هەستانەوە ...
Monday, 19/04/2010, 12:00
(1)
ئەو كاتە تەمەنى سى و یەك ساڵ بوو ، كە بڕیاریدا بازرگانى بكات ، بەڵام زۆرینەى پارەكانى دانا و زیانێكى زۆرى كرد و فەشەلێكى گەورەى هێنا ..
لەتەمەنى سى و دوو ساڵیدا خۆى كاندید كرد بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەمریكا ، سەرنەكەوت و فەشەلى هێنا ..
لەتەمەنى سى و چوار ساڵیدا بڕیاریدا جارێكى تر ببێتەوە بە بازرگان و بەختى خۆى تاقیبكاتەوە ، بەڵام ئەمجارەش شكستى خوارد و پارەكانى دۆڕاند و فەشەلى هێنا ..
لەتەمەنى سى و پێنج ساڵیدا بوو ، هاوسەرەكەى مردوو و بێهیواییەكى زۆر رووى تێكرد...
لەتەمەنى سى و شەش ساڵیدا تووشى داڕوخانى دەمارەكانى هات و لەرووى دەرونیەوە حاڵى خراپ بوو ..
لەتەمەنى چل و سێ ساڵییەوە هەتا پەنجا و هەشت ساڵى ، چەندین جارى تر خۆى كاندید كرد بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنى پیران و كۆنگرێسى ئەمریكى، بەڵام سەركەوتن یاوەرى نەبوو و فەشەلى دەهێنا ، بەڵام وادیارە وشەى پاشەكشە لە فەرهەنگیدا نەبووە ، چونكە فەشەل بە فەشەلى دەوت بڕۆرە ئەولاوە ، كەچى هەر كۆڵى نەدا ، ئەو چونكە چاوى بڕیبووە لوتكە ، سەیرى خوارەوەى نەدەكرد ، ئاوڕى لە رابووردووش نەدەدایەوە ، ئەوڕاستیەى باش دەزانى كە وتراوە (اژا كانت النفوس كبارا ، تعبت فی مرادها الاجسام ) ..
گەشبینى و هیممەتبەرزیى ئەو لە ئاستێكدا بوو ، وێڕاى ئەوەى لە هەڵبژاردنەكانى كۆنگرێسدا سەركەوتوو نەبوو ، بەڵام لە كۆتاجاردا و لەتەمەنى شەست ساڵیدا خۆى كاندید كرد بۆ سەرۆك كۆمارى ویلایەتە یەكگرتوەكانى ئەمریكا ، ئەمجارە هەڵیانبژارد و بوو بە بەهێزترین سەرۆك بۆ گەورەترین وڵاتى جیهان ، ئەو كوڵنەدەرە (ئەبراهام لینكۆڵن) بوو ...
(2)
لە ساڵى 1861 بۆ 1865 ، پۆستى سەرۆكایەتى ئەمریكاى گرتەدەست ، بە مەزنترین سەرۆكى ئەمریكا دادەنرێت ، هەروەكو بە دووەمین دامەزرێنەرى ئەمریكاى هاوچەرخ لەقەڵەم دەدرێـت .. بەڕاى هەندێ لە چاودێران ، ئەستەمە ئەم ئەمەریكایەى كە ئەمڕۆ تاكە زلهێزى ئابوورى و سیاسى و سەربازى و زانستى دونیایە ، بەبێ بوونى لنكۆڵن وجودى ببوایە ..
(3)
ئەبراهام لینكۆڵن بوو كە وتى (هەركاتێك پاشەكشەت كرد ، ئەوكاتە دۆڕاوى) ..
ئەبراهام لنكۆڵن بوو كە دەیوت (پێویستە بەندایەتى و كۆیلایەتى بمرێت بۆ ئەوەى نەتەوەكەمان زیندوو بێت)..
ئەو وێڕاى ئەوەى كە یاساناسێكى بەتوانا بوو ، ووتاربێژێكى بەهێزیش بوو ، بەجۆرێك كە پێیاندەوت (دەنگى راستى) ..
ئەو پیاوە سەركەوتووە بوو كە دواى ئەو هەموو نسكۆ زۆرانەى ژیانى ، هێشتا ئامادەبوو ، پۆستەكەى خۆى بخاتە مەترسیەوە و دژى كۆیلە كردن بوو خەباتیكرد لە پێناو ئازادى رەشپێستەكاندا ، ئەو بوو كە لە ساڵى 1863 بڕیارى ئازادكردنى بەندەكانى دا، چونكە ئەو زۆر دژى كۆیلە كردن و چەوساندنەوەى مرۆڤەكان بوو ، بەجۆرێك بڕیارەكانى یەكلاكەرەروە بوو ، كە ئێستا دەبینین رەش پێستێك چووەتە جێگەكەى و بووەتە سەرۆك كۆمار..
(4)
پارساڵ لە یادى دووسەد ساڵەى لەدایكبوونى لنكۆڵن دا ، سەرۆك ئۆباما لە ئاهەنگێكى شكۆداردا كە بۆ ئەو بۆنەیە سازیكردبوو ، ووتى(ئەگەر سەرۆكى شانزەهەمینى ئەمریكا _ لنكۆڵن _نەبووایە ، چیرَوكى ئەمریكا نەدەبووە واقیع ، ئەوە لنكۆڵن بوو خەونى منیشى كردە راستى) ...
تا ئێستاش بە پارتى كۆماریەكانى ئەمریكا دەوترێت ، حیزبەكەى لینكۆڵن .. لەگەڵ ئەو خزمەتە زۆرانەى كردى بە گەلى ئەمریكا بەڵام لە كاتى سەیركردنى شانۆگەریەكدا تیرۆركرا.
زیاد لە دوو هەفتە تەرمەكەى لە شەمەندەفەرێكدا سەرتاسەرى ویلایەتەكانى ئەمریكاى تەى كرد ، جەماوەر بەگشتى و رەشپێستەكان بەتایبەتى دەچەمینەوە لە ئاستیدا. .
(5)
لنكۆَڵن پاشەكشەى بە پاشەكشە كرد ، ماندوو بوون ماندوو بوو ، ئەو ماندوو نەبوو ، نەهامەتیەكانى ژیانى مناڵى و سەردەمى لاوى ، نسكۆ حیزبى و ئابووریەكانى ، رەخنەى نەیاران و جەنگى ناوخۆى ئەمریكا كۆڵیان پێنەدا ، ئەو كۆڵى بەهەموویان دا ..
بە كۆڵنەدان و هەوڵە بەردەوامەكانى ، بە گەشبینى و هیممەتى بەرزیەوە ، وانەیەكى كردەیى گەورەى بەهەموو جیهان ووتەوە ، كە لەزانستى هاندانى ئیداریدا دەوترێت (هەوڵدان ، هەوڵدان ، هەوڵدان ).. (كۆڵنەدان ، كۆڵنەدان ، كۆڵنەدان) ..
ئەندازیارى راوێژكار [email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست