کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵیەكانى وەزارەتى ناوخۆ.. بۆ بەردەست (بەرهەم ساڵح) گەر ئەتەوێت بەرهەمت هەبێت. بەشى دووەم

Friday, 01/01/2010, 12:00


لە بەشى یەكەمى بابەتەكەماندا تیشكمان خستە سەر چەند بەڕێوەبەرایەتی و چەند تەشكیلەیەكى بێكەڵك و بێ بەرهەمى وەزارەتى ناوخۆ كە تیایدا مانگانە سەدان ملیۆن دۆلارى بەفیڕۆ خەرج دەكرێت، بێئەوەى سوود و كەڵكى گشتى تیادا رەچاو بكرێت و تەنها بەرژەوەندى تاكەكەس و چەند گروپ و لایەنێكى تیادا مسۆگەر دەكرێت.
هەرچەند بابەتەكەمان دەنگۆیەكى باشى لەناو وەزارەتى ناوخۆ و دەزگاى زانیارى (ى.ن.ك) دا داوەتەوەو دەزگاى زانیارى چەند كەسێكیان راسپاردووە بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون، بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنج و تێبینیە خودى (بەرهەم ساڵح) خۆى كردووە بە (كەڕەى عەقارى) و بەهیچ شێوەیەك ئاوڕى لەم بەتاڵانبردنەى سەروەت و سامانى ئەم میللەتە نەداوەتەوە. ئەمەش بەڵگەی خەمساردى ئەم زاتەیە لەمەڕ بنبڕكردنى دیاردەى گەندەڵى و بێگومان ئەویش هەر وەك لێپرسراوانى تر كارى تەنها دزى و بەهەدەردانى سامانى ئەم میللەتە دەبێت. وە دڵنیاشم لەوەى كە ئەو بەدواداچوونەى دەزگاى زانیارى (ی.ن.ك) دەیكات بۆ ئەوە نییە كەسە گەندەڵەكان رووبەرووى لێپرسینەوە بكات بەڵكو تەنها وەك دێكۆمێنتێك لاى خۆیان دەیپارێزن بۆ ئەوەى هەر كەسێك لەو گەندەڵانە لە (ی.ن.ك) لابدەن وەك كارتى گوشار لەدژیان بەكارى بهێنن.
لە بابەتى ئەمجارەماندا تیشك دەخەینە سەر دوو پێكهاتەى گرنگى ترى وەزارەتى ناوخۆ و ئەو كەسانەى كە بەڕێوەى دەبەن و هەروەها كاریگەرى بریكارەكەى وەزارەتى ناوخۆى سلێمانى (جلال كریم عیسى) لەسەر ئەداو كارە نەشیاوەكان و دانان و مامەڵەكردن لەگەلأ باندى مافیاى (سالارەكاندا)و هێنانیان وەك ئامرازێك بۆ مانەوەو خۆدەوڵەمەندكردن و ئەنجامدانى كارى نابەجێ.
پێكهاتەى یەكەم:
كۆلیژى پۆلیس:
پاش دروستبوونى دوو ئیدارەى پارتى و یەكێتى لە سەردەمى شەڕى ناوخۆ بەدواوە یەكێتى و ئیدارەى سلێمانى كۆلیژى پۆلیسیان لە قەڵاچوالان كردەوەو پاشان لەم ساڵانەى دوایدا گواستیانەوە بۆ سەربازگەى سەلام كە تا ئێستا شەش خولى لە ئەفسەرانى خوێنەوار پێگەیاندووەو چەندین دەورەى تریش تیایدا كراوەتەوە وەك خولى (مفەوەزین و دەرچوانى زانكۆ) بەڵام یەكێ لەو كارەساتانەى سەرجەم ئەو ئەفسەرە بەڕێزانەى كە تیایدا تەخەروجیان كردووە رووبەرووى دەبنەوە، هەروەها پەڵەیەكى رەشى قێزەونە بەسەر بڕوانامەى سەرجەم ئەو خوێندكارە بەسزمانانە ئەوەیە كە پیاوێكى بەعسیی بێ بڕوانامەى پۆلیسى وەك (عمید سالار) كراوە بە ئامرى ئەم كۆلیژە. لەگەلأ ئەوەشدا لەكەیەكى مێژووییە بە ناوچەوانى (عوسمانى حاجى محمود) كە لە سەردەمى حوكمڕانى ئەودا ئەم كەسە بێكەڵكە خرایە ئەو شوێنە.
پێشووتر رامانگەیاند كە لە ئیدارەى كوردستاندا ناتوانرێت باسى دەزگایەك بكرێت ئەگەر ناوى بەرپرسەكەى یاخود كەسى یەكەمى ئەو دەزگایە و تواناو لێهاتوویى نەخرێتەروو. چونكە كەس و دەزگاكان بە جۆرێك بەیەكەوە نووساون مەگەر بەهۆى (قەزاو قەدەر)ەوە ئەو كەسە لەو دەزگایە دووربخرێتەوە... چونكە زۆرجار دەزگایەك لەبەرخاترى كەسێك دادەمەزرێت، بەبێ ئەوەى ئەو كەسە شیاوى كاركردن بێت لەو شوێنەدا یان ببێتە لێپرسراوى. بۆیە مەحاڵە هیچ كەسێك بتوانێت راپۆرتێكى شیكارى لەسەر بچووكترین دەزگاى حوكمڕانى كورد بنووسێت بەبێ ئەوەى ناوى لێپرسراوەكەى بهێنێت. چونكە دەزگاكە بە ئەقڵى مەسئولى یەكەم دەڕوات بەڕێوە جا ئیتر ئەوعەقڵە تەواوبێت یاخود ناتەواو.
دەزگا هەیە لەم كوردستانەدا لەوەتەى دروست بووە تەنها یەك كەس تیایدا مەسئولە تا ئێستاش هەر مەسئولەو بەجۆرێك بە كورسى و مێزەكەیەوە لكاوە مەگەر راپەڕینێكى تر دروست بێت لایببات. تەنها یەك نموونەش كە لاى زۆربەى هەرە زۆرى خەڵكى سلێمانى ئاشكرایە، لەوەتەى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى گومرگ دروست بووە (عەتاى ئەحە سمێل) براى بەرزانى ئەحە سمێڵ بەڕێوەبەرێتى و بە ئامان و زەمان دوور ناكەوێتەوەو زیاد لە (15) پانزە ساڵە بەڕێوەبەرە لەم شوێنەدا.
ئەمەیە حوكمڕانى حكومەتى كوردى كە بڕواى بە خوێنى تازەو گەنجى نوێ نییە. تەنانەت (بنێشتى كوردى) زۆر باشترە لە حكومەتى كوردى چونكە ساڵانە دارەكان ودەمووچاوەكان گۆڕانیان بەسەردا دێت بەڵام حكومەتى كوردى و دامودەزگاكانى رێژەى نەگۆڕە.
ئەم (عمید سالارەى) كە ئێستا ئامرى كۆلیژى پۆلیسە و لەسەر دەستى (عوسمانى حاجى محمود) كراوەتە ئامرى تا ئێستا سێ خولى لەژێر دەستدا دەرچوواندوە.
ئەگەر رابردووەكەى بدەیتە دەست مامۆستایەكى محوالامیە لە ماوەى 24 بیست و چوار كاتژمێردا شاربەدەرى دەكات.
ئەم (عمید سالارە) ساڵى 1990 لەبەر دڵسوزى بۆ حیزبى بەعس لە كۆلیژى پۆلیس لە بەغدا وەرگیراوە تەنهاوتەنها خولى مستجدى كۆلیژى پۆلیسى بەغداى تەواوكردووەو لەبەر ترسنۆكى و بێكەڵكى نەیتوانیوە كۆلیژەكە تەواوبكات، هەربۆیە رایكردووە و هاتۆتەوە سلێمانى و هەتاوەكو راپەرین (عدم تەعەروزى) جاش خەفیفە و ئیستخباراتى لەگیرفاندا بووە. دواى راپەڕین كەس حسابى هیچى بۆ نەكردوە بەڵام بەهۆى ئەوەى خاڵەكانى خزم و ناسیاوى (حاكم قادرە) دزەكەى سلێمانی بوون هەرچۆنێك بێت كراوە بە پۆلیس و هەر لەخۆیەوە روتبەى مولازمى خستۆتە سەرشانى. ئالێرەدا لە (بەرهەم و كریم سنجارى و جەلالى نەخوێندەوار) ئەپرسین بە چ مەرسومێك و لەكام خولدا عمید سالار ئامرى ئێستاى كۆلیژى پۆلیس بەشدارى كردووەو مەرسومى بۆدەرچووە؟.
پاشان جێگاى خۆى كردەوەو چووە مەركەزەكانى پۆلیس و كارى قێزەونى لەوێدا ئەنجامدا. ئەم زاتە ناپاكە، كە لە مەركەزى سەرشەقام بوو چەند گەنجێكى هۆمۆى لەخۆى نزیك خستەوەو رۆژانە دەیناردنە سەر هەندێك لە زەرەنگەرەكانى جادەى كاوە، بەتایبەت ئەوانەى كە دەوڵەمەند بوون ... گەنجەكانى فێركردبوو تۆمەت بخەنە پالأ خاوەن دوكانەكان بەوەى بڵێن كە كارى سێكسى یاخود داواى كارى سێكسیان لێكراوە و بۆیە ئەچنە لاى پۆلیس و شكات دەكەن. لەبەرئەوەى ئەو دوكانانە ئەكەوتنە سنورى مەركەزەكەى (سالار)، سالار ئەو گەنجانەى لاى خۆى دادەناو پاشان جوابى بۆ خاوەن دوكانەكە دەنارد و پێى ئەوت ئەو گەنجە دەعوەت لەسەر ئەنوسێ چونكە تۆ داوا یاخود كارى سێكسیت لەگەلأ كردووە. كابرا هەرچەندە هاوارى بكردایە سوودى نەبوو چونكە پلانەكان لەلایەن خودى (سالار) خۆیەوە دادەڕێژرا. ئیتر خاوەن دوكانى زەرەنگەرەكان ئەكەوتنە پاڕانەوە و پێڵاو ماچكردنى (سالار) كە دەبێت گەنجە رازى بكەن داوا نەنوسێ و بەمەش چیان دەوێت بۆیان دەكرێت تەنها بۆئەوەى زەرەنگەرەكان سومعەیان لەكەدار نەبێ.
(سالار) ئەمە پیشەى بوو، بەدەیان كەسى بەو شێوەیە خستۆتە داوەوە و پاشان خۆى وا پیشان دەدا كە سوڵحى بۆ كردوون. بەم كارەش پارەو ئاڵتوون و دەمانچەى لە خاوەن دوكانەكان وەردەگرت. جارێك (12) دوانزە هەزار دینارى سویسرى لە زەرەنگەرێك وەرگرتوەو زەرەنگەرەكە ماوەو جارێكى تریش(دەمانچەیەكى چواردەخۆر) كە بە(25) بیست وپێنج هەزار دینارى سویسرى بووە لە زەرەنگەرێكى تر وەرگرتووە كە ئەویش ئێستا لە هەندەرانە. دەیان شتى لەم جۆرانەى ئەنجام داوە و ئەگەر لێرەدا باسى بكەین بەچەندین لاپەڕە تەواو نابێت. پاشان بەمەوە نەوەستاوەو بەردەوام خەریكى بەرتیل خواردن بووە. تاوەكو ئاسایشى سلێمانى خودى (سەركەوتى كوبەو وەستا حەسەن) ئاگادارن و دۆسیەكەیان لایە كە (عمید) سالار ئامرى كۆلیژى پۆلیسەكەى یەكێتى بە (267) دوو سەدوو شەست و حەوت گەڵاى (100)دۆلارى ئەمەریكیەوە بە (موتەلەبیسى) گرتوەو رووبەرووى دادگا كراوەتەوە كە هەر (100) دۆلارێك لەو كاتەدا (3) هەزار دینارى سویسرى بەزیادەوە دەكرد.
(حاكم قوباد) زۆرچاك ئاگادارى ئەم دۆسیەیەو چەندین دۆسیەى ترى (سالار)، بەڵام (حاكم قادر) ئەفەندى بۆى تێكەوتوەو دزى و بەرتیل خواردنەكەى سالاریان جارێكى تر پەردەپۆش كردوە. شەرمە و شورەییە بۆ وەزارەتى ناوخۆو سەرجەم ئەو ئەفسەرانەى كە ئەم كۆلیژەیان تەواو كردووە بێدەنگ دەبن، ئاخر پرسیارەكە لەوەدایە كەسێك دز بێ ئەبێ ببێتە مامۆستاى پێگەیاندنى نوخبەى پۆلیس... هەق وایە ئەگەر ئەفسەرەكانى دەرچووى سەدەمى (عمید سالار) ئەمە قبولأ بكەن پێیان بوترێت ئێوە بە ئۆتۆماتیكى (بەچەدزن) یاخود (بێچووى دزن).
ئەم (عمید سالارە) كە ئێستا ئامرى پێگەیاندنى ئەفسەرى پۆلیسە بۆ كورد، مەوالیدى 1972ەوساڵى 2007 بووە بە عمید. با كەسێكى سەربازى بەراوردى كۆى تەمەنى ئەم كەسە و ئیستیحقاقى ساڵانەى پلە بەرزكردنەوەى بكات. بزانن ئەم كابرایە لە تەمەنى (12) دوانزە ساڵیەوە رووتبەى بەسەرشانەوەیە یان نا!! ئەگەر وانەبوو سەرلەبەرى بابەتەكەمان ناڕاست و هەڵەیە. ئەم (عمید سالارە) پیاوێكى لەبلەبان و ماستاوچیە، لەگەلأ هاتنى (فەرەیدون عبدالقادر) بۆ وەزیرى ناوخۆ ئەستێرەى بەختى بەتەواوى گەشایەوەو كەوتە ماستاوكردن و بەكۆلأ خشتى سوورى بۆ خانوەكەى (فەرەیدون) ئەگواستەوە، چەندین تەن شیش و كەرەستەى بیناسازى هەبوو كە لە كەركوك تاڵانى كردبوو بە دیارى بۆ (فەرەیدون)ى دەبرد. ئەوە بوو فەرەیدون عبدالقادر ملى شكان و رۆیى. (عوسمانى حاجى محمود) هاتە شوێنى و وەك و یاریەك (فەرەیدون) سالارو چەند ماستاوچییەكى ترى تەسلیم بە عوسمان كرد. بیرۆكەى كۆمپانیاى ئارام كە كۆمپانیایەكى حكومى سەر بە وەزارەتى ناوخۆیە لەسەر دەستى سالار خرایە بەردەست عوسمانى حاجى محمود چونكە دەتوانرێت ژێربەژێر هەرچى گرێبەستى وەزارەتى ناوخۆ هەیە بگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیاى ئارام. (عوسمان) رازى بوو و یەكسەر سالارى كردە بەرپرسى.
بۆیە ئیدى عوسمانیش چاوى لێپۆشى و پاشان تەسلیم بە جەنابى بریكار (جلال كریم عیسى)ى كرد. ئێستا ئەم سالارە ئامرى كۆلیژەو سەرپەرشتیارى كۆمپانیاى ئارامە، بەڵام ئەمجارە تەمویل كردن بۆ خودى مامۆستا جەلالەو پارەى دزراوى وەزارەتى ناوخۆ كە ئەگەر دیوانى چاودێرى درۆ نەكات بە هەزاران ملیۆن دۆلارە و كاراكتەرى راكێشان و دزینى ئەم عمید سالارەیە.
ئێستا كۆمپانیاى ئارام كار بۆ بەرژەوەندى مامۆستا جەلال دەكات، خوا دەزانێ دواى ئەو ئەم پیاوە دزە بۆ كێى تر لەكاردا دەبێت.
ئاخر ئەى داد هەى بێداد بۆ ئەو خێزانانەى كە بەهەزار دەردەسەرى كوڕەكانیان گەورە دەكەن و خوێندنیان پێ تەواو دەكەن و پاشان بە هەزار واستە لە كۆلیژە دزەكەى عمید سالار وەردەگیرێن، كاتێكیش كە دەردەچن وائەزانن كارێكى باشیان كردووە، نازانن خۆیان و بڕوانامەكانیان راستەوخۆ دەكەونە ژێر پرسیارەوە، ئاخۆ كەسێك هەرچەند پاك و دڵسۆز بێن ئەبێت چى دەرچێت كاتێك دوو سالأ یاخود زیاتر لەژێر دەستى پیاوێكى دزو گەندەلأ و بێ مستەواى وەك عمید سالار بخوێنێ بێگومان وەك وتمان ئەبێتە بێچووە دز.
باشە ئەگەر دكتۆر بەرهەم بەدواى چارەسەرو گەندەڵیدا دەگەڕێت ئەى ئەم كارگەیە بەرهەم هێنەرى نوخبەى دز و گەندەلأ نییە؟ ئەى ئەگەر لە پێكهاتەیەكى ئەكادیمى لەو جۆرە نەپرسێتەوە چی پێبڵێین؟؟



پێكهاتەى دووەم:
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى:
زۆر جار بەم بەڕێوەبەرایەتیە دەوترێت پۆلیسى (محەلى) چونكە داماڵراوە لە سەرجەم دەسەڵاتەكانى، بەڵام گرنگترین دەسەڵات كە مامەڵەكردن و پاراستنى سەرو و ماڵى هاوڵاتیانە هێشتا لەژێر ركێفى ئەم بەڕێوەبەرایەتیەدایە.
رووى راستەقینەى حكومەت سەرەتا لە دەرگاى بنكەكانى پۆلیسى ئەم بەڕێوەبەرایەتیەوە دەردەكەوێت. كاتێك هاوڵاتیان بۆ هەر مامەڵەیەكى رۆژانە یاخود هەر كێشەیەكى تر كە رووبەروویان دەبێتەوە روودەكەنە بەردەم دەرگاى كەرت و بنكەو بارەگاكانى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە.. ماهیەتى حكومەت لە هەڵسوكەوت و رەفتارو وەڵامەكانى تاك بەتاكى ئەم بەڕێوەبەرایەتیەوە دەردەكەوێت. بەڵام بەداخەوە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە، سالأ بە سالأ خۆزگەى بەپار. دزى و پارەخواردن و بەرتیل وەرگرتن و ئیستیفزاز كردنى هاوڵاتیان و پێشێلكردنى مافەكانیان و مامەڵەكردنى ناڕەوا بووە بە خووى رۆژانەى بەڕێوەبەرو زۆربەى هەرە زۆرى پلەدارو بێ پلەى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە.
ئەم دەزگا گرنگەى كە ئەخلاق و كردەوەى حكومەتى تیادا هەڵدەسەنگێنرێ لەلایەن كاروبارى رۆژانەى زۆربەى هاوڵاتیانەوە، لەوەتەى هەیە بێخاوەنە و بێكەس و بێپشت و پەنایە. هێندەى ئامرازێك بووە بەدەست بڕیار بەدەستەكانى سەروو خۆیانەوە بۆ كارى خراپەكارى، نیو هێندە ئامرازێك نەبووە بۆ خزمەتكردنى هاوڵاتیان... هەمیشەش بەردەبازێك بووە بۆ خۆدەوڵەمەندكردن و خۆبردنە پێشەوەى هەندێ كەس.
ماوەى 6 شەش ساڵ زیاتر (لیوا رزگار) چەلب بوو بە كورسى و مێزى ئەم بەڕێوەبەرایەتیە، بێئەوەى بەردێك بخاتە سەر بەرد. خۆى و كوڕى و خاوو خێزانەكەى بەتەواوى پێ خەنیكرد بەڵام بەقودرەتى قادر شوێنەكەى بەجێهێشت و چووە شوێنێكى تر. دواى ئەو بۆ ماوەى سێ بۆ چوار مانگ (عمید ئاراس)ى جنسیەیان هێنا كردیانە بەڕێوەبەر. ئەو (عمید ئاراس)ە كە فڕى بەكارى پۆلیسیەوە نییە و بەس لەبەرئەوەى بە تەزكیەیەكى هەڵە خەڵاتى (بلەى ئەحە رەش)یان داوەپێى، ئەو خەڵاتەى كە ئێستا وەك بڕوانامەكانى كۆلیژەكەى عمید سالارى لێهاتووە، بۆى بوو بە خێرو بەرەكەت و بە گەیشتنى بۆ پۆلیسى سلێمانى كەوتە خۆدەرخستن و دانانى حیمایەو هەڵوەشاندنەوەى بڕیارو دانانى كەسى بودەڵەو نەخوێندەوار و ترسنۆكى وەكو خۆى لەم بەڕێوەبەرایەتیەدا... ئەم كابرایە هیچى نەئەزانى و نەیئەتوانى چوار قسەى رێكو پێك بكات، سەرجەم كارمەندەكان پێیان رادەبوارد و ئەنواع و ئەشكاڵ ناو و ناتۆرەیان لێنابوو، كاتێكیش دەردەكەوت جگە لە لرفەلرفى قسە هەڵگلماندن هیچى ترى پێ نەبوو. بەڵام وەك وتمان ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بووە كۆمپانیایەك بۆ دزى و خۆدەوڵەمەندكردن. (عمید ئاراس) لەو ماوە كەمەدا فریاى ئەوە كەوت كە قاتێكى تر بۆ خانووەكەى زیاد بكات و مۆنیكایەك لە عیماد ئەحمەد و چەندین دەفتەر دۆلار لە خانمى یەكەمى گردەكەى دەباشان و دۆڵەمیرە وەربگرێ... پاشان كە زانیان بێكەڵكە بەپەلە گواستیانەوە بۆ پۆلیسى هاتوچۆ.
دوابەدواى ئەم زاتە بێكەڵكەو لەسەر ئەساسى زمان لوسى و وەلائو ماستاوچێتى و مامە حەمەیى تەڵەتەقێن، فێڵبازێكى وەك (عمید نجم الدین كوڕى شێخ قادر) خۆى گەیاندە سەر كورسى و مێزە قوڕ بۆ گیراوەكەى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى. ئەو كورسى و مێزەى كە قەد خێرى بۆ شارى سلێمانى نەداوەتەوە.
ئێستا (شێخ نجم الدین) بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانیە بەڵام (عمید ئاراس و لیوا رزگار) چیان بۆ شارى سلێمانى ئەنجام دا ئەمیش لەوان باشتر نییە. هەرچەندە لە (كوردستانپۆست)ى بەڕێزەوە لە سەرەتاوە حەملەیەكى ئیعلامى زۆر باشیان دژى نەجمەدین ئەنجامدا.. بەڵام زۆڵیەتى ئەم زاتە ناموبارەكە توانى جێگاى خۆى بە ماستاوكردن بكاتەوە.
بەڵێ ئەو نوسینانەى دژى (عمید نجم الدین) نوسرا دێڕ بەدێڕى ڕاست و رەوا بوون... سەردەمانێك كورد لە چیاكان دژى دەسەڵاتى بەعس خۆیان بە كوشت دەداو ئەنفال و كیمابارانى میللەتى كورد دەكرا... نجم الدین لە خولى مفوەزین بۆ ئەفسەرى باڵا وەردەگیرا. ئەى بەعسى بوون چییە، كە تۆ میللەتەكەت ئەنفال بكرێ و رۆژانە بەبەرچاوتەوە گەنجەكان لە فولكەى نالى و دووڕیانەكەو ناوجەرگەى شارەكەتدا گوللە باران بكرێ تۆش لەجیاتى بەرگرى و دژایەتى حیزبى بەعس بڕۆى وەك ئێستا چۆن بەماستاو كردن و كڕنوشى بەڕێوەبەرى سلێمانى ئاوهاش لە خولێكدا وەربگیرێى كە هەموو هاوڵاتییەكى بەشەرەف ئاگادارە ئەگەر نەك هەر بەعسى بوون بەڵكو چالاكى بەرچاوى بەعسى بوونیشت نەبوایە، داخلى ئەو جۆرە خولانە نەئەكراى.
لاى هەمووان ئاشكرایە حیزبى بەعس زۆربەى جار تۆمەتى دزى و ئەخلاقى بۆ تێكۆشەرەكانى كورد و كەس و كارەكانیان هەڵدەبەست و بەو جۆرە لێپرسینەوەى لەگەلأ دەكردن. ئاخۆ شێخ نجم الدین چەند جار دارودەستەو رێپیشاندەرى پشتى شۆفرلێت و جێبە سەوزەكانى پۆلیس بووبێ بۆ جێبەجێكردنى ئەو كارانە... بێگومان مێژوو شاهیدە.
ئەو ئێستا سەردانى (خانمى یەكەمى گردەكەى دەباشان و بەرهەم و حاكم قالەو شێخ جەعفەرو مامۆستا جلال) دەكات و خۆى بە یەكێتیەكى عەیارە 24 بیست و چوار پیشان دەدات، بەڵام 31 ى ئابى 1966ى بیرچۆتەوە كاتێك گەنجەكانى ى.ن.ك لەڕێگاى دێگەڵە پۆل پۆل بەقۆلأ بەستراوى گولە باران دەكران و ئەوانەى سەرەوەش ئەنفال و ئاودیوى سنوورەكان كرابوون... ئەم هەر پۆلیسەكەى سەردەمى بەعس و ئێستاى یەكێتى بوو كە لەسەر كورسى و مێزەكەى نەك هەر جووڵەى نەدەكرد بەڵكو سەیارە و پشتێن و شاڵەكەى و تەنانەت سمبێڵیشى زەرد كردبوو. هاموشۆى لقى چوارى دەكرد. ئەى لەبیرى چوو ئەو ئیمزایەى لە (لقى چوار) پێیان كرد لەسەر چى و بۆچى بوو؟
ئەى ئەو نەبوو لەگەلأ هاوشێوەكانیا ئەو ئیمزایەیان لەسەر (جەلال تاڵەبانى) كرد كە تاوانبارەو ئەبێت دادگایى بكرێت. ئەى ئەوەى لەچى و ئەمەى لە چى؟
خانمى یەكەمى گردەكەى دەباشان و لێپرسراوە ژەنگاویەكەى ئێستاى مەڵبەندى دارووخاوى سلێمانى، ئۆتۆمبیلى وەنەوشەى سفر لەپاى چى بە دیارى پێشكەش بەئەو دەكات. لەپاى ئەوەى ئیمزاى لەسەر تاوانباریى مێردەكەى كرد لە لقى چوار ... ئەگەر وایە دەك پیرۆزى بێت. بەڵام دڵنیاین وانیەو ئەو خانمە بەڕێزە لەبیرى چۆتەوە ئەگینا هەر سى و دوو دانى دەرئەهێنا، چونكە ئەو سەرە خۆرەى نەیارەكانى خۆى و مێردەكەیەتى. ئێستا لەسایەى سەرى ئەم شێخە ماستاوچیەدا پارێزگاى سلێمانى بووە بە شانۆى تاوان... ئەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو داتایەى لە رۆژنامەو سایتەكاندا بڵاودەكرێنەوە كە دەیان تاوانى جۆراوجۆر رۆژانە روودەدەن و باجەكەى تەنهاو تەنها هاوڵاتى رەش و رووتى ئەم شارە لێقەوماوە ئەیدەن.
بەڕێوەبەرایەتى و بنكەو بارەگاكانى پۆلیس بوونە شوێنى پارە و دزى و بەرتیل خواردن و واستەو واستەكارى. قوڕ بەسەر ئەو هاوڵاتییە بێ پشت و پەنایەى كە كارێكى دەكەوێتە مەركەزێكى پۆلیسەوە. دیوارەكانیش فێرى پارە وەرگرتن بوون. چونكە پۆلیسەكەى بەردەرگا و هەموو ئەوانەى تریش ناوێرن راستەوخۆ پارەكە دەست بەدەست وەرگرن، بەڵكو بە هاوڵاتیەكە دەڵێن لە درزى ئەو دیوارە یاخود لەو سوچەدا بۆم دابنێ كە تۆ رۆیشتى ئینجا پارەكە هەڵدەگرم.
ئەمە حاڵى مەركەزەكانى پۆلیسە لەجیاتى كێشە بۆ خەڵك چارەسەر بكەن خۆیان دەبنە كێشە بۆ خەڵك.
ناهەقى (شێخ نجم الدین) ناگرین بۆ بەدبەختى ئەم میللەتە ئەگرین. بارەگاى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى لەوە دەرچووە كە ئەگەر جاران وەك دەزگایەكى حكومى سەیر بكرایە، ئێستا بووە بە تەكیەى شێخ و تەنها دەف و زیكرەكەى كەمە.
ئەمەیە ئەو حكومەتەى هێرۆخان و بەرهەم ساڵح نەك دەزگاكان ناكەن بە سیستەم تیایدا بەڵكو لەسایەى ئەو دوانەدا، دەزگاكان دەبنەوە بە دیوەخان و تەكیە و بارەگا عەشایەریەكان.
ئەى شێخ پێمان ناڵێیت ئەم هەموو سەروەت و سامانەت لەكوێ هێنا؟ تۆ تەنها مووچەخۆرێكى پۆلیس بووى .. هەزارویەك حكومەت و حیزب دەورو زرووف گۆڕا تۆ یەك سەعات لە كارى وەزیفەى پۆلیسى زیاتر هیچى ترت نەكرد! ئەى بە چى ئەم هەموو پارەو پول و خانوو و باخ و بەنزینخانەو دابەستەو قەسابخانەت پەیداكرد.
ئێمە لەیەكەم رۆژى وەزیفەكەتەوە تا ئێستا مووچەكانى تۆمان كۆكردۆتەوە بەمەرجێ یەك دینارت لێ سەرف نەكردبێ و تەنانەت لە بانكیشدا داتنەنابێت و فائیدەش چووبێتە سەرى، ناگاتە روبعێكى تەنها یەكێ لە باخەكانت. ئەى بۆ پێمان ناڵێیت ئەو ژمارە زۆرەى حیمایەكان كە لە سریەكەى وەزارەتى ناوخۆوە هاتنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیەكەت ئەویش بە فەرمانى مامۆستا جەلالى مەسئولت، تەركن و دەوام ناكەن و ژمارەیان لە 35 سى و پێنج ناو زیاترە، چەندیان بەرتۆ دەكەوێت؟ ئەى ئەم علاقاتە شەخسیەى نێوان تۆو (عمید سالارى كۆلیژ)ى پۆلیس لەسەر چ بنەمایەكە؟ بنەماى كۆنە هەڤاڵى بەعسى بوون یاخود شەراكەتى كۆمپانیاى ئارام و شتى تر.
خەڵكینە بنكەى پۆلیس هەیە ئۆتۆمبیلى نییە تەنانەت پێى بچنە سەر رووداوێك بەڵام ئەم بەڕێوەبەرە (شێخ نجم الدین) بەڕێوەبەرى پۆلیسى سلێمانى شەش ئۆتۆمبیلى حكومەت لە خزمەتى خۆى و باخ و ماڵ و منداڵەكانیدایە. بەم شێوەیە:
1- یەك وەنەوشەى سفر لە گەراجى ماڵەكەیدا راگیراوە.
2- یەك مۆنیكا خۆى هاتووچۆى پێدەكات.
3- یەك پاترۆلأ بۆ حیمایەكانى.
4- یەك پاترۆلأ لاى حمایە بۆ خزمەتى كوڕو منداڵەكانى.
5- یەك پیكاپ بە ژمارە مەدەنیەوە لە خزمەت باخەكەى دەباشاندا.
6- یەك میك زەمینى لە خزمەت باخەكەى دەباشاندا.
ئەم زاتە لەوەتەى هەیە بۆ چركەیەكیش رۆژێ لە رۆژان بەدواى بەرژەوەندى گشتیدا نەگەڕاوە لەوەتەى هەیە لەهەر شوێنێك كارى كردبێت بەتایبەت لەسایەى حكومەتى كوردیدا تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندى شەخسى خۆى هەرچى پلەو سومعەى وەزیفى هەیە بەكارى هێناوە.
بەدڵنیاییەوە ئێستاش بەهەمان ریتم كاردەكات. نموونەش بۆ قسەكانمان یەكێتى و ئیدارەى گشتى ویستیان ئەو باخەى لێبسننەوە كە كەوتۆتە پشتى گوندى ئەڵمانى، بە بیانووى ئەوەى نزیك گردەكەى دەباشان و ماڵى جەلال تاڵەبانییە، ئەم (نجم الدین)ە رۆژ تا ئێوارە لە دەوام و دواى دەوام لە بازارو چایخانە سەرزمانى و ژێر زمانى جنێودان بوو بە هێرۆخان و جەلال تاڵەبانى، كاتێكیش بە كڕنوش بردن و سەرشۆڕى گەیشتە لاى هێرۆ خان، وازیان لێهێناو تاپۆى كردوو رۆژانە دەیان پۆلیسى قوڕبەسەر بەزۆر كاریان پێدەكرێت بۆئەوەى جوانكارى تیا بكات و(163) سەدوو شەست وسێ دەفتەر دۆلاریان داوەتێ نەیداوە.
ئەو عمید (شێخ نجم الدین)ەى كە كردوتانە بە بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى ڕیشى ئێوەو مامەو دادەو هەموو ئەوانى ترى نەك تاشى بەڵكو سوتاند و ئاوێنەشى داوەتەدەستیان. ئەزانن ئەو باخەى كە تێكەڵە لەگەلأ باخى (خانمەكەتان)، ماوەیەكى زۆرە (عمید سالارو شێخ نجم الدین) دەزگاى پاراستنى پارتیان بە هەموو كەرەسەیەكى ئەنێات و غەیرى ئەنێات تیا داناوەو ئاگایان لە سڕوتڕى (دادەومامە) و تەنانەت حەپەى سەگەكانى خانمەكەشتان بووە.
دەك پیرۆزتان بێت پیاوى وەك (جەلالى كریم عیسى و عمید سالارو عمید نجم الدین). ئەوانە هەر بۆ ئێوە باشن.
خۆرى هەڵتەكانى قەڵاى گەندەڵیتان نزیكەو ئێوەو ئەم جانەوەرانەى باسمان كردن ئەبنە بێئابڕوترین تاوانبارى ناو قەفەزى دادگاى گەندەڵكارانى ئەم شارە خۆشەویستە و قرووش بەقروش پارەى دزراوى ئەم شارە لەقوڕگى خۆتان و مالأ و منداڵتان دەردەهێنین...لێرەدا بە بەرهەم ساڵح دەڵێینەوە كە ئەگەر ئەمانە ئەكتەرەكانتان بن شانۆگەریەكەت لەپارەوە فت!!
ئیدى ئەمجارەش با دەزگا بەناو زانیاریەكەى (ى. ن. ك) جوان بابەتى ئەمجارەمان بخوێنێتەوە و باش هەڵیسەنگێنێ. زۆر زۆریش مەمنوونى كوردستان پۆست بێت بەڵام وەك ئەرشیف بۆ گوشار بەكارى نەهێنێ..

لە بەشى سێیەمى بابەتەكەماندا، باسى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆو بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرت دەكەین بەتایبەت (عمید ساڵح بەڕێوەبەرى پاسپۆرتى سلێمانى) كە چۆن بووە بە جانتا هەڵگرو مەسینە بەدەستى ژن و كوڕو كچە مەسئولەكان و چەندین پلەى بۆ خۆى داتاشیوە بەبێ ئەوەى شایەنى هیچ بێت و تەنها ئەو پلانەى وەك زەرفى تەقیو وایە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە