کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانی شەش ساڵە 3 گەنجی بێسەروشوێن كردووە

Wednesday, 01/07/2009, 12:00


 (حاكم قادر) بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی لەماوەى پێشوودا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە هیچ زیندانییەكی نهێنیمان نییەو نەماوەو رۆژنامەنوسان دەتوانن بە چاوی خۆیان هەموو زیندانی و زیندانەكان ببینن، بەڵام ئەو 3 گەنجە ئەوە بۆ ماوەى 6 ساڵە هیچ هەواڵ و ئاسەوارێكیان نییەو كەسوكارەكانیان لەمان و نەمانیان ئاگادار نین، كەچی لەم بابەتەدا بێ ئاگایی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت ئەوە لەسەردەمی مندا نەبووە؟.
 لەكاتێكدا حكومەتى هەرێم نكۆڵی لەوە دەكات هیچ زیندانێكی نهێنی و شاراوە لەكوردستاندا مابێت، یاخود هیچ زیندانییەكی شاراوە نەماوەو بوونی نییە، كەچی 3 گەنج لە2003وە پاش ئەوەى لەدەشتی عزێم پاسەوانێكی تاڵەبانی دەكوژن و یەكسەر دەستگیر دەكرێن، لەو كاتەوە براون و هیچ ئاسەوارێكیان نییەو لەهیچ زیندانێكیشدا بوونیان نییە، بۆیە دەپرسین ئایا ئەمنیستی ئینتەرناسیۆناڵ لەتاڵەبانی دەكۆڵێتەوە؟.
 لەگەرمەى جەنگی ئەمریكا عیراق لە2003 زۆربەى پارێزگاكانی عیراق كەوتبوونە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان، چەند پارێزگایەك لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی بەعسدا مابوونەوە، بەڵام لەسنورى ناوچەكانی كوردستان كە هەنووكە بەكێشەلەسەر ناودەبرێت جگە لەوەى هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیماناندا سەرقاڵی دەستبەسەراگرتنی سەربازگە عیراقییەكان بوون، وەلی لەگەڵ ئەوەدا خەڵكی بۆ تاڵانی و شڕەخۆریی بە بەردەوامی رووى دەكردە ئەو ناوچانەو سەربازگەكان، لەگەرمەی ئەو شەڕەدا رۆژانەو بگرە كاتژمێر لەدواى كاتژمێر هێزی پێشمەرگەو بە قافڵەو گرووپ گرووپ بەرەو ئەو ناوچانە دەچوون و دەگەڕانەوە، لەمكاتەدا قافڵەیەكی پاسەوانەكانی (جەلال تاڵەبانی) سكرتێری یەكێتی نیشتمانی و سەرەكۆماری ئێستای عیراق، لەبەغدای پایتەختەوە بەڕێگەى عزێمدا كە ماوەیەك بە (رێگەى مەرگ) ناسرابوو بەرەو سلێمانی دەگەڕانەوە، لەوكاتەدا 3 گەنج كە خەڵكی كفری دەبن كە وەك برای یەكێكیان دەیگێڕێتەوە "نازانم بۆ تاڵانى و شڕەخۆریی رۆشتبوون یان بۆ شتی تر"، تەقە لەو قافڵەیە دەكەن و ئەفسەرێكی پلەبەرز لەو قافڵە پاسەوانانە پێوە دەبێت و گیان لەدەست دەدات، ئیدی ئەو 3 گەنجە لەو كاتەوە دەبرێن و تاوەكوو ئەمڕۆ بە مان و نەمان هیچ هەواڵێكیان نییە.
 "كوڕەكەی من و دوو كەسی تر بوونەو چەكیان پێ بووە لە12ى4 2003وە  لەماڵ چووەتە دەرەوەو لەرێگەى عزێم كە نازانم بۆ تاڵانی چووە یان شتی تر، دەڵێن گوایە پاسەوانی تاڵەبانب كوشتووەو ئەوانیش گرتوویانەو لەو كاتەوە براوە تاوەكوو ئێستا هیچ ئاسەوارێكی نییەو چاومان پێی نەكەوتووەو پێشمان ناڵێن ماوە یان نەماوە"، ئەمە وتەى (شازاد ئیبراهیم حەسەن)ە دایكی (سالار نەجات حەسەن) كە یەكێكە لەو 3 گەنجە. دایكی سالار دڵنیا نییە لەوەى كوڕەكەى بۆ كوێ براوە بەڵام دەڵێت "ئەڵێن بردوویانن بۆ قەلاچوالان"
 -كەسوكاری ئەو 3 كەسە هیچ هەواڵێكی راستی نازانن لەوەى ئایا كوڕەكانیان ماون یان كوژراون، بەڵام دایكی سالار دەڵێت "بە بیستن هەر جارێك لەشوێنێك و كەسێك دەڵێت ماون، ئیتر نازانم"، سەبارەت بەوەى كە ئایا سەردانی هیچ بەرپرسێكیان كردووە تاوەكوو هەواڵێكیان چنگ بكەوێت؟، شازاد دەڵێت "جارێك (كاك عوسمانی حاجی مەحمود) وەزیری ناوخۆی پێشوو وتبووى ماون، بەڵام باسی من مەكەن، جارێكیش چوومە لاى ئاواتی شێخ جەناب وتى منداڵەكانتان ماون، بەڵام بۆتان نییە بیبینن، جارێكیش گوڵاڵەخانی مافی مرۆڤ پێی وتوم تەنها بە بینینی مام جەلال دەتوانن هەواڵێكتان بۆ یەكلایی ببێتەوە".
 رەنگە هیچ شتێك هێندەى چاوەڕوانی كوشندە نەبێت، بە تایبەت چاوەڕوانی دایك بۆ جەرگەكەى، دایكی سالار بەدەم گریانەوە وتى "هەموو شەوێك خەوی پێوە دەبینم، دڵمان دەرهات لەچاوەڕوانیدا چەند ساڵە لەچاوەڕوانیدا هەموو رۆژێك مردن بەچاو دەبینین، بۆ هەرشوێنێك دەچین پاڵمان پێوە دەنێن، ئێمە بێ كەسین بۆیە هیچمان پێ ناكرێت، بۆچی تیرۆریست بەردەدرێت كەچی كوڕەكانی ئێمە بەرنادەن، قەیدی نییە هەر دەمانەوێت پێمان بڵێن بزانین لەسێدارە دراون یان كوژراون یاخود ماون، هەر هەواڵێكمان بدەنێ".
 بەدەر لەو هەوڵانەى كەسوكاری ئەو گەنجانە، وەزارەتی مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی تایبەت بەو بوارە رێگەیەكی تر بێت بۆ دەستكەوتنی ئاسەواری كوڕەكەیان دایكی سالار بە پێچەوەانەوە دەڵێت "چەندین جار مافی مرۆڤ ناوو مەولیدەكەیان لێ وەرگرتووین، كەچی هیچ سوودی نەبووەو نییە، نازانم كامەیە مافی مرۆڤ؟، ئیتر بۆ شتێكمان بۆ ناكەن؟"، دایكی ئەو گەنجە ئاماژە بەوەش دەكات كە تاوەكوو ئێستا نەدراونەتە دادگا، نەك نەدراونەتە دادگا، بەڵكو هەر ئاسەواریشیان دیار نییە، لەكۆتایی قسەكانیدا وتى " داواكارم ئەگەر ماون بەس كوڕەكەم ببینم و هیچ ترم ناوێت".
  (رێبوار جومعە) یەكێكی دیكە لەو 3 كەسە، (جەمشیر جومعە) برای رێبوار سەرەتاى رووداوی براكەى وادەگێڕێتەوە كە "لەگەرمەى پرۆسەى ئازادی عیراقدا براكەم و دوو كەسی تر نازانم بۆ تاڵانی رۆشتبوو یان بۆ شتی تر، لەدەشتی عزێم تەقەیان لەپاسەوانەكانی مام جەلال كردبوو، پاسەوانێكیان شەهید كردبوو، بەڵام براكەم و ئەو دوو كوڕەى لەگەڵیدا بوو نەیانزانیبوو ئەوانە پاسەوانی مام جەلالن، بەڵكو بەهەڵە تەقەیان لەوان كردبوو"، جەمشیر باس لەوەش دەكات كە "ئەگەر تاوانباریشن ئەوا بەس دەمانەوێت هەواڵیكیان بزانین كە چییان لێ كراوەو لەكوێ شاردراونەتەوە، تاوەكوو ئێستا نازانین لەژیاندا ماون یان مردوون، یەكێك لەكەسوكارى ئەو دوو كەسەكەى تر رۆشتوونەتە لاى زۆر بەرپرس، لەوانە (عومەر فەتاح)، هەموویان ئەڵێن مام جەلال خۆی دەزانێت و پەیوەستە بەوەوە".
 جەمشیر برای یەكێك لەو كەسانە ئەم مەسەلەیە بەوە دەزانێت كە تەنها تاڵەبانی دەتوانێت هەواڵێكی راستییان ئاراستە بكات، "ئەم مەسەلەیە تەنها لەژێر دەستی مام جەلالدایە، ئەو دەتوانێ راستیمان بداتێ كە ماون یان نا، ئەگینا بەدەر لەمام جەلال هیچ مەسئولێكی تر لەكوردستاندا نازانێ چییان لێهاتووەو لێكراوە، بۆیە داواكارین لەمام جەلال كە بە مان و نەمان هەواڵی راستیمان بداتێ، یان بدرێنە دادگاو دەستی یاساو بە نهێنی نەهیڵرێتەوەو بە یاسایی یەكلایی بكرێتەوە، ئەگەر حوكمیش بدرێن بەلامانەوە ئاساییە، چونكە ئێمە خۆمان بە تاوانبار دەزانین كە ئەو 3 گەنجە هەڵەیەكی گەورەیان كردووە".
 جەمشیر بەهەمانشێوەی دایكی سالار دەڵێت "تەنها دەمانەوێت ئاسەوارێكمان بۆ دەربكەوێت بە زیندووی یان بە مردوویی، ئەگەر نا بەڕاستی ئەمەش هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەنفالەكاندا كە ئەوە بۆ ماوەی 6 ساڵە، بەردەوام دڵ و چاومان لەچاوەڕوانیدایە، ئەگەر لەم 6 ساڵەدا بمردبایە لەم حاڵە پێمان خۆشتر بوو".
 (شەكەرە محەمەد عەزیز) نەكی رێبوار بەو شێوەیە باس لەرووداوەكە دەكات كە "پاسەوانەكانی مام جەلال هەر ئەو كاتە بە چاو بەستراوی كوڕەكەیانیان بردوونەتە كەركووك و لەوێوە بۆ سلێمانى، ئەگەر ئەمریكییەكان نەبوونایە هەر ئەو كاتە دەیانكوشتن، ئیتر لەو رۆژەوە كەس هیچ هەواڵێكی نەداوینەتێ كە ئایا ماون یان كوژراون، هەر ئەڵێن مام جەلال دەزانێت، جا بۆیە داواكارم لەمام جەلال كە پێمان بڵێت كوڕەكانمان چییان لێ كراوە، تاكەى چاوەڕوان بین؟".
 ئەوەى لەم راپۆرتەدا وونە بۆچوونى ماڵی یەكێك لەو 3 كەسەیە كە ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەك لێدوان بدەن و داواشیان كرد لەراپۆرتەكەدا نە ناوی كوڕەكەیان بهێنرێت نە وێنەكەشی بڵاوبكەنەوە.
 تێبینی/ ئەم راپۆرتە بە هەندێ دەستكارییەوە لەژمارە 179ى هەفتەنامەی ئاوێنە بڵاوكراوەتەوە.
 [email protected]
 1/7/2009
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە