هۆكارەكانى ڕووداوەكانى 17 ى شوبات و ڕۆژانى دواتر
Tuesday, 25/02/2014, 12:00
سێ ساڵ لەمەوپێش لەڕۆژى 17ى شوبات و ڕۆژانى دواتردا هەرێمى كوردوستان بە ڕۆژانێكى نائاسایى دا گوزەریان ئەكرد ,دواى 20 ساڵ لە ئەزموونى حوكمڕانى لە هەرێمى كوردوستاندا لەلایەن هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكەى هەرێمەوە كە لەو ماوەیەدا ئەوەى پێیان كرا بەرانبەر بەیەكترى و لایەنەكانى تر ئەنجامیان دا لە قۆرخ كردنى تەواوى جومگەكانى ئیدارى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى بۆ بەرژەوەندى خودى خۆیان درێغیان نەكرد لەدەست بەسەراگرتنى داهاتى ئەم هەرێمە بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆیان وە نە خوێندنەوەى بەرژەوەندیە گشتیەكانى هاووڵاتیان .دواجار هاووڵاتیانى هەرێم ڕژانە سەرشەقامەكان بەهەموو ڕەنگ و بۆ چونە جیاوازەكانەوە لە زۆربەى شارو شارۆچكەكانى كوردوستان و بەتایبەتیتر لە دە ڤەرى سەوزدا سەراكانى ئازادى دروست بوون وە ئەنجومەنى كاتى سەراى ئازادى پێكهێنرا وەڕۆژانە كارو چالاكى جۆراو جۆر نمایش ئەكرا كە نزیكەى 63 ڕۆژى خایاند ,دواجار حكومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەكان پەنایان بۆ زەبرى هێز برد بۆ چۆڵكردنى مەیدانەكان وەئەكرێت هۆكارەكان و دەر ئەنجام و دەستكەوتەكانى لەم خاڵانەى خوارەوەدا كورت بكەینەوە :ـ
هۆكارەكان
1 ـ پیادەكردنى سیاسەتى ناتەندروستى لایەنە دەسەڵاتدارەكان كە لەماوەى دەسەڵاتیاندا مومارەسەیان ئەكرد ئەتوانین بڵێین ئەوەى ناوى بنێین دادگەرى كۆمەڵایەتى بوونى نەبوو وە هەموو خزموتەكانیان بۆ هاووڵاتى بەپێوەرى حیزبى بوون مامەڵەیان لەگەڵدا ئەكرا .
2 ـ تێكشكاندنى ئیرادەى تاكى كوردى و بەحیزبى كردنى كۆمەڵگا وەمامەڵەیەكى سیاسیانە لەگەڵ تەواوى هاووڵاتیان دا تەنانەت داهاتە گشتیەكان كەمافى هەموو هاووڵاتیانە لە لایەن مەكتەبى سیاسى حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە دابەش ئەكرا بەسەر ئەندام ولایەنگرانى خۆیاندا .
3ـ هۆشیار بوونەوەى هاووڵاتیان و گەڕانەوەى متمانە بۆ هاووڵاتیان دواى سەر هەڵدانى شۆڕشەكانى بەهارى عەرەبى و ڕوخانى ژمارەیەك لە سیستەمە دیكتاتۆرەكانى ووڵاتانى ناوچەكە .
4 ـ پابەند نەبوونى دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردوستان بەو بەڵێن و بەرنامانەى كەلەماوى نزیكەى 20 ساڵ دا بەردەوام بەهاووڵاتیانیان ئەدا لە بۆنە جیاوازەكاندا بەڵام لە بوارى كرداریدا بوونیان نەبوو .
ئەمانەو چەندان هۆكارى تر بوونە هۆى دروست بونى دەنگى ناڕەزایى هاووڵاتیانى هەرێمى كوردوستان .
وە ئەتوانین دەسكەوت و دەر ئەنجامەكانى لەم خاڵانەى خوارەوەدا بخەینە ڕوو :ـ
1ـ هاووڵاتیان هەڵوێستى خۆیان بە ئاشكرا نمایشكرد وە دەنگى ناڕەزاییان بەرزكردەوەوە بەرانبەر بەدەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردوستان .
2 ـ گێڕانەوەى متمانەو هیوا بۆ هاووڵاتیان كە زوڵم و ستەم و نادادپەروەرى تاڕێگە ئەدرێت ئاستێك بڕوات كەسانێك هەن تەنانەت بەگیانى خۆشیان ئامادەن هەڵوێست تۆماربكەن وە ئامادەنین بەڵێ بۆ كارە نەشیاوەكان بكەن .
3 ـ كۆكردنەوەى هەموو دەنگ و ڕەنگ و بۆ چونەجیاوازەكان و هەموان بەیەك دەنگ هاواریان ئەكرد وەپەیامى ناڕازى بوونى خۆیان ئەگەیاندە دە سەڵاتداران .
4 ـ بەئاشكرا لەپەڕلەماندا بڕیارى تایبەت بۆ جێ بەجێ كردنى داخوازیەكانى شە قام دەركرا ئەگەر چى تا ئەم ساتەوەختەش نەچۆتە بوارى جێ بەجێ نەكردنەوە بەڵام ئەمە خۆى لە خۆیدا دان نانە بەبوونى گەندەڵى و كەمو كوڕى لە پرۆسەى حوكمڕانى دا لە هەرێمى كوردوستاندا .ئەمەو چەندان دەسكەوتى تر بەرهەمى ئەو جوڵانەوەیە خۆڕسكەبوون كە پێویستە هەمووساڵێك ئازادى خوازانى كوردوستان یادى بكەنەوە بە رۆژانێكى مێژووى باسى لێوە بكەن وەدڵنیاش بین لەوەى كەڕۆژێك دێت درەنگ یان زوو تاوانبارانى ڕووداوەكانى ئەو ڕۆژانەو ڕۆژانى پێشترو دواتریش ئەبێت بێنە بەردەم دادگا و باجى تاوانەكانیان بدەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست