ئاى كە شەرمە دەسەڵاتێك شایى و لۆغان بۆ دۆڕانى خۆى بگێڕێت!
Wednesday, 29/07/2009, 12:00
لەماوەى (18)ساڵى ڕابردوودا ,دواى یەكەمین هەڵبژاردنى ساڵى (1992) وەك ئاشكرایە كە ئەنجامەكەى فیفتى بە فیفتى كۆتاى هات و شەڕى ناوخۆى لێكەوتەوە ,هەروەها هەڵبژاردنەكانى ساڵى (2005) كە بەدنیایەك خروقات كۆتاى هات و دیارترینیش ئەوەبوو كەپرۆسەى هەڵبژاردن لەهەرێمى كوردستاندا بەهۆى تەزویرەوە خرایە لیستى ڕەشەوە لەلایەن ڕێكخراوى نەتەوەیەكگرتوەكان (یۆنامى),دواجار ئەمە سێیەمین هەڵبژاردنە لەهەرێمى كوردستاندا كەلە واقیعدا لانیكەم دەبوایە جگە لەهەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراق كە لەساڵى (2005)دا ئەنجامدرا چوار هەڵبژاردن ئەنجام بدرایە.
ئەگەر جیاوازیەكى سادە بكەین لە نێوان گڕوتینى جەماوەرى (یەكێتى وپارتى) لەسەرەتاى ڕاپەڕینى بەهارى (1991)وە تائەمڕۆ بەئاشكرا دەبینین ڕۆژ لەدواى ڕۆژ جەماوەرى ئەم دوو پارتە ڕوولەكەمبونەوە دەكات بەجۆرێك كە بە دوو هەڵبژاردنى دیكە مەگەر تەنها پاسەوانەكان و موریدە بەرژەوەندخوازەكانیان دەنگیان پێبدەن ,ئەوەتا بزوتنەوەیەكى وەك گۆڕان هەمووى بەچەند مانگێك پێش هەڵبژاردن خۆیان ڕاگەیاند شارێكى چارەنووس سازی وەك (سلێمانیان) بە زۆرینەى قەزاو ناحیەو گوندەكانیەوە لەڕەگ و ڕیشەوە لەژێر دەست دەرهێنان ولایەك لەجگەری دووحیزبى خاوەن دەسەڵاتیان ڕەشكرد,كەچى ئەوەى لەهەمووشتێك زیاتر جێگەى پێكەنینە كەوتونەتە گێڕانى شایى و لۆغان!! ,باشە تۆبڵێى ئەم دەسەڵاتە لەدواى هەڵبژاردنەكانەوە خەو نەبینێت ,وەك پێشتر لەهەڵمەتى هەڵبژاردندا بە عەقڵى غڵەفاوى خۆیان هەرئەوەندەى دوو سێ كورسیەكیان بۆ گۆڕان و سێ چواركورسیەكیشیان بۆ لیستى خزمەتگوزارى وچاكسازى دانابوو هیچ حسابێكیشیان بۆ لیستەكانیتر نەدەكرد,ئیدى پێیان وابوو دواى هەڵبژاردن جارێكێدیكە مەرحەمەتى پەڕلەمانێكى خەوتوو چاوەڕوانیان دەكات و لەمڕۆ بەدواوەش پەسەندكردنى كۆی پرۆژە یاساكان و پەسەندكردنى بودجەى میللەت بەهەمان شێوەى ڕابردوو لەبەرژەوەندى حیزبدا دەبێت !!.
ئێمە چاوەڕێى ئەوەمان دەكرد لەمزگەوت و خانەقاكاندا فاتیحا بۆمەرگى ئایندەى خۆیان دابدەن كە بەدوو حیزبى خاوەن دەسەڵات وخاوەن هێز وخاوەن پارە ,ئەمەجگەلەوەى دواى ئەوهەموو هەڕەشەو چاوسوركردنەوە و نانبڕین و خروقات وتەزویرەى كە لەهەڵبژاردنەكاندا كردیان ,لەسەرو هەمووشیانەوە ئەو سواڵكردنەى كە بۆ دەنگى هەڵبژاردن كردیان بەجۆرێك كار گەیشتە ئەو ڕادەیەى مەكسى وجلوبەرگى ژنان ببەشنەوە ئینجاش وەك خۆیان دەڵێن لە60%ى دەنگەكانیان بەدەست هێناوە,(هەرچەندە تاكو ئێستا ئەنجامەكان بەڕونى دیارنین) كەچى بەپێچەوانەوە لەلایەك كەوتونەتە گێرانى شایی ولۆغان و لەلایەكیشەوە پەلاماردانى بارەگاى لیستە ڕكابەرەكانیان ,دیارە ئەوەى كە لەسەرەتاى هەڵبژاردندا گوتمان ئەم دەسەڵاتە توشى (هستریا) بوە ئەمڕۆ بەڕونى دەركەوت كەوایە!!لەلایەك پەلاماردەدەن و لەلایەكیش شایی ولۆغان دەگێڕن ,ئەوەى ئەم دوو حیزبە هاوپەیمانە هەزەلیە دەیكەن لەهیچ كونجێكى ئەم دونیایەدا شتیوا ڕوى نەداوە,ئەوەتا مام جەلال بەهۆى سەركەوتنەكانى لیستى گۆڕانەوە لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەكان دەكات و زیندوترین نموونەش ئەوەیە كە بەتەلەفونێك بەرپرسی مەڵبەندى ڕێكخستنى كۆیەى ناردەوە بۆماڵەوە ,كەچى(TV)یەكانى یەكێتى وەك ئەوەى نەبایان بینیبێت ونە باران كەوتونەتە گێڕانى شایی ولۆغان!!, هەر لە یەكەمین ئێوارەى كۆتاى پرۆسەى هەڵبژاردندا هێزێكى زۆریان لە دەڤەرەكانى بیتوێن و سنورى قەزاى دوكاندا بڵاوكردۆتەوە ولەحاڵەتى ئامادەباشیدان و تائێستاش كەس نازانێت بۆچى مەبەستێك ئەوهێزانە كۆكراونەتەوە و دەبێت دواى فەرمان پێكردنیان چ ئاشوبێك ڕووبدات؟! ,كەچى لەولاشەوە بانگەشەى هەڵبژاردنێكى دیموكراسی خوازانە دەكەن!.
پێش هەڵبژاردن لەگەڵ یەكێك لەبرادەرە ڕەهەندیەكان كەوتینە گفتوگۆ ,ئەو تاڕادەیەك بەعەقڵیەتێكى جیاوازتر دەیڕوانیە پڕۆسەى دەستاودەستكردنى دەسەڵات وتەنانەت دەیگووت ئەگەر كەسێك لە ئێستادا پێمبڵێت (یەكێتى وپارتى) قبوڵى دۆڕان ناكەن , ڕەنگە بەراورد بە دۆخە جیاوازەكانى ساڵانى ڕابردوو هەڵوێستەیەك بكەم لەبەرامبەر ئەو بۆچونەدا بەوەى هەرهیچ نەبێت تۆبڵێى دواى (18)ساڵ لەحكومڕانیكردنیان , تەنانەت وەرگرتنى ئەزمون وفێربونى دەستاودەستكردنى دەسەڵات بە شێوازى حكومڕانیكردنێكى دیكتاتۆریانەی نمونەى ووڵاتانى دراوسێش ,ڕەنگە ئاڕاستەى بیركردنەوەكانى ئەم دووحیزبە تا ڕادەیەك گۆڕانكارى بەسەردا هاتبێت و كەمێك بەناشرینیەكانى ڕابردویاندا بچنەوە, هەرچەندە ئەوقسانە لاى من جێگەى پێكەنین بوو هاوكات سوربوم لەسەر ئەوەى ئەم دووحیزبە قبوڵى دۆڕان ناكەن ,ئەوەى من زوو زوو بەو برادەرەم دەگووت یاخوا بۆچونەكانى من هەڵەبێت وپرۆسەى هەڵبژاردن بەشێوەیەكى پۆزەتیڤ بەڕێوە بچێت دوور لەهەموو خروقاتێك و هەرێمى كوردستانیش ڕویەكى جوانى دیموكراسی نیشانى جیهان بدات ,وەلێ هەزارجار بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوهەمو گۆڕانكاریەى كەبەسەر كۆمەڵگە جیاجیاكانى دنیادا هاتوە, ئەم دوو حیزبە چۆن بەهەمان عەقڵیەتى(1991)ەوە لەشاخەوە هاتنە ناوشارەكان ,ئێستاش بەهەمان ئایدیاى ژەنگاوی و تۆز لەسەر نیشتوى شاخیان بیر دەكەنەوە و بەهەمان پەیڕەوى نەعامە سیاسەت دەكەن , كاتێك خروقاتێك ,ئاشوبێك ,یان هەڵەیەكى سیاسی ,دیبلۆماسی دەكەن كەسەریان خستە ژێر خۆیانەوە ئیدى وا دەزانن كەس نایانبینێت وهەموودنیا چاوى لەئاست كەموكوڕیەكانیان نوقاندوە.
ئەوەى كەلەهەموشى گرنگترە و دەبێت خەڵكى ئەم هەرێمە باش بیزانێت ئەوەیە ,لیستێك بەخێر براوەبێت ئاوا پەلامارى بارەگاكانى لیستە ڕكابەرەكانى دەدات و ئیستیفزازى ماڵى سەركردەى لیستە ڕكابەرەكانى بكات ,قوڕبەسەرى ئەومیللەتە داماو و نەگبەتە ,واوەیلا بۆ و ڕۆژەى ئەم دووحیزبە لەهەڵبژاردنێكدا ڕوبەڕوى دۆڕان دەبنەوە, ئاخۆ دەبێ وەیشومەى چ شەڕێكى ناوخۆى خوێناوى بەرى خۆرى ئەم هەرێمە بگرێت؟!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست