کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دواى 24 ساڵ گەشبینى ....حەیف بۆ یەكێتیی !

Tuesday, 26/05/2009, 12:00


پێش 24 ساڵ لەمەوبەر، سەرەتاى بەهارێكى خۆشبوو لە بنارى شاخى كێوەڕەشى رانیە ى هەمیشە جێ ژوانى تێكۆشەران و عاشقانى رێی ئازادى هاوڕێَیەكى گەنجى روح سوكى شارەكەم (كاك عەلى حەمە شەریف) باسى پێشمەرگەو گەورەیى كۆمەڵە و وەزعى یەكێتیی و كوردستانى دابەشوداگیركراوى بۆ دەكردم ، یەكەم جاربوو ئاشناى هەندێ زاراوەى وەكو پرەنسیپ و بەرژەوەندى گشتى و دەم و دەست و داوێن پاكى و هەندێ وشەى تر ببم ، دواى تەنها دوو رۆژ داواى پەیوەندى كردنمى كرد بۆ ریزەكانى رێكخستنى كۆمەڵە منیش راستەوخۆ قبوڵم كرد چونكە ئەوەندە گەشبینی وحەماسەتم لەو هاوڕێیەمدا بەدى كرد كە هەركەسێكى تریشبایە هەر هەمان ڕەئی دەبوو ، من 24 ساڵە پەیوەندیم لەگەڵ ئەو برادەرە خۆشەویستەمدا نەپساوە ، بەردەوام لەیەكترى ئەپرسین ، زۆر جار گللەیی و رەشبینیەكانى ناو دڵى خۆمم بۆ هەڵدەڕشت كەچى ئەوهەمیشە بەهارى دەهێنایە سەر چۆكان ، بەردەوام ویەكبین لە تێكۆشان و لە ناو ڕیزەكانى رێكخستندا كارى كردوە ، لە ناو رانیە و تێكۆشەرانى دەروازەى راپەریندا نموونەى كەسێكى كاراو هەڵسوڕاو ودەم و دەست و داوێن پاكى بوو ، لە رێكخستنە دێرینەكانى شار و دەیان كەسی لە رۆژگارە سەختەكاندا بۆ ریزەكانى رێكخستن راكێشاوە ، لە رۆژانى پێش راپەرین و دەرپەڕاندنى بەعسدا رۆڵێكى دیار و بەرچاوى هەبوە و لێرسراویەتى چەندین شانەى چەكدارى بروسكى لە ئەستۆدا بوە كە خۆشبەختانە هێشتا هەموومان لە ژیاندا ماوین ، لە دوایین پەیوەندى تەلەفۆنیمدا بۆ ئەو برادەرەم هەواڵى ئیش و دەوامم لێى پرسی كە كادیرێكى هەڵسوڕاو خاوەن فكربوو لە رووناكبیرى مەكتەبى رێكخستن دەوامى دەكرد ، وبەدەم پێكەنینەوە وتى : وەڵا دەركراین ! لە بەر ئەوەى كار بۆ لیستى گۆڕان دەكەین .
گفتوگۆمان درێژەى كێشاو هەر گەشبین بوو ، هەستم كرد لەزەمەنى 24 ساڵ لەمەوبەردا دەژیم و لە سەرەتاوە ئەو برادەرەم تێهەڵچۆتەوە ، سەرسامم بە گەشبینیت ، سەرسامم بە نەفەس درێژى و راستگۆیت ، دواى 24 ساڵ لە تێكۆشان پێى وتم " لە هەنگاوى یەكەمداین رووەو ئازادى و حوكمى یاساو گێڕانەوەى سەروەرى بۆ گەل " .
حەیف بۆ یەكێتیی ، حەیف بۆ پەراوێزخستن و بەدەرنانى دڵسۆزانت ، داخم بۆ ئەو رۆژگارەى كادرى وا دڵسۆز و بلیمەتى وەك كاك عەلى و هاوشێوەكانى بەم دەردە ببرێن و جێگەیان بەكەسانى كاسە لێس و بودەڵە و ماستاو چى و بەرژەوەند پەرست پڕبكرێتەوە ، دڵنیام رێبازێك دڵسۆزانى ئاواى هەبێ هەر سەردەكەوێ .ئێمە لێرەوە شانازیت پێوە دەكەین و هەڵوێست و خۆگریت سەروەریەكى گەورەیە و جێگەى شانازى هەموو هاوڕێ دێرینەكانتى .
تێبینى /
ئەم چەند دێڕەم وەك وەفایەك بۆ دڵسۆزى و خەباتى كاك عەلى نووسیوە .
هاوڕێت / هاوڕێ رێبەر
رانیە - 25/5/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە