کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان به‌ره‌و هه‌ڵدێر و پووکانه‌وه

Wednesday, 17/11/2010, 12:00




حزبی شیوعی عێراقی ماوه‌ی زیاتر له‌ 80 ساڵیکی وویست تا ده‌سته‌که‌ی به‌ته‌واوی لای میله‌ت ئاشکرا بێ و دواتر بپووکێته‌وه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان ماوه‌ی نزیکه‌ی 60 ساڵیکی خایاند تا به‌ته‌واوی گه‌له‌که‌مان لێی تێبگا، که‌ ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌وه‌ی به‌پاره‌و پله‌ نه‌بێ شتێ نه‌ماوه‌ له‌و پارته‌ که‌ناوی ئایدۆلۆژیاو بیرو باوه‌ڕ بێ، هه‌روه‌ها به‌هه‌مان پێوه‌ر بۆ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش نزیکه‌ی 40 سالێکی تێپه‌ڕاند تا چی تر گومان له‌وه‌ نه‌مێنێ که‌ ستراتیژو بیرو بۆچونی ئه‌م پارته‌ جگه‌ له‌ چه‌واشه‌کردن و به‌گێل کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد و کوشتنی هه‌ست و هزری کوردایه‌تی نه‌بێ ، هیچ له‌پرنیسپ و ئامانجی سیاسی دروست له‌گه‌ك ئه‌م حزبه‌دا هاوته‌ریب نابێ .

که‌چی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌دا ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ، تاکه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریه‌ که‌ توانی له‌ماوه‌یه‌کی گه‌لێ که‌مدا و به‌توانایه‌کی مادیی که‌مه‌وه‌ کۆمه‌ڵگای کوردی سه‌رتاپا له‌خۆی بئاڵێنێ و به‌یه‌کیانه‌وه‌ گرێ بدات. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌و ماوه‌ که‌مه‌دا توانی به‌شداری دوو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی نابه‌رانبه‌ر و نادیموکراتی بکات و خواسته‌کانی به‌سه‌ر خۆسه‌پێنه‌راکنیدا بسه‌پێنێ و چه‌ند کورسیه‌ك له‌په‌رله‌مان بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات.

ڕه‌نگه‌ گه‌لێ هۆکار هه‌بن له‌پشت به‌هه‌لدێر بردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ که‌لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ ئه‌ده‌م له‌وانه‌:

1- سه‌رده‌می ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌لێ جیاوازتره‌ له‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی، ئه‌ویش له‌وه‌ی گۆڕان له‌شاخ دروست نه‌بوو، به‌ڵکه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ناو شار و گه‌ڕه‌ك کۆڵانه‌کانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا ، که‌ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆرێک له‌نزیکی زانیاری و نه‌توانینی شاردنه‌وه‌یانه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر ده‌رئه‌خا.

2- ئاستی هۆشیاری جه‌ماوه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ گه‌لێ به‌رزتر و به‌تواناتره‌ له‌وانه‌ی سه‌رده‌می شاخ، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ی ئێستا به‌باش ئه‌ڵێن باش و به‌خراپ ئه‌ڵێن خراپ، وه‌یان بڵێین به‌ زوویی ڕاست و چه‌پی خۆیان ئه‌دۆزنه‌وه‌.

3- به‌هۆی بوونی ئه‌م ته‌که‌نه‌لۆژیا پێشکه‌وتوه‌ی ئه‌وڕۆ، که‌خه‌ڵکی له‌هه‌موو ئان و ساتێکدا ئه‌توانن زانیاری بگۆڕنه‌وه‌و زانیاری ڕاستیشیان گه‌لێ به‌زوویی ده‌ست بکه‌وێ.

4- بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌مترین خه‌ڵکی گێره‌ شێوێن وکه‌سایه‌تی گه‌ڕان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ته‌سك و پله‌و پایه‌دا هه‌بوو، ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی گۆڕانیان ئه‌کرد و شه‌ونوخونیان بۆ کرد، هیچیان به‌ته‌مای پله‌و پایه‌ نه‌بوون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زۆربه‌مان ته‌نها له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بووین که‌ بتوانین کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش وه‌ك هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تر خۆشبه‌ختانه‌ بژی و ئه‌و سیستمه‌ی به‌ڕێوه‌ی ئه‌با سیستمێکی یه‌کسان و پاك بێ.

5- سه‌رکردایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ئه‌بوو بدرێته‌ ده‌ست لاوان و چینی نوێی شار، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ باوه‌ڕی به‌خه‌باتی چه‌کدار نیه‌و به‌ته‌مایه‌ ته‌نها به‌خه‌باتی نێو شار و ده‌نگده‌رانیان بتوانن بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات، که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌، جل خاکی و پێشمه‌رگه‌ی کۆن نه‌یهێشت گه‌نج و لاو بگه‌نه‌ ئاستی سه‌رکردایه‌تی و نێوه‌ندی بڕیار.

6- میدیای ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، گه‌لێ شه‌رمنانه‌ (ترسنۆکانه‌) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ك ڕوداوه‌کان ئه‌کرد وله‌زۆربه‌ی کاتدا ئه‌بو گۆڕان خوازان په‌نا ببه‌نه‌ شوێنێکی تر بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌کانیان.

7- دروست نه‌کردنی فشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و باوه‌ڕنه‌بوون به‌خه‌باتی سه‌رشه‌قام و جاده‌کان، لێره‌دا ئه‌بوو گۆڕان له‌دوای ئه‌وه‌ی که‌ به‌هه‌زاره‌ها که‌سیان لێ نانبڕاو کرا، ته‌نها چاره‌یه‌ك بیان گرتایه‌ته‌ ڕێ، خه‌بات و فشاری جه‌ماوه‌ری له‌ڕێگای خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی ئه‌و نیو ملێۆن که‌سه‌ی ده‌نگی پێدابوون.

8- کاتێك گۆڕان ئه‌وه‌ی دا به‌گوێی ده‌نگده‌ریدا که‌ تاڵه‌بانی ناتوانێ ئه‌و پۆستی سه‌ره‌ك کۆمارییه‌ی له‌خزمه‌تی دۆزی کوردا نمایش بکا و ئه‌م پۆسته‌ ته‌نها ته‌شریفیه‌، ئه‌بوو به‌هیچ جۆرو پاساوێ ده‌نگیان نه‌دابایه‌تێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ چوار ساڵی ئاینده‌ ئه‌م پۆسته‌ هیچ گۆڕانکاریه‌کی له‌خۆ نه‌گرتوه‌و ، تاڵه‌بانیش جگه‌ له‌ماچ و موچی ئه‌م و ئه‌و، نووسینی پرسه‌نامه‌ بۆ ئه‌م سه‌رۆك و ئه‌و پاشا، دانانی تاجه‌ گۆڵینه‌ له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌م مردوو و ئه‌و مردوو هیچی تر نابی، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه‌و باجه‌که‌شی گه‌لێ گه‌وره‌تره‌.

9- بۆ چه‌ندین جار تاڵه‌بانی ئه‌ڵێ(ده‌وڵه‌وتی کورد خه‌ون و خه‌یاڵه‌) وه‌یان (عێراق ووڵاتێکی عه‌ره‌بیه‌) ئه‌ی گۆڕان به‌و ده‌نگه‌ی دایان به‌و سه‌رۆکه‌، مانای په‌سه‌ندکردن وپشتگیری کردنی هه‌مان ووته‌ی ئه‌ویان نه‌کردوه‌!! که‌واته‌ گۆڕانیش ڕازین به‌وه‌ی که‌ له‌مه‌و دوا تاڵه‌بانی هه‌رچیه‌ك له‌زاری بکه‌وێته‌ خوارێ ئه‌مان به‌ ده‌ستی ئه‌و هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌ی به‌غدا بده‌ن به‌پشته‌ ملیان و هه‌زار شه‌ره‌ف و ته‌ڵاق بخۆن که‌به‌ڵێ وایه‌.

10-سه‌رۆکی فراکسێۆنی گۆڕان له‌به‌غدا، شۆڕش حاجی له‌یادی کرد له‌کاتی یاخی بونه‌که‌ی (ڕه‌گ) تاڵه‌بانی به‌ سه‌رلێشێواوی ناوزه‌ند کرد ، که‌چی ئێستا ئه‌چی ده‌ستی زیاره‌ت ئه‌کاو ئه‌یلێسێته‌وه‌ ، خێره‌ وا ئه‌و ڕابردوه‌ زوه‌ت له‌بیر کرد!!

11-ڕه‌نگه‌ کوشنده‌ترین هه‌ڵه‌ ئه‌وه‌ بوبێ که‌ گۆڕان په‌نای برده‌ به‌رده‌م سه‌رۆکی ته‌زوویری هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌رکردنی زۆربه‌ی کێشه‌کان ونانبڕاوه‌کان، که‌ کاتێ خۆی پارتی زیاتر له‌(300) که‌سی نانبڕاو کردوه‌.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە