دانا بەكر ئەو پیاوەى وێنەى بكوژان دەگرێت..
Wednesday, 06/04/2011, 12:00
دانابكر ئەو بیاوەى كە كامێراى كەناڵە سوتاوەكەى پێیە دەیەوێت وێنەتان بگرێت , ئاساییە ڕامەكەنە ماڵەوە و دەرگاكانتان داخەن , ئاساییە ئەو دەیەوێت بتان ناسى و بزانى بكوژانى گەنجانى ئەم نیشتمانە كێن , تەنیا جیاوازى ئەو لەگەڵ ئێمەدا ئەوەیە كە ئەو كامێراى پێیە ئەو زیارتر لە ئێمە چاوێ كى دیكەى هەیە , مەڕۆنە ماڵەوە و خۆتان بشارنەوە چونكە خۆشتان بشارنەوە و بیشى گرن ئەو هەر هەمیشە وێنەدەگرێت , ئەو دەیەوێت بەهەموو ئەم جیهانە بڵى چى لە كوردستان ڕوو دەدا , بۆیە بیشى گرن كامێراكەشى بسوتێنن ئەو وێنەى خۆى دەگرێت , ئەو ئێستا لە زینداندایە بەڵام ئێمە هەموومان وێنەكانى ئەو دەبینین , لە ڕێگە وێنەكانى ئەم وێنەگرەوە یەك بەیەكى بكوژانى 17 شوبات و ڕۆژانى دواتر دەناسینەوە , بەڵام بێ خەمبن تەنها بۆ ئەرشیف ئێمە وێنەكانمان دەوێ , ئەرشیف بێ خەمبن چونكە ئەرشیف و مێژووى ئەم وڵاتە هەمووى لە سەر سەهۆڵ دەنوسرێتەوە هەر زوو دەتوێتەوە و نامێنێت (جاشەكان و ئەنفال چیەكان و دوستكەرانى شەڕى ناو خۆ) و هەموو ئەوانەى كە بە خوێنى ئەم وڵاتە دەستیان سور بووە هەموو بەڵگەى ئەم ڕاستیەن , بۆیە لێگەڕێن با دانا بەكر بۆ خۆى وێنە بگرێت , بچنە بەر كامێراكەى و بڵێن وێنەمان بگرە ناوى خۆتانى پێ بڵێن بڵێن ئێمەین بكوژانى (ڕێژوان و گەرمیان و شێرزاد و هەموو ئەوانى تر) مەترسن , دانا بكر ئازاد كەن ئەم وڵاتە خۆى گرفتى ئازادى هەیە بەریدەن با بۆخۆى وێنە بگرێت , ئەو وێنەكانى بۆ كەناڵێكى سوتاو دەوێ , ئەو كار بۆ خۆڵەمێشى ئازادى دەكات , مەترسن ئەم پیاوە من لە نزیكەوە دەیناسم بڕوا بكەن هێندە ترسناك نیە , تەنها وێنە دەگرێت و بەس هیچى تر , تكایە ئەم جارەش دەیڵێم ئازادى بكەن بەسە واز لەم كابرایە بهێنن , هیچتان لە بێ سەر و شوێن كردنى ئەم بیاوە دەست ناكەوێ , لێگەڕێن با بچێتەوە ناو منداڵەكانیەوە , بابچێت و ئێوەى پاڵەوان بەنەوەكانى خۆى پیشان بدات با منداڵ و منداڵى منداڵەكانیشى لێتان بترسن , با بترسن و نەیەنەسەر شەقامەكان چونكە شەقامەكان تەنها موڵكى ئێوەن , نەك شەقامەكان هەموو سەروەتى ئەم نیشتیمانە و زەوى وئاسمانیش بوون بە موڵكى ئێوە , تەنانەت دادگاكانیش هى خۆتانن , مەترسن لەوەى كە وێنەكانى ئەم پیاوە بگات بە دادگاكان , ئەو كەناڵەكەى بە بەرچاوى هەموو دادگاكانى جیهانەوە سوتا هیچ نەبوو ئیستا دادگاى كوردستان چ نرخێك بۆ وێنەى ئەم پیاوە دادەنێت , كاك دانا ئەگەر تۆش هاتیتە دەرەوە لە زیندان ئیتر وازبێنە بچۆ ببە بە وێنەگرى كەناڵەكانى تر , بڕۆ وێنەى گۆشت برژاندن و هەڵپەڕكێى پیاوە مەستەكانى نیشتیمان بگرە , چیت داوە لەوێنەى ئەو كورە گەنجانەى كە 2250 دینار لە باخەڵەكانیاندایە , برۆ بڵى ((ئەمانە گێرە شێوێنن و داواكاریەكانیشیان ڕەوایە)) بڕۆ لەڕۆژى هەینى داهاتوودا نوێژ لە مزگەوتەكانى ئەوان بكە , بڕۆ و لە سەرگەڵو گۆرانى بەباڵاى ئەواندا بڵى , ئەوكات دەبیت بە وەزیر بە مودیر عام بە ئەندام پەرلەمان بە زۆر شتى تر و منداڵەكانت لە زانكۆكانى نیشتیمانێكى تردا دەخوێنن , بەڵام دڵنیام كاك دانا تۆ ئەم ئامۆژگاریانەى من لە گوێ ناگریت و دانایى خۆت لە دەست نادەى زۆر زوو دەگەڕێتەوە ناومان و دەگەرێتەوە بۆ كەناڵە سوتاەكەى خۆمان و جارێكى تر پێكەوە دەست دەكەینەوە بە وێنەگرتنى بكوژانى گەنجانى نیشتمان و بۆخۆمان ئەرشیفیان دەكەین ..
دەربەندیخان
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست