بۆچی مەسعود بارزانی سەرپەرەشتی ئازادکردنەوەی شەنگالی کرد؟
Sunday, 21/12/2014, 12:00
زۆر کەس و لایەن، رۆژنامەکان و وێبسایتەکان و نووسەران کارەساتی دڵتەزێنی شەنگالیان وەکو ئەنفال و هەڵەبجە دەشوبهێنن. لە دیدی من کارەساتی ئەنفال زۆر گەورەیە کە تاوەکو ئێستا وێنەی نی یە، بەڵام پێم وایە کارەساتی شەنگال زۆر لە کارەساتی هەڵەبجە گەورەترە، هەرچەندە من لە کارەساتی گەورەیی هەڵەبجە کەم ناکەمەوە و بۆ ئەو کاتەش تا پرۆسەی ئەنفال گەورەترین تاوان و کارەساتی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لە دیدی من کوشتن ئاسودەترم دەکا تاوەکو کچ و ژن بە تاڵان بردن. ئەویش لە لایەن بەعسی فاشیست لە ئەنفالەکان یاخود ئێستاکانێ جانەوەرەکانی داعشی ئیسلامی یەوە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکی وورد و حیسابی بۆ ژمارەی بە تاڵان بردنی کچ و ژنانی یەزیدی (و مەسیحی و شەبەک و هتد...) لەلایەن داعشەوە بوونی نی یە، بەڵام هەندێ ئاماری نا ڕەسمی نیشانی دەدەن کە لە نێوان ٤ تا ٧ هەزار ژن و کچ وەک کەنیزەک بردراون. (کەنیزەک بەو ژنانە دەوترێ کە لە سەردەمی ئیسلامیەت لە دەسەڵاتدا ژن و کچانی جوان و گەنجی نا موسڵمانانیان بە تاڵان بردووە و وەک کاڵا و مەڕو ماڵات کڕین و فرۆشتنی یان پێوە کراوەو لەگەڵیان خەوتوون جگە لە قەراوەشی پێکردنیان لە ناو ماڵ). ئەمە سەرباری کوشتنی سەدان و بگرە هەزاران پیاوی یەزیدی و تاڵان و خاپورکردنی ماڵ و حاڵ و شار و دێهاتەکانیان و هتد...
گرتنی ناوچەی شەنگال و زومار و ڕەبیعە و ناوچەکانی تری دەشتی نەینەوا بە بێ تەقەکردنی هێزەکانی پارتی لە لایەن داعشەوە، لێکدانەوە و شرۆڤەو هەڵسەنگاندنی زۆری بۆکرا بەڵام کارەساتەکە هێندە گەورەیە هەڵدەگرێ کە لێکۆڵینەوەی زۆرتری بۆ بکرێ. وە تاوانبارانی کە بەرگری یان نەکرد دەبوایە دادگایی یەکی عادلانە بکرێن و ناوی پێشمەرگایەتی یان لێ بسەندرێتەوە بەتایبەت مەسعود بارزانی. هەرچەندە پێشمەرگەکانی پارتی (لێرەدا مەبەستم ئەوە نی یە کە جیاوازی بکەم لە نێوان پێشمەرگەکانی یەکێتی و پارتی، بەڵام چونکە لە ناوچە کوردنشینەکانی موسڵ پارتی دەسەڵاتی موتڵەقی لێ هەبوو، نووسینەکەم ڕووی لە ئەوانە) زۆربەیان لە بەر ناچاری بژێوی ژیانی پێسمەرگایەتی یان وەک پیشە بەکار هێناوە و بەشێکی کەمیشیان لە بێئاگای وەک دەروێشان وەدوای بنەماڵەی بارزانی کەوتوون.
بەدەر لەوەی کە من زۆر لە مەسعود بارزانیم پێخۆشترە شەنگال و ناوچەکانی تر ئازاد بکرێنەوە، بەڵام ئەوەی من دەمهەوێ باسی بکەم سەرپەرشتی کردنی مەسعود بارزانی یە لە ئازادکردنەوەی شەنگال. پارتی و مەسعود بارزانی بە پلەی یەکەم کاریگەری و لێپرسراوێتی زۆر گەورەیان کەوتە سەرشان. لەبەر ئەوەی ئێستا وەک سپی کردنەوەی ڕووی خۆیان پارتی بە گشتی و مەسعود بارزانی بە تایبەتی، دەیانهەوێ ڕۆڵیان لە ئازادکردنەوەی شەنگال بۆ بگەڕێتەوە لە بەر چەند هۆیەک؛
١- پارتی دڵی زۆر کەسی لێ زویر بوو لە ناو یەزیدی یەکان و مەسیحی یەکاندا، زۆر کەسی یان تەنانەت دیار بوون، وەک ڤیان دەخیل ئەندام پەڕلەمانی عێراق لە سەر لیستی پارتی کە ووتی فێڵمان لێکراوە! جا دەبێ جگە لە پارتی کێ فێڵی لە وان کردبێ وەک یەزیدی؟
٢- زۆر کەس لە یەزیدی یەکان پەیوەندی یان بە یەپەگە و پەکەکە وە کردووە بەتایبەتی ئەوانەی لە سەر شاخی شەنگال مابوونەوە کە ژمارەیان بە دە هەزار کەس دەخەمڵێنرێ و وە هێزی (یەپەشە) یان لێ درووست کردوون.
بەهانەی مەسعود بارزانی بۆ ئەو هەڵە ستراتیژی یانەی کە لە ناوچە کوردنشینەکانی موسڵ کردیان چین؟ مەسعود بارزانی خۆی چەندینجار ووتوویەتی کە داعش لە ناکاو هێرشی یان کرد، بەڵام لە ڕاستیدا داعش دوو مانگ بوو موسڵی گرتبوو ئینجا هێرشی کرد بۆ شەنگال! تۆ بڵێی ٢ مانگ ئەندازە نەبێ بۆ کەسێک کە خۆی بە سیاسەتمەدار بزانێ تاوەکو داعش بناسێ؟
زۆر جاری تر مەسعود بارزانی دەیووت کە پێشمەرگەکانی چەکی قورسیان نی یەو تەنها چەکی سووکیان پێ یە، بەڵام بە چەکی سووکیش دەیانتوانی بەرگری بکەن، لانی کەم چەند ڕۆژێک. پەکەکە زۆرتر لە دوو مانگ لە سەرچیای شەنگال بەرگری کرد تەنها بە چەکی سووک؟ ئەگەر مەسعود بارزانی تەنها چەکی سووکی هەیە و شەڕی داعشی پێناکرێ؟ ئەی چۆن دەتوانێ بانگەشەی دەوڵەتی سەربەخۆم بۆ بکا!؟ ئەو سەرپەرشتی شەڕی یەی شەنگال مەسعود وەک کەپەنەکی پاش بارانی یە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست