دەبوو پەکەکە بەر لە ئێستا ئەم هەڵوێستەی بەرامبەر بە پارتیی هەبوایە
Saturday, 02/11/2013, 12:00
1531 بینراوە
کوردستانپۆست لە کاتی ڕوودانی ١٧ی شوباتدا چەند جارێک داوای هەڵوێستی لە (PKK) کرد، کە پشت نەکەنە گەلی باشور، بەڵام هیچ هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر بە کوردی باشور نەنواند و بێخودان جێیهێشتن، ئەمە لەکاتێکدا دەیتوانی بە لێدوانێک مێژووی ئەو ڕاپەڕینەی خەڵکی باشور دژ بەستەمی دوو بنەماڵە بگۆڕێت، کاتێکیش پەچەدەکە چووە ناو یاری هەڵبژاردنەوە، کە کوردستانپۆست سەرلەبەر دژی ئەو هەڵبژاردنە بوو، چونکە ئەزمونی ئەم بیست و سێ ساڵە فێری ئەوەی کردووبوون، کە محاڵە دیموکراسی لە نیشتمانێکی داگیرکراودا بوونی هەبێت تێیدا بنەماڵە حاکم بێت و داگیرکەرانی کوردستان لە رێگای ئەم دوو بنەماڵەیەوە بڕیاری چارەنووسی کورد بدەن، هەروەها بە ناوی دیموکراسییەوە بیانبەنە بەر سندوقی گەمەی دەنگدان، کە خۆیان بڕیاریان دابێت کێ تێیدا سەرکەوتوو دەبێت و کێ دەیباتەوە، پەکەکە و پەچەدەکە دەبوو لە ئێمە باشتر بەمەیان بزانیانە، بەڵام ئەوان چوون و هاوبەشی پرۆسەی دەنگدانیان کرد، ئەمەش خوێندنەوەیەکی دوور و درێژی بۆ کرا، ئەو مانایەشی دا، کە ئەوان لە ئاست کێشەکانی کوردستانی باشوور بێئاگان، هەرچەندە ئەوان لە ئاستی ئەو بێهەڵوێستییەیاندا لە ١٧ی شوبات و رووداوەکانی تردا دەبوو لەوە بگەن کە خەڵکی باشوور چیدی ئامادە نابێت دەنگ بە حیزب و لایەنێک بدات کە لەگەڵ ئەو دوو بنەماڵەیەدا سازشکار بێت. بڕیار گابار ئهندامی کۆمیتهی سیاسیی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK، دەڵێت: دیموکراسی تەنها چونە پڕۆسەی هەڵبژاردن نییە، ئەوەتانێ هەڵوێستی پەکەکە لە١٧ی شوباتدا کارێکی کرد کە پەچەدەکە نەتوانێت تاکە کورسییەکیش بهێنێت، بۆیە ئەمڕۆ پەکەکە دێت، وەک کوردستانپۆست دەدوێت و دوای رەفتاری خیانەتکارانەی بنەماڵەی مەلامستەفا بەرامبەر بە کوردانی لەڕۆژئاوا، هەرچی لەژێر بەڕەدایە دەیخاتە سەر بەڕەو لە فورات نیوزدا پەخشی دەکات.
ووتارەکەی فورات نیوز ڕێک لە ووتارێکی کوردستانپۆست دەچێت و هەموو ئەو قسانەیە کە کوردستانپۆست لەماوەی ئەو هەموو ساڵەی کارکردنیدا بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی هەردوو بنەماڵە کردویەتی، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو دەمەی کە ئێمە لەکوردستانپۆستدا ڕەخنەمان لە هەڵوێستی پەکەکە دەگرت، کۆمەڵێک لە هەواداریان دەهاتن و پەلاماریان دەداین، کاتێکیش ئێمە داوامان لە بەرپرسانی قەندیل دەکرد، دەیان ووت ئەوانەی قسە بە ئێوە دەڵێن پەکەکەنین، بەڵکو لەخۆیانەوە قسە دەکەن.
ئەمڕۆ ئەم هەڵوێستەی (PKK) هەڵوێستێکە لەمێژە گەلی باشور چاوەڕێی دەکات، داخۆ ئەمە هەروا بەردەوام دەبێت، یان تاکتیکە و بۆ نمونە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دیجلەدا دەچنەنەوە پاڵ پارتیی؟! چونکە ئەو کاتە بۆ پشگیری شانۆگەرییەکەی دیجلە (PKK)یش بۆ ناردنی هێزئامادەیی خۆی دەربڕی. با لەمەو دوا (PKK) ئیتر پشت لەگەلی خۆیان لە باشور نەکات، کە پارتی و یەکێتی بۆیان بەڕیوە دەبەن. ئەوەی لە رابردووشدا روویاندا (PKK) دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی کوردی باشوور بکات، پەیمان بدات جارێکی دیکە ئاوڕ لە دەسەڵاتە خائینکارەکەی کوردستانی باشوور نەدەنەوە، بۆ هیچ پرسەیەک لەگەڵ پارتی و یەکێتییدا نەبێت و نەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنێکیشەوە، بڕوا بەو دیموکراتییەی هەرێمی کوردستان نەکەن، کە ئیران و تورکیا بۆیانی پێناسە و دیاری کردوون.
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||
دەقی نووسینەكەی فورات نیوز
پارتی دیموكرات بۆچی دژایەتی شۆڕشی رۆژئاوا دەكات؟
پارتی دیموكراتی كوردستان هەرچەندە لەسەرەتاوە وەكو پارتیەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لەسەروبەندی كۆتایی شەڕی دووەمی جیهانیدا دامەزرا و خواستی سەرجەم تێكۆشەرانی كوردستان لە خۆیدا كۆبكاتەوە و پێشەنگایەتی شۆڕشی كوردستان بكات و لەم بوارەشدا هەندێك هەنگاوی هاوێشت و جەماوەری كوردستانیش نەك تەنیا لە باشوور، بەڵكو لە بەشەكانی تری كوردستان و دەرەوەی كوردستانیشەوە روویان لەم پارتە كرد، بەتایبەتی دوای جوڵانەوەی ئەیلولی ساڵی 1961 كە لەو كاتەدا تاكە تێكۆشانی چەكداری گەلی كورد بوو، بەڵام لە گەڵ تێپەڕبوونی كاتدا و لاوازی بەرێوەبەرایەتی و پێشەنگای ئەم پارتە و دەستێوەردانی دەرەكی و بەهێزی و كاریگەری رەگ و ریشەی بنەماڵەگەری لە كوردستاندا و باڵادەستی بنەماڵەی بارزانی بەسەر پارتیدا، ئەم پارتە رۆژبەرۆژ لە پارتێكی پێشەنگی كوردایەتیەوە وەرچەرخا بەرەوپارتێك كەوابەستەی سیاسەتەكانی دەرەوە بێت و هێزە جیهانی و هەرێمیەكان بەتوندی دەستی پێوە بگرن بۆ ئەوەی كە لەكاتی پێویستدا بەكاری بهێنن دژی دەسەڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان یاخود دژی جوڵانەوەی نوێی ئازادیخوازی كوردستان، هەتا بتوانن هەمیشە كارتی كوردستان وكورد وەكو كارتێك بەكار بهێنن و گەلی كورد و جوڵانەوەكانیشی لەناو بازنەیەكدا بخولێننەوە و لەم پێناوەشدا ئەوەی هەموو هاوكارییەكیان پێشكەش كردووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆكاری ئەوەی بنەماڵەی بارزانی بتوانن PDK كۆنترۆڵ بكەن و لە بن ناوی كوردایەتیشدا هەموو عەشیرەت و بنەماڵەكانی تری كوردستان و گەلی كوردستان سەركوت بكەن وئەوەشی لەبەرامبەریان راوەستا بێت گورزی توندیان لێدابێت.
بەم ڕەنگە سەركێشی كوردایەتی بۆ خۆیان تاپۆ بكەن. كە لێرەدا دەكرێت هەندێك نموونە بێنینەوە:
1 ـ بەكارهێنانی زەبری هێز بۆ دەرپەڕاندنی (حەمزە عەبدوڵڵا)، یەكەم سكرتێری پارتی دیموكرات لەلایەنی مستەفا بارزانیەوە لەساڵی 1959دا.
2 ـ بەكارهێنانی هێز لەلایەنی مستەفا بارزانیەوە بۆ یەكلایكردنەوەی ناكۆكی نێوان ئیبراهیم ئەحمەد و مەكتەبی سیاسی لەگەڵ مستەفا بارزانی لەساڵی 1964دا.
3 ـ بەكارهێنانی هێز لەلایەنی مستەفا بارزانیەوە بۆ سەركوتكردنی جوڵانەوەی رۆژهەڵات لەساڵی 1967دا بە پێشەنگایەتی سلێمان موعینی، مەلا ئاوارە و ئیسمائیل شەریف زادە.
4 ـ لەناوبردنی رێبەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی باكوور سەعید ئەلچی و سەعید قرمزی لەساڵی 1972دا.
5 ـ لەناوبردنی فاخر مێرگەسووری و بنەماڵەكەی كە كەسێكی چەپ و سەركردەیەكی دیار بوو لە ساڵی 1975دا.
6 ـ دژایەتی شۆڕشی گەلی كوردستان لەباشوور لەساڵی (1976 ـ 1998) و شەهیدكردنی دەیان سەركردەی وەكو عەلی عەسكەری، د. خالید سەعید، ئیبراهیم عەزۆ، حسێن بابا شێخ.
7 ـ هاوكاریكردنی ئێران بۆ تێكشكانی شۆڕشی كوردستان لە رۆژهەڵات لەساڵی 1979 و 1982دا.
8 ـ هاوكاریكردنی دەوڵەتی توركیا بۆ لێدانی PKK لە ساڵانی، 1992، 1995، 1997، 2000.
9 ـ داگیركردنی هەولێر بەهاوكاری رژێمی بەعس لە 31/8/1996دا.
10 ـ لەناوبردنی چەندین كەسایەتی پێشەنگی وەكو (سادق عمر، رەئوف ئاكرەیی، هاوڕێ رێناس، د. سیروان)لە ساڵانی 1992 هەتا 1996.
11 ـ هێرشكردنە سەر بنكەی یەنەدەكە و رۆژنامەی وڵات و چەندین رێكخراوی مەدەنی لە 16/5/1997دا و شەهیدكردنی زیاتر لە (14) رۆژنامەنووس و (80) چالاكی سیاسی ومەدەنی و شوێنبزركردنیان كە هەتا ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە.
12ـ هێرشكردنە سەر خۆپیشاندانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی و تیرۆركردنی چەندین رۆژنامەنوس و كەسایەتی لەژێر سێبەری ئەم پارتەدا لەم ساڵانەی دواییدا.
13ـ ناردنی دۆسیە بەناوی وەزارەتی دادی هەرێمەوە بۆ دادگای توركیاو دەزگا ئەوروپیەكان لە ساڵی 1999دا بۆ تۆمەتباركردنی بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و PKK وەكو تیرۆر.
14ـ دژایەتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی شۆڕشی رۆژئاوا وپێشەنگەكەی كە PYDیە لەساڵی 2011وە هەتا ئێستا.
ئەم نمونانە مشتێكن لە خەرمانی كارە دژە شۆڕشەكانی پارتی بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی بارزانی و سەرچاوەی خۆی لەوەوە گرتووە كە كراوەتە پۆلیسی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی داگیركەران لەكوردستاندا و هەر كەس ولایەنێك ئەو سنوورە تێپەڕ بكات، ئەوا رووبەرووی گورزی پارتی دەبێتەوە. ئەوەشی لە ئێستا بێزاری كردوون ئەوەیە كە ئیتر زۆربەی زۆری كوردستان بە دەهۆڵی ئەوان هەڵناپەڕن و وردەوردە دەبنە پارتێكی بچوك و بەشێك لە مێژوو نەك لە ئایندە و ئەم راستیەش لە رۆژئاوا وباكوردا بەروونی دەبینن و لەباشوریش لە ئایندەی خۆیان دڵنیانیین. هەر ئەمە وایكردووە كە هار ببن و چاویان پێشكەوتنەكانی رۆژئاوا نەبینێت. ئەوان پێیان وایە سەركەوتنی رۆژئاوا سەركەوتنی باكوری كوردستان گەرەنتی دەكات و ئەمەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر باشور ورۆژهەڵات دروستدەكات و شیمانەی ئەوەی كە لەهاوكێشەی داهاتوودا كوردستان یەكبگرێتەوە زیاتر دەكات و ئەوەشی پێشەنگایەتی ئەوە دەكات پارتی و بارزانی نییە، بەڵكو ئاپۆ و PKKیە، لەبەر ئەمە ناخوازن رۆژی بەمڕەنگە ببینن ودژایەتیەكەشیان لەم پێناوەدایە.