پەكەكە پێویستى بەئاقڵى پسپۆڕانى دۆسیەى توركیا نیە
Tuesday, 05/01/2010, 12:00
پەكەكە پێویستى بەئاقڵى پسپۆڕانى دۆسیەى توركیا نیە
ئەحمەد دەنیز: پەنجەمان خستۆتە سەر میلى تفەنگ بەڵام ئێمە دەستپێشخەرى ناكەین بەڵام خۆ ئەگەر دەوڵەت دەستپێشخەرى بكات ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمە زۆر بەتوندى ڕووبەڕووى تورك دەبینەوە ئێمە باشتر ئاكەپە دەناسین و پێویست ناكات كەس ببێتە پارێزەرى ئاكەپە ناكۆكى فكرى لەنێوان ئێمە ئیسماعیل بێشكچیدا هەیە ئەگەر ئەمریكا نەبێت ئەردۆگان جورئەتى ئەوەنیە باسى كێشەى كورد بكات ڕێگەیەكى دوورمان بڕى بۆ گەیشتن بەو ناوچە سەخت و شاخاوییەى كەگەریلاكانى پەكەكەى لێیە بەڵام لەبەرئەوەى ئاوو هەواى ناوچەكە ساردە ئەو ڕۆژەش كەئێمە چوین بۆ سازكردنى ئەم دیمانەیە بارودۆخ ئارام بوو زۆریش دڵتەنگ بووین بەوەى كەهەستمان بەوە دەكرد بۆچى توركیا دەیەوێت سروشتى ئەم ناوچەیە تێكبدات بەڵام هەر خۆمان وەڵامى یەكترمان دەدایەوە بەوەى كەچۆن عوسمان بایدەمیر دەڵێت ئامەد قەڵایە بۆ كوردانى باكوور ئەوا قەندیلیش بۆ هەرچوارپارچەكە قەڵایە . تائێستاش هیچ دوژمنێكى كورد نەیتوانیوە بەئاسانى دەستى بگاتە ئەم چیا سەخت و سەركەشە كاتێكیش گەیشتینە ئەو ناوچەیەى كەئێمە نامانەوێت ناوى بهێنین خاكى كوردستان چاومان بەئەحمد دەنیز و چەند هەڤاڵێكى ترى كەوتبوو ناوبراویش بەپێكەنینەوە پێى وتین منیش بۆ ئەوەى بگەمە لاى ئێوە ڕێگاى زۆر دوور و درێژم بڕیوە لەمیانەى دیمانەیەكدا لەسەر خاكى كوردستان و لەكەشێكى ساردى زستانەدا لەگەڵیدا ئەحمد دەنیز بەرپرسى پەیوەندیەكانى دەرەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان وەڵامى چەندین پرسیارى داینەوە تیشكى خستە سەر ئەم بارودۆخە تایبەتیەى ئێستا لەناوچەكە و هەرێم لەئارادایە ئەمەش دەقى دیمانەكەیە:
ستاندەر:_بەبڕواى ئێوە دەتەپە بۆچى داخرا؟واتە بارودۆخى ناوخۆ بوو یان دەرەكى؟
ئەحمد دەنیز::پێش ئەوەى وەڵامى پرسیارەكەى ئێوە بدەمەوە دەمەوێت ڕوونكردنەوەیەك بدەم بۆ ئەوەى تێگەیشتنێكى زیاتر هەبێت لەوەڵامەكەدا دیارە ئێمە لەساڵى 1984شەڕى چەكداریمان دەست پێكردووە لێرەشدا پرسیارێك دێتەوە ئاراوە شەڕى چەكدارى بۆچى دەركەوت، چونكە لەتوركیا كورد دەكوژران و ئینكار لەبونیان دەكرا كاتێكیش هەوڵى بەدەستهێنانى مافەكانى خۆى دەدا هیچ دەرفەتێكى سیاسى نەبوو كاتێكیش دەڕژایە سەرشەقامەكان دەكوژران یانى لەتوركیا كاتێك كۆمار دروست بوو لە1923سیاسەتى ئینكار و لەناوبردن دەستى پێكردن لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەش بزوتنەوەى كوردى دەستى بەسەرهەڵدان دیارە بزوتنەوەى پەكەكە سەرهەڵدانى بیست و نۆهەمینە سەرئەنجامى هەموو ئەو سیاسەتانەى تورك بزوتنەوەى پەكەكە سەریهەڵدا پێش پەكەكەش كێشەى كورد هەبوو بەپەكەكەش كێشەى كورد تەواو نەبوو دیارە لەساڵى 1984كاتێك هەڤاڵانى ئێمە دەستیان بەشۆڕش كرد زۆر لێكۆڵینەوەیان كرد چۆن و بەشێوەى خەباتى دیموكراتى خەبات بكەن.
بەڵام ئەم دەرفەتە لەتوركیا نەبوو بەڵام كاتێك بینیان ئەم دەرفەتە نیە دەستیان دایە چەك و شەڕى چەكدارى دەستى پێكرد بەشێوەى كلاسیك تاساڵى 1993كەئێمە ئاگربەستمان ڕاگەیاند بەو هیوایەى ڕێگەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەى چیتر چەك بەكارنەهێنین ئەوەش یەكەمین ئاگربەستى ئێمە بوو دواتریش جارجار ئێمە ئاگربەستمان ڕاگەیاندووە زۆریش هەوڵمان بۆ ئەوەى چیتر چەك بەكارنەهێنرێت و بێدەنگ بكرێت تانیسانى 2009كەجارێكیتر ئێمە ئاگربەستى تاكلایەنەمان ڕاگەیاند بۆ ئەوەى كێشەى كورد بەڕێبازى ئاشتى و دیموكراتى چارەسەرببێت لەساڵى 1993ەوە مامەڵەى ئێمە لەگەڵ چەك لەچوارچێوەى خۆپاراستن دا بوو نەك وەكو پێشتر بەشێوەى كلاسیك بێت لەگەڵ خۆپاراستن ئێمە چۆن هەوڵ بدەین ڕێگە بۆ دەرفەت و چالاكى سیاسى بكەینەوە وەكو ئێوەش ئاگادارن ئێستا ئێمە چالاكى سەربازیمان وەستاندووە چونكە كاتى چارەسەرى كێشەى كورد هاتووە لەبەرچى كاتى هاتووە چونكە سیاسەتى دەوڵەتى تورك بەدرێژایى هەشتا ساڵ نەیتوانیوە گەلى كورد لەناو نەتەوەیى تورك بتوێنێتەوە لەلایەكى ترەوە پلانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر لەناوبردنى كورد دروست بوو چونكە گەلى كوردى بەسەر چوار ووڵاتدا دابەش كرد بۆ ئارامى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست دەبێت كێشەى كورد چارەسەر ببێت چونكە سیستەمى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر لەناوبردنى كورد بنیاتنراوە لەپشت ئەم هەوڵانە بۆ چارەسەرى چەندین ووڵاتى خۆرئاوایش بونیان هەیە وەكو ئەمریكا بەریتانیا دیارە پێشتر زۆر هەوڵدرا كەئەم كێشەیە چارەسەر نەبێت ئەویش بەهێرش كردنە سەر پەكەكە بۆ لەناوبردن بەڵام هەوڵەكانیان شكستیان خوارد بەڵام دیارە بنچینەى ئەم بزوتنەوەیە بەشێوەى زانستیانە بوو دیارە لەم بارودۆخەشدا زۆر لایەن ئەم رەوشەیان بینى دیارە ئێستاش فشار هەیە لەسەر توركیا بۆ ئەوەى ڕۆڵێكى بەرچاو بگێڕێت لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست پێویستە كێشەى ناوخۆى چارەسەر بكات.
لێرەدا دێمە سەر وەڵامى پرسیارى ئێوە دیارە ئێستا توركیا ناتوانێت وەكو جاران مافى كورد پشتگوێ بخات نكۆڵى لەبوونى كورد بكات بەڵام لەگۆڕ بەرژەوەندى خۆى ئەم كێشەیە چارەسەربكات دیارە وەكو كێشەى كورد لەتوركیا ئەم كێشەیە لەزۆر ووڵاتانى تر هەیە وەكو ئیسپانیا و بەریتانیا و چەندین ووڵاتى تر لێرەدا ئەم كێشانە چۆن چارەسەربوونە بەشێوەى ئاشتى ئەم كێشەیە چارەسەربووە ئەوەش بەشێوەى دیالۆگ چارەسەر بووە ئەوەش بەشێوەى ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ دیالۆگ لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا دروست بووە و بەیەكەوە دانیشتنیان كردووە بەم جۆرە پەیوەندیانەش كێشەكانیان چارەسەربووە بەڵام توركیا ئەم بارودۆخەى ناوێت لەتوركیا كێشەى كورد هەیە ئێمە داواى زیادە ناكەین ئێمە دەڵێین پێویستە توركیا مافى كۆمەڵایەتى كورد بناسێت بەڵام دەوڵەت دەڵێت مافى كۆمەڵایەتى نادەم بەڵكو مافى تاكەكەس دەدەم ناكۆكیەكە لێرەدایە بەگوێرەى سیاسەتى ئەوروپا مافى تاكەكەس چیە لەتوركیاش هەمان ماف بێت بەڵام ئەوە لاى ئێمە قبوڵ نیە لەلایەكى ترەوە ئێستا لەتوركیا سیاسەتى نكۆڵى و لەناوبردن بەڕێوە دەچێت سیاسەتێكى ترى تورك ئەوەیە كەدەیەوێت نێوانى بزوتنەوەى ئازادیخوازى و پارتە كوردیەكانى ترى تێكبدات وەكو هێرش كردنە سەر دەتەپە و داخستنى ئەم پارتە هەرلەچوارچێوەى ئەم سیاسەتەى توركیا بوو كۆبونەوەى سێ قۆڵیش بۆ سەركوتكردنى گەلى كورد بوو جارجاریش باشووریش بەشداریش دەبوو.
ستاندەر:_ئەى بەبڕواى تۆ ئێستا ئەمریكا و ئیسرائیل بەوپەڕى هێزەوە پشتیوانى توركیا ناكەن بۆ دژایەتیكردنى بزوتنەوەى ئازادیخوازى كوردى؟
ئەحمد دەنیز:.ئێستا ئاكەپە دەڵێت پڕۆژەیەى باس لەچارەسەرى كێشەى كورد دەكات هى منە بەڵام درۆ دەكات و ڕاست ناكات چونكە ئەگەر ئاكەپە پشتگیرى لەدەرەوە وەرنەگرێت بەتایبەتى ئەمریكا ناتوانێت لەمبارەیەوە قسە بكات بۆچى ؟چونكە كێشەى كورد لەتوركیا كێشەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و جیهانیە؟چونكە بەبڕیارێكى نێودەوڵەتى كوردستان دابەشكرا بۆ سەر چوار ووڵات لەپشت ئەم پڕۆژەیەى باس لەچارەسەرى دەكات كەلەناوەڕۆكدا پڕۆژەى تەسفیە و لەناوبردنە جوڵانەوەیەكى نێودەوڵەتى هەیە زۆر كەس لەم پڕۆژەیە زۆر بەهەڵە تێگەیشتن و دەڵێن دادگا دەتەپەى داخستووە بەڵام نا ئەمە بڕیارێكى سیاسیە و یاسایى نیە لەپشت ئەم داخستنەوە دەستى چەندین دەوڵەت بوونیان هەیە ئەمەى ئێستا لەتوركیا باس دەكرێت پڕۆژەى كرانەوە ڕاست نیە بەڵكو پڕۆژەیەكى لەناوبردنى نێودەوڵەتیە و ئاكەپە تیایدا بەرپرسیارە.
ستاندەر:_بۆچى ئەم دەڵێین ئەمە پڕۆژەى ئاكەپەیە ئەم لێى بەرپرسیارە لەبەرئەوەى ئاكەپە داواى لەدەتەپە دەكرد بەپەكەكە بڵێ تیرۆریست بەڵام دەتەپە داواكارى ئاكەپەى قبوڵ نەكرد بۆیە دایانخست بەڵام ئەگەر قبوڵیان كردبایە دانەخرا دواى ئەوەى بەشیر ئاتەلاى هاتە هەرێمى كوردستان لەگەڵ بەرپرسانى كوردستان كۆبۆوە دواتر لەگەڵ سەرۆك وەزیر كۆبونەوە دواتر بڕیاریان سەرۆك شارەوانیەكانى پارتى ئاشتى و دیموكراسى دەستگیربكەن لەسەر هەموو دام و دەزگاكانى كورد لەتوركیا زەخت و زۆریەك هەیە ئەمەش بڕیارى ئاكەپەیە لەڕاستیدا ئاكەپە پێشڕەوى ئەم سیاسەتەیە.
پێت وانیە كێشەكە دەستور و دادگابێت نەك ئاكەپە؟
ئەحمد دەنیز:.ئەوكاتەى ئەردۆگان و بۆش یەكتریان بینى زۆر شت باسكران لەوانە بۆش پشتگیرى لەئەردۆگان كرد كەهێرش بكاتە سەر ئەرگەنەكۆن چونكە ئەرگەنەكۆن لەژێرەوە پەیوەندى لەگەڵ ناتۆ هەبوو دیارە پێش ساڵى 1990هەر پارت و ڕێكخراوێك لەتوركیا دروست بوایە ئەوا توركیا ئەرگەنەكۆنى لەدژ بەكاردەهێنا بۆش بەئەردۆگانى ووت هێرش بكە سەر ئەرگەنەكۆن و كێشەى كوردیش تاجێگەیەك چارەسەربكە ئەوكات سەرۆك فەرماندار نیگەرانى خۆى نیشاندا لەمەڕ هێرشكردنە سەر ئەرگەنەكۆن بەڵام ئەردۆگان و یەشار بیوك ئانت سەرۆك فەرماندارى ئەوكاتى سوپا كۆبونەوە ئەو كۆبونەوەیەش زۆر گرینگ بوو چونكە ئەردۆگان و بیوك ئانت ڕێككەوتن لەسەر ئەوەى هەتا جێگەیەكى كێشەى كورد چارەسەربكەم بۆ ئەوەى ئەم هەنگاوانە تێك نەدات من هێرش دەكەمە سەر ئەرگەنە كۆن و كاتێكیش بیوك ئانت بینى ئەمە لەسەر داخوازى ئەمریكایە خۆى بێدەنگ كرد.
زۆر بەڵگەش هەیە لەسەر ئەوەى كەئەمریكا ڕۆڵێكى كاریگەرى هەیە لەسەر ئەم بارودۆخەى ئێستاى توركیا كاتێكیش لەئەردۆگانیان پرسى كاتێك تۆ و بیوك ئانت كۆبونەوەتان كرد لەسەرچى قسەتان كرد ووتى بەڵێنمان داوە تا پانزە ساڵى تر نهێنیەكانى ئەم كۆبونەوەیە ئاشكرا نەكەین جێگەى سەرسوڕمانیە دەبێت باسى چیان كردبێت ڕاستیەكیش هەیە كەپێویستە هەموو كەس بیزانێت كەئەم جوڵە جوڵەى ئاكەپە بەپشتیوانى ئەمریكایە چونكە ئەردۆگان ئەم هێز و توانایەى نیە بەم شێوەیە قسەبكات شتێكى تریش هەیە كەبارودۆخى جیهان گۆڕاوە پێویستى بارودۆخى توركیاش بگۆڕێت ئەردۆگان لەبەر خاترى كوردان باسى چارەسەرى كێشەى كورد ناكات پێشتر ئەردۆگان دەیوت ئێمە پێویستمان بەفكرەى كۆمۆنیزم نیە ئەگەر ووڵاتى ئێمە پێویستى بەم فكرەیە هەبێت ئەوا من ئەگەر كوردایەتى پێویست بێت ئەوا من كوردایەتى بكەم ئەوا لەكەس قبوڵ ناكەم كەموزادەیەمان بەسەردابكات خۆ ئەگەر ئاكەپە و حكومەت شەفاف بونایە ئەوا بەئاسانى كێشەى كورد چارەسەرببێت بەڵام.
ستاندەر:_ئەگەر ئەم لێكنزیكبونەوەى نێوان توركیا و باشوور گەیشتە ئەوەى كەكەمپى مەخمور دابخرێت و هێرش بكرێتە سەر گەریلا؟لەبەرامبەردا ئێوە چ ستراتیژێك پەیڕەو دەكەن؟
ئەحمد دەنیز:.وەكو لەسەرەتاشدا من باسم كرد پێویستە ئەم كێشەیە بەڕێگەى ئاشتى چارەسەربكرێت چونكە كاتى شەڕ نەماوە ئەوەش ڕاى شەخسى من نیە بەڵكو ئەوە داواكارى بزوتنەوەى پەكەكەیە چونكە كاتى شەڕ نەماوە بەڵام پێویستە توركیاش پێویستە ڕێز نیشانى سیاسەتمەدارانى كورد نیشان بدات سەبارەت بەگەریلاش پێویستە بەهەرشێوەیەك بێت پەیوەندى لەگەڵ پەكەكە دروست بكات پێشتریش هەڤاڵ جەمال لەگەڵ ڕۆژنامەنوسی تورك حسن جمال ئەم بابەتەى باس كردبوو ئەگەر دەیانەوێت كێشەى كورد چارەسەربكەن ئەوا دەتوانن لەگەڵ پەكەكە دانیشتن بكەن ئەگەر لەگەڵ ئێمە زەحمەت دەبێت بۆیان دەتوانن لەگەڵ ئیرادەى ئێمە لەگەڵ ئیمڕاڵى دانیشتن بكەن ئەگەر ئەوەش زەحمەتیە ئەوا دەتوانن لەگەڵ ئیرادەی سیاسى هەڵبژردراوى كورد دانیشتن بكەن خۆ ئەگەر ئەوەش زەحمەتى بێت بۆیان با لەچینى ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسان لیژنەیەك دروست بكەن كەپەسەندكراوى هەردوو لامان بێت كەلەكورد و تورك پێك بێت.
گەلۆ هیچ ڕێگەیەك ماوەتەوە بۆ توركیاى دەست نیشان بكەین لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە دوژمنكاریەى دەوڵەتیش ئێمە پاراستنى ڕەوا دەكەین بەڵام ئێستا ئێمە شتێكى ترمان خستۆتە پێش چاو ئەویش ئەوەیە پەنجەمان خستۆتە سەر میلى تفەنگ بەڵام ئێمە دەستپێشخەرى ناكەین بەڵام خۆ ئەگەر دەوڵەت دەستپێشخەرى بكات ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمە زۆر بەتوندى ڕووبەڕووى تورك دەبینەوە لەمانگى نیسانى ئیمساڵەوە تائێستا هەشتا گەریلاى ئێمە شەهیدبوونە ئایا ئەم گەریلایانە دایك و باوكیان نیە ئایا بەهۆى گوللەوە خوێنیان لەجەستە نایەت بێگومان بەڵام ئێمە تائێستا سەبرمان گرتووە بەڵام كەسەربازێكى تورك دەكوژرێت دنیا خراپ دەبێت كەمێك پێش ئێستا من سەیرى تەلەفیزیۆنى توركانم دەكرد دوو هەڤاڵى ئێمە لەجودى شەهید بوو بوون بەشێوەیەكى زۆر نامرۆڤانە و بەشێوەیەكى زۆر دڕندانە بەسەر زەویاندا كێش دەكەن یارى بەتەرمى گەریلاكانى ئێمە دەكەن لەبەرامبەر ئەم هێرشە نامرۆڤانەیە ئێمە تەنیا پاراستنى ڕەوا دەكەین.
ستاندەر:_بۆچى ئێوە نەتانتوانیوە ئەم زوڵمە بكەنە كێشەیەكى جیهانى؟
ئەحمد دەنیز:دیارە زۆر زوڵم لەبزوتنەوەى ئێمە كراوە لەسەروى هەموویانەوە ئەمریكا بەپەكەكە دەڵێت تیرۆریست ئەوەش زوڵمێكى زۆر گەورەیە و ناعەدالەتیەكى زۆر گەورەیە چونكە هیچ تیرۆریستێك ناتوانێت بەملیۆنان كەس بهێنێتە سەر چیا و داوا لەئەندامانى بكات بەشێوەیەكى ئاشتیانە چالاكى بكەن هەروەها لەباكور نوێنەرانى گەل كەبەشێوەى ئازادانە هەڵبژێردراون دەستگیردەكرێن دەڵێت پێویستە كەس دەنگ نەكات توركیا هیچى نەكردووە داوا دەكات گەلى ئێمە لەكەمپى مەخمور بگەرێتەوە توركیا بۆ گەریلاش تەنیا دەرفەتى خۆ تەسیلم بوون دەهێڵێتەوە ئەرێ گەریلا بۆ گەشت هاتۆتە سەرى چیا بێگومان نا ئەوان بەهۆى كێشەیەكەوە هاتونەتە ئێرە ئەى هیچ لەتوركیا گۆڕاوە گەلى ئێمە لەمەخمور بگەڕێتەوە توركیا ئەم گەلە لەترسى جاش و چەتە هاتونەتە ئێرە تائێستاش ئەم جاشانە ماون بۆیە گەڕانەوە بۆ توركیا زۆر زەحمەتە ئەوان بۆ سەیران نەهاتونەتە ئێرە ئەگەر سەیران كۆتایى هات بگەڕێنەوە من ئێوە قبوڵ دەكەم یان بۆ دڵدارى نەهاتونەتە ئێرە دواتر بگەڕێنەوە.
ستاندەر:_.بۆچى ئێوە وەكو پەكەكە سوود لەئیسلام وەربگرێت؟لەكاتێكدا زۆرینەى خەڵكى باكوور ئیسلامن؟
ئەحمد دەنیز:.دیارە بزوتنەوەى ئێمە باش نەناسراوە ئێمە وەكو بزوتنەوەى ئازادیخوازى باوەڕمان بەبرایەتى گەلان هەیە و ڕێزیش نیشانى هەموو ئاینێك دەدەین لەناو سیستەمى كەجەكەدا لایەنى ئیسلامى بونیان هەیە مەلا و یەزیدى و مەسیحیش بونیان هەیە.
ستاندەر:_ئێوەبۆچى ڕاى پسپۆڕ و شارەزایانى دۆسیەى توركیا لەباشوور لەپێش چاو ناگرن؟
ئەحمد دەنیز:.دیارە ئەمانە ژمارەیان نازانم چەندە وكێنە لەنزیكەوە نایانناسم و حەزیشم لەوەنیە بیانناسم چونكە زۆرجار قسە دەكەن دەكەونە بێویژدانیەكى زۆر گەورەوە و هێرشى ناڕەوا دەكەنە سەر بزوتنەوەى ئازادیخوازى كوردى پێویستە هەموو كەسێك بەم جۆرانەش بزانن كەئێمە لەهەموو كەس زیاتر ئامادەى ئەوەمان هەیە كەكێشەى كورد چارەسەرببێت بەهەموو شێوەیەكیش دژى ئەم بارودۆخەى ئێستا بوەستینەوە چونكە ئەمە نیەت چارەسەرى نیە بەڵكو نیەت لەناوبردنە زۆركەس لەم پسپۆڕانە دەڵێن ئاكەپە دەیەوێت كێشەى كورد چارەسەربكات بەڵام پەكەكە ئاستەنگە ئەمەش ئەوپەڕى بێویژدانیە پێشتریش ووتم لەهەموو كەس زیاتر ئێمە دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەربكەین هەروەها ئێمە زۆر لەوانە باشتر ئاكەپە دەناسین بۆچى بونەتە پارێزەرى ئاكەپە ئێمە ئەو ڕاستیەش دەزانین لەلایەكى ترەوە دەڵێن دەتەپە ئیرادەى نیە لەلایەكى ترەوە هێرشى ناڕەوا دەكەنە سەر ڕێبەرى ئێمە لەكاتێكدا كتێبێكى سەرۆك ئاپۆیان نەخوێندۆتەوە بەباشى نەیانناسیوە لەبەرامبەر ئەمەشدا من دەڵێم هیچ پێویست ناكات ببن بەپارێزەرى ئاكەپە چونكە ئێمە زۆرباش ئاكەپە دەناسین پێویست ناكات ئاكەپە بەئێمە بناسێنن چونكە ئێمە پێویستیمان بەئاقڵى ئەم جۆرە كەسانە نیە لەتوركیاش ئەم جۆرە كەسانە زۆرن كاتێك بارودۆخێك دێتە پێشەوە دەڵێن پێویستە كورد ئەوا بكات و ئەوا نەكات ئاقڵ دەدەنە كوردان من بەهەردوولایان دەڵێم كورد پێویستى بەئاقڵى ئەوانە نیە هەندێكى تر لەباشوور بەناو پسپۆڕایەتى قسە دەكەن.
دیارە ئەوانە جارێك ئاكەپە ئەوانى داوەت كردووە بۆ هۆتێلێك لەتوركیا خواردنى داوەتە ئەوان هەموو شوێنێكى نیشانى ئەوان نەداوە دواتر دەگەڕێنەوە لەباشوور لەسەر شاشەى تەلەفیزیۆنەكان دەردەكەون بەكەیفى ئاكەپە قسە دەكەن و ئەوەى ئاكەپە جورئەت ناكات بیڵێت ئەوان دەیڵێن جارێكى ئەوە تەئكیددەكەمەوە كەئێمە وەكو پەكەكە پێویستمان بەئاقڵى ئەو جۆرە كەسانە نیە و پێویست ناكات ئەوەندەش خۆیان بەئاقڵ بزانن لەسەر بارودۆخى توركیا قسەیەكى ئەردۆگان نەتوانێت بیكات ئەوان بەبێ شەرمى دەیڵێن هەروەها شتێكى كەدەوڵەت نەتوانێت كورد مەجبورى ئەو بارودۆخە بكات ئەوان داواى دەكەن هانمان دەدەن بۆ ئەم بارودۆخە كەمەجبوربین بكەوینە ژێر ڕكفێى توركیاوە .
لەئەحمد دەنیزمان پرسى ئەم قسانەى تۆ ئیسماعیل بێشكچیش دەگرێتەوە لەكاتێكدا ناوبراو چەندین ساڵ لەسەر بەرگرى كردن لەكورد خراوەتە زیندانەوە ناوبراویش ووتى نەخێر نەخێر ئەم بەڕێزە زۆر باش لەم بارودۆخە گەیشتووە چونكە ساڵانێكە هەوڵ بۆ چارەسەرى كێشەى كورد دەدات دیارە ناكۆكى فكریش هەیە لەنێوان ئێمە و بەڕێز بێشكچى ئێمە بەڕێزەوە سەیرى ئەم ناكۆكیەش دەكەین ئەم بەڕێزە تەمەنى خۆى بۆ ئەم كێشەیە چارەسەركردووە دیارە جیاوازى هەیە لەنێوان بێشكچى و ئەم جۆرە كەسانە یانى هیچ پێویست ناكات كەس خۆى بكات بەدەمڕاستى ئێمە چونكە ئێمە هیچ پێویستمان بەئاقڵى ئەم جۆرە كەسانە نیە .
ئەم دیمانەیە لە ڕۆژنامەى ستاندارد بلاوكراوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست