دەسەڵاتی چاك ، دەسەڵاتی خراپ
Friday, 19/10/2012, 12:00
" گەر پاشاكان بچنە گوندێكەوە گەندەڵكاریی تێدا دەكەن و خەڵكە بەڕێزو نەجیبەكەی رسواو زەلیل دەكەن و هەرواش دەكەن"
ئایەتی 33 لە سورەتی مێروولە
" رەعییەت بە چاكەكاریی والی چاك دەبێت و بە گەندەڵكاریی والیش گەندەلأ دەبێت" خەلیفە وەلیدی كوڕی هیشامی كوڕی عەبدولمەلیك
" ئەگەر دادپەروەریی نەبێت دەسەڵاتدارەكان چین جگە لە جەردەو باندە گەورەكانی تاڵان"
قەشە ئۆگستین
ناونیشانی ئەم وتارە ناوی تابلۆیەكە كە لەلایەن نیگاركێشی ئیتالیی "ئامبرۆگیۆ لۆرێنزێتی Ambrogio Lorenzetti" یەوە لەنێوان ساڵانی 1337 بۆ 1339دا لەسەر سێ دیواری شاری سێینا"ٍSaina"لە ئیتاڵیا كێشاویەتی. ئامانجی سەرەكیی ئەم تابلۆیە پێشاندانی كاریگەریی مەزنی جۆری فەرمانڕەوایەتییو ئاكاری فەرمانڕەواكانە لەسەر ژیانی خەڵكو رەوشی كۆمەڵگا. لە بەشێكی تابلۆكەدا، كە هێمایە بۆ دەسەڵاتێكی چاك، فەرمانڕەوایەكی شكۆمەند دەبینین كە بەرگێكی جوانی پۆشیوەو لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتووەو چەند كەسێكی بەدەورەوەیە كە هێمان بۆ فەزیلەتە مەزنەكانی وەك دادپەروەریی، ژیریی، بوێریی، بەخشندەیی..هتد، كەمێك لەخوار ئەوانەوە، كۆمەڵە خەڵكێك وەستاون كە گوریسێكی درێژیان بەدەوردا هاتووە كە بە مەچەكی فەرمانڕەواكەوە بەستراوە كە هێمایە بۆ هاوبەستەگییو پەیوەندیی ئۆرگانیی نێوان دەسەڵاتدارو خەڵك، ئەو پەیوەندییەی كەلەم تابلۆیەدا بەئاشكرا كاریگەریی ئەرێیی بەسەر ژیانی خەڵكی شارو لادێ وە روونكراوەتەوە، بەوەی پیشەگەرەكان خەریكی كاری رۆژانەی خۆیانن، ئەشرافەكانی شار بە گالیسكە قەشەنگەكانیانەوە لە هاتوچۆدان، بارزرگانان بازاڕیان گەرمەو بە مامەڵەوە سەرقاڵن، لاوان بەگوڕو تینێكی زۆرەوە خەریكی چالاكیی ژیانن، ژنانی لادێ رێكپۆشنو بەرازەوانەكان بەرازی خرپن دەنێرنە شار بۆ فرۆشتن، جووتیارانیش خەریكی دروێنەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیانن، ئەم بەشەی تابلۆكە بە فیگەرێكی باڵدارەوە هەڵواسراوە كە هێمایە بۆ فریشتەی دڵنیاییو ئارامییو ئاسایشی راستیینە.
لە بەشەكەی دیكەی تابلۆكەدا كە هێمایە بۆ دەسەڵاتێكی خراپ، فەرمانڕەوایەكی بەدفەساڵی تۆقێنەر دەبینین بە چەند كەسێك دەورەدراوە كە هێمان بۆ پارەپەرستییو لوتبەرزییو دڵڕەقیی، لەم تابلۆیەدا شار لەژێر داگیركاریی سەربازییدایەو دیهاتەكان وێرانو بێبەرهەمو چۆلأو خاپوورە، ترسسالاریی باڵی بەسەر سەرجەم وڵاتدا كێشاوە، ئەم بەشەی تابلۆكە لەلایەن فیگەری ترسەوە هەڵگیراوە كە لەژێریدا نووسراوە:" لەبەرئەوەی هەركەسەو بەدوای قازانجی خۆیەوەیەتی، لەم شارەدا دادپەروەریی كەوتۆتە بەر زۆرداریی بۆیە كەس بێترس لەژیانی خۆی بەم رێگایەدا تێناپەڕێت، لەبەرئەوەی لە دەرەوەو ناوەوەی دەروازەی شاردا تاڵانی هەیە."
لەڕاستییدا باوترین پێناسە بۆ گەندەڵیی بریتیە لە " بەكارهێنانی دەسەڵاتی فەرمیو پۆستی حكومی بۆ قازانجی تایبەتو شەخسیی" هەربۆیە بەمەش دەتوانین بڵێن كە مێژووی گەندەڵیی بە مێژووی دەوڵەتو دەسەڵاتی سیاسییەوە بەستراوە، بگرە هەندێك كەسی وەك "لۆرد ئەكتۆن" خودی دەسەڵاتی سیاسیی بە سەرچاوەو داینەمۆی گەندەڵیی دەزانن كاتێك وتویەتی " هەموو دەسەڵاتێك گەندەڵكارە، دەسەڵاتی رەهاش گەندەڵكارییەكی رەهایە". ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر راستە چونكە رەوشتە نەرێییەكیانی تاك وەك " دزیی، درۆزنیی، چروكیی، هەلپەرستیی، دووزمانیی..هتد هەمیشە وەك تایبەتمەندی تاك دەمێننەوەو ناچنە خانەی گەندەڵییەوە، جگەلەوەی كە جۆرەكانی گەندەڵیی، هەر لە گەندەڵی بچووكەوە كە خۆی لە وردە بەرتیلو بردنەوەی هەندێك كەلوپەلی فەرمانگە بۆ ماڵەوەو خۆدزینەوە لەكارو بەفیڕۆدانی كاتو درەنگ چوونەسەركار..هتد تا گەندەڵی مەزن كە دەكاتە ئاستی تاوانی سیستماتیكی نیشتیمانی وەك : دزینی بودجە، جامبازییو دەڵاڵیی بۆ كۆمپانیا بیانییەكانو هەراجكردنی سامانی نیشتیمانیی، ئەنجامدانی تەزویرو ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا، پارەو پۆستبەخشینەوە بەخەڵكی ناشایستە لەسەر حسابی خزمایەتییو مەحسوبیەتو مەنسوبیەت، بازرگانییكردنی سیاسەتكارەكانو دەستبەسەرداگرتنی پرۆژە ئابوورییەكانو پشكدارییان لە پرۆژەكانی كەرتی تایبەت، رێگرتن لە دامەزراوەییكردنی راستیینەی دەزگاكانو چەسپاندنی عەدالەت لە دادگاكانو ئاراستەكردنی سیاسەتو كارگێڕییو بەڕێوەبەرایەتیی بۆ قازانجی حیزبیو بنەماڵەییو خێڵەكیی لەدەرەوەی قازانجی گەلو كۆمەڵگادا، واتە هەموو گەندەڵییە سیاسییو ئابوورییو داراییو كارگێڕییەكان لە خودی دەسەڵاتو حكومەتو دەسەڵاتدارانەوە سەرچاوەدەگرن.
جەمالەدینی ئەفغانی رووی كردۆتە خەڵكو وتویەتی" فەرمانڕەواكانتان چۆن بنو چۆنتان بەرێوەبەرن ئێوەش ئاوا دەردەچن". لەراستییدا گەندەڵیی لە بنەڕەتدا زادەی ستەمكاریی دەسەڵاتی سیاسییو پووچەڵی مۆراڵیی سیمبوڵەكانێتی، ئەو سیستمە ستەمكارەی وەك عەبدولڕەحمان ئەلكەواكبی لەكتێبە بەناوبانگەكەیدا " سروشتەكانی ستەمكاریی" دەڵێت كە دەردێكی گڵاوە لە هەموو پەتایەك كوشندەترە، لە ئاگر ترسناكترە، لە لافاو وێرانكەرترە، عەقلأ پەك دەخات، هۆشو بیر تێكدەدات، بینایی لێلأدەكا، لاوان هێڕٍو وێلأ دەكا، پیاو دەخەسێنێ، جەستە دەتەزێنێ، چاكان پەڕو بالأ دەكا، بەدكار كڵاولار دەكا، پیتو فەڕ باردەكا، پیشەوەر بێكار دەكا، رەنگی رووخسار زەرد دەكا، دڵان چەشنی بەرد دەكا، هەموو شت دەشێوێنێ، دنیا تاریك دەنوێنێ، ورە دادەبەزێنێ، متمانە ناهێڵێ، خەڵك چەواشە دەكا، مررۆڤ سست دەكا، كۆمەڵگا پەست دەكا، درۆو دووڕووییو فێلأو زەلیلیی برەو پێدەدا، راستگۆییو پیاوەتیی لەنێودەبات، گەندەڵیی بەنێو هەر كوچەو كۆڵانو ماڵكێدا دەكا، لەپێشدا ماڵەكانی چینەكانی سەرەوەو دواتر چینەكانی خوارەوەش چاو لەوان دەكەن. نە ناڕەزایەتیی، نە رەخنەی جیددیی، نە ئاشكرا كردنی راستییەكان، بەڵكو بێدەنگییو داپۆشینی كەموكورتییەكان. ئەم جۆرە سیستمە سێبەری نەزانو ناپاكانو كوڕی رۆژو پاشەڵپیسو چەپڵەكێشانە، دوژمنی قەستەسەری زاناو خەڵكانی رێزدارو خاوەن ویژدانە. هەوڵدەدات خەڵك بە مۆراڵی خۆی پەروەردە بكاتو وایان لێبكات پەی بە هۆكاری داماوییو نەهامەتیی خۆیان نەبەن، پیاهەڵدەرە ماستاوچییەكانیان بۆ داماڵینی بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆی ستەمكارانی سیستمەكە كاردەكەنو ئۆباڵەكەی یان دەیخەنە ئەستۆی قەزاوقەدەر، یاخود دەیكەنە ملی رەشەخەڵكی هەژارو چەواشەكراوی قوڕبەسەر.بەڵام ئایا تاكەی ئەم كارەیان بەم شێوەیە بۆ دەچێتەسەر؟
بەهاو ئاكاری سەركردەو فۆرمی دەسەڵاتەكان مۆرێكی بنچینەیی لە سیستمی بەهای كۆمەڵگا دەدەن. یەك لە پەندە ئینگلیزییەكان دەڵێت:"What Manchester say today, the rest of England says it tomorrow" واتە: ئەوەی ئەمڕۆ مانچستەر دەیڵێت، تەواوی ئینگلیز سبەینێ دەیڵێن. هەروەها كام لە ئێمە ئەو چیرۆكەمان لەبیر نیە كە سەبارەت بە پاشای فەرەنسا"لویسی چواردەیەم" وە دەگێڕێتەوە، كاتێك لویس لە شەوی ئاهەنگێكدا لە كۆشكەكەیەوە بەرەو لای میوانەكانی دەڕواتو بەهۆی بارینی بارانەوە دەرلنگی پانتۆڵەكەی هەڵدەكات، كە دەگاتە ئاهەنگەكە لەبیری دەچێت قەراغی پانتۆڵەكەی دابداتەوە، هەربۆیە بۆ سبەی شەو تەواوی ئاهەنگێڕان بە مۆدێلەكەی لویس پانتۆڵەكانیان كورت دەكەنەوەو لێرەوە مۆدێلی فەرەنسیی پانتۆڵ داكەوت كە تەنانەت دوای دوو سەدەش لەكاتی داگیركردنی فەرەنسا لەلایەن نازییەكانەوە، هێتلەر بەو هەموو زەبرو زەنگەوە نەیتوانی ئەو مۆدێلە بسڕێتەوە.
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە مێژوویەكی دێرینی لە سایەی دیسپۆتیزمی رۆژهەڵاتییدا بردۆتەسەر، ئەو سیستمەی كە تێیدا "خوداو سەركردەو مەملەكەت"سێكوچكەی دەسەڵاتێكی رەهای ملهوڕی خۆبەپیرۆززانی توندوتیژو تۆقێنەری هێناوەتەبەر، ناكرێت رۆڵی سەركردە هەروا بە ئاسانیی تەماشابكرێت، ناكرێت لە پرۆسەی مێژوویی ناكامی گەلانو كۆمەڵانی خەڵكدا مەزنترین ئۆبالأ نەخرێتە ئەستۆی فەرمانڕەواو دەسەڵاتداران، ئەوانەی گەر بەد بووبێتن ئەوا تەواوی كایەكانی كۆمەڵگایان بە بەدكاریی خۆیانەوە گیرۆدە كردووەو گەر چاكو دادپەروەریش بووبێتن ئەوا سەردەمێكی زێڕیینیان بۆ خەڵكو كۆمەڵگاكەیان هێناوەتەدی.
بەڕاستیی مێژووی كۆنو نوێی ناوچەكە ئەم راستییە روونەی سەلماندووە، لە مێژووی ئیسلامییدا كاتێك باس لە سەردەمی حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی دەكرێت كە والییەكی ستەمكارو تۆقێنەری ئەمەویی بوو لە عێراق، باس لەوە دەكرێت كە رۆژانە خەڵكی یەكتریان دەبینی پێش هەموو شت هەواڵی ئەوەیان لەیەكتر دەپرسیی كە دوێنێ كێ كوژراوە؟ كێ گیراوە؟ كێ هەڵواسراوەو كێ تێهەڵدراوە؟. هیشامی كوڕی عەبدولمەلیك چونكە خۆی خەلیفەیەك بوو حەزی بە بێستاندارییو باغو باغات دەكرد، لە سەردەمی ئەودا قسەی سەرزاری خەڵكی ئەوەبوو كە چ باغێكی نوێ بنیاتنراوە؟ چ كارێزێكی نوێ هەڵكەندراوە؟و كام داری نوێ چێندراوە. هەروەها لەسەردەمی سلێمانی برای چونكە ناوبراو ئارەزوبازێكی عەجایب بوو، خەریكی بەزمی مەینۆشیو عاشقی كەنیزەكی باڵابەرزو گۆنائالأ بوو، بازاڕی كەنیزەك لە سەراسەری جیهانی ئیسلامییدا گەرم ببوو،خەڵكەكەش سەرقاڵی عەیشونۆشو كەنیزەكبازیی بوون. ئەو دەورانە لەسەردەمی خەلیفەی دادپەروەرو خواناس عومەری كوری عەبدولعەزیزدا بەشێوەیەك وەرچەرخا كە دەتگوت ئەو خەڵكە هیچ كات ئەوانەی پێشوو نەبوون، چونكە لە هەرلا باس باسی لەبەركردنی قورئانو بەرۆژووبوونو شەونوێژو عیبادەت بوو.لێرەشەوە تێدەگەین كە عەرەب بەخۆڕایی لەوبارەیەوە پەندی نەهۆنیوەتەوە كە دەلێن" خەڵك لەسەر ئاینی پاشاكانێتی"یان "ماسی لە سەرێوە بۆگەن دەبێت " یان " گەر باوك لە مالأ كەوتە تەپلألێدان لۆمەی منداڵەكانی مەكە لە بادان".
گەر تەماشای مێژووی ئێرانیش بكەین باشترین نموونە لەم رووە هەردوو سەردەمی نادرشای ئەفشار(1736-1747)و كەریم خانی زەندە(17550-1779). لەبەرئەوەی یەكەمیان دزێكی پەتییو ناكەسبەچەیەكی خوێنرێژو پارەپەرست بوو، سەردەمەكەی تێكڕا شەڕو شۆڕو تاڵانییو نائارامییو برسێتییو نەهامەتیی بوو، بەجۆرێك كۆمەڵانی خەڵك بە لێشاو ئێرانیان چۆڵدەكرد. كەچی پاش چەند ساڵێكی كەم و لەسایەی كەریم خاندا كە مرۆڤێكی خانەدانو دادپەروەرو چاوتێر بوو، ئێران بووە نموونەی ئارامییو بوژانەوەو نەك خەڵكە راكردووەكەی پێشوو گەڕانەوە، بەڵكو بێگانەكانیش روویان لە ئێران دەكرد كە هێندێك لەوانە ئەوروپیی بوونو لە یاداشتەكانیاندا باسیان لە تایبەتمەندیی چاكەكارییو دادپەروەریی ناوبراو كردووە.
سەبارەت بە كۆمەڵگای كوردستانیش، مێژووی كۆنو نوێ دەیسەلمێنێت كە كەسایەتیی مرۆڤی كورد لەرووی پابەندی كۆمەڵایەتییو ئاینییەوە خۆپارێزو دوور لە گەندەڵییو داوەشینی مۆراڵیی بووە، تەنانەت كورد لەلای رۆژهەڵاتناسەكان بە گشتیی وەك كەسایەتییەكی دڵپاك، راستگۆ، ئەمەكدار، میواندۆست، دڵچاك، دەستپاك، غیرەتمەند، ئازادییخواو ژنپەروەر باسی لێوەكراوە. نەك هەر ئەوە بەڵكو سەركردەكانیشی وەك خەڵكانێكی ئەرێنیی ناسێنراون. بۆ نموونە گەر ئاكاری سەركردە كلاسیكییەكانی كورد لە نووسینی ئەو رۆژهەڵاتناسانەوە بخوێنینەوە باشتر ئەم راستییەمان لا دەچەسپێت. ویگرام كاتێك باس لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی دەكات بە كەسێكی بەڕێزو نەجیبو رەعییەتپەروەرو كەمخۆر، نەك دڵڕقو زۆرخۆر، ناوی دەبات. فرێزەرو دكتۆر روسو كاپتن لاین چیرۆكی سەیرمان سەبارەت بە دادپەروەریی توندی میرەكۆرەی رەواندز بە پێی پێودانگی سەردەمەكەی خۆی بۆ دەگێڕنەوە.ئەو میرەی كە لێی دەگێڕنەوە گوایە لەبەر دزینی هەنارێك لە باخی كابرایەك پەنجەی براكەی خۆی قرتاندووە، یاخود لەبەر ئەوەی بازرگانێكی چاوبرسیی لادێییە هەژارەكانی رووتاندۆتەوەو لەكاتی كێشانی بەرهەمەكانیاندا پێی خۆی لەسەر كێشانەكە داناوەو دزیی لێكردوون، پێی ئەو بازرگانە دزەی قرتاندووە.!!
میستەر رایت كە مسیۆنێرێكی ئەمەریكییەو لەگەلأ هاوڕێیەكی سەردانی جەزیرەی بۆتانی پایتەختی دەسەڵاتی میر بەدرخان بەگیان كردووە، سەبارەت بە دادپەروەرییو چاكەكاریی بەدرخان سەریان سوڕِماوە، لەكاتێكدا كە لە تەواوی ناوچەكانی بندەستی خەلافەتی عوسمانییدا دزییو بەرتیلخۆرییو گەندەڵیی باوبووە، لە راپۆرتەكەیاندا هاتووە:"تاوانبار لە سایەی ئەودا رزگاری نەدەبوو، بەرتیلخۆریی، خزمخزمێنە..هتد، كە یەكجار لەم وڵاتەدا بەربڵاون و دادپەروەرییان گەندەڵكردووەو كاری یاساییان شێواندووە، لێرە نەزانراوە. بەیانییەكیان لەگەلأ میردا بووین، دزێكیان هێنایە بەردەمی، هەر ئەوەندەی بەڵگەی تاوانباریی لەسەر ساغبووەوە، دەستبەجێ دەستی راستیان قرتاند".
هەروەها كاتێك دكتۆر كوچران باس لە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دەكات دەڵێت:"شێخ سەركردەیەكی دروستكارو دادوەرێكی دادپەروەرە، خۆی هەرگیز بەرتیل وەرناگرێتو لێناگەڕێت پیاوەكانیشی ئەو كارە بكەن، كوشتن سزای هەر كەسێكە ئەو یاسایە پێشێل بكات."هەروەها تەواوی سەرچاوە مێژووییەكان باس لە ژیانی فرە ساكارو رەوشتبەرزییو بەسۆزییو میللەتپەروەریی شێخ عوبەیدوڵڵا دەكەن.
لەسەردەمی كۆماری كوردستاندا كە دووەمین ئەزموونی حوكمڕانییەتی گەلی كوردە لە میچژووی هاوچەرخدا "ئاغای محەمەد زەكەوی" حسابدارو تحویلداری دارایی بۆكان لەبەر دزینی 69 تمەن، بە تۆمەتی خیانەت و غەفڵەت لەلایەن سەرۆكی ئیدارەی دارایی كوردستانەوە لەسەركار دەركراو لە رۆژنامەی كوردستانیشدا ناوی بڵاوكرایەوەو ریسواكرا، لە رۆژنامەی كوردستانیشدا راگەیەندرابوو كە سزای وەرگرتنی بەرتیل لە تمەنێكەوە بەرەوسەر بریتیە لە دەسالأ زیندانی تا سزای كوشتن. ئەوەش چونكە قازیی محەمەد خۆی كەسێكی بەڕێزو چاوتێرو دەستپاك بوو، دەیگوت" دزی كردن لە پیسترین دەردی میلەتەو دەبێت لەو خووە پیسە خۆتان بپارێزن."هەربۆیە نەیدەتوانی چاو لە دزیی بپۆشێت، رەشەكوژیی لە نەیارانی دەسەڵاتەكەی بكات، پارەی توتنە فرۆشراوەكەی ئینحیسار رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا بكات، نەك هەر ئەوە، قازیی بەشی هەرە زۆری سامانی بنەماڵەكەی لەپێناو حكومەتەكەو كارە خێرخوازییو فەرهەنگییەكانی سەرفكردو دواتریش لەبەر خۆشەویستی نەتەوەكەیو لەترسی بەدناویی بەپیر سێدارەوە چووو گیانی هەزارەها كوردی رزگاركرد.
گومانی تێدا نیە كە بەڕێوەبردنی وڵات مەسەلەیەكە پێویستی بە هزری چاكترین عەقڵە مەزنەكان هەیە، پێویستی بە باشترین سیستمو هاوچەرخترین دامەزراوەو گونجاوترین بنەمای فەلسەفییو فیكریی كارگێڕییو پەروەردەیی هەیە . چۆن دەتوانرێت كۆمەڵگایەك بەهێز بكرێت گەر شایستەسالاریی تێدا بەرقەرارنەبێتو ژیرترینو داناترینو چاكترین پیاوەكانی رێبەرایەتیی نەكەن؟ ئەمڕۆ سیاسەت زانستە، كارگێڕیی هونەرە، پەروەردە هزرە، میرزا مالكوم خان كە بەرابەری هزریی شۆڕشی دەستووریی ئێران لەقەڵەم دەدرێت سەدسالأ بەر لەئێستا كاتێك لە ترسی ستەمكاری شای گەندەڵی قاجار لەئێران هەڵاتبووە فەرەنسا لە یەكێك لە كتێبەكانیدا بەناوی "رەفیقو وەزیر" رووی دەمی خۆی دەكاتە سەدری ئەعزەمو دەڵێت" ئاخر من لەتۆ دەپرسم بە چ ئیستیحقاقێك دەتەوێت كابینە بەرێوە بەریتو وەزیری بكەیت؟ چ هونەرێكت هەیە كە ئەوانی دیكە نەیانبێت؟ كام پیشەسازییت داهێناوە؟ تاكو ئێستا نە رێكەوتننامەیەكت خوێندۆتەوە، نە نەخشەی جەنگێكت داڕشتووە...هێشتا لەگەلأ منداڵە لادێییەكدا فەرقێكت نییە... لە تەواوی دەوڵەتاندا هیچ وەزیرێك نییە كە لە زانستی مەملەكەتو دەوڵەتسازییدا چەندین بەرگ كتێبی بەناوبانگی نەنووسیبێت...تۆش هەر ساتەناساتێك منەتی ئەوە بەسەر خەڵكی ئێراندا دەكەیت كە ئەگەر من نەبم ئێوەش نابن. ئاخر چیتان كردووە؟ چی ئەزانیت؟ چی ئەتوانیت؟ چ مافێكت هەیە كە پاشا تۆی كردۆتە خوداوەند بەسەر میلەتی ئێرانەوە؟ گریمان پاشا خوازیارە كارێكی وابكات ئەی تۆ بۆچی پەسەندی دەكەیت؟ گریمان خەڵكی دێنو سەری خۆیانت لەبەردەمدا نەوی دەكەن ئەی نابێت تۆ بەو كارە خەجاڵەت بیت؟."
شایەنی باسە، مێژووی گەندەڵی بەشێوە سیستیماتیكو مەزنەكەی لەباشووری كوردستاندا راستەوخۆ پاش راپەڕینو لەگەلأ دامەزراندنی سیستمی عەجایبی فیفتی-فیقتیو بەتاڵانكردنی ئامێرو شۆفلأو بەنداوی بێخمە و دابەشكردنی كوردستانو قودرەتو سەروەت لەنێوان هەردوو زلحیزبەكەدا دەستپێدەكاتو بەقۆرخكاری گۆمرگەكانی وەك ئیبراهیم خەلیلو پارەی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراكو داهاتی شارەكانو یارییكردن بە بازاڕی دۆلار گوزەردەكاتو تائێستاش بەهۆی دوو ئیدارەییو رێكەوتننامەی ستراتیژییەوە بەجۆرێك كەڵەكە بووە كە گەیشتۆتە ئاستی بودجەخۆرییو قاچاخی نەوتو شرینی كۆمپانیا تاڵانكەرەكانی نەوتی كوردستان تاكو دەستبەسەرداگرتنی زەویو موساتەحەو بازرگانیی بە دەرمانو خۆراكی بەسەرچووو كۆنترۆڵكردنی بازاڕەكانو كڕینی ویژدان لەرێگەی پێدانی "بەرتیلی بێدەنگیی"بە كادرانو بەخشینەوەی پۆستی سەربازیی بەسەر موراسیلە حەربییەكاندا ، ئاخر بۆ دەبێت لە چارەكی سەدەی نۆزدەیەمدا مندالأ بەدەستی پڕ زێڕەوە لە رەواندوز بسوڕێتەوە كەس نەوێرێت بچێت بەلایدا، لەكاتێكدا ئەمێستا لەشارەكانی كوردستاندا رۆژ نییە رووداوی دزیو فڕاندنو تەلبەندكردنی زەویی گشتییو تاڵانكردنی دوكانو بردنی قاسەكان لە پەنجەرەی دوكانەكانەوە روونەدات، بۆچی دەبێت 66 سالأ بەرلەئێستا سەرۆكێك نەك هەر لەسەر چەند تمەنێك كارمەندانی حكومەتەكەی سزابدات بەڵكو سەروماڵی لەپێناو نەتەوەكەیدا بەختدەكاتو لەماوەی ساڵێكی حوكمڕانێتیی خۆیدا جوانترین نموونەی فەرمانڕەوایەتییەكی ئازادییخوازو دادپەروەر پێشانی دۆستو دوژمن بدات، كەچی ئەمێستا رۆژانە گوێمان لە دزینو دیارنەمانی ملیۆنەها دینار بێتو سەری زمانو بنی زمانی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسی گەندەڵییو پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بێت لەلایەن دەسەڵاتە خۆماڵییەكەو خوێنو فرمێسكی چەندین ساڵەی ئەم میللەتە بۆ قازانجی شەخسییو بنەماڵەیی چەند كەسێك ئیستیغلالو ئیستیسمار بكرێتو هەزارەها راپۆرتی دزییو گەندەڵكاریی مەزن لە رەفەكاندا تۆزیان لەسەر بنیشێتو گەندەڵكارن لەبری سزا بكرێنە وەزیرو پەروەردەكار، پێش راپەڕین لەباشووری كوردستان شتێك نەبوو بەناوی لەشفرۆشییو حەشیشەخۆرییو نەخۆشی ئایدزو خۆكوژیی..هتد، تێكڕای ئەو دیاردەو گرفتە وێرانكەرانە لەسایەی دوو حكومەتە "ساواكەدا" لەترۆقیدایە، لەچ مێژوویەكی خوێندنگاكانی كوردستاندا مندالأ بە دەمانچە خۆیو مامۆستاكەی خۆی كوشتووە؟! كێ قەتڵی عامی خێزانەكەی خۆی كردووە؟!زۆر دوور نییە دەسەڵاتدارانی ئێستای كوردستان پێیانوابێت كەدەتوانن تەنیا بەسەر پردی گەندەڵییدا بەرەو سەربەخۆییو دەوڵەتی كوردیی تێپەڕن!! بەبڕوای ئێمە چونكە ئەمڕۆ كوردستان بۆتە لانەی فەسادو ئیفساد، دەتوانرێت نموونەی كاروانی بێفەڕی ئەزموونی كارگێڕییو سیاسیی باشووری كوردستان لەسایەی سەرقافڵەیی رێبەرایەتییە "خۆنەویستە ماندونەناسەكەیدا"بكرێتە گونجاوترین سەمپلأ بۆ چەندین ماجستێرو دكتۆرای"گەندەڵیینامە"،.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست