چەند زانیاریەک دەربارەی وەزیری شەهیدان بۆ مێژوو ....
Saturday, 14/01/2012, 12:00
مامۆستا ئارام لە سەرەتای نەوەدەکانەوە لە ووڵاتی بەریتانیا ئەژێت. ئەو تا ئەو دووسێ ساڵەی دوایی، پەیوەندی لەگەل یەکێتی نەپچڕا بووهەردەم بەهیوای ئەوە بوو کە یەکێتی ئاوڕێکی لێ بداتەوەو پۆستێکی چەوری دەست بکەوێ.. بەڵام یەکێتی فەرامۆشیان کردبوو هەر بۆیەش خۆی بە موستەهەق ئەبینی بۆ وەرگرتنی پۆست لە کابینە یەک بە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم .
کاتێک کە بێ هیوا بوو لە یەکێتی، ئیتر کەوتە خۆی و دەستی کرد بە دەربڕینی دەنگی ناڕەزای خۆی لە دژی دەسەڵات و زۆر بە ڕاشکاوانە باسی گەندەڵیەکانی دەسەڵات ئەکردو تەنانەت مام جەلالی بەوە تاوانبار دەکرد کە گوایە مامە یەکێتی کردوە بە قووربانی کورسیەکەی بەغداو خەریکی توانەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بۆ ناو پارتی دیموکراتی کوردستان . هەر بۆیەش خۆی لە ئۆپۆزیسیۆن نزیک کردەوەو تا وای لێ هات مامۆستا ئارام بوو بە یەکێک لە هەلسووڕاوانی گۆڕان و دەستی کرد بەشداری کردن لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی گۆڕان ، لە چەند کۆبوونەوەیەکدا قسەکەری کۆڕەکان بوو، لە یەکێک لە کۆڕەکاندا کە لە شاری کۆڤێنتری بەسترا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ٢٥/٧/٢٠٠٩ دا بەشداری کردو قسەکەری ئەو کۆڕە بوو. پاشان کە بۆی دەرکەوت گۆڕان دەسەڵاتی نەگرتە دەست ، ئیتر خۆی لە گۆڕان دوور خستەوە وە دەستی کرد بە پەیوەندی کردن بە یەکێتیەوە لە ڕێگای کەناڵی جیاجیاوە ، وە هەڕەشەی ئەوەی دەکرد ئەگەر پۆستێکی بۆ دابین نەکەن کە خۆی بە شایەنی ئەزانێت ، ئەوا ئەچێتەوە ناو گۆڕان و بەیەکجارەکی واز لە یەکێتی ئەهێنێت !!!
وەکو بۆ هەمووشمان ئاشکراو ڕوونە کە یەکێتی لە قەیرانێکی گەورەدایە هەر بۆیەش ناچار بوون کە پۆستی وەزیری شەهیدان بدەن بەو زاتە !!!! وە ئەبێ ئەوەش لە بیر نەکەین ، پێش ئەوەی بکرێتە وەزیری شەهیدان ، مووچەی وەکیل وەزیری بۆ بڕابۆوە ، کە جێگای سەرسووڕمانە کەسێک تا دوێنێ باسی گەندەڵی دەسەڵاتی ئەکرد ، کەچی ئەمڕۆ خۆی بوە بە داینەمۆی گەندەڵی لەناو حیزبەکەی و وەزارەتەکەی . ئێمە ئەزانین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کابینەی تازە درووست دەکرێت و من باوەڕ ناکەم کە مامۆستا ئارام لە شوێنەکەی خۆیدا بمێنێتەوە . کەچی ئەو زاتە لای گرینگ نیە کە دوای چەند مانگێک کار کردن وەکو وەزیری پێشمەرگە ، خانەنشین بکرێت بە مووچەی وەزیرو چەند حیمایەیەکیشێ بۆ دابین بکرێت . من لێرەدا ئەڵێم ئێ باشە ئەوە ئەنفال کردنی سامانی ئەو گەلە ستەمدیدەیە نیە !!!
ئەمڕۆ کەسانی وەکو مامۆستا ئارام وەزیری شەهیدانی ووڵاتەکەی ئێمەن ، کە بە ئاشکرا مووڵكی خەڵکی زیندوو تاڵان ئەکەن . بۆیە من دەڵیم کاکی وەزیر تەنانەت بۆ ساتێکێش شەهیدانی گەلەکەمانی لە بیر نیە ، هەر خەریکی سەفەرە لەم ووڵات بۆ ئەو ووڵات بە ناوی شەهیدانمان ، هەتا لەسەر مەسرەفی وەزارەت دێتەوە لەندەن بۆ سەردانی کردنی ماڵ و مناڵەکەی خۆشی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست