وەڵامێك بۆ عەبدولوەهاب گۆبڵزى بەرپرسى دەزگاى ڕۆشنبیرىو ڕاگەیاندنى پارتى لەسلێمانى
Monday, 30/04/2012, 12:00
داكۆكیكردن لە دزىو فزییەكانى دەسەڵاتى یەكێتىو پارتى، ئەو دەسەڵاتەى كە بۆ چاوبەست ناوى حكومەتى هەرێمى لێنراوە، لەهەموو سنورێكى شەرمو ئابڕوى تێپەڕاندووە، ئەوەتا لەبەرنامەى "تەوەر" ى كەناڵى "ئێن ئاڕ تى" دا عەبدولوەهاب گۆبڵزى بەرپرسى دەزگاى ڕۆشنبیرىو ڕاگەیاندنى پارتى لەسلێمانى لەسەروبەندى داكۆكیكردن لەبازرگانبوونى سیاسییەكانى كورددا، واتە سیاسییەكانى یەكێتىو پارتى، پێمان دەڵێت هەموو دنیا هەروا شۆڕشى كردووەو سیاسییەكانى لەهەمان كاتدا بازرگانەكانیشى بوون.. ماندێلا واو بوش هەرواو گاندىو بنەماڵەكەى خراپتر و گیڤارا بەسوارى تازەترین مۆدێلى سەیارەى كادیلاك بەسەر جادەكانى سەرى ڕەشو هەولێر، ببورن جادەكانى هاڤانا، پۆزى لێدەدا. بێئابڕویىو درۆزنیى كوڕەكەى گۆبڵز كە پارتى لەسلێمانى تەعینى كردووە، تەنانەت واقى سەرانى خودى پارتى خۆشى وڕماندووە. ئەگەرچى گیڤارا پێویستى بەوە نییە بەندە داكۆكى لێبكات چونكە هەموو مرۆڤایەتى دەزانێت كانزاى ئەو مرۆڤە چ جۆرێك بوو. هەمووان دەزانن سەرى سەرانى یەكێتىو پارتى بەتۆزى سەر ئەو پۆستاڵەش ناگات كە گیڤارا لەپێى دەكرد. گیڤارا دەستبەردارى پۆستى نوێنەرى كوبا لە نەتەوە یەكگرتووەكانو وەزیرى بازرگانى كوبا و بەڕێوبەرى بانكى ناوەندى كوبا و پیشە پزیشكییەكەشى بوو لەپێناو ڕزگاركردنى گەلانى چەوساوەو هەژار لەدەست ستەمو زوڵمى ئیمپریالیزمو دیارى دەستى ئیمپریالیزم بۆ گەلانى بەشخوراو كە دیكتاتۆرەكاننو لەدواى سەركەوتنى شۆڕش لەكوبا جارێكى تر ڕووى نایەوە شاخو دێهاتەكانو كوباى بەرەو ئەفریقا و كۆنگۆ بەجێهێشتو پاشان گەڕایەوە بۆ ئەمەریكاى باشورو ڕووى كردە بۆلیڤیاو لەوێ گیانى فیداى پرسى شۆڕشو تێكۆشان دژى ئیمپریالیزم كرد. عەبدولوەهاب گۆبڵز كە خۆىو حیزبەكەى تا بینەقاقایان نوقمى ناو زەلكاوى گەندەڵى بووەو بوونەتە بۆقو ڕەقەى ناو زەلكاوى گەندەڵى، لەپاش چلوپێنج ساڵ لەگیانلەدەستدانى گیڤاراى ئەفسانە پێى وتین ئەویش وەكو ئێمە گەندەڵ بوو، ئیتر بۆچى سەركۆنەى سیاسییەكانى كورد دەكەن كە بازرگانن یان تازەترین مۆدێلى سەیارەیان پێیە و لەسەر گردى پارە دادەنیشن، خۆ سیاسییەكانى هەموو دنیاش هەر وابوون. گیڤاراش هەروابوو. ئەوە چ شورەییەكە بەهەر نرخێك بێت بەرگرى لە دزىو گەندەڵییەكانى یەكێتىو پارتى بكەیت تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابى ناشیرینكردنى كەسایەتییەكى سیمبولو ئەفسانەى وەكو گیڤاراش بێت. هەڵبەتە بەندە لەمێژە دەزانێت پارتىو یەكێتى حەیایان لەبەر هەڵگیراوە بەڵام نەیدەزانى تا ڕادەى ناشیرینكردنى جوانییەكانى میللەتانى تر. من ئافەرین لە عەبدولوەهاب گۆبڵز دەكەمو دەڵێم ڕاستە جەنابتان لە هیچدا شارەزا نین، بەڵام خۆ لانیكەم لەپاسكردنى قاپىو بەرماڵى دزەكانى پارتىو یەكێتى دا شارەزانو دەستى باڵاتان لە حەپین بە مانگەشەودا هەیە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست