتبێت كە زلهێزانى دونیا ئیتر بە جدى بیرلەو برینە قوڵە بكەنەوە ، ئەو برینەى كە خوێن لەبەر چونەكەى خەریكە نزیك دەبێتەوە لە 100 ساڵ.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست