باشوری کوردستان پیویستی بە ڕێکخراوێکی هاوشێوەی (تەمەرود ، ڕێبڵ) هەیە، نەک بە بزووتنەوەی بازرگانی و بازاڕی سیاسی
Thursday, 04/07/2013, 12:00
1766 بینراوە
زیاتر لە (80) ساڵە (ئیخوان موسلمین) لە میسر دروست بوون . لە ماوەی ئەم هەموو ساڵە نەلەکاتی داگیرکردنی میسر نەلەدوای سەربەخۆی میسر نەیان توانیوە هیچ ڕۆژێم و هیچ سەرۆک کۆمارێکی لە میسر بگۆڕن .چونکە شەڕی دیکتاتۆری ناسێۆلیستی بە (ئاین) ناکرێت . هەردووکیان لە یەکتری سەرچاوەی هەناسەدانیان وەرئەگرن . بۆیە کاتێک بەرکەوتن لە نێوانیان ئەبێت هیچ لایەکیان ناتوانن بە سەر لاکەی تردا سەرکەون . خۆ ئەگەر لایەکیشیان سەرکەوتن بەدەست بێنن ئەوا کاتێک دێتە سەر دەسەڵات لەوەی پێشتر باشتر نابێت .ڕژێمەکەی (سەدام) بە ناسێۆنالیستی کوردی نەڕووخا . بە حیزبە مەزهەبیە ئیسلامیەکان نەڕووخا . دەرئەنجام هێزێک لە دەرەو هات و ڕژێمەکەی (سەدام)ی رووخان. ئەوانەی هاتیشنە سەر دەسەڵات لە (سەدام) خراپتر بوون ، هەم لە باشوری کوردستان هەم لە عێڕاق .
دەسەڵاتی مافیای کوردستان و قەڵەم فرۆشەکانی بۆ بێنرخ کردنی بەهای شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ناسراوە بە (بەهاری عەرەبی) خەریکی چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان بوون گوایە ئەوە شۆڕش نیە و ئیسلامی سیاسی کۆمەڵگاکان بەرەو جەهالەت و دواکەوتووی ئەباتەوە . ئیسلامیە سیاسیەکانی باشوری کوردستانیش کە خۆیان بە (ئۆپۆسزێۆن) ئەزانن ! دەیانویست وای نیشان بدەن کە ئەوە ئیسلامیە سیاسیەکانن دەتوانن دیکتاتۆرەکان بڕوخێنن و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی بێنن ، بەو واتایەی سەروەریەکانیان هەمووی لەوان کۆ ئەکردەوە . لە ڕاستیش هەردوولایان درۆیان ئەکرد بۆ بەرژەوەندی خۆیان و چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان.
کێ سەرەتا لە (میسر) شۆڕشی بەرپاکرد دژی ڕژێمەکەی (حوسنی موبارەک)؟
ئەو گەنجانەی هاتنە سەر شەقامەکان لایەنگری هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نەبوون . بە قسەی هیچ سەرکردەیەکی سیاسی نەهاتنە سەر شەقامەکان . هیچ وڵاتێکی بیانیش هانی نەدان و لە پشتیان نەبوون . ئەوەی ئەو گەنجانەی هێنایە سەر شەقامەکان و کۆی کردنەوە ، تەنها وێنای خۆیان بوو کە گۆڕابوو بەرامبەر بە ژینگەی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری) . خۆ ئەگەر ئەو گەنجانە لە لایەن هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسی بهێنرانایەتە سەر شەقامەکان ئەوا بێگومان ئێستا (حوسنی موبارەک) هەر لە دەسەڵات بوو . چونکە هەمیشە حیزبی سیاسی بەدوای بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی سەرکردەکانیەوەیەتی نەک بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا ، بەتایبەتی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی کە نەیتوانی بازرگانی بەوانەوە بکات ، ئەو ئاڵووگۆڕە بوو کە بە سەر دبیرکردنەوە و یدو وێنای ئەوانا هاتبوو . تەواوی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان ، لەم سەری ئیسلامی تا ئەوسەری عیلمانی ، لە ڕاست تا چەپ ، سواری شەپۆلی شۆڕشی ئەم گەنجانەبوون .هەر یەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان . هەموو ئەوانەی لە ڕابردوو نەیان توانیبوو دەستکەوت و دەسەڵاتیان هەبێت ئەم گەنجانە بوون بۆ ئامڕازێک بۆ ئەوان ، تا ئەسپی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسی میسر تاو بدەن .
زۆرێک لە خەڵکی وشیار نیگەران بوون لەوەی کە ڕوویدا لە (میسڕ) دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی (حوسنی موبارەک) ، بەڵام من هەرگیز نا ئومێد نەبووم ئەگەرچی (ئیخوانەکان) لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی و پۆستی سەرۆک کۆماریان بەدەست هێنا . چونکە من پێم وایە کاتێک کۆمەڵگا لە لایەن دەسەلاتە زۆردارەکانەوە ئەخەسێنرێت هەموو جوڵەیەکی کۆمەڵگا بە ئاڕاستەی رووخانی ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە یان ئەو ژینگە پیسە زۆر باشە ئەگەر سەرتا وا دیار بێت ئەنجامەکەی خراپە .چونکە ڕووخانی ڕژێمێکی دیکتاتۆری خەڵک فێر ئەکات گۆڕانی تر بە دوای خۆیدا بێنێت ، ئیتر کۆمەڵگا ڕاناوەستێت وەک ئەوەی لە (30) ساڵی دەسەلاتی (حوسنی موبارەک) بۆگەنی کردبوو . لە باشوری کوردستان هەمان شت ئەبینم کۆمەڵگایەک زیاتر لە (20) ساڵە بە دەستی کۆمەڵێک مافیاوە خەسێنراوە ، هەر لە ڕێگای خۆیانەوە دەیان ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و بە ناو کەناڵی راگەیاندروای بیستراو بینراو سەدان ڕۆشنبیری بە ناو سەربەخۆ و چەندین حیزبی بە ناو (ئۆپۆسزێۆن)یان دروست کردووە و موچەیان ئەدەنێ بۆ بەتاڵ کردنەوەی خەڵک . لە ڕێگای ئەم مافیایانەی بەنەماڵەی (بارزانی و تاڵەبانی) و کۆمپانیاکانیان (پارتی و یەکێتی) باشوری کوردستان بە سەر تورکیا و ئێراندا دابەش کراوە . دەرگا بۆ دەزگا جاسوسیەکانی ئەو دوو ولاتە کراوەتەوە لە ڕێگای بازرگانیشەوە دەستیان بە سەر باشوری کوردستان گرتووە .ئەو دوو وولاتەش بە هاوکاری (پارتی و یەکێتی) چەندین حیزبیان لە کوردستان دروست کردووە . تورکیا (یەکگرتووی ئیسلامی) و ئێرانیش سەرەتا (بزوتنەوەی ئیسلامی) و پاشانیش(کۆمەڵی ئیسلامی) دروست کرد . دروستکردنی ئەم دوو حیزبە ئیسلامیە هەمیشە بۆ خزمەتی (پارتی و یەکێتی) بووە . لەهەمان کاتیشدا بۆ بەدیلی (پارتی و یەکێتیە) لە هەر ئەگەرێک ئەگەر ڕۆژێک خەڵکی کوردستان لە (پارتی و یەکێتی) راپەڕین و کۆتاییان بە دەسەڵاتی مافیایان هێنان . ئەمان ببنە جێگرەوەی ئەوان بۆیەی بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو وولاتە بپارێزن . لە چەند ساڵی رابردوو (کۆمەڵی ئیسلامی) بە هۆی لاوازی لە ناوچەی سەوز وای لە ئێران کرد بە دوای بە دیلێکی تر بگەڕێت و لە ڕێگای تالەبانی و بە هاوکاری (نەوشیروان مستەفا) بزوتنەوەی گوران دروست بکەن .ئامانج لە دروستکردنی گۆران بۆ پاراستنی یەکێتیە ، لە هەمان کات لە هەر تەقینەوەیەکدا (گوڕان) بە دیلی یەکێتی بێت . بۆ راستی و دروستی ئەمەش ئەو سەردانەی (نەوشیروان) بوو بۆ ئێران ، لە کاتێک خۆی ڕەخنەی لە (پارتی و یەکێتی) ئەگرت کەچی خۆی هەمان شتی کرد ! کاتێکیش لێیان پرسی بۆ چویت بۆ ئێران ؟ لە وەلام وتی: بۆ پارتی و یەکێتی ئەچن بۆ ئێمە نەچین ! ئەمە ئەو قسانەی من ئەسەلمێنێت .چونکە هەر حیزبێکی بانگێشتی هەر ووڵاتێک بکرێت و لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە ببینرێن ئۆتۆماتیکی ئەو دانیشتنە بۆ جاشێتیەو ئەرکی جاشێتیان پێئەسپێرن . چونکە سروشتی دیبلۆماسی لە جیهان دەولەت و دەوڵەتە. نەک دەوڵەت و حیزب .
یەکێک لە هەرە خراپەکانی دیموکراسی ئەوەیە گەمژەکان بۆیان هەیە دەنگ بدەن . کاتێک ڕژێمەکەی (حوسنی موبارەک) ڕووخا . ئیخوانەکان توانیان زۆرترین کورسیەکانی پەرلەمان بە دەستبێنن . کاتێکیش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کرا ئەو خەڵکانەی کە پێشتر لە سەردەمی حوسنی موبارەک خەسێنرابوون دەنگیان بە (ئەحمەد شەفیق)دا .ئیخوانەکان و لایەنەکانی تری ئیسلامی سیاسی دەنگەکانیان بە (محەمەد مورسی)دا . کاندیدی ئەو گەنجانەی دروستکەری شۆڕش بوون (سەباحی) بوو کە نەیتوانی بچێتە قۆناغی دووەهەمی هەڵبژاردن . بەمەش لە قۆناغی کۆتایی هەڵبژاردن لە نێوان (ئەحمەد شەفیق)ی یەکێک لە پیاوانی کۆنە ڕژێم و (موحەمەد مورسی) ئیسلامیە سیاسیەکان بوو . لە ئەنجامی ئەوەی ئەو گەنجانەی کە شۆڕشیان بەرپاکرد هیچیان ئامادە نەبوون دەنگ بەهیچکامیان بدەن . (موحەمەد مورسی) توانی ڕێژەی (%52) بەشدار بوانی دەنگدەر بە دەست بێنێت و ببێتە سەرۆک کۆمار . ئامانجی شۆڕشی گەنجان چەسپاندنی (دیموکراسی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و باشتر کردنی ژیانی هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی هاولاتیان هتد...
ئەوەی (محەمەد مورسی) هەوڵی بۆ نەدا ئامانجەکانی شۆڕش بوو . ئیخوانەکان پێیان وابوو هەلبژاردن بەو مانایە دێت کە زۆرینەی دەنگت بە دەست هێنا ئیتر بۆت هەیە ئەوەی حیزبەکەت باوەڕی پێی هەیە بە سەر تەواوی کۆمەڵگایا بیسەپێنیت . بە ناوی شەرعیەتی دیموکراسی ! لە کاتێک دیموکراسی ڕێک پێچەوانەکەیەتی . لە باتی بیرکردنەوە لە باشتر کردنی ئابوری ووڵات و باشتر کردنی ژیانی هاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی گیانی هاوڵاتیان و ئازادی تەواو چەسپاندنی دیموکراسی . هاتن پەیڕەوی حیزبەکەیان کردە دەستوری ووڵات و خستیانە راپرسیەوە ! لە ڕێژەی ئەوانەی بۆیان هەبوو دەنگ بدەن تەنها (%27) بەشداری ڕاپرسی دەنگدانیان کرد لە سەر دەستور. لەو ڕێژەیەش (%63) دەنگیان بە بەڵیدا ، (%32) بە نەخێر . ئەم دەستورەیان بە سەر کۆمەڵگای (میسری) سەپاند ! بەمەش یەکەم بزماریان لە تابوتی (دیموکراسی و ئازادی) داکوتا . لە ماوەی (1) ساڵی دەسەلاتی سەرۆکایەتی (محەمەد مورسی) کۆمەڵگای (میسری) دابەشبوو ، زۆرترین هێرش بۆ سەر ئازادیەکانی خەڵک کرا ، ڕێژەی کوشتن بە سەدان قات بەرز بۆوە ، ڕێژەی فەقیری بە سەدان قات زیادی کرد ، ئابوری وولات هێندەی تر داتەپی ، گرانی لە ووڵات زیادی کرد ، پاشان کەمی و گرانی بەنزین ، کەمی کارەبا و هتد ... لە ماوەی دەسەڵاتی (محەمەد مورسی) زۆرترین خۆپیشاندان کرا ، بەلام ئیخوانەکان و (مورسی) ئامادەنەبوو گوێ بۆ کەس بگرێت و بەردەوامی بە سیاسەتە هەڵەکانی ئەدا بێ گوێدانە ژیانی هاولاتیانی (میسری) . (محەمەد مورسی) لەوە نەگەیشت بوو کە ئەو تەنها بە ڕێژەی (%52) ئەو دەنگانە هاتۆتە سەر حوکم کە بەشداری دەنگدانیان کردووە . بیری ئەوەی نەبوو (48) دەنگیان بە (ئەحمەد شەفیق) دابوو . ئەوەشی بیر چوو بوو کە بە ملێۆنان هاولاتی میسری بەشداری دوا خولی هەڵبژاردنیان نەکرد ، کە لە نێویانا ئەو گەنجانە بوون کە شۆڕشی میسریان بەرپاکرد . لە باتی وەک سەرۆکی هەموو میسریەکان مامەڵە بکات تەنها وەک سەرۆکی ئیخوانەکان مامەڵەی کرد . وەک وتمان ئەوان وا لە دیموکراسی گەیشتوون کە مادام زۆرینەی دەنگەکانت هێناوە چیت ئەوێت بیکە تا (4) ساڵی داهاتوو !
ئایا کودەتا کرا بە سەر (موحەمەد مورسی)؟
ئەو گەنجانەی شۆڕشیان لە میسر بەرپا کرد و (حوسنی موبارەک)یان لە قەفەز کرد . خاوەنی خەونی گەورە گەورەن دنیا بینی ئەوان جیاوازە لەگەڵ دنیا بینی ئیسلامیە سیاسیەکان و ناسێۆنالیستەکان و بگرە چەپ و لیبڕاڵەکانیش . هەموو ئەو حیزبە سیاسیانە لە ماوەی ئەم ساڵە دژایەتی (محەمەد مورس)یان کرد ، بەلام نەیان توانی ملی پێبەن بە داواکانیان .هیچ لایەکیان لە ماوەی ئەم ساڵە داوای ڕووخانی ڕژێمەکەی (مورسیان) نەئەکرد . ئەوە (مورسی) بوو ملی بەوان نە ئەدا و لەگەڵیان دانەئەنیشت نەک بە پێچەوانەکەیەوە . ئەو گەنجانەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی (25-1-2011) بوون ئەم جارە بە هەمان نەفەسی ئەو کات ڕێکخراوێکیان دروست کرد بە ناوی (تەمەرود ڕەبڵ) و لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە (22) ملێۆن ئیمزایان کۆکردەوە بۆ دەست لەکار کێشانەوەی (محەمەد مورسی) . بۆ یەکەم جار بوو (محەمەد مورسی) هەست بە لەرزینی کورسیەکەی بکات و دان بەوەدا بنێت کە لە رابردوو هەڵەی کردووە و داوای حوکومەتی بنکە فراوان بکات و داوای دانیشتن لە گەڵ هەموو لایەنە سیاسیەکان بکات . بەڵام زۆر درەنگ بوو چونکە ئەم گەنجانە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان و سەرکردەکان ئاڕاستەیان ناکەن ، بەڵکو ئەم گەنجانە هەموو لایەنە سیاسیەکان ئاڕاستە ئەکەن . ئەوەی گوێ لەوان نەگرێت ئەکەوێتە ژێر پێی ئەم گەنجانە لە هەر بەرەیەک و هەر لایەنێک بێت . هیچ حیزب و سەرکردەیەک لای ئەمانە پیرۆزنین کەس ناتوانێت منەت بە سەر ئەم گەنجانە بکات یان بازرگانیان پیوە بکات . بەڵکو ئەوە ئەم گەنجانەن دەتوانن منەت بە سەر هەموو لایەنە سیاسیەکان بکەن چونکە هەرچی ئەوان بە دەستی دێنن لە داهاتوو بەری ڕەنج و ماندوو بوون و خەباتی و قوربانی ئەمانن . ئەوەی لە خەونەکانی ئەمانیش لابدات ئەخرێتە ژێر پیوە . هەرچۆن ئیخوانەکان و (محەمەد مورسی) لە ئەنجامی رەنج و ماندوو بوون و قوربانی ئەمانەوە ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخسا بە هەڵبژاردن بێنە سەر حوکم ، بەلام کاتێک بەمەیان نەزانی و لە خەونەکانی ئەم گەنجانە لایاندا پێ بە سەریانا نرا . 30-06-2011 گروپی (تەمەرود ڕەبڵ) داوای خۆپیشاندانی کرد و توانی بە ملێۆنان هاوڵاتی میسری بینێتە سەر شەقامەکان . ئەم گەنجانە هەرکاتێک خەڵکیان لە رابردوو ئەهێنایە سەر شەقامەکان هەرگیز داوایان لە (محەمەد مورسی) نەبووە ، بەڵکو داوای ئەمان هەمیشە ڕووخان بووە چونکە ئەمانە خاوەنی خەونی گەورەن بۆ میسری داهاتوو ، هەر هێزێک لە ئایندە بێتە سەر حوکم لە گەڵ خەون و ئایدیای ئەمانە نەیەتەوە چارەنوسی وەک (محەمەد مورسی) لێدێت . ئەم گەنجانە کاتێک توانیان لەو ڕۆژە بە ملێۆنان خەڵک بێنە سەر شەقامەکان ئیتر زەنگی مەرگی دەسەڵاتەکەی مورسی لێیدا گەڕانەوە بۆ دواوە نەبوو . سەرچاوەی ژیانی هەموو کۆمەڵگایەک ئابوریە خۆپیشاندانی ئەم گەنجانە کۆڵنەدانی نەبوو ، بۆیە هێندەی تر ژیانی هاولاتیانی میسری خراپ ئەبوو . لە وڵاتی میسر سەدان کۆمپانیای بیانی کار ئەکەن ئەم خۆپیشاندانانە دەبووە هۆی راوەستانی هەموو ئەو کۆمپانیایانە . سوپای سەربازی میسر زیاتر لە (%40) ئابوری وولاتی لە بەر دەستدایە . نە ئەو وولاتانە ئامادەن لە بەر چاوی کاڵی (محەمەد مورسی) واز لە بەرژەوەندیەکانیان بێنن نە سوپاش . بۆیە ئەم گەنجانە سوپای میسریان لە سەردەمی (موبارەک) ئاڕاستە کرد لە ئێستاش سوپایان دیسان ئاڕاستە کردەوە . ئەوەی ڕوویدا لە ئەنجامی سیاسەتە هەلەکانی (محەمەد مورسی) بوو نەک پیلانی هیچ وولاتێک بێت بۆ لابردنی (محەمەد مورسی) .هەر کەس پێی وایە (ئەمەریکا) یان هەر ووڵاتێکی تر (مورسی) لابردووە زۆر هەڵەیە بگرە ئەوان ئێستا زۆر نیگەرانن چونکە پێشکەوتنی کۆمەڵگای (میسری) بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئەخاتە مەترسیەوە نەک بە پێچەوانەکەیەوە .هیچ هێزێک بە قەدەر ناسێۆنالیستی عەرەبی و ئیسلامی سیاسی خزمەت بە بەرژەوەندی ووڵاتانی سەرمایەدار ناکات . کەس بەقەد (موبارەک) خزمەتی ئەو وولاتانەی نەکرد . بەلام کاتێک جەماوەر هاتە سەر شەقام و بەرژەوەندیەکانیان توشی راوەستان بوو پولێکیان بە (موبارەکەوە) نا . کاتێکیش (محەمەد مورسی) هاتە سەر حوکم باشترین بەدیلێک بوو کە ئەو ووڵاتانە خوازیاری بوون ، چونکە گەڕانەوەی میسریەکان بۆ دواوە لە رێگای ئاینەوە باشترین زەمانەتی بەرژەوەندیەکانی ئەوانە . (محەمەد مورسی) توانی ئاشتی بۆ ئیسرائیل مسۆگەر بکات بەوەی توانی شەڕی نێوان گروپە ئیسلامیەکان لە غەزە رابگرێت بەرامبەر ئیسرائیل . بۆ یەکەم جار ئیسرائیل ڕەزامەندی لە سەر دەستی میسر دەربڕی سەرۆکی ڕاکردووی (حەماس) بۆ چەند ڕۆژێک سەردانی (غەزە) بکات . محەمەد مورسی و ئیخوانەکان هیچ مەترسیەکیان نە بۆ ئەمەریکا و نە بۆ ئیسرائیل نەبوو تا نەخشەی لابردنی بکێشن . هیچ مەترسیەکیشی بۆ سەر سوپا نەبوو تا ئەوانیش نەخشەی لابردنی بکێشن . بەڵکو لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی (ئیخوانەکان) و (محەمەد مورسی) بە دەستی خۆیان گۆڕیان بۆ خۆیان هەڵکەند . کاتێک سوپا نەخشە رێگاکەی خوێندەوە ، هەمان ئەو نەخشە ڕێگایە بوو کە ڕێکخراوی گەنجانی (تەمەرود ڕەبڵ) لە 30-6-2013 بڵاویان کردەوە . ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت چۆن ئەو گەنجانە سوپایان ئاڕاستە کردووە .
ئەوە باس لای گەلی کورد ئاوا لە دیموکراسی گەیشتووە مادام (مەسعود بارزانی) (%70) دەنگەکانی هێناوە دەبێت بە ئارەزووی خۆی سواری کۆمەڵگا بێت ! ئەوەی لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەسعود لەم چوار سالە روویداوە و ئەگوزەرێت ، لە هەر وڵاتێکی دیموکراسی بوایە دەمێک بوو گۆڕ بە گۆڕیان کردبوو . کەچی لای ئێمە تازە گرەو لە سەر بەدیل یان خۆ کاندید کردنی یان نەکردنی ئەکرێت !!!
باشوری کوردستان لە ئێستا بە هەمان دۆخ تێدەپەڕێت ، بەلام ئەوەی ئێمە خاوەنی نین ئەم گەنجانەیە . گەنجی ئێمە ناڕازییە پارەی بەرێ و دایمەزرینە کێشەی نامێنیت ، بۆیە جێگەی مەترسی نین بۆ دەسەلاتی مافیایی (پارتی و یەکێتی) . گەنجی ئێمە هێشتا دیدگای نەگۆڕاوە بەرامبەر ژینگەی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری) ، خاوەنی هیچ خەونێکیش نین . بۆیە بە ئاسانی کۆمپانیا بازرگانەکان و بازرگانە سیاسیەکان ناویان لە خۆیان ناوە (ئۆپۆسزێۆن) ئاڕاستەیان ئەکەن و خستویاننەتە خزمەتی خۆیان و ئەو ژینگە پیسەی کە لە باشوری کوردستان هەیە . هەر ڕۆژەی لە ژێر ناوێکا خەڵک فریو ئەدەن . لە ئیستا زۆر پێویستە ئیدی کاری ئێمە ئەوەبێت گەنجانی هاوشێوەی (میسر) دروست بکەین و کاریان لە سەر بکەین .ئەگەر ئێمە بتوانین ئەوە بکەین ئەوا دەتوانین شۆڕش بکەین و نابێت لە ئەنجامەکانیشی بترسین . من دڵنیام لە ئەنجامی دروستکردنی ئەو گەنجانە ئەم کۆمپانیا بازرگانانەی (گۆران و ئیسلامیەکان) سواری شەپۆلی تەقینەوەکانی خەڵک ئەبن . بەڵام ئەمە نابێتە مایەی دڵگرانی چونکە ئەتوانین وەک (محەمەد مورسی) لە گۆڕیان بنێین . ئێڕان تورکیا ئەمانەیان وەک بەدیل خستۆتە ناو شەقامەوە ئەمانە هەمووشت ئەکەن ، بۆ ئەوەی ئەوەی هەیە لە ئێستا بیپارێزن . لە ئایندەش کاتێک جەماوەر هەمووشتەکانی بۆ روون ئەبێتەوە و تەقینەوە جەماوەریەکان دروست ئەبن ئەمانە سواری شەپۆلی شۆڕش ئەبن . بەڵام وەک وتم جێگەی نیگەرانی نیە ، گەر بتوانین گەنجانێک دروستبکەین خاوەنی خەونی گەورە بن هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت خەونەکانیان لە گۆڕبنێت . کۆمەڵگای کوردی ئێستا وەک گۆمێکی مەنگ ڕاوەستاوە و بۆگەنی کردووە ، بۆیە پێویستە بجوڵێنرێت جولان بە ئاڕاستەی پاڕانەوە نا ، بە ئاڕاستەی سواڵ لە مافیاکان نا . بەڵکو جوڵان بە ئاڕاستەی رووخانی مافیاکان (پارتی و یەکێتی) . خەڵک دەبێت دوای ئەو ڕێکخراو کەسایەتی و ئەم کۆمپانیا بازرگانە سیاسیەکان نەکەوێت و بیهێننە سەر شەقام فێری سواڵ و پاڕانەوەی بکەن و بەتاڵی بکەنەوە . دەبێت خەڵکی ئێمە تورەبونەکانی لە ناخی خۆی هەڵبگرێت یەک جار بێتە سەر شەقام و دروشمەکانی دروشمی شۆڕش بن . ڕێگە بە هیچ هێزێک نەدا بازرگانی پیوە بکەن بە یەک چاو سەیری هەموویان بکەن . لە ئیستا ئێمە پێویستە ئاوا کار لە سەر جەماوەر بکەین هانیان بدەین نەیەڵێن ئەو هێزانە بە ناوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بیان بەن داوا لە مافیاکان بکەن ئەوە نەکەن و ئەوە ئیمزا نەکەن . ئەوانە کار بۆ ئەو دەسەڵاتە مافیایە ئەکەن هەموویان موچەیان هەیە و بەشیکن لەو سیستەمە . گەنجی ئێمە دەبێت وەک گەنجانی میسر بیرکردنەوە و وێنایان بگۆڕێت بەرامبەر ژینگەی سیاسی . دەبێت لەوە تێبگەن ئەمانە مافیان دەبێت سەریان پان بکرێتەوە . دەبێت تێبگەن لەوەی کۆمەڵگا و کەلتور سەر لەبەری پیویستی بە گۆرانە و گۆرانیش بە خۆیان ئەکرێت . نەک بەو هێزانەی کە لە هەمان قوتابخانە پەروەردەبوون و پێکەوە ئەم ژینگەیەیان دروست کردووە . دەبێت تێبگەن لەوەی ئیسلامی سیاسی ماڵوێرانیە بۆ کۆمەڵگا و کاری ئەوان بەر تەسک کردنەوەی ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و هتد ...
گەنجانی میسر (تەمەرود ڕەبڵ) ئەرکی بەردەمیان قورسە چونکە هێزە ئیسلامیە سیاسیەکان بە ئاسانی کۆڵ نادەن ،دوور نیە پیکدادانی خویناوی بێتە ئاراوە . لە هەمان کات (سوپا)ش بەرژەوەندی خۆی هەیە. حیزب و لایەنە سیاسیە عیلمانی و حیزبی ئیسلامی (نور) و چەپ و لیبڕالەکان هەموویان بەرژەوەندی خۆیان هەیە . بەلام دڵنیام ئەم هێزی گەنجانە دەتوانن هەموو هێزێک و لایەنێک ئاڕاستە بکەن . توانا و خەون بینی ئەم گەنجانە دەتوانێت میسرێکی نمونەی بەدی بێنن . شۆڕش ، شۆڕش بە دوای خۆی دێنێت هەر گەلێکیش ئامادەی شۆڕشی هەبوو گەلێکی زیندووە و چاوەڕێی ئایندەیەکی گەشی لێئەکرێت.