کێ به‌رپرسیاره له نه‌بوونی موچه‌و قه‌یرانی بانک
Sunday, 16/02/2014, 12:00
2009 بینراوە
"بیل گه‌یتس"ه‌کانی کورد ده‌ستی حکومه‌ت ده‌گرن
پارهلادهران پیسخۆرییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێناوه نه‌ک بوژانه‌وه‌ی ئابوریی
************************************
دوای ئه‌وه‌ی که موچهنهدان ده‌ستی نایه بینی موچه‌خۆرانه‌وه، شه‌پۆلی ناڕه‌زایی ههنگاوێکی جدیی نا. چه‌ند خۆپیشاندانێک دروست بوو. مامۆستایان ده‌ستیان له وانه‌وتنه‌وه هه‌ڵگرت. فه‌رمانبه‌رانی کاره‌با هه‌ڕه‌شه‌ی کاره‌با کوژانه‌وه‌یان کرد. جۆری ئه‌م ناڕه‌زاییانه سروشتی توڕه‌ییان هه‌بوو. چونکه ئیتر پیسخۆریی خه‌ریکه ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی که ببێت به مه‌ترسییه‌کی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ژیانی موچه‌خۆران که به ڕه‌نجی شانی خۆیان ده‌ژین و که‌چی پاره‌ی هه‌قی کاره‌که‌یان نادرێت.
جه‌ماوه‌ری کورد نیووه‌ی به‌رپرسیاریی قه‌یرانه‌کانی به‌رده‌که‌وێت. ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ بۆچی ئه‌وه‌نده بێ ئاگا، بێ خه‌م و بێ هه‌ڵوێستن که رێگا بده‌ن کار بگاته سه‌ر ئه‌وه‌ی تا ناهه‌قییه‌کان نه‌بن به مه‌ترسییه‌کی راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ژیانیان خه‌به‌ریان نه‌بێته‌وه. ئه‌مه نموونه‌یه‌که له‌و ئاکامه مه‌ترسیدارانه‌ی که له داهاتوودا یه‌خه‌مان ده‌گرن له بواری سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و چارهنوسییدا.
کارمه‌نده‌کان موچه‌کانیان خێر نییه پێیان ده‌که‌ن. پاره‌ی کاره‌کانیان له راستییدا هه‌یه. به‌ڵام ئایا ئه‌و پارانه روو له کوێ ده‌که‌ن و ده‌چنه گیرفانی کێوه؟
لای هه‌موو که‌سێک ئاشکرایه که ژماره‌یه‌ک ده‌سته‌ڵاتدار له رێگای چه‌ند کۆمپانیایه‌که‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر داهاتی نه‌وت و ژیانی ئابوریی کۆمه‌ڵی کورددا گرتووه. ئه‌م "ده‌سته‌ڵاته کۆمپانیا"یانه بازرگانیی، سامان و داهاتی نه‌وتیان داگیر‌و تاڵان کردووه. بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هوتێل، خه‌سته‌خانه، بازاڕ‌و پڕۆژه‌ی خان‌و ... هتد دروست ده‌که‌ن و پاره‌ی ناو بانکهکانیشیان پێ راده‌کێشن. له لایه‌که‌وه پاره‌ی میلله‌ت له هه‌ده‌ر ئه‌ده‌ن و له لایه‌کی تره‌وه کۆمه‌ڵگای کورد ده‌خه‌نه قه‌یرانێکی کوشنده‌وه. تا ئه‌و راده‌یه‌ی که ئیتر پاره‌ی هه‌قی کاری کارمه‌ندانیش هه‌ڵده‌لوشرێت. به‌ڵام کاتێک قه‌یرانه‌که ده‌بێته مه‌ترسیی بۆ سه‌ر پارهخۆران خۆیان، ناچارده‌بن بڕێک له‌و پارانه به قه‌رز بگه‌ڕێننه‌وه بۆ بانک بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی لێ بدرێت. میدیاکانی ده‌سته‌ڵات و کۆمپانیا ئه‌م چاوقایمییهیان به ناوی هه‌ڵمه‌تێکی "نیشتیمانیی"یه‌وه بڵاوکرده‌وه. سایتی خه‌ندان ده‌نوسێت:
"نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (12ی شوباتی 2014) به‌شێك له وه‌به‌رهێنه‌رانی شاری سلێمانی و یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران و ژووری بارزگانی سلێمانی، بڕی 100 ملیار دیناریان وه‌ك قه‌رز دایه بانكی هه‌رێم له سلێمانی،.."
له هه‌موو دنیادا حکومه‌ت پاره به سوویه‌کی که‌م ئه‌دات به بانکه ئه‌هلییه‌کان. ئه‌وان به ده‌وری خۆیان پاره‌که ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه. حکومه‌ت وه‌کو گه‌ره‌نتییه‌ک له پشت ئه‌م بانکانه‌وه وه‌ستاوه. هه‌ر کاتێک بانکێک بکه‌وێته قه‌یرانه‌وه حکومه‌ت دائه‌به‌زێت. به‌ڵام له کوردستان حکومه‌ت له پاره‌کانی خۆی خێری پێ ده‌کرێت.
هه‌موو کوردێک پێویسته له خۆی بپرسێت چۆن ئه‌م هه‌موو پارانه لای ئه‌م چه‌ند که‌سانه کۆبۆته‌وه؟
ئه‌م که‌سانه و کۆمپانیاکانیان گومانی تیا نییه که به رێگایه‌کی سروشتیی پاره‌دار نه‌بوون. هیچ که‌سێک له‌وانه "بیلگهیت" نییه. خاوه‌نی داهێنان نین له بواری ئابورییدا.
دروستبوونی ئه‌م جۆره کۆمپانیایانه و کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م پارانه له ده‌ستی ئه‌م پارهلادهرانهدا هیچ پێشکه‌وتنێکی ئابورییان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌هێناوه بۆ کۆمه‌ڵگای کورد. به پێچه‌وانه‌وه، پرۆسه‌ی دروستبوونی ئه‌مانه له هه‌مان کاتدا پێویستی به پیسخۆریی هه‌بووه، یاسا‌و موراڵی ئابوریی و بازاڕی زیاتر تێکداوه. ئه‌م پارانه ئه‌و پارانه‌ن که له میلله‌ت ده‌برێن. رێگای حه‌رام و پیسخۆریی نه‌بێت هیچ یاسایه‌کی ئابوریی نییه که پاره‌یه‌کی وا زۆر له ده‌ستی ژماره‌یه‌کدا کۆبکاته‌وه. ئه‌م قه‌رزه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت که پاره‌کان ژماره‌یه‌ک که‌سی دیاریکراو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه. ژیان و چاره‌نوسمان وه‌کو کارتی قومار له ده‌ستی ژماره‌یه‌کدا یاریان پێ ده‌کرێت. کێ به‌رپرسیاره؟
ئێمه له بزووتنه‌وه‌ی کۆنتراکت یه‌کێک له یاساکانی تێگه‌شتنمان ئه‌مه‌یه:
"نیووه‌ی ئه‌وه‌ی روو ده‌دات لایه‌نه‌که‌ی تر ته‌واوی ده‌کات." ئه‌گه‌ر تۆ مه‌ڕ نه‌بیت شوانیشت نابێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که هه‌ڵه‌یه به‌رپرسیاریی به ته‌نها بخرێته سه‌ر شانی ده‌سته‌ڵاتداران. هه‌ر که‌سه له ئاستی خۆیه‌وه حه‌ماڵ بێت یان فه‌رمانبه‌ر پێویسته:
خۆی به خاوه‌نی وڵات بزانێت
به پێی خۆی هه‌ڵوێست بگرێت
نه‌چێته ده‌نگدانێکه‌وه جێگای بڕوا نه‌بێت
بۆ پاره ویژدانی خۆی نه‌فرۆشێت
که‌لوپه‌لی حه‌رام و دزراو نه‌کڕێت
ئه‌گه‌ر قه‌یرانی کوردستان خه‌تای ده‌سته‌ڵات بێت ئه‌وا بهرلێنهگرتن و سنوردانهنان بۆ ئه‌م خراپه‌کارییانه خه‌تای تۆی جه‌ماوه‌ره. کۆنتراکت لای وایه که:
ده‌سته‌ڵاتێکی خراپ بێتوانایی گه‌له‌که‌یه‌تی
پێویسته جه‌ماوه‌ر ده‌سته‌ڵات بخاته ده‌ستی خۆیه‌وه، نوێنه‌ر له که‌شێکی ئازاد‌دا هه‌ڵبژێرێت و بشتوانێت لایان ببات. تا ئه‌و کاته دڵنیابن هه‌ر له قه‌یران و مه‌ترسیدا ده‌بن.
ناسر حه‌فید
سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆنتراکت
2014-02-13
[email protected]