قوتابخانە یان بارەگاى حیزب !!
Thursday, 20/09/2012, 12:00
* [ تەواوى مرۆڤایەتى مافى ئەوەى نیە دەنگى ئازادى تاكە كەسێك سەركوت بكات ]
جۆن ستیوارت میل _ ئینگلتەرا
لەوەتەى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار پارتى ویەكێتى بەشێوەیەكى جاڵجاڵۆكانە دەستیان خستووەتە نێو بیناقاقاى پەروەردە وخوێندنەوە ، مەسەلەی " خوێندن وپەروەردە وفێركردن (تعلیم) وبەرپرسیارێتى پەروەردەیى لەدام ودەزگا گشتییەكاندا" تووشى ئیفلیجى وكێشە وگرفتى پەروەدەیى وكۆمەڵایەتى زەق بووەتەوە وڕابەران وسەرپەرشتیارانى ئەم دەزگایانەش بوونەتە كۆمەلێك پیاوى سیاسى ونۆكەرى حیزبى گەندەڵ !! چونكە ئەم دوو پارتە دەسەڵاتدارە نەیانهێشتووە دام ودەزگاكان وەك ئەوەى كەهەیە لەبوون دا سەربەخۆبێت وواقیعیانە وڕاستگۆیانە كاربكات , جگە لەوەش بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن سەرجەم كاراكتەرەكانى ناوخودى دەزگاكان لەڕێگەى ترساندن وتەماحى مادییەوە بكەنە داردەست وگوێرٍالى خۆیان !! لەكاتێكدا وەك دەزانین دەبێ پەروەردە وومەعریفە لەبنەڕەتدا كایە وڕەهەندێكى سەربەخۆییانەى هەبێت , هەرچەندە هیچ دام ودەزگا وقوتابخانەیەك نیە ئەمرۆِ بێ كێشە بێت بەڵام ئێمە باس لەكێشە وگرفتە ستراتیژ وگەورەكان دەكەین ئەو كێشانەى كەدەبنە لەمپەرێك لەبەردەم پێشكەوتنى پرۆسەى خوێندن وپەروەردە ومەعریفەت لەكورستاندا, دیارە لەسەرەتاى كردنەوەى دەرگاى خوێندنگا ودەست كردن بەوانەوتنەوە ، لەهەموو ساڵێكدا زۆرێك لەقوتابخانەكانى هەرێم ڕووبەڕووى كێشەى جۆاروجۆر دەبنەوە یەكێك لەوكێشانەى كەڕووبەرووى زۆرێك لەمەكتەبەكان دەبێتەوە ئەوەیە كەهیچ كەسێك ئامادەى ئەوەى تێدا نیە ئەمڕۆ خۆى لەقەرەى بەرێوەبەر وبەرپرسیارێتى قوتابخانەبدات دیارە ئەمەش هۆكار ودەرئەنجام وفاكتەرى جۆرواجۆرى خۆى هەیە ، بەڵام ئێمە دەبێ ئەو هۆكار ونهێنیانە بزانین كەبۆچى زۆربەى هەرە زۆرى مامۆستایانى ئێمە خۆى لەم بەرپرسیارێتە دەدزێتەوە وئامادە نیە لەئەستۆى بگرێت لەكاتێكدا كەسێكى گەنج وپڕتوانا وبەئەزموون ولیًَهاتووشە , ئەمەش جێگەى پرسیارە كەمێشكى زۆرێك لەمامۆستایانى قوتابخانەكانى سەرقاڵ كردووە ، دیارە مرۆڤ پێش ئەوەى كارێك ئەنجام بدات بیر لە دەرئەنجام وڕووداوەكانى ناوئەوكارە وكارییگەرییەكانى دواترى دەكاتەوە , بێگومان مامۆستاش وەك كائینێكى ژیر وڕۆشنبیر یەكسەر بڕیار لەسەر شتەكان نادات , بۆیە دەبینین ودەزانین كەبوون بەبەڕێوەبەركارێكى زۆر سادە وساكارە وهەموو مامۆستایەك مافى ئەوەى هەیە ببێتە بەرێوەبەر, بەڵام گرفتەكان لەپاش بوون بەبەڕێوەبەر ڕوودەدەن چونكە ئەوە بەڕێوەبەر نیە كە دوا بڕیار لەسەر كێشە وگرفتەكانى خوێندن وقوتابخانەكاندا وچارەنووسى خوێندكار دەدات بەڵكو حیزب وقسەى بەرپرسان وتەزكیەى مەلبنەدەكان وبەرێوەبەرى پەروەردە وئاغاى فڵان وفیساركۆمیتەیە !! , بەداخەوە كاتێك مامۆستایەك دەكرێتە بەرێوەبەر هەموو شتێكى پێ دەدرێ تەنها ئیرادەى عەقڵى وئازادى نەبێت , لەوكاتەدا ڕاستەوخۆ وەك كاراكتەرى بەرێوەبەر كۆتایى پێدەێت وتەنها مرۆڤێكى كارتۆنیە وەك ڕۆبۆتێك بەبریارو قسەى كۆمیتەى فڵان حیزب وبەرپرس وبەرپرسیە حیزبیەكان دەچولێتەوە چونكە ئێمە دەبێ ئەوەبزانین كەسیفەتى ئیرادەى عەقڵ وئازادى ، مرۆڤ ، لەئاژەڵ وكۆیلە جیادەكاتەوە ..
گەورەترین كێشەى ئەمرۆى بەرێوبەرەكان ئەوەیە كەسەربەخۆ نین ووناتوانن بریارى سەربەخۆ بدەن بۆ نموونە ئەگەر مامۆستایەك خاوەن بڕوانامەیەكى ساختە بێت یاخود لەڕووى میتۆدى وانە ووتنەوە وشێوازى هەڵس وكەوتى لەگەڵ خوێندكاران خراپ ونێگەتیڤ بێت ئەوا بەڕێوەبەر هیچ وورتەیەكى لێوە نایەت وناتوانێت بڵێت لەل ! چونكە وەك ووتمان بەرێوەبەر كلیلى عەقڵ ویژدان وتەنانەت شەرەفیشى لاى بەرپرسە حیزبیەكانە ..
بەداخەوە سەرچاوەى بوون بەبەڕێوەبەر لەدووتۆى بنەمایەكى فاشیل وئیفلیجەوە هاتووە ئەویش بنەماى حیزب وئایدۆلۆژیا ودەسەڵات وكورسى پەرستى وهێز وجوانییانە (ئەگەر ڕەگەزى مێ بێت) نەك لەسەربنەماى سەلیقە بوون وتوانا وئیرادەى مەعریفى وئەخلاقى وچۆتێتى مامەڵەى ئیدارەیى بوونى لەگەڵ مامۆستایان یاخود تاڕادەیەك باشترە ئەگەر لەسەربنەماى ڕاپرسى وجۆرێك لەهەڵبژاردنى نێوان خودى مامۆستاكانى ئەو قوتابخانەیە بێت !چونكە ئاشكرا ئەوەدەزانین كەئەگەر هەربەڕێوەبەرێك لەدەرەوەى قوتابخانەیەكەوە بهێنرێت وهونەرى گونجاندنى نەبێت لەگەڵ مامۆستاكان دا ئەوا بێگومان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆى تیكچوونى شیرازەى مامۆستایان ودواجار هەڵوەشاندنەوەى ئیدارەكە ولێكترازاندنى پەیوەندییەكانى نێوان مامۆستایان وبەرێوەبەر لەلەلایەك ومامۆستایان وخوێندكارانیش لەلایەكى ترپاشان هەموو ئەمانە كاردەكاتە سەر لایەنى سایكۆلۆژى مامۆستاكە وئەنجا بۆسەر ئاستى زانستى ونمرەیى خوێندكارەكانیش ...
نموونەش بۆ قسەكانمان كەدەتوانین بیكەینە بەڵگەیەكیش بۆئەوەى كە بەئاشكرا بەرپرسە حیزبیەكان وپیاوانى شەخێى كۆمیتە ومەلًَبەندەكان پشتگیرى بەرێوەبەرەكان دەكەن ئەوەیە كە زۆر بەداخەوە ماوەیەك پێش ئێستا مامۆستا (حوسێن زۆراب) ڕووى كردە خوێندنگاى زێوەر وبەكۆمەڵێك قسەى كلاسیكى دەستى كرد بە پیاهەڵدانى كارى بەرێوەبەرى وئاسانكردنى پیشەى بوون بەبەڕێوەبەر ، یەكێك لەمامۆستاكانمان پێى گووت (من ئامادەم ببم بەبەڕێوەبەر بەڵام بەمەرجێك باوەڕم بەتەزكیەى حیزبى وپشتگیرى حیزب و... هتد نیە وسەربەخۆییانە كاردەكەم) ئەویش هیچى بۆنەمایەوە تەنها ملێك نەخێرانەى بادا وقسەكەى مامۆستاكەى بۆهەزم نەكرا !!!!
زانایان وبیرمەندانى پەروەدەەیى واى دەبینین كەبەرێوەبردنى (كارى ئیدارى بریتیە لەهونەر ولێزانین) بەڵام هەموو كات ئەم فیكرە ڕۆڵى خۆى نابینى یاخود تەنها كاركردن بە بەكارهێنانى هونەر وشارەزایى نامانگەیەنێتە دوا چارەسەر ، چونكە ئەو هونەرە پێویستى بەهێزێكى دادپەروەرانەیە تاوەكو بپارێزى ودرێژەى پێبدەى , كەواتە پێویستە سەرپەرشتیارەكان و وەزارەتى پەروەردە ولایەنى پەیوەندیدار یەكەم جار بیر لە جیاكردنەوەى حیزب لەپەروەردە ودام ودەزگا مەعریفیەكان بكەنەوە وكار بۆ سەربەخۆبوونى بەرێوەبەر وبەخشینەوەى دەسەڵات بەبەرێوەبەر بكەنەوە ئەنجا ڕووبكەنە قوتابخانەكان وبەم مامۆستاوبەومامۆستاى دى بڵێن بۆچى نابیت بەبەڕێوبەر؟ وبۆچى نابى بەمودیر وگزیر؟! , هەروەها پێویستە باس لەگرفتێكى دیكەش بكەین كەپەیوەستە بەگەندەڵی ونارێكى سیستمى پەروەردەوە , بەداخەوە ئێستا لەكوردستاندا گەندەڵى لە كەس ودووكەس وكۆمەڵ دەرچووە وبووەتە تۆرێكى گەورەى مەترسیدار و هەرتۆرێك لەناوخۆیاندا گەندەڵى و نارێكى یەكتریان قبوڵە ولەئاست خراپی ونارێكى بەرامبەریاندا بێدەنگن بۆیە ئەگەر كەسێكى مولتەزیم بەئەخلاق وزانست وپەروەردەكار ببێتە هەر شتێك وهەر پلەیەك بگرێتە دەست لەم هەرێمەدا یاخود لەئەستۆى بگرێت هەر لە بەرێوبەرێتى دەزگایەكەوە تاوەكو وەزیرێك دەبێ ببێتە ئەندام لەو تۆڕە گەندەڵییە نەك هەر ئەمەش بەڵكو پێویستە هەموو نارێكی تۆڕەكەش بەبێ هیچ مەرجێك قبوڵ بكات وەئەگەر نەبێتە بەشێك لەوان ئەوا هەوڵى زۆر دەدەن تاوەكو بیكەنە ئەندام لەوتۆڕەى خۆیان وئەگەریش لەم كارەیاندا سەرنەكەوتن ئەوا تووشى سەر ئێشەى دەكەن وگرفتى جۆرواجۆرى بۆ دروست دەكەن تاوەكو دووورى دەخەنەوە یاخود ناچارى دەكەن كە دەست بەردارى كارەكەى بێت !!سەدەهانموونەى زیندوو هەن لەسەر ئەم كارە گەندەڵییانە بەتایبەتى پێم باشە نزیكترین نموونە ناوچەكانى گەرمیان بهێنینەوە كەسەرپەرشتیار وبەڕێوەبەرى پەروەردە وبەرێوەبەرى قوتابخانە هەموویان سەربە تۆڕێكى گەندەڵى زەبەلاحن كەلەلایەن بەرپرسەكانى كۆمیتە ومەڵبەندەكانەوە ئیعازیى كاركردنیان پێ دەدرێت ، هەمووئەمانە كارى ئیداریى وسیستمى پەروەردەییان لە چوارچێوەى توانایى زانستى ومەعریفى وئەخلاقى دەرهێناوە وخستوویانەتە نێو گێژاوى بەشەخێەنەكردنى دام ودەزگاكان وبەجەنگەڵ كردنى بەڕێوەبەرایەتییەكان وبەدەستەمۆكردن وبەكۆیلەكردنى مامۆستایان ، ئەوەى جێگەى داخ وپەژارەیەكى گەورەیە بەرپرسەكانى كۆمیتە ومەڵبەندەكان گەرمیان ئەوەندەى بەدواى مرۆڤى ساویلكە وخۆش باوەڕ وسووك دا دەگەڕێن ئەوەندە بەدواى لێهاتووى وتواناى مەعریفى وئیدارى كەسەكەدا ناگەڕێن ، لاى ئەوان كەسێكى خراپ وحیزب پەرست لەكەسێكى لێهاتوو وعاقڵ وسەربەخۆ باشترە ، واتا یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانى ئیفلیجبوونى سیستمى خوێندن وپەروەردە لەكۆى دام ودەزگاكانى وەزارەتى پەروەردەدا ، نەبوونى بەرێوەبەرێكى گونجاوە بۆ قوتابخانەكان چونكە تائێستا هیچ پێوەرێكى زانستى وئەخلاقى وئیدارى وكۆمەڵایەتى نیە بۆ دیارى كردن وهەڵبژاردنى بەریًوەبەر بۆ دام ودەزگا بەروەردەییەكان ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست