کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رکرده له‌نێوان بردنه‌وه‌ی مێژو و دۆڕاندا

Sunday, 16/11/2014, 12:00


كامەران گوڵپی

له‌ دونیادا دوو رێچکه‌ هه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌ستی یه‌که‌میان فیداکاری و خۆنه‌ویستی ده‌وێت دوەمیان خۆویستی و فرۆشتنی خودی ده‌وێت!
به‌ڵێ هه‌مان رێسا کاربه‌ده‌ستان و فه‌رمانڕه‌وایانی میلله‌تیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ پشت مێزی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ن ده‌بێت یه‌کێک له‌م دوو رێگایه‌ هه‌ڵبژێرین یان بردنه‌وه‌ی مێ
ژوو یان دۆڕاندنی خود.
لێره‌وه‌ ده‌کرێت باس له‌ گه‌وره‌یی و لێزانینی که‌ڵه‌ پیاوان بکه‌ین له‌ مێژوودا که‌ چۆن مێژووی سه‌روه‌ریان بۆ خۆیان تۆمارکرد، بۆ نمونه‌ غاندی که‌ سه‌رکرده‌و سه‌رمه‌شقی سه‌ربه‌خۆ خوازانی سه‌رده‌می خۆی بوو له‌ هندستان به‌رامبه‌ر به‌ داگیرکاری بریتانیا له‌ سه‌ندنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌که‌ی به‌بێ وچان.
له‌ ئه‌فریقیای باشور نیڵسۆن ماندێلا که‌ نمونه‌ی به‌رخۆدان و فه‌نابوون بوو بۆ نه‌هێشتنی جه‌ور و سته‌می سپی پێسته‌ نه‌ژاد په‌رسته‌کان که‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌که‌ی پیاده‌ ده‌کرا، ئه‌م که‌ڵه‌ پیاوه‌ توانی به‌ به‌خشینی پیرۆزترین و به‌ به‌هاترین کاڵا که‌ ته‌مه‌نیه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی بۆ گه‌لی ئه‌فریقی به‌ده‌ست بهێنێت و دوای ئازادبوونی له‌ زیندان و پاش به‌سه‌ربردنی (27) ساڵ له‌ ته‌مه‌نی له‌ زینداندا گه‌لی باشور هه‌ر ئه‌ویان هه‌ڵبژارد به‌ سه‌رۆکی خۆیان، چونکه‌ سازشی نه‌کرد به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی ئازادی و سه‌ربه‌ستی!!
له‌ مێژووی کوردستانیشدا که‌ڵه‌پیاوی وه‌کو پێشه‌وا قازی توانی به‌ وه‌ستانی به‌رامبه‌ر به‌ په‌تی سێداره‌ مێژووی پڕ شکۆ بۆخۆی و نه‌ته‌وه‌که‌ی تۆماربکات و بیسه‌لمێنێت به‌ رژێمی په‌هله‌وی که‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد شایسته‌ی له‌وه‌ زیاتره‌.
له‌ سه‌رده‌می نوێی هاوچه‌رخی خۆشماندا به‌رێز عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان توانی به‌ به‌رخودان له‌ ئیمراڵیه‌وه‌ درێژه‌ به‌و رێبازه‌ پڕ شکۆیه‌ی دونیای سه‌ربه‌ستی بدات و زیندان بۆخۆم ئازادی و سه‌ربه‌ستی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌م بدات به‌ گوێی دوژمناندا و زیندویه‌تی ئه‌م گه‌له‌ له‌م سه‌ده‌یه‌دا بپارێزێت!!
به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌رده‌می کۆیلایه‌تی و بێنرخی مرۆڤه‌کان له‌ نیوه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا پێش هاتنی ئیسلام کۆیله‌یه‌کی ره‌ش پێستی وه‌کو بیلال توانی به‌ به‌رخۆدان و سازش نه‌کردن سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت و مێژوویه‌ک بۆ خۆی تۆماربکات!!
له‌ هه‌مان سه‌رده‌مدا کۆیله‌یه‌کی ره‌ش پێستی هاوشێوه‌ی بیلال که‌ ناوی وه‌حشی بوو به‌ فرۆشتنی به‌ها ئه‌خلاقیه‌که‌ی خۆی وه‌کو مرۆڤ توانی سه‌ربه‌ستیه‌کی شه‌رمنانه‌- به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام ئه‌و دوو رێچکه‌یه‌ ته‌واو جیاوازن له‌یه‌ک هه‌رچه‌نده‌ له‌ یه‌ک سه‌رده‌مدا روویانداوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت مرۆڤه‌ ئازادیخوازه‌کان رێچکه‌ی به‌رخۆدان و نه‌پسان هه‌ڵبژێرن.
ئه‌گه‌ر بڕیاربێت ناو و کردارمان له‌ مێژوودا بمێنێته‌وه‌ ده‌بێت دۆڕانمان قبووڵبێت له‌ به‌رامبه‌ر رازیکردنی حه‌ز و پیاهه‌ڵدانی دوژمنان له‌ به‌رامبه‌ر بردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی گه‌لدا، چونکه‌ مانه‌وه‌ له‌ دڵی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و مێژوودا پێویستی به‌ هه‌ڵوێست و فه‌نا بوونی جه‌سته‌ هه‌یه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا رێڕه‌وی دوه‌م که‌ دۆڕان و ون بوونه‌ له‌ مێژوودا پێویستی به‌ دڵ راگرتنی ناحه‌زان و گیرۆده‌ بوون به‌ پلانی مه‌رامه‌ گڵاوه‌کانی ئه‌وان هه‌یه‌!!
خوێندنه‌وه‌ و رامان له‌ ژیانی که‌ڵه‌ پیاوانی- جیهان یه‌کێکه‌ له‌ مه‌رجه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی که‌سی سه‌رکرده‌ و بڕیار به‌ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ ژێر روناکی هه‌ڵوێستی ئه‌واندا درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆی بدات و به‌خشینی حه‌ز و خۆشیه‌کانی ژیانی به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌ی ته‌نانه‌ت نواندنی یه‌ک هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ داگیرکه‌ر بۆ تۆمارکردنی مێژووی سه‌روه‌ری بۆ خۆی، چونکه‌ ژیان هه‌له‌-و ده‌بێت سه‌رکرده‌ له‌ هه‌ل بگه‌ڕێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی و سه‌ربه‌رزی گه‌له‌که‌ی.
به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حه‌زی پاوان خوازی و خۆپه‌رستی زاڵ بوو به‌سه‌ریدا له‌ بیرکردنه‌وه‌ و کرداریدا ئه‌وا بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌گه‌ڵ نه‌مانی جه‌سته‌یدا نامێنێت و له‌ مێژووشدا دێڕێکی بۆ ته‌رخان ناکرێت له‌ رووپه‌ڕه‌که‌یدا.
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ باسکران و ناویان له‌ مێژوودا تۆمارکراوه‌ و ده‌کرێت دۆڕانی حه‌زو جه‌سته‌ی خۆیان قبووڵ بووه‌ له‌ پێناو بردنه‌وه‌ی مێژوو نه‌ته‌وه‌دا.
که‌واته‌ مرۆڤه‌کان به‌گشتی و سه‌رکرده‌کان به‌تایبه‌ت له‌ نێوان یه‌ک بردنه‌وه‌ و یه‌ک دۆڕاندان، بۆیه‌ سه‌رکرده‌ی هۆشیار کار له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی مێژوو ده‌کات و دۆڕانی جه‌سته‌یی به‌لاوه‌ ئاساییه‌.
به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ عه‌یش و نۆشدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن مێژوو تۆماری ناکات که‌ چه‌ند بلیمه‌ت بووه‌ له‌ رابواردن و خواردن و خواردنه‌وه‌دا، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی ته‌نها بۆ ساتێک له‌به‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی ئازاری چه‌شتبێت هه‌موو ته‌مه‌نی به‌ خه‌بات و تێکۆشان بۆ تۆمارده‌کرێت.
جیهانی براوه‌کان- پڕیه‌تی له‌ که‌ڵه‌پیاوی نیشتمانپه‌روه‌ر و که‌م وێنه‌!!
جیهانی دۆڕاوه‌کانیش -پڕیه‌تی له‌ کۆیله‌ و بانده‌ی حه‌ز و ئاره‌زوی مانه‌وه‌ که ‌نمونه‌ی دیکتاتۆره‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ن که‌ مێژوو ده‌یانسڕێته‌وه‌ و تۆماری رۆژێکی نوێ ده‌داته‌ گه‌لانی ئازادیخواز.
ئەوانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ سه‌رکردایه‌تی دونیای دیموکراسی- ده‌که‌ن له‌ به‌ره‌ی براوه‌‌کانن له‌ مێژوودا، چونکه‌ حه‌زی خۆده‌رخستن و که‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێل نه‌بوه‌ته‌ خولیایان، به‌ڵکو رازیکردنی گه‌ل و به‌ده‌ست هێنانی مافی تاکی وڵاته‌که‌یان پاڵی پێوه‌ ناون هه‌تا به‌شداری له‌ کاری سیاسی بکه‌ن.
بۆ نمونه‌ له‌ به‌ریتانیا کاتێک هه‌ڵبژاردن کرا دیڤد کامیرۆن- به‌ سه‌رۆک وه‌زیران هه‌ڵبژێردرا، بۆ به‌یانیه‌که‌ی له‌ به‌رده‌م ماڵه‌که‌یدا ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌ رۆژنامه‌نوس و که‌ناڵه‌کان ئاماده‌بوون یه‌که‌م وته‌ی لێ وه‌رگرن دوای ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام به‌ جل و به‌رگی ئاسایی خۆی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی من لێره‌ به‌رپرسیاری ماڵه‌که‌ی خۆمم هیچ لێدوانێک ناده‌م هه‌رکات چوومه‌ شوێنی کاره‌که‌م له‌وێ چاوپێکه‌وتن ده‌که‌م!!
بۆیه‌ به‌ سواری پاسکیله‌که‌ی چوو نانی به‌یانی کڕی و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌!!
ئه‌مه‌ی که‌ ئێمه‌ باسی ده‌که‌ین له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدایه‌ و ئه‌فسانه‌ نیه،‌ به‌ڵکو که‌سێکی دیموکراسی- یه‌ و پۆست و پله‌ی بۆ خزمه‌تکردن به‌کارده‌هێنێت.
به‌ڵام له‌مه‌ڕ خۆمان و له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناویندا کاتێک که‌سێک ده‌بێته‌ سه‌رکرده‌ یان فه‌رمانڕه‌وا راسته‌وخۆ هه‌موو ئامڕازو ئامێری میلله‌ت و وڵات ده‌که‌ونه‌ ژێر رکێفی فه‌رمانڕوا- و حاشیه‌ و دارو ده‌سته‌که‌ی، بۆیه‌ ده‌بێت گیانی دیموکراسی بچێنرێت- له‌ ناخی تاکی کوردیدا به‌ سه‌رکرده‌ و هاوڵاتیه‌وه‌ ئه‌وکات ئه‌وه‌ گه‌له‌ سه‌رکرده‌- دروست ده‌کات و هه‌ڵیده‌بژێرێت نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە