پەكەكە لە نێوان چەك و شەقامدا
Monday, 25/03/2013, 12:00
ئەگەر جیهان لە دواى 11 ى ستیمبرەوە كەوتبێتە قۆناغێكى نوێ و سیاسەتێكى نوێ... ئەوا بۆ خۆى پێویستى وڵاتانى پێشكەوتو (g8) بە سەرچاوەى ووزەى زیاتر و فراوانبونى كۆمپانیا گەورەكانى نەوتى جیهانى و بازاڕ هۆیەكە لەو هۆیانەى كە جیهان دەخاتە بەردەم قۆناغێكى نوێوە وە ئەگەر لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەوەى پێ ى دەوترێ نەخشەى نوێ ى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نەتەوە بێ دەوڵەتەكان سەیر بكەین ئەوا دەبێت لە دواى بەهارى عەرەبییەوە بگەینە ئەو ڕاستییەى كە خەباتى چەكدارى بە تەنها ناتوانێت شۆڕش و گۆڕانكاریەكان بەرهەم بهێنێت , بەهارى عەرەبى ئەو نامەیە بوو كە هەڵگرى پەیامێك بوو كە ئەوەى بە شەقام دەكرێت بە شۆڕشە چەكداریەكان و پارتى زانى ناكرێت واتا شەقام و خەڵكى سڤیل كە دەكەونە بەردەم شۆڕشى شەقامەوە لە بەرامبەردا حكومەتەكان تواناى وەڵام دانەوەیان بە چەك نامێنى چونكە ئەوە چەك نیە شۆڕش دەكات تا حكومەتەكان بتوانن چەك بەكار بهێنن لە بەرامبەردا بۆیە لەبەردەم ڕاى دوەلى و ڕێكخراوەكانى جیهانیەوە مەحكوم دەبێت بە گۆڕانكارى لە ژێر فشارى شەقامدا كە ئەمەمان لە بەهارى عەربیدا بینى بە واتایەكى تر ئەگەر حكومەتە دیكتاتۆرەكان خاوەنى چەكى گەورە و سەربازگەى گەورە و ئابورى گەورە و پشتیوانى ناوچەیى و جیهانى گەورەبن لە بەرامبەر شۆڕشى شەقامدا هەرەس دەهێنن كە هەرگیز شۆڕشە چەكداریەكان ئەمەیان پێ ناكرێ .
پەیامەكەى ئۆچ ئالان یەكێكە لەو ئاماژانەى كە دەكرێت خوێندنەوەى زیاد لە یەك دیوى بۆ بكرێت ئەگەر پێمان وا بێت جۆرێكە لە ئاش بەتاڵ و چۆڵكردنى قەندیل و چەكدانان كۆتایى هاتنە بە خەبات ئەو كات ئێمە لە ژێر حوكمى مێژودا دەژین و ئەوە ترسى ئاشبەتاڵ و تواندنەوەى شۆڕشەكانى ڕابردوە دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەى كە كورد بێ چەك و قەندیل ناتوانێ ئەم جۆرە لە شۆڕشى شەقامەكان بەرهەم بهێنێت ئەم بۆ خۆى ئەگەر لەو پەڕى ترس و دڵسۆزیەوە سەرچاوەى گرتبێ بە دیوێكى تردا ئەم جۆرە خوێندنەوانە نەیتوانیوە ڕابردوو ببڕێ و ئەم گۆڕانكاریانەى دواى بەهارى عەربى و گۆڕانى هاوكێشەكانى ناوچە و جیهان بخوێنێتەوە .
پەكەكە ئەگەر سەرەتا توانیبێتى خەباتى چەكدارى و شۆڕشى پارتیزانى بكات ئەوا لە ئێستادا توانیویەتى لەسەر ئاستى شەقام بەهێزترین شەقام بەرهەم بهێنى كە دەكاتە ئەوەى پێداویستیەكانى شۆڕشى شەقامى دروستكردوە ئەوە مانگرتنى زیندانیان و خوپیشاندان بۆ پاڵپشتى مانگرتوان و مەراسیمەكانى نەورۆز و ئامادە بونیان لەناو پەرلەمانى توركیا ... ئەمانە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن كە پەكەكە توانیویەتى لە چەند ڕویەكەوە زۆر بەهێز بێت بە پێ ى گوِرَانكاریەكانى سەردەم وەك :
1- شەقامەكان : ئێستە ئەو ئامادەییە هەیە كە شەقام لە ئاستێكى زۆر بەرزدا ئامادە بێت بۆ ئەگەرى شۆڕشى گەورە ئەگەر توركیا نەگاتە ئەو ئامادەییەى كە مافەكانى نەتەوەی كورد بسەلمێنى لە توركیایەكى فیدارڵیدا ئەو كات شەقام لە قەندیل و چەك بەهێزتردەبێت .
2- هەندەران : پەكەكە توانیویەتى لە سەر ئاستى ئامادەبونى لە وڵاتانى جیهان كورد وەك نەتەوەیەكى ئاشتى خواز بە دنیا بناسێنێت و ڕاى وڵاتانى ناو ڕێكخراوەكانى جیهان بۆ خۆى مسۆگەر بكات ئەو هێزە بێت لە هەموو وڵاتانى جیهاندا كە ئامادە بێت بۆ هەر ئەگەرێك كە لە شۆڕشى شەفامەكاندا ڕوو بدات.
3- نەتەوەیى بون: پەكەكە توانیویەتى لەسەر ئاستى تاكى كوردى گەورەترین لایەنگر بۆ نەتەوەى بوون ئامادە بكات و هەموو كوردێك لەسەر ئاستى جیهانى پشتگیرى تەواوى پەكەكە دەكات وەك ڕەهەندێكى نەتەوەیى بوون .
4- ئابوورى : ئێستە پەكەكە لە ڕۆژئاوى كوردستاندا توانیویەتى كۆنتڕۆلى ئەو بیرە نەوتانە (رمیلان) بكات كە لە دواى بەشار ئەسەد جێماون بە شێوەیەك كە وڵاتانى ئەوروپا و توركیاش پێویستى بە غازى سروشتى ئەم ناوچانە هەیە بۆ پڕكردنەوەى پێداویستیەكانیان و ئەوەى پێ دەوترێ سێ گۆشەى نێوان عێراق و توركیا و سوریا باشترین ڕێڕەون بۆ هەناردەكردنى وزە و وە قەندیل بۆ خۆى سەرچاوەیەكى بەهێزى وزەیە كە وەرەقەیەكى بەهێزە بەدەست پەكەكەوە بۆ ناچاركردنى توركیا و ئەورپا بە دانان بە مافى نەتەوەیى كوردا و ووە پاڵپشتێكى بەهێزە بۆ شۆڕشى شەقامەكان .
5- فەرهەنگى : پەكەكە توانیویەتى لایەنى فەرهەنگى و كلتورى و میدیایى كە یەكێكە لە لایەنە بەهێزەكانى هەر نەتەوەیەك لەسە ئاستێكى زۆر گەورە بەرهەم بهێنێت كە وڵاتانى جیهان ئاشنا بكات بە ناسینى كلتور و فەرهەنگى كوردى كە ئەمیش دەبێتە پاڵپشتێكى گەورە بۆ شۆڕشى شەقامەكانى كوردى .
6- ڕاى جیهانى : ئێستە جیهان پاڵپشتى لە خەباتى شەقام دەكات بۆ گۆڕینى دیكتاتۆرەكان و ناچاركردنى حكومەتەكان بە فیداڕاڵى و مافى نەتەوەكان , پەكەكە بەم پەیامەى ئاپۆ دەبێتە یەكێك لە كارئەكتەرە بەهێزەكانى ئارامى سنورەكانى دەرگاى ئەوروپا و بەرژەوەندى وڵاتانى ناوچە و جیهان وە گۆڕینى خەباتى چەكدارى بە خەباتى مەدەنیانە و شەقام .
كە دەتوانین بڵین ئەگەر جاران یەك قەندیل هەبوبێت ئەوا ئێستە توانراوە چەندین قەندیل بەرهەم بهێنرێت و خۆ ئەگەر توركیا بەرامبەر پەیامەكەى ئاپۆ شێوازیكى دیكتاتۆرى فاشیزمانە بەكار بهێنێت و هەمان ڕابردوو بەكار بهێنێت ئەوا چەندین قەندیل بەڕویدا دەتەقێتەوە بە تایبەت كە خاكى كوردى گەورەترین لایەنى ئابورى توركیا پێك دەهێنێت و وە توركیا دەكاتە وڵاتیكى وێرانە سەرانى توركیش ئەو راستیە دەزانن كە كورد گەیشتوەتە ئاستێك چى تر ناتوانرێ شەڕیان بكرێت بە تایبەت كە چەندین ساڵە بۆ تواندنەوەى شۆڕش وەك هێزێكى گەورەى ناتۆ هەوڵى داو شكستى تیا هێنا ...... بۆیە ئێستە تۆپەكە لە گۆڕپانى توركیدایە و پەكەكەش ڕاى جیهانى پاڵپشتێتى وە دەردەهێنرێت لە لیستى رەشى تیرۆر بۆیە دەكرێت بڵێین پەیامەكەى ئاپۆ دوو دیوە ..ئەگەر دەتانەوێ بە گفتوگۆ و دانوستان مافەكانمان لە چوارچێوەى توركیایەكى فیدڕاڵدا وەك قۆناغى یەكەم دەرستەبەر بكەن ئەمە سەرتاى خەباتێكى ترە ئەگەر نا ئەوا لە ناو جەرگەى شارەكاندا ناچارتانەكەین بە مافەكانمان هەموو قەندیلەكان دەكەونە خەبات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست