کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان... لەنێوان هەڵسوڕاو... هەڵپڕوسكاودا!!!...

Monday, 04/06/2012, 12:00






ئەم وتارە لەڕوانگەى بڕوابون بەڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن، ناردم بۆ بڵاوكردنەوەبۆ سایتى (سبەى) وەلێ بەپاساوى بڵاونەكردنەوەى تەحلیلى ڕۆژنامەوانى داواى لێبوردنم لێكرا.بەكەمێك گۆڕانكارى جارێكى تر زێدەتر و قوڵتر دەیخەمەوە بەردیدى خوێنەران...


وەك قەڵەمێكى ئازاد هیچ جیاكارییەك ئیدى لەهەركەس و گروپێك ناكرێ چاوپۆشى لێ بكرێت. لەسۆنگەى هێنانەكایەى شێوازێكى مۆدرێن و وەستان لە دوورى یەك هێڵ سەبارەت بە بەرژەوەندى گشتى و هێنانەكایەى سیستمێكى ڕێكخراوەیى بەرنامەڕێژو دیراسەكراو .
ئەوەى لەخزمەتى بەمەدەنیكردنى كۆمەڵگە و فراوانكردنى فەزاى سیاسى و هاوبەشى كارى سیاسى ئەوەى بەدروست و ڕاستى بزانم بێ گومان دەیخەمەڕوو، شەفافیەت و ڕاستگۆیى بەو سوێندەى كە بۆ پیشەكەم سوێندراوم ، هەرگیز هەرگیز ، نەبۆ پلە، نەبۆ پێگە،نەبۆ مادە، سەر بۆ هیچ كەسێك ولایەنێك نەوى ناكەم و تا دواسات، سوربم لەسەر دەرخستنى ڕاستیەكان و بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەو نیشتمانەكەم.
ئەوەى لەبەرژەوەندى گەل و نەتەوە بێت، دەسەڵات بێ یاخود ئۆپۆزسیۆن، هەڵوێستە و حەپولكى هیچ خواریەك نەدەین، دڵنیام سەدان و هەزارانى وەك من هەن، بیركردنەوەیان لەسەر بنەماى حیزبى بون نیە بەهێندى ئەوەى ئایندە لە (بەرنامەى ستراتیجى نەتەوەیى) دەبینین و كار دەكەن.
ئیدى ڕۆژى كورد ، پێگەى كورد بە ئەجنداى ناشەفاف و نا مەدروس كەنارى ئارام نابینرێت. ئەوەتا كار بەوە گەیشتوە، خیتابى ئیسلامى سیاسی گەیەندرایە ئەو ئاستەى عیلمانیە كوردەكان بڵێن ئیسلامیەكان دیموكراسن!!...
ئەوەى بۆ هەریەك لە ئێمەمانان دەمێنێتەوە، تا ئەم چركە ساتە(شانازیە خودیەكانە) بە جۆرێك وشە لە پێناو پارەو پولدا نەنوسراوە(گەرچى مافێكى سروشتیە وەك نوسەر)، ئەز وەك خۆم پاروى نوسینم نۆش نەكردووە، زەوى نوسینم نەبوە، خانوى مەكتەب سیاسى و حیزبایەتیم نەبوە، موچەى حیزبیم تەنها 12مانگ هەبووە، وەلێ ساڵ ونیوێك لەسەر گیرفانى خۆم گوزەرم كردووە، بڕوانامەى حیزب و تەزكیەى حیزبم نەبوە، جاش و كاسەلێس نەبوم، لەبەرەى خیانەت و لەدەرگاى مەسئولى نامەسئول نەبوم!!!.... ئیدى نازانم چى بڵێم؟!... كێش تا ئێستا گومانێكى هەیە بابفەرمێ ئەسپى خۆى تاو با، بێ منەت...
كە چاكمان هەڵماڵى بۆ خزمەت بیرمان لەوە نەبوو، چۆن بتوانین پاڵ حەجى حیزبى بگرین و لەبەرچاوان و لەبردڵان بین!!!....
گەلێ جار زۆر بەتوندى ڕەخنە ئاراستەمان كراوە، جۆرێك لەنەرمى و خۆدانە پاڵ سیاسەتى بزوتنەوەى گۆڕان لە ماوەى سێ ساڵى ڕابورد نەرمى لەئاست نوسین و خوێندنەوە بۆ گشت ئەگەرەكانى بەردەمى بزوتنەوەكە خۆمان لەپەرێزى ڕەخنەى جدى و بابەتى پاراستبێت.
ئەگەر بەگریمانە ئەمە بۆ هەندێك تا ئاستێك بۆچونەكە لەجێگەو پێگەى خۆیدا بوبێت، ئەوا ئێمە مانان، هەمیشە ، پشكى شێرمان لە ڕەخنەى زۆر توندو تۆڵ هەر لەكەسى یەكەم تا بچوكترین دام و دەزگاى بزوتنەوەكە ، بێ پەروا پێنوس و كیى بۆردمان دەستى نەپاراستوە، لەڕوانگەى بڕوابون بە ڕەخنەى بابەتیانە... هەمیشە وەك سەربازێكى ون و تا ئەو ئاستەى توانیبێتمان تەواوى جومگە هەستیارەكانى ئەم بزوتنەوەیەمان خستۆتە بەر باس و لێكۆڵینەوە...
سیاسەت هەم ئیلتیزامە و هەمیش ئەخلاقە... مرۆڤ كاتێك دێتە نێو كێشمەكێش و ململانێى سیاسیەوە ئیدى پێش وەخت لە وڵاتى ئێمەدا دەشێ بزانێت ڕێگە بە گوڵ نەچنراوە، پوژەكە(كوژەكە) و چاوەزاریش بۆ ڕێگە پێویستە بەنێو چاوانتەوە بێت!!...
ئەگەر سیاسەت و حیزبایەتى جەبلەیەك لە تێكەڵە و كەرەستەى پێویست بێ، ئەوا لەم وڵاتەدا سەركردەو كەسە دیارەكانى نێو حیزبى كوردى ئەوانەى پشت و پەناو نزیك پەزەكە بن، خۆیان چۆنیان ویستبێت ئەوها دروستكراون، ئیدى لەڕێگە یاخود كەسى دروستكەرو یانیش خودى دروستكراو بە ئیجاب و بەسەلبى هەریەكەیان باجەكەى داوە!!...
لەسۆنگەى پەیامەكەى (نەوشیروان مستەفا)وە،بۆ هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەكەو بەرەو ئەنجامدانى خۆڕێكخستنەوەو گرتنەبەرى ڕێگەى شەفاف و پەیڕەوكردنى ڕێنماییەكان ، بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ڕێكخراوەیى...ئەم سەرنج و پرسیارەدەخەمەڕوو:
هەڵسوڕاو كێیە؟!...پێوەر و پێوانەى چیە؟!... كێ و چۆن ئەم نازناوە دەبەخشرێت؟!...
لەوانەیە ... یەكسەر وەڵامتان ئەوەبێ بڵێن(دەستورێكى كاتى)مان هەیە!!... بەڵام دەستورەكە كێ شەرعیەتى پێ بەخشى؟!...
لەوانەیە بڵێن ئم برادەرە شین بۆ هەریسەكە دەكات!!... پێش وەخت، نە مەبەستمە ببمە ئەندامى كۆنگرە، نەتموحى هیچ پلەو پایەیەكى ڕێكخراوەیم هەس، وەلێ ستەمە قبوڵكردنى ستەم و نەخوێندنەوە!!!...بێ منەتى !!!....
هەڵسوڕاو كاتێك جوان و دلۆڤان بوو، كە 25/7/2009یان دروستكرد...هەڵسوڕاو كاتێ مژدەبەخش بوو كە 7/3/2010یان دروست و خستە سەر شاڕێ.
خەریك بوو سیستەمى جەماوەرى و مەدەنى پەل بهاوێت هەرگیز زاتى ئەوەمان نەبوو بەخۆمان بڵێین هەڵسوڕاو چونكە لەلامان پلەبەندیەكى بەرزو پیرۆزبوو!!!...
خۆ ئێمە گوێزەپوچەكە نەبوین، تا جێ پەنجەمان نەبینرێ!!!... دەیان جار هەڵسوڕاو بەشەرتى كاكڵەى هەورامان متمانەى پێ درا، وەلێ ئێمە هەم لەلاى ئێوە هەم لەلاى حیزبەكانى دەسەڵات ، ناشیرین و قسەزل و نەخواستراوبوین!!!...
ئەگەر مەسەلە چالاكى و داكۆكیكردنە، بڕوانن و خۆتان حوكم بەن،هەر لەسایت و تیفى ورادیوو تەواوى دامودەزگاكانى كۆمپانیاى وشە؟!... با هەركەس ئەسپى خۆى تاقیبكاتەوە، بزانیین لەهەگبەكەیدا چى كردوە،چى پێیە، متمانەى چیە، رابوردوى چیە؟! تێوەگلاوە لە گەندەڵى پێشتر یاخود نا؟!... بەڵام كێشانە بەدوو كێشى جیاواز و دەرنەچون لە فلتەرى گومان، دەرئەنجامى باشى نابێت؟!..
جێگەى شانازییە... كە بەدەستى بەتاڵ و هەگبەى خۆشەویستى پڕەوە ، لەتەك هاوڕێیانم توانیمان (سەندیكاى پارێزەرانى كوردستان لقى سلێمانى) سەربەرزانە لە هەردوو حیزبى دەسەڵات بە جیاوازى ڕێژەیەكى بەرچاو لەدەنگ بەرینەوە. تەنها سەندیكاى پیشەییە لقى سلێمانى كە تەوافوقى تیا نیە، ئەوەش فەخرە كەڕێگەمان نەدا حیزب كارى خۆى بكات، مەخابن دواى ئەمە بەبەرچاوى دنیاوە هەمان تاس و هەمان حەمامى حیزبە دەسەڵاتەكان پەیرەوكرا بەنمونە ماموستایان، كارمەندانى تەندروستى، روژنامەنوسان....
ئێستاش دەیڵێمەوە، بچوكترین(تموح و تەماعم)لەهیچ پێگەیەكى بزوتنەوەى گۆڕان و غەیرە گۆڕان نیە و نابێ، بەڵام دیوارى بێ دەنگیمان بە هێند دیوارى بەرلین بووە، ئیدى قبوڵ ناكرێ ، سەرى لە هێلكە نەجوقاوە، بەم كۆتایى تەمەنەوە بۆ ئیهانەمان دەكەن، پێمان دەڵێن: فەرموو فۆرم پڕكەرەوە؟!...ئەوە كارى نەكردەیە!!... بۆ ئەوانەى ئەمڕۆ لەسەرەوەن فۆرمیان لەكوێ پڕكردەوە؟!!..
تا ئم چركە ساتەش زیاتر لە سێ ساڵە ڕۆژێك لەڕۆژان ڕێگەم بەخۆم نەدا بنوسم هەڵسوڕاو چونكە دەمزانى ڕۆژێك دێ كردەى ئێمە و بردەى خەڵكى تر دەبێت.
لەئەمڕۆ بەدواوە ، هەقمانە بڵێین بەڕاست...گۆڕان: هەڵسوڕاوى هەیە یاخود هەڵپڕوسكاو؟!....
پێم وایە هەڵپڕوكاین و دواجاریش بە ئیهانەوە هەڵتان پروسكانین!!!...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە