د.شاهۆ سەعید، تكایە لەپەرلەمان باسی ئەم پارە دزراوەش بكەن
Thursday, 01/04/2010, 12:00
لەم رۆژانەدا بەڵگەیەكی دیوانی چاودێری دارایی هاتە بەردەستم كە لەڕێگەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە داوا لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكانی سلێمانی دەكات كە ئەو بڕەپارەیەی وەك غرامە بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا دراوە كە لەكارەكانیاندا سەركەوتوو نەبوون یان دواكەوتوون و لەلایەن وەزارەتی شارەوانیەوە غرامە كراون.
لەو نووسراوە نهێنی یەدا كە ژمارە 217و لە19/5/2008دا كراوە و بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە، یەكێكە لەراپۆرتەكانی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی ئیدارەی پێشووی سلێمانی، تێیدا هاتووە: ئاماژە بەنووسراوتان نهێنی(واتە نووسراوی نهێنی ئەنجومەنی وەزیران) ژمارە2739لە4/11/2007، هاوپێچ راپۆرتی چاودێری دارایی لەسەر پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی ئیدارەی پێشووی سلێمانی بۆ ساڵی 2003-2005دەنێرین بۆ بەڕێزتان، تكایە بفەرموون بەئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكانی سلێمانی بۆ جێ بەجێ كردنی تێبینی یەكانمان، بەتایبەتی وەرگرتنەوەی غرامەی دواكەوتنی پرۆژەكان كە لەكاتی خۆیدا لەكۆمپانیا و بەڵێندەرەكان وەرنەگیراوە، كە بڕكەی بریتییە لە270530525دینار-تەنها دوو سەد و حەفتا ملیۆن و پێنج سەد و سی هەزار و پێنج سەد و بیست و پێنج دینارو 603667دۆلار- تەنها شەش سەد و سێ هەزار و شەش سەد و شەست و حەوت دۆلار، وە هەروەها پابەندبوونیان لەداهاتوودا بۆ رێنمایی جێ بەجێكردنی پرۆژەكان.
كێشەی من لەگەڵ ئەم راپۆرتەدا ئەوە نییە كە ئەو كۆمپانیایانەی لەو ماوەدا غەرامە كراون لەسەرچی غەرامە كراون وەكو لەو راپۆرتە 22لاپەڕەییەدا هاتووە، بەڵكو ئەوەی من مەبەستمە تا ئێستا ئەو پارە وەك ئیرادات نەگەڕاوەتەوە خەزێنەی دەوڵەت، چونكە كاتێك لەبەڕێوەبەرێكی گشتیم پرسی لەو بەڕێوەبەرێتییە و هەر لەگەڵ ناوی نووسراوەكەم هێنا یەكسەر وتی: برام ئەوە باسی چی دەكەی، ئەو كۆمپانیایانە هەر یەكەیان مەسئولێكی بەڕێزی لەپشتە، بەشێكی ئەو كۆمپانیایانە لەگروپی كۆمپانیای نۆكانن، كە سەر بەئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، جا چ قورەتە ناویئەو پارەیە بهێنرێت، بەڵكو ئەو راپرتەش وەكو هەموو ئەو راپۆرتانەیە كە خەوێنراون و كەس نایەت بەلایاندا.
ئالێرەوە داوا لەد.شاهۆ سەعید دەكەم ئەم راپۆرتەشیان بیر نەچێت و ئەم پارە مۆڵەش كە لەقوڕگی حوتەكانی كوردستاندایە بیهێننە دەرەوە و بیخەتنە بەرنامەی كاریانەوە، چونكە دڵنیام هەر رۆژەی بڕێك پارەی مۆڵی دزراو لەكون و كەلەبەرێكی ئەم هەرێمە دێتە دەرەوە، ئەویش بەهەوڵ و هیمەتی ئێوەو برادەرەكانی فراكسیۆنی گۆڕانە لەپەرلەمانی كوردستان.
دەی برادەرانی فراكسیۆنی گۆڕان هیمەتێ بكەن ئەو زیاتر لە270 ملیۆن دینار و 603 هەزار دۆلارە، كە نزیكەی 100دەفتەر دۆلار دەكات لەقورگی ئەو حوتانە بهێننە دەرەوەو بچن بەدوایدا بزانن لەگیرفانی كۆمپانیا وەهمی یەكانی كوردستاندایە یان لەگیرفانی ئیدارەی گشتی یەكێتیدایەو بۆ چەند مەسئولێكی حزبەكەی سەرفكردووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست