کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پلانى عیراق و توركیا و ئەمریكا شكستى هێنا لەدژى پەكەكە

Monday, 07/12/2009, 12:00


لەمیانەى لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەى شەرق الاوسەتى لەندەنى بڕیار گابار ئەندامى كۆمیتەى سیاسى كۆما جڤاكێن كوردستان پلانى توركیا و ئەمریكا و عێراق بەشكست خواردوو لەقەلەم دەدات
سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سیاسی دوایی له‌ تورکیا به‌ نیسبه‌تی کێشه‌ی کورد:
کۆما جڤاکێن کوردستان له‌ 2009-04-13ه‌وه‌ به‌ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌، ده‌ستی به‌ قۆناخێکی سیاسی نوێ کرد. ئه‌و هه‌نگاوه‌ی (که‌جه‌که‌) له‌ کوردستان، تورکیا و رای گشتی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا ره‌نگدانه‌وه‌یێکی گه‌وره‌ی کرد و حکومه‌تی تورکیا نه‌یتوانی بێ وڵام بمێنێته‌وه‌. که‌جه‌که‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئاگربه‌ست هه‌تا ئه‌مرۆ به‌ شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه‌ له‌ پێناوی به‌دیهاتنی ئاشتی و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد چه‌ندین هه‌نگاو و چالاکی تری به‌رێوه‌بردوه‌ که‌ ئه‌مه‌ش ناوه‌رۆکی سیاسه‌ته‌کانی تورکیای ئاشکراکرد.
دوای ئاگربه‌ستی که‌جه‌که‌ له‌ نێو رای گشتی و راگه‌یاندنه‌کان و دواتریش حکومه‌ت و به‌رپرسیارانی ده‌وڵه‌تیدا گفتوگۆیێک له‌ مه‌ڕ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ده‌ستی پێکرد. ئه‌م گفتوگۆیانه‌ که‌ له‌ مێژووی کۆماری تورکیادا جاری یه‌که‌مین بو له‌و ئاسته‌دا ده‌کرا، هیوایێک و چاوه‌روانییه‌کی له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا دروستکرد. حکومه‌ت پرۆژه‌یێکی به‌ ناوی کرانه‌وه‌ی کورد ئاماده‌کرد و وه‌زیری ناوخۆی تورکیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌رکدار کرا و ده‌ستیان به‌ چاوپێکه‌وتن له‌ گه‌ڵ سه‌رجه‌م ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کان کرد و دواتریش له‌ پارله‌مانی تورکیادا کۆبونه‌وه‌یێک بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌رێوه‌چو.
دوای ئه‌و کۆبونه‌وه‌ی پارله‌مانی تورکیا، ئیدی رووی راستی سیاسه‌ته‌کانی ئاکه‌په‌ و ده‌وڵه‌تی تورکیا ئاشکرا بو، که‌ له‌ چه‌ندین خاڵی سه‌ره‌کیدا ده‌توانین به‌و شێوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌ستنیشان بکرێت.
یه‌که‌م: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ حکومه‌تی تورکیا پێداگری له‌ سه‌ر ئه‌وه‌کرد که‌ له‌و قۆناخه‌ی وه‌کو چاره‌سه‌ری ناوی لێناوه‌، گه‌لی کورد و نوێنه‌ره‌کانی به‌ موخاته‌ب ناگرێت. نه‌ رێبه‌ر ئاپۆ، نه‌ په‌که‌که‌ و نه‌ ده‌ته‌په‌ ش بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ وه‌کو موخاته‌ب نابینێت و له‌ کۆتاییشدا بۆ خۆیان به‌ ئاشکرا ده‌ڵێن مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی پاکتاو کردنی په‌که‌که‌ یه‌. ده‌یانه‌وێت به‌ چه‌ند شتی رواڵه‌تی و سه‌ره‌راست کردنه‌وه‌ی ئیداری رای گشتی گه‌لی کورد بخڵه‌تێنن و گه‌لی کورد له‌ په‌که‌که‌ داببڕن.
دووه‌م: له‌ هه‌موو ئه‌و قۆناخه‌دا چ کاتێک باسیان له‌ ناوه‌رۆکی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامه‌ی کولتوری و نه‌ته‌وه‌یی کورد نه‌کردوه‌، به‌ڵکو کێشه‌ی کورد چه‌واشه‌ ده‌که‌ن و وه‌کو کێشه‌یێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ناوی ده‌که‌ن، که‌ به‌ چه‌ند سه‌ره‌راست کردنه‌وه‌ی ئیداری و چه‌ند پرۆژه‌یێکی ئابوری ده‌یانه‌وێت کوردان رازی بکه‌ن و له‌ داخوازییه‌ ئه‌ساسیه‌کانی خۆیاندوریان بخه‌نه‌وه‌.
سێیه‌م: له‌ ده‌ستوری تورکیادا که‌ هه‌مان ده‌ستوری کوده‌تای سه‌ربازی ساڵی 1980یه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌ر سێ ماده‌ی سه‌ره‌تای ئه‌و ده‌ستوره‌ که‌ چه‌مکی ته‌ک ده‌وڵه‌ت، ته‌ک نه‌ته‌وه‌، ته‌ک ئاڵا و ته‌ک زمان ده‌پارێزرێت چ گۆرانکارییه‌ک ناکه‌ن. به‌مشێوه‌یه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، کیانی سیاسی و ئیداری کورد و زمانی کوردی چ کاتێک ناکه‌وێته‌ ژێر گه‌ره‌نتی ده‌ستورییه‌وه‌.
چواره‌م: ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ هیچ شێوه‌یێک نایه‌وێت که‌ کۆتایی به‌ ئۆپه‌راسیونه‌کان بێنێت و شه‌ر راوه‌ستێنێت، به‌ڵکو به‌ ئاشکرا ده‌ڵێن هه‌تا یه‌ک په‌که‌که‌یی مابێت شه‌ر و ئۆپه‌راسیون درێژه‌ پێده‌ده‌ین و ته‌نیا رێگا بۆ په‌که‌که ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌سلیم ببن.
پێنجه‌م: له‌ راستیدا حکومه‌تی تورکیا ده‌یه‌وێت به‌ کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ند که‌س یان گروپێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ زووتر له‌ تێکۆشان دابراون و هه‌ڵهاتون و ئه‌و کوردانه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا ته‌سلیمی ده‌وڵه‌ت بونه‌ ئه‌و قۆناخه‌ به‌رێوه‌ببات و رای گشتی به‌وه‌ بخڵه‌تێنێت که‌ گوایا مافی کوردان ده‌دات.
شه‌شه‌م: ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ نه‌خشه‌یێک لایه‌نی نژادپه‌رستانه‌ و شۆڤێنی جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ که‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ی پارله‌ماندا ژینۆسایدی ساڵی 1937 و 1938ی دێرسیم وه‌کو نمونه‌یێکی گونجاو بۆ ئه‌مرۆش نیشانی کورد بده‌ن، کوردان به‌وه‌ بترسێنن و به‌ ئاکه‌په‌ رازیان بکه‌ن. له‌ راستیدا جیاوازییه‌ک له‌ نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا نیه‌ و جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ و ئاکه‌په‌ ئه‌و رۆڵه‌ ده‌گێرن که‌ بۆیان دیاری کراوه‌. ئاکه‌په‌ ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ی که‌ ده‌وڵه‌ت بۆی دیاری ده‌کات واژۆده‌کات. کاری ئاکه‌په‌ ته‌نیا واژۆکردن و جێبه‌جێ کردنه‌ به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ پرۆژه‌که‌ وه‌کو هی خۆی نیشان ده‌دات وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ دڵی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد لێده‌دات خۆی نیشانده‌دات و ده‌یه‌وێت رای گشتی گه‌لی کورد فریوبدات.
حه‌وته‌م: له‌ پرۆژه‌ی حکومه‌تی تورکیادا هه‌وڵدانێکی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی پاکتاوکردنی په‌که‌که‌ دا پێگه‌ی باشوری کوردستان و هێزه‌ سیاسیه‌کانی باشور به‌ کار بێنێت. دیاره‌ گه‌لی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێستن.‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و یه‌کیتی و پارتی له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌تا ئێستا باس له‌وه‌ ده‌که‌ن‌ که‌ له‌ پیلانگێری دژ به‌ تێکۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی باکوری کوردستان جێ ناگرن، به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بکرێت که‌ سیاسه‌تی تورکیا له‌ مه‌ر گه‌لی کورد نه‌گۆراوه‌ و هه‌مان سیاسه‌تی کۆنی کورد له‌ دژی کورد به‌کارهێنان به‌رێوه‌ده‌بات و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆڵێکی داوه‌ته‌ باشوری کوردستان. ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێت که‌ سه‌ره‌رای بانگه‌شه‌کان چ گۆرینێکی بنه‌ره‌تی له‌ سیاسه‌تی تورکیادا به‌دیناکرێت و پێویسته‌ ئێمه‌ی کورد زۆر وشیار و هه‌ستیار بین.
‌ هه‌شته‌م: ره‌وشی رێبه‌ر ئاپۆ، که‌ سه‌ره‌رای بانگه‌شه‌کانی حکومه‌تی تورکیا له‌ مه‌ر باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی، گۆشه‌گیرییه‌کی دژوارتری به‌ سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و هه‌وڵ له‌ نێوبردنی ده‌درێت.
دیاره‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ رواڵه‌تدا هێشتاش باسی کرانه‌وه‌ و شتی باش بۆ کوردان ده‌کرێت، به‌ڵام ناوه‌رۆک شتیکی تره‌ و پیلانی ته‌سفیه‌ و پاکتاو کردن و بێ ئیراده‌کردنی گه‌لی کورد و بزاڤه‌ ئازادیخوازه‌که‌ی به‌رێوه‌ده‌بات. له‌ راستیدا ناوه‌رۆک و رووی راستی سیاسه‌تی فریوده‌رانه‌ی ئاکه‌په‌ ئاشکرابو.
گرێدراو به‌ ره‌وشی دوایی رێبه‌ر ئاپۆ:
رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌وه‌ 11 ساڵه‌ له‌ ئیمرالی له‌ گرانترین بارودۆخی ژیانی و ئه‌شکه‌نجه‌یێکی سیستماتیک راده‌گیرێت. له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو زه‌خت و گوشارانه‌ی گه‌لی کورد و رای گشتی نێونه‌ته‌وه‌یی حکومه‌تی تورکیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که‌ چه‌ند که‌سی تر ده‌باته‌ ئیمرالی و ره‌وشی ژیانی رێبه‌رئاپۆ ده‌گۆرێت و باشتری ده‌کات. له‌ 2009-11-17 وه‌ شوێنه‌که‌ی بۆ زیندانی نوێ گۆردراوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌کانی تورکیا، له‌ چاوپێکه‌وتنی له‌ گه‌ڵ مه‌حامییه‌کانی باس له‌ قورستر کردنه‌وه‌ی بارودۆخی ژیانی ده‌کات و وه‌کو چاڵی مه‌رگ و هه‌وڵدانی کوشتن به‌ ناوی ده‌کات. زیندانی نوێ، ئه‌و دیوه‌ی که‌ تێدا ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نیا 6 مه‌تری دووجایه، سیستمی هه‌وا و نه‌فه‌س کێشان زۆر خراپه‌، هه‌موو ئیمکانه‌کانی له‌ نیوه‌ی زیندانه‌که‌ی رابردوو که‌متره‌. دۆخی ته‌ندروستی گه‌ییشتوه‌ته‌ ئاستێکی مه‌ترسیدار و گۆرینی شوێنه‌که‌ی به‌ کوده‌تا و چاڵی مردن ناوده‌بات.
وه‌ک ده‌زانن حکومه‌ت ده‌ستی به‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی رێگای رێبه‌رئاپۆ دا گرتوه‌، ئه‌وه‌ ماوه‌یێکه‌ پارێزنامه‌کانی قه‌ده‌خه‌ ده‌کرێن و کۆده‌کرێنه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت رێبه‌رئاپۆ بێده‌نگ بکه‌ن و ئێستاش رووبه‌رووی هه‌ره‌شه‌ی کوشتنی ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت ئیراده‌ی بشکێنن و له‌ که‌سایه‌تی ئه‌ودا ئیراده‌ی گه‌لی کورد بشکێنن. رێبه‌ر ئاپۆ ئومێدی ئازادی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌. بۆ ئێمه‌ و بۆ گه‌لی کوردیش نزیکایه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک بۆ رێبه‌رئاپۆ به‌ واتای نزیکایه‌تی بۆ گه‌لی کورد و کێشه‌ی کورده‌. رێبه‌ر ئاپۆ ته‌نیا پردێکه‌ که‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و ده‌وڵه‌تی تورکیادا ماوه‌ته‌وه‌. به‌ راستی حکومه‌تی تورکیا یاری به‌ ئاگر ده‌کات.
سه‌باره‌ت به‌ چالاکییه‌کانی کوردان له‌ باکوری کوردستان:
سه‌رهه‌ڵدان و چالاکی دیموکراتیانه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌ باکوری کوردستان و تورکیا له‌ ئاستی ساڵه‌کانی 1992 و 1999 دایه‌. کاردانه‌وه‌ی گه‌ل بۆ خاوه‌نداریتی له‌ رێبه‌رئاپۆیه‌. گه‌لی کورد رێبه‌رئاپۆ وه‌کو ئیراده‌ و هه‌بونی خۆی ده‌بینێت. رێبه‌رئاپۆ بۆ گه‌لی کورد هێڵی سوره‌. کوردان له‌ سیاسه‌تی دوورووی ئاکه‌په‌ عاجزن که‌ بانگه‌شه‌کانی و کرده‌وه‌کانی دژی یه‌کترن. ئه‌شکه‌نجه‌ و دژوار کردنی دۆخی رێبه‌رئاپۆ به‌ شێوه‌یێکی راسته‌وخۆ به‌ واتای دژوارییه‌ له‌ کێشه‌ی کورد و گه‌لی کورد.
گه‌لی کورد له‌ پیلانی ته‌سفیه‌ی ئاکه‌په‌ باش تێگه‌ییشتوه‌. هه‌ر بۆیه‌ش سیاسه‌تی بێکاریگه‌ر کردنی رێبه‌ره‌که‌ی وه‌کو لوتکه‌ی سیاسه‌تی ته‌سفیه‌ ده‌بینێت و به‌و تێگه‌ییشتنه‌وه‌ خاوه‌نداریتی لێده‌کات. گه‌لی کورد رێبه‌رئاپۆ به‌ موخاته‌بی چاره‌سه‌ری پرسی کورد ده‌بینێت، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و بکات، به‌ واتای شێوه‌ی نزیکبونه‌وه‌یه‌تی له‌ گه‌لی کورد. دیاره‌ خاوه‌نداریتی له‌ رێبه‌رئاپۆ تێکۆشانی پوچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانگێرییه‌یه‌. ئه‌و تێکۆشانه‌ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه و هه‌موو کوردێکی وڵاتپارێز له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان پێویسته‌ به‌ ده‌رککردن به‌و ئه‌رکه‌ خاوه‌نداریتی له‌ رێبه‌رئاپۆ بکات.
سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌مه‌ریکا:‌
سه‌ردانی ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌و دانیشتنه‌ی له‌ گه‌ڵ ئۆباما گرینگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌. هه‌ر دوولا کۆمه‌ڵێک داخوازیان له‌ یه‌کتر هه‌یه‌. به‌ تایبه‌تی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی په‌که‌که‌ داوای یارمه‌تی له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌کات. هاوپه‌یمانی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و عێراق له‌ 2009-11-5 له دژی په‌که‌که‌ له‌‌ هه‌موو رویێکه‌وه‌ شکستی هێنا. تورکیا و ئه‌مه‌ریکاش باش ده‌زانن که په‌که‌که‌ و کێشه‌ی کورد به‌ شه‌ر و رێبازی له‌شکه‌ری کۆتایی نایێت. په‌که‌که‌ له‌ جوگرافیای چیایی چوار پارچه‌ی کوردستاندا بڵاو بوه‌ته‌وه‌ و به‌ ملێۆنان جه‌ماوه‌ری له‌ پشته‌وه‌یه‌.
دوای هاتنه‌ سه‌رکاری ئۆباما، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا زۆر بانگه‌شه‌ی ئاشتی و دیموکراسی ده‌کات. ئۆباما خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبلی وه‌رگرتوه‌. ئۆباما به‌و دانیشتنه‌ی له‌ گه‌ڵ سه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی ئه‌حمه‌د تورک، چاوه‌روانییه‌کی له‌ نێو گه‌لی کورددا به‌دیهێناوه‌. ئێستا ئێمه‌ وه‌کو گه‌لی کورد و بزاڤی ئازادیخوازی گه‌لی کوردستان، چاودێری ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ داخۆ به‌رێز ئۆباما ده‌بێته‌ هاوکار و یارمه‌تیده‌ری سیاسه‌تی نکۆڵی کردن و قرکردنی رژێمی تورکیا له‌ دژی گه‌لی کورد یان به‌ گوێره‌ی بانگه‌شه‌کانی خۆی، رۆڵی رێخۆشکه‌ر ده‌بینێت له‌ چاره‌سه‌ری دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد. ئه‌مه‌ریکا پێویسته‌ بزانێت که‌ شه‌رتی دژایه‌تی گه‌لی کورد له‌ رابردوو زۆر لاوازتر بوه‌ته‌وه‌ و ئیدی نه‌ گه‌لی کورد و نه‌ کۆمه‌ڵگای تورکیاش شه‌رته‌کانی رابردوو ته‌حه‌ممول ناکات. بۆیه‌ش چاوه‌روانی و بانگه‌وازیمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌رێز ئۆباما به‌ جێی ملکه‌چکردن بۆ تورکیا، زه‌خت بخاته‌ سه‌ر تورکیا بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد.‌
سه‌باره‌ت به‌ دۆزی داخستنی ده‌ته‌په‌ له‌ 2009-12-8:
دۆزی داخستنی ده‌ته‌په‌ له‌ ساڵی 2007 وه‌ له‌ رۆژه‌ڤدایه‌. ئامانجی سه‌ره‌کی حکومه‌تی تورکیا لاواز کردن و بێ ئیراده‌ کردنی ده‌ته‌په‌ یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش به‌ سه‌دان کادێر و به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و پارتییه‌یان خستوه‌ته‌ زیندان. به‌ هه‌موو شێوه‌یێک زه‌ختی لێده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌و زه‌ختانه‌ هیچکامه‌ی نه‌یتوانیوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و پارتیه‌ کاریگه‌ر بێت بۆیه‌ ئێستاکه‌ش له‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌ی داخستن دایه‌. که‌وتنه‌ رۆژه‌ڤی ئه‌و دۆزه‌ به‌ واتای هه‌ڵوێستی به‌ ئیراده‌ و به‌ که‌رامه‌تی ئه‌و پارتیه‌یه‌.
له‌ 90ه‌ کانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌ر له‌ ده‌ته‌په‌، 5 پارتی سیاسی کوردان داخراون، به‌ ده‌یان ده‌زگا و کۆمه‌ڵه‌ و گۆڤار و رۆژنامه‌ و... داخراون. به‌ یه‌ک که‌لام، تورکیا وه‌کو قه‌برستانی ده‌زگا دیموکراسییه‌کانی لێهاتوه‌. به‌ سه‌دان جار ئه‌و رێبازه‌ تاقیکراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نه‌ تێکۆشان راوه‌ستاوه‌ و نه‌ کێشه‌کانیش چاره‌سه‌ر بونه‌ و یان که‌مبونه‌ته‌وه‌. له‌م بواره‌وه‌ داخستنی ده‌ته‌په‌، درێژه‌پێدانی عاده‌تێکی کۆنی ئانتی دیموکراتیانه‌ی بێ ئه‌نجامی تورکیایه‌.
داخستنی ده‌ته‌په‌ به‌ واتای کۆتاییهاتنی رێبازی سیاسی و ده‌رفه‌تی سیاسه‌تی دیموکراتی یه‌ بۆ گه‌لی کورد له‌ تورکیا. ده‌ته‌په‌ پارتییه‌کی یاساییه‌ و له‌ پارله‌مانی ئه‌و وڵاته‌دا گروپی هه‌یه‌. هێرش له‌ سه‌ر ده‌ته‌په‌ به‌شێکی پیلانی ته‌سفیه‌ی ئاکه‌په‌ یه‌ له‌ دژی گه‌لی کورد. ئه‌گه‌ر بریاری داخستن بدرێت کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر ره‌وشی سیاسی باکوری کوردستان و تورکیا ده‌بێت و رێبازی تێکۆشانی سیاسی و دیموکراتیانه‌ توشی چه‌قبه‌ست ده‌بێت.
له‌و باوه‌ره‌داین که‌ ده‌ته‌په‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ره‌شه‌یێکی به‌و شێوه‌یه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست ده‌بێت. له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا باسده‌کرێت که‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بریاری داخستن ده‌رکه‌وێت پارله‌مانتارانی ده‌ته‌په‌یی له‌ پارله‌مان ده‌کشێنه‌وه‌. گه‌لی کوردیش به‌و په‌ری هه‌ستیارییه‌وه‌ چاودێری ئه‌و قۆناخه‌ ده‌کات و هه‌ڵوێستی دیموکراتیانه‌ی خۆی ده‌نوێنێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە