هەڵمەتێك بۆ ئاشتەوایی خێزان
Sunday, 12/01/2014, 12:00
با هەفتەى ڕۆژێك سەیری تەلەفزیۆن نەكەین
تەلەفزیۆن كەمەركێش و بیركێشی مرۆڤە بەهەردوو دیووە ئەرێنى و نەرێنیەكەى، لەوەشدا تەنها دانیشتن و كۆكردنەوەى بیردانمان لەخاڵێكدا بەس نییە كە كاتێكى بێشومار لەمەڕ سەیركردنى درامایەك یا فیلم و بەرنامەیەك و چی و چی خەرج بكەین.
هەموو ئەمانە وایكردووە چ جای تەمبەڵبوونى مێشك و جەستەمان، لەتەكدا پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانیشمان بەرەو هەڵدێڕی كاڵبوونەوە بڕوات.
سەرقاڵبوون بە سەیر كردنى بەردەوامى تەلەفزیۆن و خۆ خەریك بوونمان بە ئەتاری و فەیس بووك و شتەكانى دیكە، هەموو ئەمانە بوونەتە لەمپەڕ كە خێزانەكانمان نەتوانن لەماوەى یەك هەفتەدا بەتێرو پڕی یەك ڕۆژ قسە لەگەڵ یەك بكەن.
مرۆڤ خودى خۆی داهێنەرە بۆ ئەو شتانەى دایهێناون، لەوەشدا هەر خۆی دەتوانێ بەو شتانە ئاڵودەبێ یاخود بە بارێكى ماقوڵ ئاڕاستەیان بكات.
دەبا هەوڵەكانمان چڕ بكەینەوە بۆ كەمترین وادە تا لەو ڕێیەوەهەوڵبدەین هەفتەى ڕۆژێكى تەواو تەماشای تەلەفزیۆن نەكەین و تەواوى ئەندامانى خێزانەكانمان لەدەورى خوانی پێكەوە ژیان و بەختەوەری كۆبكەینەوە تا بتوانین بەڕاستى ڕووى ڕاستەقینەى بزە و زەردەخەنەكان نیشانی یەك بدەین و كار بۆ چارەسەركردنى كێشەكان بكەین لەپێناو توند و تۆڵكردنی پەیوەندیەكانى خێزان ، ئەمەیش هێندە زەحمەت نیە ئەگەر ویست و ئیرادەمان بۆی بەهێزبێ و ورەمان بەرزبێت لەوەى ئەوە بڕیارێكەوە دەدەین، لێی پاشگەز نابینەوە، بەهیوای خێزانێكى بەختەوەر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست