کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵاتی بنەماڵەیی لەنێوان هەلبژاردنی پڕساختەکاری و هاوکێشەیەکی نوێی سیاسیدا

Thursday, 10/10/2013, 12:00






قەیرانی دەسەڵات و نەبوونی ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی لە کوردستان و لە دنیادا هەمووکات هەوێنی بابەتە سیاسیەکان بوون پێش هەڵبژاردن، بەڵام پاش هەڵبژاردن لە کوردستان هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەچنەوە قەوارە ڕاستەقینەکەی خۆیان وزۆرجار پاش ماوەیەکی کورت بەڵێن و بەرنامە و پلانەکانی خۆیان لە یاد دەکەن، کاتێک دڵنیا دەبن لەوەی کە کۆمەڵێک کورسی شەق و شڕی بەناو پەرلەمانەکەیان بە دەستهێناوە...!؟

لە ڕاستیدا تەنها لە چوارچێوەی سیستمێکی شارستانی و مۆدێرندا، دەتوانرێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێ ساختەکاری ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵكەوە بێتە ئاراوە، کە هەوڵی دروستکردنی هەرێمێکی ڕاستەقینە بدات بەکردارلەو بەشەی کوردستاندا، نەک وەک ئێستا دوو ناوچە و دەسەڵاتی گەندەڵ!؟

ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت بە ناوی هەرێمەوە لە ڕاستیدا خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەوبەشەی کوردستان نەکراوەتە هەرێمێک کە کار بە یاسا و دەستورێکی شارستانی و مۆدێرن بکات دوور لە دەستتێوەردانی پارتەکان، لە ساڵی 2005 ەوە بە حساب یەک حکومەت هەیە لە هەولێر، بەڵام لەبەر بوونی ڕێککەوتنی بەناو ستراتیجی نێوان یەکێتی و پارتی نەیتوانیووە وەک حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو کارەکانی خۆی ئەنجام بدات ..!؟
یەکێتی و پارتی ئەو هەرێمەیان کرد بە دووپارچەوە و لە هەر پارچەیەکدا بە پێی میزاجی پارت و بنەماڵەی دەسەڵاتدار کارەکان بەڕێوە دەبرێن، نەک بە پێی ئەو یاسا و دەستوورە پڕ کەموکوڕیەکەی کە خۆشیان دایانناوە بۆ قازانجی خۆیان، کە کەمترین قازانجی گشتی و ستراتیجی خەڵکی کوردستانی لەبەرچاوگرتووە!؟

ئامانجی دروستکردنی هەرێمێک و دەسەڵاتێکی شارستانی و مۆدێرن کاتێک دێتە دی کە هەموو لایەنەکان بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و پارتەکانیانەوە و دەسەڵات لە بنەماڵەیی و دیکتاتۆرییەوە بگۆڕن بۆ دەسەڵاتیکی هەڵبژێردراو بە ئازادانە لە لایەن خەڵکەوە ..!؟

هەرچەندە پاش هەڵبژاردنی پڕساختەکاری دووبارە پارتی بە دەنگی ساختە یەکەمە بەڵام نەیانتوانی خۆیان بکەنە تاکە پارتی سەرکەوتوو وە زۆربەی دەنگەکان بۆ خۆیان بدزن، لەبەرئەوەی لەناوچەی زەرددا توانیان بە ئاسانی ساختە بکەن، بەڵام لە ناوچەی سەوز و نیلی بەوشێوەیە بۆیان نەچووە سەر کە دەیانخوازی...؟

هەرچەندە یەکێتی پاش ئاشکرابوونی شکستە گەورە و مێژووییەکەی هەوڵێکی ترسناکی ساختەکاریدا، بەڵام زووئاشکراکراو بۆی نەچووە سەر...!؟

سەرانی بالا دەستی یەكێتی لە ئەنجامی شکستە گەورەکەیاندا تووشی شۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون، بۆیە ئێستا بەهەرچ نرخێک بووە لە هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیان ودەسەلاتەکانیانن لە ناو یەکێتی و دەسەڵاتدا، لەبەرئەوەی ئەوان هەمیشە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیان وبنەماڵەکانیان لە سەرو بەرژەوەندییەکانی ئەندامانی یەکێتی و خەڵکی کوردستانەوە داناوە، بۆیە کاتێک لە شاخیش بوون بەناوی شۆڕشەوە هەزارەها ڕۆڵەی خەڵکیان بە کوشتدا و کردنیان بە پلە پەیژەی خۆیان بۆ سەرلووتکەی دەسەڵات لە ناو یەکێتی و دەسەڵاتی گەندەڵیان لەگەڵ پارتیدا...!؟



یەکێتی لەم هەڵبژاردنە پڕساختەکارییەدا دۆڕاوی یەکەمە بەڵام دەتوانێت ببێتە ئەکتەرێکی کارا و کاریگەر لە گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی لە کوردستان...!؟

لە دوای هەڵبژاردن زۆر سینارێۆ خرانە ڕوو بەڵام گرنگ ئەوەیە سەرانی یەکێتی گۆڕانکاری گەورە لە خۆیانەوە دەستپێبکەن، ئەویش وازهێنانیان بە کۆمەڵ لە سەرکردایەتی یەکێتی و ڕادەستکردنی دەسەڵاتی پارتەکەیان بە کۆمەڵێک کەسانی شارەزاو گەنج و ئازا و بوێرتر لە بڕیاری سیاسی ناو یەکێتیدا بەرامبەر بە پارتی هاوپەیمانی و هەموولایەنەکانی تری کوردستان...!؟ ئەوکاتە دەتوانن بە ووتارێکی سیاسی نوێ ڕووبەڕووی شکستەکانیان ببنەوە بۆ هەڵسانەوە...!؟



یەکێتی و گۆڕان دوودیوی قەڵبی یەک دراوبوون، کاتێک گۆڕان لە هەناوی یەکێتی هاتە دەر، بەس تەنها دیووە قەڵبترەکەی لە پاش خۆی بە جێهێشت بۆیان...!؟

یەکێتی ئێستا پاش ئەو شکستە گەورەیەی دەتوانێت بە هاوکاری دیووەکەی تری خۆی بکاتەوە بە شێرە گەورەکەی کە جاران پارتی لێ تۆقیبوو...!؟



گەر پێش هەڵبژاردن خەڵک و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن خوازیاری گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی بوون لە کوردستان، ئەوا دوای ماڵئاوایی تاڵەبانی بۆتە مەسەلەیەکی گرنگ ومێژوویی لەناو یەکێتی و پاشان لە ناو دەسەڵات لە کوردستاندا...!؟

گەر گۆڕان بە ڕاستی خوازیاری گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و دەسەڵاتە لە کوردستان، ئەوا ئێستا کاتێتی کە بە بەرنامە و پاکێجێکی شارستانی و مۆدێرنەوە بەرەو ڕووی یەکێتی بڕۆن، لەبەرئەوەی پارتی بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵاتی بنەماڵەیی نابێت لە کوردستان...!؟

هەر دەسەڵاتێکیش دروستبکەن، بێ جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵات، هیچ مانایەک بۆ ئازادی تاک و دیموکراتی ناهێڵێتەوە، لەبەرئەوەی دین کاری شەخسی مرۆڤەکانە لە ووڵاتانی دیموکراتیدا، مەلا و مزگەوتەکان دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا هەڵسوکەوت بکەن، نەک بەئارەزووی خۆیان فتوا دەربکەن...!؟

بەڵام دوای هەڵبژاردن دەرکەوت کە ئەوە بەس مەلای مزگەوتەکان ولایەنە ئیسلامیەکان نین کە بە ئارەزووی خۆیان فتوای ترسناک دەردەکەن بەڵکو هەندێک لە پەرلەمانتاری داهاتووی گۆڕان چوونە پاڵیان، کاتێک لەوان خراپتربڕیاری پێشوەختیان دەرکر پێش ئەوەی بچنە دیوەخانەی پەرلەمانەوە... !؟

گەر سەرانی گۆڕان و ئەو ئەندام پەرلەمانانەی داهاتوو بە ئاشکرا دان بە جیایی دین لە دەسەڵاتدا نەنێن ئەوا خۆیان و ئامانجەکانیان ئەوەندەی تر دەخەنە ژێر پرسیارەوە و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا گەنجانی تووڕە و خوازیاری ئازادی و یەکسانی لێیان دەتەکێنەوە، بەمەش ئەوانیش وەک یەکێتی تووشی شکست دەبن؟



بابەتی ترم لەسەر ئەوبابەتە گرنگانەی سەرگۆڕەپانی سیاسی کوردستان



ماڵئاوایی تالەبانی...سەرەتای کۆتایی ڕێکەوتنی ستراتیجی و گۆڕێنی دەسەڵاتی بنەمالەیی دەبیت؟

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=32cfdec9



جیایی دین له‌ ده‌سه‌ڵات... پایه‌یه‌کی گرنگی ئازادی تاک ودیموکراتی یه‌

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fcdcf568






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە