توركیا لەنێوان دانوسانی چارەسەری و قوڵكردنەوەی بێچارەی لە پرسی كورددا!!
Friday, 18/01/2013, 12:00
گەلی كورد لەباكوری كوردستان بەدرێژای مێژوویی دەیان ساڵەی تێكۆشانی خۆی گەلێك نزیكبوونی مەحاڵی كردە راستیەك كە ئەمڕۆ لەزەمینەی راستیدا بەكراوەی قسەی لەسەر بكرێت، ئەمەش پێش هەر شتێ بەرهەمی تێكۆشانێكی خوێناوی و دەیان هەزار شەهید و وێرانكردنی هەزاران گوندی كوردستان و لەرۆژی ئەمڕۆشدا هەزاران زیندانی لەسیاسەتمەدارو پەرلەمانتار و لەسەروی هەمووشیانەوە تێكۆشانی رێبەر ئۆجەلان و چیاكانی كوردستان بوو.
لەهەموو قۆناغەكانی ئەم تێكۆشانەدا ئەوەی توانی بەشێوەیەكی راست و دروست تێكۆشان ئاراستە بكات و بیگەیەنێتە ئاستی هێزێك كە هەموو جیهان دان بەهەبوونەكەیدا بنێن بێگۆمان رێبەر ئۆجەلان بوو، كەهەر ئەمەش ئەو راستیەی فەرزكردوە كە ئەمڕۆ وەكو موخاتەبی سەرەكی كێشەی نەتەوەییەك و وەكو رێبەری گەلێك كەغیابی لەچارەسەریدا دێتە واتای نەچارەسەری، ئەم راستیەش زیاتر لە هەر كەس سەردەستانی كوردستان و بەتایبەتی دەوڵەتی تورك هەستی پێكردوە، بۆیە دوای چەندین قۆناغ لەپیلان و هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و زیندانی و گۆشەگیری نەیتوانی راستینەی ئەم رێبەرە لەگەلەكەی جیابكاتەوەو بۆ جاری چەندەمین پەنایی بۆ دەبات، و وەكو لایەنی سەرەكی كێشەی نەتەوەییەك گفتوگۆی لەگەڵدا دەكات، دیارە گفتوگۆ لەسەر چارەسەری پرسی نەتەوەییەك رەنگە هێندە ئاسان نەبێت كە بتوانرێت بە چاوپێكەوتنێك و دوان چارەسەر ببێت، بەڵام ئەوەی گرنگە خوێندنەوەیەكی راستە بۆئەم قۆناغەی كە دیالۆگ و گۆشەگیری و هێرشی دەوڵەتی تورك لەناویەكدا بەڕێوەدەچن، بەبێ دەرك كردن بەم راستیەو تەنها لەگۆشەی دیالۆگەكانەوە لەنیەتی دەوڵەتی تورك بڕوانی ئەوە ناراستیەكە كە رێگا لەپێش تێنەگەیشتنی واتاكانی دیالۆگ و چارەسەری دەكاتەوە.
بزوتنەوەی ئازادی خوازی كورد بەڕێبەرایەتی بەڕێز ئۆجەلان لەنێوان ساڵانی 1999و2011دا بۆچەندین جار ئاگربەستی یەكلایەنەیان لەپێناوی كردنەوەی دەرگایەكی چارەسەری بەڕٍِێگەی دیالۆگدا راگەیاند، بەڵام راست تێنەگەیشتنی ئەم ئاگربەستانە كە وەكو بێهێزیەك لەیەك دەدرانەوە بەتایبەتی لەلایەن دەوڵەتی توركەوە رێگای لەپێش شەڕێكی خوێناوی و بنبەستبوونی چارسەریەكی ئاشتیانە كردەوە، لەقۆناغەكانی دانوسانی ئۆسلۆشدا كاتێ دەوڵەتی تورك وەكو نزیكبوونێكی ستراتیژی لێی نەڕوانی و وەكو تاكتیكێكی كات قازانج كردن بۆ لەناوبردنی كوردان لێی روانی ئەوەبوو بەرهەمی بەگرتنی هەزاران سیاسەتمەداری كورد و ئۆپەراسیۆنەسیاسی و سەربازیەكانی دەوڵەتی تورك و حكومەتەكەی ئەردۆغان بوو. كە ئەم قۆناغە وەكو قۆناغی كرانەوە بەناوكرد كە لەهەمان كاتدا لەبن ناوی كرانەوەدا رەشترین قۆناغی گرتن و كوشتن و گوشاری سەركوردان بوو.
جیاوازی قۆناغی ئەمڕۆی دانوسانەكان، لەگەڵ قۆناغەكانی پێشوتر لەچەند روویەكەوە جیاوازی هەیە كە دەكرێت هەم وەكو سەرەتایەكی باش و هەمیش پێچەوانەكەی شرۆڤە بكرێت. لەقۆناغی ئەمڕۆدا و بەتایبەتی دوای گۆڕانكاریە خێراكانی ناوچەكە لەگۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەهەندێ وڵات لە تۆتالیتاری دەوڵەت نەتەوەوە بۆ ئیسلامی سیاسی نەرم و لەهەمان كاتیشا حساباتی هێزی سیاسی جیهانی لەسەر ئایندەی ناوچەكە، كە بەشێوەیەكی گشتی وەكو دووبەرەی كۆنەپارێزی دەوڵەت و ئیسلامی سیاسی نەرمی ژێركاریگەری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەردەكەوت، بەڵام تێكۆشانی ئازادی خوازی كورد لەچوارچێوەی فەلسەفەو رابەرایەتی سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی رێبەر ئۆجەلاندا كە سیستەمی سێهەم و خاوەن ئەڵتەرناتیڤە وەكو هێزێك نەبینرابوو لەحساباتی ئایندەی ناوچەكەدا، بەڵام دوای شۆڕشی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و ئاواكردنی سیستەمی ئەڵتەرناتیڤ كە سیستەمی خۆسەری دیموكراتیكە، وەهەروەها سەرهەڵدان و تێكۆشانەكانی گەلی كورد لەباكوری كوردستان لەرووی سیاسی و سەربازییەوە، وەكو هێزی سێهەم خۆی سەلماند كە لەئایندەی ناوچەكەدا بەبێ چارەسەری پرسی كورد ناكرێت باس هیچ گۆڕانكاریەكی ریشەی بكرێتەوە.
بۆیە ئەوەی لەقۆناغی نوێی دانوسان جیاوازە دانوسانی دەوڵەتی تورك بەتەنها نیە لەگەڵ موخاتەبی سەرەكی كێشەی كورد، بەڵكو تێكۆشانی كوردانە ئەوهێزانەی هێناوەتە ئەو باوەڕیەی كە ئەگەر هێزێكی بەكاریگەری وەكو بزوتنەوەی ئازادی خوازی كورد و رێبەر ئۆجەلان پەراوێز بخرێن ناتوانرێت باس هیچ ئەگەرێكی تر بكرێـتەوە.
توركیا وەكو لایەنێكی سەرەكی كەواسورەی بەرلەشكری هێزە جیهانیەكان و بەتایبەتی ئەمریكاو ئەوروپا لەناوچەكەدا كە ئەركی ئەوان جێبەجێ دەكات، نەیتوانی ئەركی خۆی وەكو دەخوازرا پێك بهێنێت، لەنمونەی ناڕەزاییەكانی دوای موبارەك و قەزافی و بن عەلی كە دەخوازرا سیستەمی ئەو وڵاتانە بكرێتە سیستەمی ئایندەی ناوچەكە، لەئاستی ناوخۆیشدا هەموو پیلانەكانی بۆ لەناوبردنی كورد سەری نەگرت و كوردان توانیان لەرووی سەربازی و سیاسیەوە سەركەوتنی مێژووی تۆمار بكەن، هەربۆیە هێزە جیهانیەكانیش گەر تا ئێستا لەئاستی تێكۆشانی گەلی كوردا بێدەنگیان هەڵدەبژارد، رووی راستی دیموكراتی خۆیان كە بانگەشەیان بۆدەكرد دەركەوت، چونكە كوردان لەساڵی 2012دا توانیان لەئاستی دوونیادا كێشەی كورد گەردوونی بكەن و رووی راستی ئەوانیش هەڵماڵن. هەموو ئەمانەش دەكرێ بەجیاوازی قۆناغی داهاتوو لەئەمڕۆ لێی بڕوانرێت.
بەڵام ئەوەی هەیە لەئێستادا توركیا بەدەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لەلایەك و پیلانگێڕی و كوشتن و ئۆپەراسیۆنی سیاسی و سەربازی لەلایەكی تر دەیەوێ نیشانی رای گشتی بدات دەرگا هەرچەندە بەڕوی چارەسەریدا كراوەبێت بژاردەی لەناوبردنی كوردیش تاكاتێ جێگای ئومێد بێت كراوەیە، هەربۆیە، گەر هەموو نیگاكان تەنها لەچوارچێوەی نیەتی توركیا بەرووی چارەسەریدا بێت، ئەوە ئەگەرە خراپەكە كە بەردەوامكردنی پیلانی لاوازكردن و لەناوبردنی كوردانە ئەگەری سەركەوتنی زیاد دەبێت، ئەوەی پێویستە ئەوەیە لەگەڵ هەر هێنانە زمانێكی ئەگەری نیەتباشی پێویستە ئەو راستیە میژوویەش بیرنەكرێت، كە هەمیشە لەپێشینەی كاری دەوڵەتی تورك بوە، ئەگەر نا هەمان هەڵەی قۆناخەكانی مێژوو دووبارە دەبنەوە.
ئەوەی پێویستە هەم لایەنی توركی و هەمیش لایەنی كوردی ئەوەیە كە نەكورد بكەوێتە رەوشێك كە ئیتر دەرگایەكی دیالۆگ كراوەتەوە وەك لەبەشێك لەمیدیاكانی باشوری كوردستاندا دەبینرێت، ئیتر بكەونە دژە پڕوپاگەندەی خەباتی تێكۆشانی ئازادی خوازی كورد بەناو هێنانی باوی خەباتی چەكداری نەماوەو چەندین پڕو پاگەندەی تر، وەكو لایەنی توركیش بۆئەوەی كە وەكو جارەكانی پێشوو بێئوومێدیەك درووستنەكات لای زۆرینەی ئەو گەلەی كە بۆجاری چەندەمە بێئومێدی كردوە، پێویستە هەنگاوە سەرەتاییەكان بۆ دەستهێنانی باوەڕی بهاوێژێت، كە ئەویش داننانە بەزمانی زكماكی كوردی و پێداچوونەوەی بڕیاری زیندانی كردنی هەزاران سیاسەتمەداری كورد، راگرتنی ئۆپەراسێۆنە سەربازی و سیاسیەكان، ئەگەر نا سەرەڕای خوڵقاندنی كەشێكی خافڵكارانە ناتوانرێت، بگاتە هیچ ئەنجامێك، ئەوكاتە بێ باوەڕی میلەتی كورد بەتەواوی بەرامبەری زیاد دەبێ و ئەگەری جیاواز بۆ گەشتن بەئەنجام دەكەوێـتە ریزی ئەو بژاردانەی كە كوردان تاكو ئێستا بیریان لێنەكردۆتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست