کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێكهێنانی حکومەت لە ئێستادا بۆ؟

Wednesday, 23/04/2014, 12:00


گۆڕان وەك پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و سرۆشتی پێوست و پڕ بەبایەخە، لێ وەك حزب و دروشم کارێکی باش نیەو ئاکامی خراپ بەدوای خۆی بۆ کۆمەڵگا دێنێ. کاتێ گۆڕان وەك پرۆسە باس ئەکەین، وەك ئەوە وایە باسی ئایین بکەین، چۆن؟ ئایین خۆی کۆمەڵێ ئایدیا و بیرو بۆچون و پێشنیارن کە ڕەنگە هەندێکیان باش و هەندێکیان دوور بن لە دەرکەوتەی مرۆڤ و ئەو ژنیگەیەی تیایەتی.، لێ کاتێك هەر هەمان ئایین کە ئەبێ بە بزاوتێکی سیاسی و ئەچێتە ناو قەوارەیەکی سیاسیەوە، چیدی ئەو مانایە نابەخشێ و چی تر مانای ئایین لەخۆ ناگرێ(حزب اڵلە،ئەلقاعدە،بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵەی ئیسلامی و جوندو ئیسلام وچەندینی تر وەك نمونە). بۆیە باشترە هەموو کات ئایین لە دەسەڵاتی سیاسی جودا بکرێتەوە، هەروەك چۆن ڕۆژئاوا ئایینی تەنها لە نێو پەرستگاکاندا هێشتۆتەوە.
بەڕاستی ئەمەی ئێستا بەسەر ڕێکخراوێکی سیاسی وەك "گۆڕان"دا تێپەڕ ئەبێ تەواو ئەوەمان ئەخاتە پێش چاو کە گۆڕان تووشی گومڕایی بۆتەوەو ناتوانێ وەك پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی گۆڕانکاری کار بکا. لێرەوە گۆڕان چی تر ناتوانێ گەشە بەخۆی بداو لەم کاتەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر بچووك ئەبێتەوەو دوای ئەم هەڵبژاردنەش بەتەواوی دەستی لەهەمبانەکە دەرئەچێ و قەبارە ڕاستەقینەکەی خۆی ئەبینی، کەڕەنگە کەس حەسادەتی پێنەبات. ئەمەش لەبەرئەوەی کەلەگەڵ پارتی بنەماڵەی بارزانی ڕێك کەوتون لەسەر چەند پلەو پۆستێکی بێ بایەخ و پڕ کێشەو قەیران.
نەوشیروان مستەفا ئەڵێ؛(گەر ئێمە بڕیاری چوونە ئێو حکومەتمان نەدایە، ئەبوو ٢٠٠ ڕۆژی تریش بوەستاینایە تا حکومەت دائەمەزرا). کەواتە ئێمە ئەمان لەدڵسۆزی کردوە. ئەمە بەرای ئەوان لەخەمخۆریانە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان. بەڵام لەڕاستیدا تەواو پێچەوانەکەیەتی، لەبەرئەوەی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نیە کە کار بۆ خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی باڵای بکا. ئەوە مێژووی دوورو درێژی ئەو هەموو حزبانە هەن و لەبەر چاومانن، ئەرێ کام لەوانە بەرژەوەندی خەڵکیان خستۆتە سەرو بەرژەوەندی بنەماڵەیی و تەسکی حزبایەتی خۆیان؟؟ ڕەنگە وەڵامە زۆر قورس و گران نەبێ بۆ کەسمان.
گۆڕان بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێمان ناڵێن کەوا لەم بێ مووچەییەدا بودجەیان چەند بۆ تەرخان کردوە.لەکاتێکدا دەنگۆی ئەوە هەیە کەزیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلاریان سەرف کردوە. ئایا ئەم بودجە و پارەیە لەم کاتەدا لەکوێوە هاتوە؟
بەشداری کردنی گۆڕان لە پێك هێنانی کابینەی ٨ و ڕازیبون بەو چەند وەزارەت و پۆستانەی پارتی بۆی دەست نیشان کردون ، تەنها گۆڵێکە کە گۆڕان لەخەڵکی کوردستانی کرد. گۆڕان دەنگدەران و هەوادارانی سەرسام و مەست کردوە بەو چەند وەزارەت پۆستانە تەنها بۆ ئەوەی بچن بەدەم داواکەیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و دواتر هەروەك جارانی پێشوو ، ڕازیبوون بە دەرئەنجامەکان . ئەم بەشداریەیان بۆ پێك هێنانی کابینەی ٨ وەك خۆکوژیەکی سیاسی وایە. بۆیە پێشبینی ئەکرێ لەم باروو دۆخە نوێیەدا گۆڕان شکستی گەورە بۆ ڕێکخراوەکە وەدەست بێنێ و پلەو پارەیەکی باش بۆ سەرکردەکانی بچنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە