کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تورکیای زۆرزان، ئێمەی بەستەزمان !

Friday, 24/10/2014, 12:00


هەرێمی کوردوستان بە درێژایی پتر لە هەزار کیلۆمەتر لە زاخۆوە هەتا خانەقین بوەتە دراوسێ لەگەڵ هێزە دڕندە و خۆکوژەکانی داعش، ئەم هێزانە زوزو هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگەی هەرێم لە قەرەتەپە و جەلەولا و کەرکوک و توزخورماتو، هێشتا شەنگال و زومار یان بەدەستەوەیە و نیازیان نیە بە ئاسانی چۆڵی بکەن . کەواتە ئەرکی ڕاستەوخۆی پیشمەرگەی هەرێم ئازادکردنی شەنگال و زومار وجەلەولا و هەروەها خۆقایمکردنیەتی لە مەخمور و کەرکوک و ناوچەکانی ترکە بەردەوام لە بەردەم مەترسیی هێرشی داعش دان، نەک ئەوەی بچن لە کوبانی شەڕبکەن، جگە لەوە ئاشکرایە کوبانی و ڕۆژاوای کوردوستان بەگشتی پەکیان لە جەنگاوەر نەکەوتوە، ئەوان هاواردەکەن پێویستیمان بە چەکی قورس هەیە. بێگومان ئەگەر وەک هەنگاوێکی ڕەمزی هێزێکی چەکداری نەتەوەیی کە لە پێشمەرگەی هەر چوار پارچەکەی کوردوستان پێکهاتبێ لە هەرێم دروستبکرێ و ڕێکبخرێ و دوای ڕێکەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ یەپەگە و یەپەژە بنێردرێ بۆ کوبانی یا هەر ناوچەیەکی تری ڕۆژاوای کوردوستان کارێکی باشە و پێویستیشە. بەڵام سەیرکەن چۆن تورکیا هەڵوێست بە هەرێم دەفرۆشێ : (مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، یارمەتی پێشمەرگە دەدەین تا بتوانن بچن بۆ کۆبانی) ، دیارە تورکیا حەزدەکات پێشمەرگەی هەرێم بە چەکی سوکی وەک کڵاشینکۆف و بیکەیسیەوە ببنە خۆراکی تانک و زرێپۆش و تۆپە قورسەکانی داعش لە کوبانی! باشە تورکیا بۆ ڕێگە نادات چەکی قورسی ئەمریکا و ئەوروپا لە هەرێمەوە بە ناو تورکیا بگاتە دەست یەپەگە و یەپەژە لە کوبانی؟ مەگەر هەمو دنیای ئازاد داوای ئەمەی لێناکات؟ ئەی بۆ نایکات؟ ناتوانێ؟ یان ئەی تورکیا بۆچی چەکی قورس بە خۆمان لە هەرێم نادات؟ مەگەر پێشمەرگەی هەرێم زۆر پێویستی بە چەکی قورس نیە؟ بەڕاستی تورکیا دەریخست نەک هەر بە ژمارە گەورەترین دوژمی نەتەوەی کوردە بەڵکو دوژمنی ژمارە یەک و پلە یەکیشێتی لە ڕوی چۆنێتیەوە. سەیرکەن چۆن سودمەندی ژمارە یەکە لە ڕێکەوتن لە سەر نەوتی کوردوستان و چۆن نێوانی هەولێر و بەغدای شێواند و بوبە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی ئەگەر چارەسەر نەکرێت پشتی هەرێمەکەمان و خەڵکەکەی دەشکێنێ. یا چۆن هەرێمی کوردوستانی کردوە بە کۆلۆنیی ئابوری و ڕۆشنبیری، یان چۆن تا ئێستا دەیان پێگەی سوپایی و جاسوسی لە ناوچەی بادینان هەیە و تا ئێستا حوکومەتی هەرێم نەیتوانیەوە لە کوردوستان دەریان بکات، وەک خەڵکی کوردوستان دەیان جار ئەم داوایەی کردوە. یا لە پەیوەند بە مەسەلەی نەوت پابەند بونی کوردوستان بۆ ماوەی پەنجا ساڵ بە تورکیاوە واتای چیە و وردەکاریەکانی چین؟ پێموایە ئەندازیارەکانی سیاسەتی کوردی بەرامبەر تورکیا خۆیشیان نازانن کوردیان توشی چی بەڵا و تاعونێکی تورکی کردوە. بە ڕاستی کاتی ئەوە هاتوە پەرلەمانی کوردوستان لە بری ئەوەی خۆی سەرگەرم بکات بۆ دانانی قانونێک بۆ (سرودی ئەی ڕەقیب)، مەسەلەی ڕێکەوتنی نەوتی نێوان تورکیا و هەرێم بهێنێتە ناو هۆڵی پەرلەمان ونهێنیەکانی دەربخات، ئەگەر دەرکەوت تورکیا بێویژدانانە دەستی کوردی بڕیوە، کە دڵنیام ئاوایە! ئینجا هەرێم یەکلایەنە ئەو ڕێکەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە ، من دڵنیام نەک هەمو خەڵکی کوردوستان پشتگیریی حوکومەتی هەرێم دەکات بەڵکو هەمو خەڵکی عێراقیش! باشە بەرامبەر ئەو هەموە ڕەخنەیەی لە ڕێکەوتنی نەوت لەگەڵ تورکیا دەگیرێ، داڕێژەران و واژوکەرانی کوردی ئەو ڕێکەوتنە بۆ نوکەیەک و نوزەیەکیان لێنایەت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە