بەڕێزحمید حمید گەرمیانى كەوتۆتە كۆمەڵێ هەڵەوە مەگەر خودا كۆمەكى بكات، ئەگەرنا قوتاربوونى مەحاڵە!!!
Monday, 13/02/2012, 12:00
بەڕێز كاك حمید نامەوێت وەكو بەڵگەكانى ترت بكەویتە كۆمەڵێ هەڵەى زەقى ترەوە وەكو)بەناو بەڵگەنامەكانى قەیوان(بەڵگەنامەى وەهمیش لەسەر من بڵاو بكەیتەوە!
كاكە حمید كێشەى گەورەى ئێمە لەوەدایە ئەوەى ئەمانەوێت بینووسین و بیڵێین وەك ئەوە ناینووسین كە هەیە، بەڵكو وەك ئەوە دەینووسین كە دەمانەوێت!
كاكە حەمید من سەرم سوورماوە لەو ڕۆژنامەنووسى و ڕۆشنبیریەى كە جەنابت بانگەشەى بۆ دەكەیت!!
گەر جەنابت ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر نەبوویتایە حاڵت چى دەبوو؟
لە نووسینەكانى بەڕێزتدا وا دەردەكەوێت جگە لە بێئاگایى ڕۆژنامەوانیى بێئاگاشیت لە ئیتیكى ڕۆژنامەنووسى، سەرەڕاى ئەمەش دواى خۆ بەیانكردنت ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە تۆ بێئاگایت لە یاسا، و لۆژیك وئیستاتیكا (جوان ناسى)، و هەندەسەى میعمارى! دڵنیام تۆ بێئاگایت لە تەواوى ئەم كایانە.
بەڕێزم منیش وەكو جەنابت تەنها كارم تەشهیرو ئیدعاو تۆمەت دروستكردن نیە بۆ خەڵك بەڵكو من بە بەڵگەوە قسە دەكەم، ئەویش ئەوەیە كە من ئەتوانم ئەو حوكمانە بدەم بەڵام بەسەلماندنەوە، ڕێمبدە بەڕێزم، یەك یەك بۆت ڕوونبكەمەوە بۆئەوەى بەدەردەكەى جەنابت نەچم!
بەڕێزم تۆ ناتوانى بۆم بسەلمێنى لەژێر ڕۆشنایى یەك تێكستى ڕۆژنامەنووسیدا تۆ ڕۆژنامەنووسى؟ وەك ئەوەى لە خۆمانیفێست كردنەكەتدا تۆ وەك ڕِۆژنامەنووس دەرناكەویت چونكە هیچ مەرجێكى ڕۆژنامەنووسیت تیانیە چ جاى ئەوەى باسى ئیتیكى ڕۆژنامەنووسى بكەین دڵنیام ناوى دوو سێ تێكستى رَۆژنامەنووسیت لەبەرنیە! ئازیزم كارى ڕۆژنامەوانى بریتیە نیە لە ئیدعاو تۆمەت بەخشینەوە بە هەرچوار لادا، ئەو كەسەى بێ بەڵگەو دوور لەبابەتیى بوون حوكمبدات و ئیدیعابكات و دەستبكات بەهەڵڕشتنى جەهل ونەزانى پێ ى ناوترێت ڕۆژنامەنووس!!
بەڕێزم كە دەڵێم تۆ هیچ لە یاسا نازانیت لێم زوویر مەبە بۆ ئەمەشیان بەڵگەم ئەوەیە كە جەنابت جگە لە كۆمەڵێك وێنەى پڕۆژەكانى كۆمپانیاى قەیوان هیچت بە دەستەوە نیە وەك بەڵگەنامە، ئەمەش لەلاى خراپترین پارێزەر قبووڵ ناكرێت وەك بەڵگەنامەى یاسایى، چونكە ئەم وێنانە لە كاتێكدا بەهایان ئەبوو كە كۆمپانیاى قەیوان نكوڵى لە خاوەندارێتى خۆى بكردایە بۆئەم پڕۆژانە كە تۆ لەوێنەكانتدا بەرچاوت خستووە، بەڵام قەیوان شانازى بەم پڕۆژانەوە دەكات، چونكە ئەم وێنانە نابن بە بەڵگە لەبەردەم یاسادا.
پاشان ئەم پڕۆژانە لەسەر زەوى كەسێك بنیات نەنراوە كە بڵێت ئەمانە لەسەر زەوى من دروستكراوەو قەیوان لێ ى داگیكردووم!
دواى بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەو وەرگرتنى زانیارى لەسەر ئەو پڕۆژەیەى كە لە زەویەكانى نزیك ئەزمڕ دروستدەكرێت، بستێكى زەوى وەبەرهێنان نیە، بەڵكو گروپى قەیوان كڕیوێتى كە هیچ فەزڵێكى حكومەتى تیانیە، بۆزانیارى زیاتریش دەتوانى سەردانى دەزگاى وەبەرهێنان بكەیت لە سللێمانى!
ئازیزم بزنس پێش پیشەبوون زانستە، ڕوئیاى تۆ بچووكە، تۆ نە بزنسناسى نە بزنسمانى، وا دەزانى ئەوەى كارێكى بازرگانى ئەنجامدا ئیتر ئەمە تاغوتەو ماڵى خەڵك داگیردەكات، چاوەكەم هەموو ووڵاتێ لە دونیادا بزنسمان و بازرگانیشى پێویستە بەبێ بوونى ئەمانە ئەستەمە ووڵات بنیات بنرێتەوە، دواى جەنگى دووهەمى جیهانى ووڵاتێكى گەورەى وەكو ئەڵمانیا خاپپوربوو یەكسانبوو بەخاكەكەى ئەو ئەڵمانیایەى ئێستا هەیە پشكى گەورەى پێشكەوتنەكەى بەر كۆمپانیاكان دەكەوێت، بەهەرحاڵ هەڵەو نەزانینت ئەمەنە زۆرە ئەستەمە بە نووسینێكى ڕۆژنامەوانى بتوانم وەڵامى تەواوى نەزانیەكانت بدەمەوە.
بەڕێزم گەر شتێكت لە لۆژیك بزانیایە ئەم وێنانەى كە وەك بەڵگەنامە بڵاوتكردۆتەوە جگە لە ستایشكردن و دەرخستنى جێپەنجەى جوانى قەیوان بەم شارەوە هیچیترنیە، چونكە ئەمە نیشانى ئەدات كەم ئەم پڕۆژانەى قەیوان و هاوشێوەكانیان خزمەتكردنى زیاترى ئەم شارەیە.
بەڕێزم ئەگەر جەنابت بەریەكێك لە تێكستەكانى ئەلف باى جوانناسى (ئیستاتیكا) بكەوتیتایە ئەتزانى كە ئەوێنانەى جەنابت بڵاوت كردووەتەوە بەقەدەر یەك فیشەكى شەڕى براكوژى ناشرین نیە!
بەڕێزم، ڕەنگە تۆ زۆرت مابێت ئیستاتیكاى ئەو معماریەى قەیوان تێبگەیت من لۆمەت ناكەم، لەوانەیە تۆ هێشتا خەو بەدەوارو خانووى قووڕەوەببینیت بۆیە ئێستاتیكاى معمارى قەیوانت پێ قووت نادرێ! ئازیزم ئەزانى 25 سەدە لەمەوبەر ئەفڵاتوون لەسەر دەرگاى ئەكادیمیاكەى نووسیبوو (تكایە ئەوەى لە هەندەسە نازانێت نەیەتە ژوورەوە!)، ئەزانى ئەو كۆشك و تەلارانەى كە بەدرێژایى مێژوو دروستدەكرێت، ئێستا ماوەتەوەو نەتەوەیەك شانازى پێوە دەكات و سوودى لێدەبینێت، چونكە لە یاساشدا ئەمانە (موجودات غیر منقولە)ى پێدەوترێت، ئازیزم لە دوا ڕۆژدا گروپى قەیوان تەلارەكان ناخەنە گیرفانیانەوە بەڵكو بۆ ئەم شارە دەمێنێتەوە، سەلیقەى هەندەسى ئەو شارەى تۆ لەو تەلارانەدا خۆى مانیفێست دەكات.
بەڕێزم هەروەك لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد من سەنگەر سابیرم و لە چەندین ڕۆژنامەو گۆڤار بابەتم هەیە، چەند بەرنامەیەكیشم لە تە لەفیزۆنى KNN هەبووە! نە ناوەكەم خوازراوە نە نوێنەرى خوێندكارەكانى زانكۆى سلێمانیم و نە پارە لەكۆمپانیاى قەیوان وەردەگرم، تا ئێستاش لە هیچ پلەو پۆستێكى حیزبى وحكومیدا كارم نەكردووە تا تۆمەتباربم بە گەندەڵى, ئازیزم هیوادارم پسپۆڕیت لەهەركارێكدا هەیە خۆتى پێوە خەریك بكەو پەرەى پێبدە ، بمبورە واز لەكارى ڕۆژنامەنووسى بێنە نە خۆو هەڕاجكە و نە پیشەى ڕۆژنامەنووسى.
سلێمانى
13/2/2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست