سیاسی زەیستان
Friday, 13/05/2011, 12:00
زەیستان بەو مرۆڤە ئەووترێ کە یەکسەر دوای مناڵ بوون هەندێ حەزو ئارەزووی لا دروست ئەبێ کەلەزۆربەی کاتدا وەك مەحاڵ بۆی دەستەبەر ئەبێ،، بۆ نمونە ئەشێ ئەو کەسە لە ناوەڕاستی مانگی بەفرانبار بێ و حەزی لە کنرو ڕێواس و شووتی مانگی گەلاوێژ بێ وەیان بەپێچەوانەوە.
ئەوەی ئەو ٦ برادەرە بەبێ ڕاو تەگبیری کەس و بەبێ ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ بنەمەڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینەکەی ئەم جارەی خەڵکی کوردستان و ئەو جەماوەرەی ڕۆژانە ئەڕژانە سەراکانی ئازادیەوە، پێی هەستان، کارێکی وەك ئەوەی ئەو ئافرەتە زەیستانەیە کە ئارەزووی لەشتێکەو ئەشزانێ بۆی نایەتە دی.
جیاوازی کەسایەتی سیاسی لەگەڵ کەسایەتی زەیستانی ئەوەیە، کە سیاسی واقیع بینانە لەڕووداوەکان ئەڕوانێ و هەرچی شکستە وەك شکست بیبینێ و کار بکا بۆ ئەوەی بیان گۆڕێ بۆ سەرکەوتن، ئەم کارە پێوستی بە حەزو ئارەزوو نیە، بەڵکە پێوستی بە ئیرادەو پلان و کۆڵ نەدانە.
پێش ئەم کارەی ئەو ٦ کەسە و چوونیان بۆ لای سەرۆکی تەزوویر، بەمانگێك لەوەو پێش، ١٣ ڕووناکبیرو ڕۆشنبیری (زەیستان)هەمان داوایان لە ئاغای خڵەفاوی تاڵەبانی کرد ، بەوەی ببێتە ڕزگارکەری ئەم بارودۆخەو ئەویش بەلەجیاتی دانان، مەلای بێ عەمەل وەڵامی دانەوەو ئەوەبوو لەجیاتی ئەوەی ببێ بەئەزمونێك بۆ ئەو ٦ کەسەو کەچیتی کاری لەو جۆرە نەکەن ، کەچێ یەکێ لەو ١٣ کەسە کە حەسیر مەیدانیان پێکردو دواتر جارێکی تر مێژووی حزبی بەعسیان بە ملەوەنی نیشانیان دان، نەبوو بە وانەیەك بۆ ئەوانی دوای خۆی.
کاك دکتۆر فایەق، زیاد لەوانی تر، خاوەنی ئەزموونێكی سیاسی تێرو تەسەلە و توانیبوی کۆڵەیەکی پتەو بۆ خۆیی دروست بکات کەخەباتی سیاسی کوردا کەچی بۆ مەڵامێکی نادیار ئەم کارەی کرد، گەر نەوەیەکی نوێ کە هێشتا بەتەواوەتی ئەو دوو مافیایە باش ناناسێ، ڕەنگە گلەیی زۆریان لێ نەکردایەو ئەووترا، گەنجەو خاوەن ئەزموونێكی کەمە، لێ بۆ کاك فایەق، نەئەبوو بکەوتایەتە ئەو هەڵە گەورەیە کە لەو بڕوایەدام نەك هەر خەلەو خەرمانی بەدەستی خۆی فەوتاندو گڕی تێبەردا، لێ لەهەمان کاتیشدا هەروەك چۆن مەسعودی کوردکوژ نازانێ گەنج چیەو چی ئەوێ و بە (face book) ئەڵێ "فییس بوك" ئەوا کاك فایەقیش شەقێكی لە لمۆزی ئەو گەنجانە دا کە باوەڕوایان وابوو کە ئەم شۆڕشە نوێیەی بەرپایان کردوە ، دڵنیان لەوەی کە سەرکەوتن شتێكی گرەنتیەو تەنها بەستراوەتەوە بەکات.
زۆربەمان ڕەخنە لەمەلا مستەفا ئەگرین لەبەرئەوەی ئاشبەتاڵی بەگەورەترین شوڕشی کورد کرد لەساڵی ١٩٧٥، ئەمە لەکاتێكدا هێزەکانی حزبی بەعس و لەزاری سەدامەوە ووترا"کەتەنها چەند پارچە چەکێکیان مابو ، وە هێزەکانیان تووشی شکستی گەورە بوبون" ، ئەم کارەی ئەو ٦ کەسە هیچی لەو خیانەتەی مەلا مستەفا کەمتر نیە، لەبەرئەوەی هێزی گەل لەوپەڕی سەرکەوتندا بوون و دەسەڵاتی تاڵانچی مەسعودو جەلالیش لەوپەڕی لاوازی، بۆ ڕاستی ئەمەشمان، ئەوەبوو پەنایان بردە بەر هێزی مشینەری(هیزی مالیکی عەرەبی)، کەئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەوەی تێبگەین کە دەسەڵات چەند لاوازە و پێوستی بەوە نەبوو لەنگەریان پارسەنگ بکرێتەوە و ئەو کارە بکەن و بچن ڕەوایەتی بەکەسێكی تەزوویرو تا سەر ئێسقان کوردکوژ بکەن.
مەخابن بەو کارەتان ، ڕەو ڕەوەی ڕاپەڕین خاو نابێتەوەو گەنجانی تویتەرو فەیس بووك باوەڕتان پێناکەن و هەروەك چۆن ماوەیەك پێش ئێوە گەنجانی زانکۆی سلێمانی ڕازی نەبوون لەگەڵ بارزانی دابنیشن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست