جۆرەكانى گۆرانكارى و گۆرانكارى راستەقینە لە هەرێمى كوردستاندا.
Saturday, 16/05/2009, 12:00
2462 بینراوە
سیستەمى سیاسى و كۆمەلایەتى و ئابورى ژێر دەسەڵاتى حكومەتى هەرێمى كوردستان،تا بڵێى سیستەمێكى تێكەڵ وپێكەڵە و هیچى بەسەر یەكەوە نیە،بۆیە لەم كاتەداهەموو هاولاتیانى كوردستان ئەوانەى لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەكاندان و ئەوانەى لە دەرەوەى بازنەى حزبە دەسەڵاتدارەكاندان،بروایان بەوە هێناوە كە پێویستە ئەم رەوشە بێ سەروبەریەى هەرێمى كوردستان گۆرانكارى بەسەردا بێت و سیستەمێكى جێگیرى سیاسى و كۆمەلایەتى و ئابورى ودادپەروەرانە جێگەى بگرێتەوە.
ئەوانەى ئەمرۆ داواى گۆران دەكەن بەسەر چەند گرووپێكدا دابەشدەكرێن،گرووپى یەكەم ئەو كەسانەن كە لەگەڵ سەرهەڵدانى دیاردەى پەنجا بە پەنجا و شەرى ناوخۆى دواى راپەرین، كوردستانیان بەجێهێشت و ئاوارەى ئەوروپا و ولاتانى تر بوون و لە دوورەوە رەخنە لە سیستەمى سیاسى هەرێمى كوردستان دەگرن.گرووپى دووەم ئەو كەسانەن كە لە لووتكەى شەرى ناوخۆى هێزەكانى باشوردا هەڵوێستیان وەرگرت و داواى گۆرینى عەقلیەتى سیاسى و سیستەمى شەرى براكوژیان كرد ولە كوردستان مانەوە ولە پێناوى گۆرانكاریدا تێكۆشانیان كرد و دووچارى جۆرەها فشار هاتن و لە رێگەى تێكۆشانى دیموكراتیەو درێژەیان بە پرۆسەى گۆرانكارى دا.نزیكەى چواردە ساڵێك لەمەوپێش هەستم بە پێویستى گۆرینى سیستەمى سیاسى هەرێم كرد و ساڵى 1996 لە گەرمەى شەرى ناوخۆى یەكێتى و پارتیدا،سیاسەتى ئەو كاتەى یەكێتیم رەخنە كرد و دەستم لە كار كێشایەوە و بە سیاسەتى حزبە سیاسیەكانى ترى كوردستانیش رازى نەبووم وهەوڵم دا لە رێكخستنێكى سیاسى تردا درێژە بە تێكۆشانى نەتەوەیى و دیموكراتى بدەم.ساڵى 2002 لەگەڵ كۆمەڵێك تێكۆشەرى ترى باشورى كوردستان،پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان(پ چ د ك) مان پێكهێنا،لەوكاتەوە تا ئێستە (پ چ د ك) یەك لەو رێكخراوە سیاسیانەیە كە رەخنە لە سیاسەتى هەرێمى كوردستان دەگرێت و داواى گۆرانكارى دەكات و لەو پێناوەشدا قوربانى داوە و ئامادەشە شانبەشانى هێزە نوێكانى ترى باشورى كوردستان قۆڵى خەبات و تێكۆشانى گۆرانكارى بكات بەلادا، ئەمرۆش لەگەڵ چەندان كەسایەتى سەربەخۆى كوردستان، بۆ گەرەنتیكردنى گۆرینى سیستەمى سیاسى هەریم، بە لیستى هیوا بەشدارى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان دەكەین.
گرووپى سێهەمى گۆرانكارى لە ژمارەیەك حزبى سیاسی باشورى كوردستان پێكدێت كە بۆ ماوەى جیا جیا لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان(پارتى و یەكێتى) لە پەرلەمان و لە حكومەتى هەرێم ولە ئەنجومەنى حزبە سیاسیەكانى كوردستان و لە هاوپەیمانى تایبەتدا بەشدار بون،بەڵام دواى ئەوەى لە هاوینى 2007دا، پارتى و یەكێتى بریارى رێكەوتنى ستراتیجیان دا وئەو حزبانەیان ئاگادار نەكرد و لەو رێكەوتنە ستراتیجیەدا بەشداریان نەكردن،ئەو حزبانەش بەخۆدا هاتن وكەوتنەخۆ،لەو كاتەوە هەوڵ ئەدەن لە چوارچێوەیەكى نوێدا خۆیان رێكبخەن و رەخنە لە پارتى و یەكێتى بگرن و بەشدارى هەڵبژاردن بكەن،رۆژى 5-5 2009 چوار حزبیان(یەكگرتوو،كۆمەڵى ئیسلامى،سۆسیالیست،زەحمەتكێش) لە چوارچێوەى لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازیدا ئامادەكارى خۆیان بۆ بەشداریكردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان نیشاندا و ئەمانیش دەڵێن دەمانەوێت سیستەمى ئالۆزى هەرێم بگۆرین و بەرەو پێشەوەى بەرین.
گرووپى چوارەمى هێزى گۆرانكارى بریتیە لە لیستى گۆران،كە لە لایەنگرانى نەوشیروان مستەفاى جێگرى سكرتێرى جارانى(ى ن ك) و لایەنگرانى جەوهەر نامقى سكرتێرى جارانى مەكتەبى سیاسى (پ د ك) و سەرۆكى یەكەم پەرلەمانى كوردستان پێكدێت.هەر یەك لە نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامق دواى ئەوەى نەیانتوانى لە ناوخۆى حزبەكانیاندا گۆرانكارى بكەن، لەگەڵ لایەنگرەكانیان دەستیان لە پۆستەحزبیەكانیان بەردا و ئامادەكارى ئەكەن تا لە دەرەوەى حزبدا گۆرانكارى بكەن،ئەم دوو كەسایەتیە ماوەیەكى كورتە لە دەرەوەى رێكخستنى (یەكێتى و پارتى) كار دەكەن،بەڵام لەبەر ئەوەى لە ساڵانى رابوردوودا لە دەسەڵاتدا پلەى بەرزیان هەبووە و نارەزایى خەڵك زۆر فراوانەو ئامادەكاریشیان بۆ ئەوە نەكردوو گۆرانكارى قوڵ و ریشەیى بكەن و كار لە سەر خەڵكە نەگۆراوەكان دەكەن،خەڵكێكى زۆر دوایانكەوتووە و بە شێوەیەكى كاتى كاریگەریان لە سەر گۆرەپانى كوردستان كردووە.
گرووپى پێنجەمى لایەنى كۆرانكارى یەكێتى نیشتمانى كوردستانە،پاش ئەوەى (ى ن ك) بۆى دەركەوت كە جەماوەرى كوردستان نارەزاییەكى زۆر بەرامبەر بە گەندەڵى و كەم و كوریەكانى ترى حكومەتى هەرێمى-سلێمانى و حزبەكەیان نیشان ئەدەن،پاش ئەوەى زۆربەى سەركردە كاریگەرەكانى حزبەكەیان بە پۆل دەستیان لە پۆستى بەرپرسیارێتى بەرداو چوونە ناو ناو كۆمپانیاى وشە و لیستى گۆرانەوە،یەكێتى كەوتۆتە ئەنجامدانى جۆرێكى تایبەت لە گۆرانكارى،ئەویش گۆرینى چەندان بەرپرسى ئیدارى و ئەمنى سنورى دەسەلاتى خۆیەتى،گۆرینى جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و گۆرینى بەرپرسى ئاسایشى گشتى و بەرێوەبەرى تەندرووستى سلێمانى و چەندان بەرپرسى تر،بۆ ئەوەیە كە بەرپرسیارێتى گەندەڵى و كەموكوریەكان بخاتە ئەستۆى ئەو كەسانە و سیستەمى سیاسى بەرێوەبردن و سكرتێر و مەكتەب سیاسیەكانى خۆى لە رەخنەى جەماوەر بپارێزێت،ئامانجێكى ترى گۆرانكاریەكەى یەكێتى بۆ ئەوەیە ژمارەیەك لە لایەنگرانى لیستى گۆران لە شوێنە هەستیارەكان دووربخاتەوە شوێنەكانیان بەوانە پڕبكاتەوە كە دژى لیستى گۆرانن.جۆرێكى ترى گۆرانكارى یەكێتى نیشتمانى كوردستان،بەستنى پلینۆمە لە پێش هەڵبژاردنى پەرلەمان، ئامانجى ئەو پلینۆمە دەركردنى ئەو ئەندامانەى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسى یەكێتیە كە بوونەتە ئەندامى كۆمپانیاى وشە و لیستى گۆران و پڕكردنەوەى شوێنەكانیانە بە كەسانى ترى دڵسۆزى یەكێتى،ئەم پلینۆمە بۆ ئەوەیە یەكێتى بەردەوامى و مانەوەى خۆى بسەلمێنێ و پێوەندى بە گۆڕین و پێشخستنى سیستەمى سیاسیەوە نیە.
گرووپى شەشەمى گۆرانكارى سەرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و سەرۆكى هەرێمى كوردستانە،كە لە كۆبوونەوەى دواییدا لەگەڵ پەرلەمان داواى كرد سەرۆكى هەرێم لە لایەن گەلەوە بە شێوەیەكى راستەوخۆ هەڵبژێردرێت،ئەم داوایەى سەرۆكى هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە پەسندكراو بوو بە بریارى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان،ئامانجى سەرەكى ئەم داوایەى سەرۆكى هەرێم ئەوەیە كە سیستەمى دەسەڵاتدارى هەرێم بكرێتە سیستەمێكى سەرۆكایەتى،لە وڵاتێكیشدا دەستورى نەبێت،هەڵبژاردنى سەرۆك لە رێگەى خەڵكەوە بەو واتایە دێت كە ناوەندگەرایى و دكتاتۆریەت بەهێز بكرێت،وە ئامانجی سەرۆكى هەرێم و هاوپەیمانەكانیشى هەر ئەوەیە كە سەرۆكى هەرێم هێند دەسەڵاتى هەبێت پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتى دادوەرى گرنگى و سەربەخۆیى خۆیان نەمێنێ و رێگە لە گۆرانكارى و پێشكەوتن بگیرێت .ئەمە سەرەراى ئەوەى كە هەڵبژاردنى هەرێم بەو شێوەیە لە گەڵ دەستورى عر اقدا ناكۆكە و ئەگەرى ئەوە هەیە لەسەر بابەتێكى واش كە سوودى بۆ گەلى كوردى نیە كێشە لە نێوان هەرێم و عراقى ناوەندیدا درووستببێت.
ئەمانەى سەرەوە هێزە سەرەكیەكانى گۆرانكارین،دەتوانین جۆرەكانى گۆرانكاریش بۆ چوار بەشى سەرەكى دابەشبكەین،جۆرى یەكەم ئەو گۆرانكاریە بچووك و سنورداریە كە هەر یەك لە كوردە رۆشنبیرەكانى هەندەران و لیستى گۆران و لیستى خزمەتگوزارى و چاكسازى و هەندێك لیستى تر داواى دەكەن، ئەم هێزانە گۆرانكارى راستەقینە لە ناخى تاك و كۆمەڵدا درووست ناكەن و كار بە تاكە نەگۆراوەكان دەكەن،پرۆژەكەیان خراب نیە بەلام هەموو كات ئەگەرى شكست و پاشەكشەی لێددەكرێت.
جۆرى دووەم ئەو گۆرانكاریەیە كە یەكێتى نیشتمانى كوردستان لە ماوەى چەند مانگى رابوردوودا دەستى پێكردووە و تا ئێستەش لە سەرى بەردەوامە،لەم گۆرانكاریەدا سیستەمى سیاسى و رێكخستنى و بەرێوەبردن دەستكارى ناكرێت،تەنها ژمارەیەك بەرپرس دەگۆرێن و ژمارەیەكى تر لە شوێنیان دادەنرین كە لەوانەى پێشوو زیاتر گوێڕایەلى سەركردایەتى حزب دەبن.لە راستیدا ئەوەى (ى ن ك) دەیكات گۆرانكاری نیە و دوورخستنەوەى گۆرانكاریە.
جۆرى سێهەمى گۆرانكارى ئەو گۆرانكاریەى سەرۆكى هەرێمە كە لە راستیدا لە لایەكەوە بە شێوەیەكى زەق و ئاشكرا دژى گۆرانكارى و پێشكەوتنە و دەسەلات و بریارى بەكۆمەڵ سنوردار دەكات و سیستەمى ناوەندێتى بەهێز دەكات و سیستەمى دیموكراتى لاواز دەكات.لە لایەكى تریشەوە كێشەیەكى دەستورى و سیاسى دەستكرد لە نێوان هەرێم و عراقى ناوەندا دروستدەكات.
جۆرى چوارەم لە گۆرانكارى ئەو گۆرانكاریە ورد و درێژخایەنەی كەسێتى تاك و پێكهاتەكانى كۆمەڵگاى كوردستانە كە سالانێكە پێكهاتەكانى لیستى هیوا بەپەروەردەى هزرى و بەخەباتى دیموكراتى ئامادەكارى بۆ دەكات،بەلام لەبەر ئەوەى ئەو گۆرانكاریە هزرى سیاسى و كۆمەلایەتى و ئابوری دەگرێتەوە و گۆرانكارى راستەقینەى كەسێتى تاك و پێكهاتە كۆمەلایەتیەكان لەگەڵ خۆى دێنێت، كات و توانا و پشووى درێژى پێویستە، گۆرانكارى (لیستى هیوا) گۆرانكاریەكى بنەرەتی و جێگیر دەبێت و كەسێتى تاك و پێكهاتەكانى كوردستان دەگۆرێت و بەو كەسێتیانە سیستەمى سیاسى كوردستان دەخاتە سەر سكەى سرووشتى گۆران و گەشەكردن.
فائیق محەمەد گوڵپى 12-5-2009