بەرپرسە كوردەكانى هەرێم و شەڕى حكومەتى ناوەند
Thursday, 19/02/2009, 12:00
1657 بینراوە
ماوەیەكە لە دەزگاكانى راگەیاندنى ناوخۆى كوردستان و دەرەوە گوێمان لە لێدوانى لێپرسراوانى حكومەتى هەرێمى كوردستان دەبێت كە بەگشتى دژى نورى ئەلمالیكى سەرۆكى حكومەتى عێراقن ، ئەلمالیكى بەوە تاوانبار دەكەن كە كەسێكى تاكڕەوە یا خود عێراق بەرەو دیكتاتۆریەت دەبات وە زۆر تۆمەتى لەو بابەتە، ئایا مەبەست لە پشت ئەم لێدوانە رەسمیانەوە چیە؟ ئایا راستە نورى ئەلمالیكى ئەو دڕندە ترسناكەیە كە كەمال كەركوكیى جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان بە سەددام حسێنێكى تر وەسفى دەكات؟ ئایا ئەم تۆمەتانە جگە لە لێپرسراوانى كورد هیچ كەسێكى دیكە لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق دەیداتە پاڵ ئەلمالیكى ؟ هەمومان دەزانین كە نورى ئەلمالیكى لە رێگاى هەڵبژاردنێكى تا ڕادەیەك ئازاد و سەربەخۆ و بە تەوافوقى هەموو لایەنەكانى ناو پەرلەمانى عێراق بە لیستى هاوپەیمانى كوردستانیشەوە بە سەرۆكى حكومەتى عێراق هەڵبژێردرا.لە هەڵبژاردنەكانى ئەم دواییەى ئەنجومەنى پارێزگاكانى عێراقیش لیستەكەى ئەلمالیكى بە ناوى (دەوڵەتى یاسا) ەوە زۆرینەى دەنگەكانى لە نۆ پارێزگا لە كۆى ئەو چواردە پارێزگایەى كە هەڵبژاردنى تێدا ئەنجامدرا بەدەستهێنا لە كاتێكدا كە ئەم لیستەى كە سەرۆك وەزیرانى عێراق پشتگیرى دەكرد كێبِڕكێى لەگەڵ لیستى سەدرییەكان و ئەلحەكیم كرد كە خاوەنى جەماوەرێكى بەرفراوانى شیعەى عێراقن . دوا بەدواى هەلبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان و سەركەوتنى ئەلمالیكى لێپرسراوەكانى هەرێم هێرشەكانیان توند تر كرد و لە ناوەندە ئیعلامیەكانى پارتى و یەكێتى و بەشێوەیەكى راستە و خۆ و ناراستەوخۆ دێوەزمەى (عەرەب) لە ناومێشكى دانیشتوانى هەرێمى كوردستان دەنەخشێنن كە دیارە ئەمەش بۆ مەبەستێكى دیارى كراوە ، لێپرسراوانى حكومەتى هەرێم ترس و دڵە راوكێ دەخەنە نێو دانیشتوانى هەرێم و وێنەى كاولكارییەكانى رژێمى پێشوو بە بیرى خەڵك دەهێننەوە بە تایبەتى لەو كاتانەى كە باس دێتە سەرهەڵبژاردن ، دژایەتى كردنى ئەلمالیكى و هاندانى خەڵكى كوردستان بۆ وەستان لە بەرامبەرى جگە لە كاولكارى و شەڕێكى دۆڕاوى كورد لە عێراقدا هیچ شتێكى دیكەى لێ سەوز نابێت ، هەردوو پارتە سەرەكیەكەى كوردستان زۆر باش دەزانن كە پیادە كردنى دیموكراسییەكى راستەقینەو هەڵبژاردنى نوێنەرانى خەڵك كۆتایى بە حوكمى هەژدەساڵى پارتى و یەكێتى دەهێنێت ، ئەلمالیكیش وەكو سەرۆك وەزیرانى عێراق هەوڵى چەسپاندنى دیموكراسى لە سەرتاسەرى عێراقدا دەدات بە تایبەتى دواى بەدەستهێنانى پشتگیرى تەواوى بارك ئۆباما و ئەگەرى كشاندنەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە عێراق لە ماوەیەكى نزیكدا و دوابەدواى ئەو سەركەوتنە گرنگەى كە لە هەڵبژاردنەكاندا خەڵكى عێراق بەدەستیان هێنا و سەلماندیان كە دەتوانن كاروبارى خۆیان بگرنە ئەستۆ بە شایەتى هەموو چاودێران و لێپرسراوانى عەرەب و بیانى . ئێستا لایەنى كوردى لە عێراقدا جیاواز لە هەموو كاتێكى تر پشتگیرى هیچ لایەنێك و دەولەَتێكى ئیقلیمى و دەرەكى نیە ، بەڵكو ئەم لایەنانە بە تەواوى لەگەڵ بیرو بۆچوونەكانى نورى ئەلمالیكین بە تایبەتى ئەوانەى كە تایبەتن بە هەرێمى كوردستان ، دوا لێدوانى ئۆباما كە دەڵێت : ئێمە لە هەوڵى دامەزراندنى حكومەتێكى دیموكراسین لە عێراقدا و فەزڵى هیچ لایەنێك نادەین بە سەر لایەنێكى تردا ..ئەمەش ئاماژەیە بۆ پشتگیرى لە حكومەتى ناوەندى و گرنگیدان بە سەركەوتنى ئەو دیموكراسیە . ئەگەر دەوڵەتى عێراق دیموكراسى تیادا سەقامگیر بوو بە شایەتى ئەمریكا كە رابەرى بانگهێشتكردنى دیموكراسیە لە جیهاندا ، دەبێت چى تر ئێمەى دانیشتوانى كوردستان بۆ لەو حكومەتە بترسین و شەڕ دژى بكەین لە كاتێكدا كە كورد لە عێراقدا بەشدارى لە دامەزراندنى ئەو حكومەتەدا كردبێت و رەزامەندى لەسەر فیدراڵى عێراق نیشاندا بێت؟ لێپرسراوانى كوردستانى عێراق ئێستا هەست بەو زوڵم و زۆرداریە دەكەن كە بەرامبەر بە خەڵكى كوردستان بە ئەنجامیان گەیاندووە لە بێبەشكردنى دانیشتوان لە سەرەتایی ترین خزمەتگوزارى لە ماوەى هەژدەساڵى رابردوودا ، لە بەرپاكردنى شەڕێكى ناوخۆ كە هەزاران كورد سەرو ماڵیان تیاچوو ئاوارەبوون ، لە دەستگرتن بە سەر داهاتى كوردستاندا و دەولەَمەند كردنى كەسوكارو بنەماڵەكانیان بە شێوەیەكى نا شەرعى و بەكارهێنانى پارە بۆ بەدەستهێنانى ئامانجى سیاسی ناڕەوا ، لە پشتگوێخستن و كارنەكردن بە شێوەیەكى جدى بۆ گەراندنەوەى ناوچەكانى كە كێشەى لەسەرە بۆ سەر هەرێمى كوردستان و گوێنەدان بە داواكارى دانیشتووەكانى، ئەم لیستە لە تاوان ئەگەر بە وردى باس بكرێت لە نوسینێكى ئاوەهادا بە هیچ شێوەیەك جێگاى نابێتەوە.
ئێستا سەرانى پارتى و یەكێتى هەست دەكەن كە چیتر ئەم كارانە لە ناو دەولەَتێكى تازە دامەزراوى وەكو عێراق بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێن نە لەلایەن حكومەتى ئەلمالیكى و نە لە لایەن ئەمریكاوە ، لە بەرئەوە تەنها لایەن كە بەدەست پارتى و یەكێتیەوە ماوە خەڵكە بەش مەینەتەكەى كوردستانى عێراقن كە دەكرێت بە فرتو فێڵى ئەم حیزبانە لە خشتە ببرێن و پێیان بڵێن: خەلكینە ئەوا دیسان عەرەبەكان لە خوارەوە دەیانەوێت ئەم ئەزموونەمان لە باربەرن و ئەوانە دژى كوردن و هەرگیز نایانەوێت بە ئامانجە رەواكانى خۆمان بگەین . ئەگەر چاوێك بە مێژوودا بخشێنینەوە بە وردى تێدەگەین كە راستە وەكو دەڵێن مێژوو خۆى دووبارە دەكاتەوە ، لە ساڵى 1958 عەبدولكەریم قاسم بە كودەتا حكومەتى پادشایەتى لە عێراق لابرد و حكومەتێكى كۆمارى دامەزراند كە جێگاى متمانە و دڵخۆشى هەموو گەلانى عێراق بوو ، هەر لەو ساڵەدا لێبوردنى بۆ مەلا مستەفا دەركرد كە لە رووسیاوە بگەرێتەوە بۆ عێراق ، بەڵام تەنها دواى سێ ساڵ لە هاتنى قاسم بۆ سەر حوكم ، مەلا مستەفا بزوتنەوەیەكى چەكداریى خوێناوى بە فیتى لایەنى دەرەكى لە دژى قاسم راگەیاند كە وەك هەموو شۆرشەكانى كورد بە تێكشان و كاولكارى كۆتایى هات.
ئێستاش پێویستە خەڵكى كوردستان زۆر بە وریایى و بە بێ ئەوەى بچنە ژێر دروشمى عاتیفیانە و نەتەوەیى دژ بە عەرەب مامەڵە لەگەڵ هەلومەرجى ئێستادا بكەن ، ئەو حكومەتەى لە ناوەند دامەزراوە حكومەتی هەمو گەلانى عێراقە ، نورى ئەلمالیكى نە سەددامێكى ترە و نە تینووشە بە خوێنى كورد ، دژایەتى كردنى حكومەتى عێراق لە بەرژەوەندى سەرانى پارتى و یەكێتیە و لە بەرژەوەندى خەڵكى كوردستان نیە ، هاتنە كایەى حكومەتێكى دیموكراتیى بە هێز لە ناوەند واتە لەقكردنى جێگا بە كەسانى گەندەل و ئاژاوە گێڕ ، سەرانى پارتى و یەكێتى بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ سەركەوتنى ئەزموونى عێراقدا نین چونكە سەركەوتنى ئەو ئەزمونە واتە كۆتایى هاتنى دەسەڵاتى بنەماڵەیى و خێڵەكى ، هەر لەبەر ئەمەشە كە لە ئێستاوە نێچیرەڤان بەرزانى و مەسعود بەرزانى باس لە شەڕى نێوان كورد و عەرەب دەكەن، ئەوە بە هیچ شێوەیەك شەڕى كورد و عەرەب نیە ، شەڕى دەولەَتى یاسا و بەڕەلاییە ، شەڕى نێوان حوكمى قانون و بێقانوونیە، شەڕى نێوان چەسپاندنى دیموكراسى و دەسەلاتى تاكڕەوییە . خۆشبەختانە ئەمڕۆ زۆربەى زۆرى خەڵكى كوردستان هێندە هۆشیارن كە رێگا نادەن شەڕێكى لەو جۆرە بەرپا بێت خۆ ئەگەر بەرپاش بوو خۆیان بە دووردەگرن لە تێوەگلان تیایدا چونكە باش دەزانن كە ئەنجامەكەى هەمان شكست و ماڵوێرانیەكەى جارانە.