سوپایەک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە
Wednesday, 12/03/2014, 12:00
1464 بینراوە
لەم ڕۆژانە هەندێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو ئەوەیان ئاشکراکرد کە یەکێتی سوپایەکی گەورەی هەیە لە دەیەها تانک وتۆپ پێکدێت بە بیست هەزار چەکدارەوە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە نین، کەواتە میلیشیای تایبەتن بە یەکێتی نیشتمانییەوە.
ئەم کردارەی یەکێتی ئەوەمان پێدەڵێت کە یەکێتی سەرەڕای پەیمانی ستراتیجی لە گەڵ پارتیدا بەڵام تاکوو ئێستا متمانە وبڕوای بە پارتی هاوپەیمان نییە، یان نیازێکی خراپی هەبووە پیلانێکی بە دەستەوە بووە لەو شاردنەوەدا ئەمەش دەبێتە هۆی بێباوەڕی وبێمتمانەیی لە سیاسەتدا وبەخراپدەشکێتەوە ودەبێتە هۆی نائارامی وئاژاوە.
یەکێتی نیشتمانی بەم هێزە گەورەی میلیشیاوە ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە ئەم حیزبە نەک تەنها هەوڵی ئەوەی نەداوە هەموو میلیشیاکان ڕێکبخات سوپایەک بۆ هەموان بۆ هەموو کوردستان دوور لە دەستی حیزب ولایەنەکان دابمەزرێنێت، بەڵکوو بە کردەوە دژی ئەو کارە پیرۆزە کاری کردووە. سەرەڕای ئەوەی یەک سوپا بۆ هەموان زیاتر ئارامی بە گەل دەبەخشێت، پێگە وپایەی هەرێمەکەمان بە هێزتر دەکات ولە هەمووشی گرنگتر لە کارەساتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارەکان لە بەرانبەر یەکتر وشەڕی براکوژی دوورمان دەخاتەوە، لێرەش نامانەوێت جارێکیتر برینەکان بکولێنینەوە وباس لەو نەهامەتیانە بکەینەوە بە هۆی ئەو چەکدارانەوە هاتۆتە ئاراوە وپەردە لە سەر مێژوویەکی تاریک وتاڵ هەڵماڵین .
ئەگەرچی یەکێتی بەو سوپایەوە لەوانەیە شانازی بکات وسنگ دەرپەڕێنێت وخۆی گیف بکات وبە هێز ببینێت بەڵام لە ڕاستیدا مایەی لاوازی یەکێتیە وهۆکاری سازشەکانیەتی. یەکێتی بە هۆی ئەو گەورە سوپاوە ناچارە لە سیاسەتدا نەرمییەکی زۆر بنوێنێت وکەم هەڵوێست بێت ولە پێناوی بەشداریکردن لە حکوومەتدا بە کەمیش ڕازی بێت وقەت ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت، ئابووری بەهێز ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بنیاتنانی سوپایەکی بەهێز بۆیە یەکێتی بەو هۆیەوە دژ بە یەکخستنەوەی ئابووری ودارایی کوردستانیش کاری کردووە وگێچەڵی بۆ یەکگرتنەوە دروستکردووە، بۆیەش لە سەرەتای دەسپێکردنی گفتوگۆکانی دامەزراندنی حکوومەت لە دوای شکستە گەورەکانی ترسی پەراوێز خستنی لێنشتبوو وهەر بۆیەش پەنای بردە بەر ئێران بۆ زەمانەتی بەشداریبوون بێ ئەوەی باس لە پۆستی سەرۆک وەزیران بکات کە جاران نیوە بەنیوە لە گەڵ پارتی بەڕیوەیان دەبرد.