ژیلوان تاهیر: حكومەت رێگرە نمایشكرنى ئەو دەقە شانۆیانەى، كە باس لە كەموكوڕییەكانى دەسەڵات دەكات
Friday, 14/08/2009, 12:00
- هەولێر/ گرووپى شانۆڤانى كورد بە شانۆگەریەك لە دەرهێنانى ژیلوان تاهیر رەفزى ئەو ژیانەى ئێستاى كوردستان دەكات و بە ژیانێكى ناماقولى وەسف دەكەن، كە بڕیارە لە مانگى 9 ئەو شانۆگەریە بە ناوى (كۆتایى گەمە) نمایشى بكەن.
لەوبارەیەوە شانۆكار ژیلوان تاهیر سەرۆكى گرووپى شانۆڤانى كورد بە رایگەیاند، بە هاوكارى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆى هەولێر لە خۆئامادەكردندان بۆ نمایشكردنى شانۆگەرى (كۆتایى گەمە)، كە لەلایەن خۆیەوە كارى دەرهێنانى بۆ دەكرێ و تێیدا ئەو ژیانەى ئێستاى كوردستان بە ناماقول وەسف دەكەن و رەفزى ئەو ناماقولیەش دەكەن، گوتى "ئێمە وەك گرووپى شانۆڤانى كورد لە خۆ ئامادەكردن داین بۆ نمایشكردنى شانۆگەرى (كۆتایى گەمە)، لە دەرهێنانى خۆم، كە باس لە بوونى مرۆڤێك دەكات چۆن رەفزى دایك و باوكى خۆى دەكاتەوە، هەروەها باس لە رەفزى هەندێ واقیعى ئێستاش دەكات، كە پێویستە مرۆڤ بە هەموو شتێك نەڵێ بەڵێ"، هەروەها ژیلوان تاهیر پێی وایە حكومەت رێگرە لە نمایشكردنى هەندێ دەقى شانۆیى، كە باس لە كەموكوڕییەكانى دەسەڵات دەكات، بۆیە ئەو وەك دەرهێنەرێك كەمجار پەنا بۆ دەقە خۆماڵییەكان دەبات و گوتى "وەزارەتى رۆشنبیر و حكومەت رێگرە لە نمایشكردنى ئەو دەقە شانۆیانەى، كە باس كەموكوڕییەكانى حكومەت دەكات و لەوبارەیەشەوە رەخنە دەگرن، ئەگەر دەقى خۆماڵى پێشكەش بكەى دەبێ باس لە واقیعى ئێستا بكات، واقعى ئێستاش واقیعێكى تاڵە، من گەیشتمە ئەو بڕوایەى ئەو پەرى ناماقولى لە كوردستان هەیە، كە ئەو ناماقولییە خۆى فەلسەفەیە، نمایشكردنى شانۆگەرى ناماقول رەفزى ئەو بارودۆخە ناماقولییە دەكات"، ئەو دەرهێنەرە شانۆگەرى (پایتەختى دیموكراسى)، بە نموونەى قسەكانى خۆى هێنایەوە و دەڵێ "لە شانۆگەرى (پایتەختى دیموكراسى)، كە خۆم كارى دەرهێنانم بۆیكرد، تووشى كێشەى زۆر بووین و لێپێچینەوەمان لەگەڵ كرا، لە رۆژى یەكەمى شانۆگەریەكەدا كارەبایان لەسەر كوژاندینەوە، لەبەرئەوەى بە راشكاوانە رەخنەمان لە حكومەت و دەسەڵات گرت و دەستنیشانى كەموكوڕییەكانمان كرد، بەڵام بەمەستى سەرەكیمان پێشكەوتن و چارەسەركردنى ئەو خراپانەیە كە هەیە".
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست