دەرس و پەندی راپەرینەكەی تونس
Thursday, 20/01/2011, 12:00
زۆرن ئەو رابوون و راپەرینانەی كە لە میژوودا سەرهەڵدەدەن و هەر یەكەیان هۆكار و فاكتەری تایبەتی و گشتی خۆی هەیە، ئەوەی گرنگە بۆ هەموومان دەرس و پەندی لیوەربگرین و هەڵەكان دووبارە نەكەینەوە و لەپێناو پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی میلەتدا ریگەی راست بگرینە بەر و خۆمان لادەین لەو هەڵانەی كە لە سیستمە سیاسیەكانی جیهاندا روودەدەن و هەموو توانایەك بخەینە گەر لە پێناو دووبارە نەكردنەوەیان.
ئەگەر بە خێرایی چاوێك بە ئەزمونی حوكمرانی تونس دا تا كاتی راپەرینەكەیئەم دواییەدا بخشێنین و بارودۆخە گشتیەكەی لێكدەینەوە، هەر لە سەركار لادانی بۆرقێبە و دەسەڵاتگرتنە دەستی بن عەلی و راوبۆچوون و كردار و گفتارەكانی شیبكەینەوە، كرۆكی كێشە كەڵەكەبووەكانی تونسمان بۆ روون دەبێتەوە تا دەرپەراندنی لە وڵات .
ئەوەی لێرەدا گرنگە پێشوەخت بوترێت ، ئەم راپەرینە بە رەهایی نێوخۆیی بووە و گومان لە دەستێوەردانی دەرەكی ناكرێت، لەبەر ئەوەی ئەم رژێمە جێگەی رەزامەندی و متمانەی رۆژئاوا بوو سەرەرای چەوساندنەوە و سەركوتكردنی میلەتەكەی، نەوەك خۆشەویستیەك بۆ ئەم رژیمە بەڵكو لە ترسی جێگرەوەیەكی توندرەو كە خۆی لەوناوە(ئەفریقیای رۆژئاوا) مەڵاس داوە، بۆیە تەنها لێرەدا پێویستە بە شێوەیەكی زانستیانە فاكتەرە نێوخۆیەكان شرۆڤە بكرێت .
ئەوەی رژێمی تونس لە ماوەی حوكمرانی خۆیدا هەمیشەجەختی لەسەر دەكردەوە قەتیسكردنی سیاسەت و بەرێوەبەردنی ولات بوو كە بە دەست كۆمەڵێكەوە بێت و سەرجەم دەروازەكان لە بەشداری راستەقینەی خەڵك بە گشتی دابخرێت و، هەوڵی بەردەوامی لە پێناو سرینەوەی رۆڵی گشتیدا بوو لە بەشداریكردن تەنانەت لە بیركردنەوە لە چۆنێتی بەرێوەبردنی دەسەڵات و،ئەوەی پەیوەست بێت بە سیاسەتی دەوڵەت لە نێوان كۆمەڵێك ئەڵقەی نزیكی سەرۆك و هەندێك رۆشنبیری وابەستە نەبێت لەوە زیاتركەس ئاگای لێنەبوو، باوەری وابوو كە بەناو لیبرالیزمی نوێ پیادەدەكات و، لە وەلاخستنی میلەت ولاتەریك ردنیان لەژیانی سیاسی بە (ماویەتی نوێ) ناسرابوو ئەكەر پێناسەكەی راست بێت .
سەرەرای ئەوەی ئەم رژێمە گەشەپێدانی ئابووری خێرا و كرانەوەی لەهەموو بوارەكاندا بەدەست هێنابوو ،رۆژئاواش لێیرازیبوو و پشتگیری دەكرد و،لەو ماوەیەشدا ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی وڵاتی پاراستبوو، بەڵام جیاوازی و كەلێنە گەورەكانی نێوان هەژار و كەمدەرامەت لەگەل دەڵەمەنداندا تا دەهات فراوانتر دەبوو ، ئەمەهاوشان تەنگەنەفەسی و چەقبەستنی بارودۆخ و گردبونەوەی سەروەت و سامان بەدەست كۆمەڵێكەوە ، لێشدا نارەزایی و رق و قین و دردۆنگی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبوو و، رژێمیش هیچ هەوڵێكی لەبەردەست بزوتنەوەكانی گۆڕانكاری و ئیرادەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكاندا نەهێشتبووە و، سەرەرای دەركەوتنی چەندین رێكخراوی مەدەنی لە ناخی گەلەوە بەڵام هیچ توانا و هەڵوێستێكیان نەگەیشتە جێی مەبەست.
ئەو گەشە ئابووریەش قازانجی ئەوتۆی بۆ زۆرینەی نەبوو لەبەر ئەوەی بە یەكسانی داهاتی وڵات داەبش نەدەكرا و گرنگیەگی لەرادەبەدەر بە وەبەرهێنانی دەرەكی دەدرا لە كاتێكدا دەبوایە مەرجی سەختی دامودەزگا دراویە نێودەوڵەتیكان كە بەسەر ئەو رژێمەدا دەسەپاند جێبەجێبكات، بەڵام ئەو وەبەرهێنانە تا رادەیەك لەم چەند ساڵەدا یارمەتی رژێمی دەدا لەكپكردنی خەڵك هاوشانی نەهێشتنی بەرزبونەوەی هیچ دەنگێكی نارازی كە ئەمەش زۆر بەقورسی لەسەری كەوت لەلایەنی ئەخلاقی و فكری و كۆمەڵایەتیشەوە و، هۆشیاری خەڵكی تادەهات كزدەبووەوە و ئیرادەی میلەت زەوت دەكرا و بێتوانای ناوخۆ زاڵبوو بە سەر سەرجەم كایەكانی ژیاندا، كەسیش هیچ راوبۆوچون و هەڵوێستێی لەمەر پرسە گرنگ و هەستیارەكان دەرنەبری.
ئەوەی كێشەكەی قورستر كرد، رۆڵ و رەفتاری بژاردەی كۆمەڵگەبوو كە لەئاست رووداواكاندا نەبو لە ماوە دوورو دریژەدا و، رژێمێش لەو بوارەدا باڵادەست بوو و رۆشنبیری بژاردەش لە هەڵسەنگاندن و راستكردنەوەوە گۆرا بۆ ئامرازێك و گەنجینەیەكی پارەو پول و سامان كۆكردنەوە، ئەمیش لە چین و توێژەكانی تری كۆمەڵگەی دوورخستنەوە و بوون بە هۆكارێكی تری ئەو جیاوازیەی نێوان چین و توێژەكان و، تەنانەت شوێنەكانیش، هەر ئەمەش بەناراستەوخۆش بێت هاوكاری نێوان دەسەڵات و بژاردەی رەخساند و بوون بە هۆكاری گەندەلی و پێشیلكردنی مافەكان،لەوێشدا نارازیبونی كۆمەڵ تادەهات رقئەستوور و بەهێزتر دەبوو و، لەسەرجەم بوارەكاندا رەفتار و سیفەتەكانی كۆمەڵگەی گۆری و فكر و بەها بەنرخەكانی مرۆڤایەتیی دارماند.
ئەو رژێمە جگە لە شێوازێكی كارتۆنی لە دیموكراتی هیچی لێ سەوز نەبوو، ئەو ئەزمونەش لە دەرەوە دەدرەوشایەوە و لە ناوەوە بۆگەن دەبوو. دەكرا ئەو رێرەوە راست بكرێتەوە ئەگەر یاساو رێساكانی بەرێوەبردنی دەوڵەت بە شێوەیەكی ریشەیی گۆڕانكاری تێیدا بكرابایە و رژێم ملهور نەبووایە و تەنها بە پەیمانی سەرزارەكی و كاتی میلەتی بخەڵەتاندایە، واتە ئەگەر سەرجەم پایەكانی قۆرخكردنی دەسەڵات و دیكتاتۆریەتی حزبی و كەسایەتی هەڵوەشاندایەتەوە چەوسانتدنەوە كەمبوایەتەوە و، هەوڵی بەشداریكردنی راستەقینەی زۆرینە بە لەبەرچاوگرتنی بەها مەدەنیەكان و دیموكراتی راستەقینە بدرابایە.
ئەو پەندانەی كە دەكرێت لەم ئەزمونەی تونس هەموو لایەك بە كوردستانیشەوە دەرسی لێوەرگرن لەم چەند بوارەدا دەردەكەوێت، زەروورەتی بەشداریكردنی هەمووان لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بە گشتی، دوور لە بەرتەسكردنەوەی بەرێوەبردنی وڵات لە بازنەیەكی دیاریكراو و، نەهێشتنی قۆرخكردنی دەسەڵات . گەشەپێدانی ئابووری هیچ كاریگەریەكی ئیجابی نابێت ئەگەر داهات بە یەكسانی دابەش نەكرێت و هاوشانی ئەو گەشەكردنە ولات رووەو لە عەدالەتی كۆمەڵایەتی نەچێت. زەرەروزیانی خۆبەستنەوە بە مەرجەكانی دامودەزگا مالیە نێودەڵەتیەكان بێ لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی نێوخۆیی، وەزعی سیاسی كۆمەڵایەتی رووە و رۆخیكی ترسناك دەبات و رووی تاریكی وەبەرهێنانی دەرەكی دەردەخات، ئەگەر تەنها بۆ كۆمەڵێك و لە بوارێكدا بێت و بێبەشداری هەمووان . هەوڵدان بۆ نزیككردنەوەی توێژ و چینەكان و مانەوەی بژاردەی رۆشنبیری لە بەرەی گەلدا و قەتیس نەكردنی لە گۆشەیەكی دیاریكراودا چەند گرنگی دەردەكەوێت. ئاشتی و ئاسایش و ئارامی بێ بەرجەستەكردنی فاكتەری پێشكەوتن و ژیانێكی ئازاد و هەوڵ بۆ یەكسانی ،هەموو سیستمێك هەمیشە لەق و ناجیگیر دەهێڵێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست