کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كورد پێویستی بەكونگرەیە بۆرێكخستنی ناوماڵ نەك بۆبڕیاردان لەسەر ئاشبەتاڵ؟!

Sunday, 18/03/2012, 12:00






لەهەموشتێك گرنگتر لەم دۆخە هەستیارەی ئێستای كوردستان وناوچەكە بۆكورد بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییە، هەرچەندە ئەم مژارە ماوەیەكی زۆرە قسەی لەسەردەكرێت بەڵام تائێستاش لایەنە سەرەكییەكانی پەیوەندیدار بەكۆنگرە بەترسەوە نزیك دەبنەوە، هەمولایەك ئەوە دەزانن كە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان پێویستییەكی بنەڕەتی ولەپێشینەی كاروخەباتی سەرجەم لایەنەسیاسیەكانی چواربەشی كوردستانە، ئیدی هەرحزب ولایەنێك بەخەمی خۆی نەزانێت وكاربۆ بەئەنجام گەیاندنی نەكات پێموایە لە خەمی بەرژەوەندیەكانی خاك ونەتەوەكەیدانیە، زۆر لەمێژە قسەلەسەربەستنی كۆنفرانس یان كۆنگرەیەك دەكرێت بۆ ئەوەی گەلی كوردیش وەك هەرگەلێكی ترخاوەنی دەزگایەك بێت بۆ تاوتوێ كردنی هەموئەوپرسە چارەنوس سازانەی كە لە خزمەتی دۆزە رەواكەیدابێت، هەروەك لە هەمودنیاداو لەناوچەكەشدا نمونەی لەوشێوەیە بونی هەیە، ناوەندێك بۆبڕیاردان دیالۆگ دانوساندن هەرپێویستییەكی تر كە رەچاوی بەرژەوەندیەكانی نەتەوەی كوردبكات وەك نان وئاو بۆكورد گرنگە، لەوبڕوایەدام تەواوی حزب ورێكخراوە سیاسەكانی كوردستان ئەوراستیە دەزانن، بەڵام كەمترخەمی و بەهەند وەرنەگرتنی هەرلایەنێك لەوبوارەدا دەچێتە چوارچێوەی خزمەتكردن بەدوژمنانی كورد، ئاشكرایە دوژمنانی كورد وكوردستان بەردەوام هەوڵی ئەوەئەدەن ناكۆكی بخەنە نێوان كوردەوە ،هەمیشە چەندین دەزگای تایبەتیان خستۆتەكاربۆئەوەی تۆوی دووبەركی و حزب گرێتی وناوچەگەرێتی پارچەگەرێتی بچێنن وهێزی كورد پەرتەوازەبكەن، مایەی خەم ودڵتەنگییە كە لەوكارەقێزەوەنەیاندا لەڕابردوودا سەركەوتوبونە، هەرچەندە ئێستا ناكۆكیەكانی نێوان لایەنە كوردیەكان بەوئەندازەیەنییە كە مرۆڤ بەرەشبینیەوەلێی بڕوانێت تائاستێكی باش لێكتێگەیشتن بونی هەیە، بەڵام ساردوسڕی لە نزیكبونەوەو گفتوگۆوهاوخەباتی و هاوهەڵوێستی لە داڕشتنی نەخشەڕێیەك بۆكاری هاوبەش وبەدەست هێنانی مافەكانی گەل زۆرسست ولاوازە، هۆكاری ئەوەش رون وئاشكرا دیارە تەنها لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تایبەتە ورازی كردنی دڵی داگیركەرانی كوردستانە، چونكە هیچ پاساوێكی تر نیە و هیچ كاتێك كورد وەك ئێستا زەمینەودەرفەتی بۆنەرەخساوە ، ئەگەر لەرابردوودا بیانویەك هەبوبێت بۆئەولایەنانەی كەخۆیان ئەدزییەوە ئێستا ئەوبیانووە جێی باوەڕی هیچ كەسێك نیە، هەرچواربەشەكەی كوردستان لەبارودۆخێكی جیاوازلەساڵانی رابردودان لەهەموروویەكەوە، بۆیە هەرچی زوترئەوكارە ئەنجام بدرێت بۆكورد درەنگە ، بەڵام ئەوەمان لەیاد نەچێت كاتێك قسەلەسەر بەستنی كۆنفرانسی نەتەوەیی ئەكەین دەبێت تەنها ناونەبیت بەڵكو ناوەڕۆكو جەوهەری هەبێت وخەباتی كورد بخاتەسەرراستەڕێی خۆی، نەك بەمەبەستی بێدەنگ كردنی ئەودەنگانەبێت كە هەمیشە لەخەمی ئەوپرسەگرنگەدان وبەردەوام دەیكەن بەرۆژەڤ، هەڵبەتە هەروەك چۆن دڵسۆزانی كورد هەوڵ ئەدەن كۆنفرانسێك ببەسترێت لەئاستی داخوازی وبەرژەوەندیەكانی گەل ووڵاتەكەماندابیت ،هاوتەریب دوژمنانی كوردیش لە هەوڵ وتەقەلادان بۆئەوەی رێگری لێبكەن یان ئەگەر ئاستەنگیشیان بۆسازنەكرا بەجۆرێ لەجۆرەكان بە قازانجی خۆیان ئاراستەكەی بگۆڕن، وەك ئاشكرایە تائێستا چەند جارێك بەرپرسانی باكوری كوردستان سەردانی حزبەكان ودەزگافەرمییەكانی هەریمی كوردستانیان كردووە بۆئەوەی كات وڕێوشوێنی گونجاو ئامادەبكرێت بۆبەستنی كونفرانس، دواجاربەرپرسانی هەرێم بەڵینی ئەوەیاندا كەلەپایزی ساڵی ڕابردوودائەوخواستەی كوردبەدی بێنن بەڵام بەهەرهۆیەك بێت ئەنجام نەدرا، ئێستا جارێكی تر ئەومژارە كەوتۆتەڕۆژەڤەوە وابڕیارە لەم ساڵدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنفرانسەكەببسترێت، بەڵام هێشتا كە هیچ نەكراوە قسەوباسێك دەكرێت بەهیچ شێوازێك لە قازانجی كورد دانیەولەبەرژەوەندی دوژمنانی كورد دایە، قسەكەش ئەوەیە گوایە لە كۆنفرانسەكەدا داوا لەپارتی كرێكارانی كوردستان بكرێت دەست بەرداری چەك بێت و كوتایی بە شۆڕشی چەكداری بیستوهەشت ساڵەی خۆی بێنێت، زۆرجارئەوەوتراوە كورد هەرگیز بەخواستی خۆی دەستی بۆچەك نەبردووە بەڵكو لەئەنجامی ستەم زۆرداری ونكۆڵی كردن لەبونی وجینۆسادكرنی لەلایەن وڵاتانی داگیركەری خاكەیەوە بەناچاری پەنای بۆچیاكان بردووەوچەكی بەرگری ڕەوای هەڵگرتووە، سەرەڕای هەمو ئەوتاوانە دژبەمرۆڤایەتییانەش كەلەهەمبەری كراوە هەموكاتێ دەستی ئاشتی درێژكردووەو بۆتەبای وپێكەوەژیان هەنگاوی ناوەو لەورێگایەشدا قوربانی داوە، ئێستاش دوژمنانی كورد پێداگری لەسەرشەڕ ئەكەن وجگەلەزمانی شەڕوكوشتن وخوێن رشتن هیچی ترنازانن، كاروكردەوەكانی رژێمی توركیا لەبەرچاوە لەلای هەموجیهان رون وئاشكرا دیارە خواست وداواكاری كوردچیەووڵامی داگیركەرانی كوردستان چیە، ئیدی قسەكردن لەسەر چەكدانان یەك واتای هەیە ئەوەش ئاشبەتاڵی شۆڕشی كوردە دیارە لەوبوارەشدا ئەزمونێكی تاڵ وخەمناك مان هەیە تاوانێكی مەزنە جارێكی تر دووبارەبكرێتەوە، پێویستە لەگفتوگۆی كونفرانس سەبارەت بەباكوری كوردستان بەدوای میكانیزمێكدابگەڕێت كەبتوانێت رێگری لەوستەم و زۆرداریەی حكومەتی ئەكەپەبكات كەرۆژانە بەبەرچاوی هەمودنیاوە بێباكانەئەنجامی ئەدات، گفتوگۆلەبارەی ئەوەوەبكات چون بتوانن كاریگەری لە سەرئەوئەقڵیەت وتێڕوانینەشەڕانگێزیەی سەرانی تورك دابنەن وبەرەو ئاشتەوایی و پێكەوەژیان ئاراستەی بكەن ، گەلی كورد كە خاوەنی هێزێكی بەرگرییە بۆ پارستنی وداكۆكی كردن لەمافەزەوتكراوەكانی لە ڕەوشێكی وا نالەبارەدایە، ئەگەر ئەوهێزەی نەمێنێت وبێچەك بكرێت ئاخۆ چ چارەنوسێك چاوەڕوانی دەكات؟! خۆئەگەر بێچەككردن چارەسەری گرفتەكەبوایە دەبوو رۆژهەڵاتی كوردستان ئێستا خاوەنی هەمومافەڕەواكانی خۆی بوایە كەچی پەتی سێدارەكان وڵامی ئەوەمان ئەدەنەوە دەسكەوتەكانی پرۆسەی بێدەنگ بونی چەك چییە، جێی خۆیەتی رۆشنبیرانی كوردستان بەگشتی خاوەنی رۆڵێكی كارابن بۆبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بتوانن بەئاراستەی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستاندا بیبەن و ئەومژارەگرنگ وچارەنوس سازە بەتەنهابۆسیاسیەكان بەجێ نەهێڵن، جێی داخە كە هەڵوێستێكی جدی لەوبارەیەوە لەلایەن رۆشنبیرانەوە بەدی ناكرێت، بێگومان سیاسیەكان بەرژەوەندی حزبی وتایبەتی خۆیان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بۆیە زۆرجار نەرمی نواندن لە هەڵویستەكانیاندا بەدیدەكرێت، ئاخۆ بێدەنگی وبێ هەڵویستی رۆشنبیران لەبەرچی و لەپێناوی چیدایە؟! پێویستە ئاماژە بەوەبكەین لەكاتێكدا داوای بێچەككردنی هێزی پاراستنی كورد دەكرێت ،هاوكات خودی ئەوكەس ولایەن وحكومەتانە داوادەكەن بەرهەڵستكارانی رژێمی بەعسی سوریا پڕچەك بكرێن بۆئەوەی خۆیان بپارێزلە تاوانەكانی دەسەڵاتدارانی حكومەتەكەی بەشارئەسەد، ئێخۆ چەكی دەستی كوردەكانیش هەربۆخۆپاراستنە ، بۆیە پێویستە هەوڵەكان بخەینە گڕ بۆئەوەی گونگرە ببەسترێ بۆرێكخستنی ناوماڵ نەك بۆ بڕیاردان لەسەرئاشبەتاڵ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە