پارتی چارەسەری داوای داڕشتنی ستراتیژیەتێكی هاوبەشی نەتەوەیی، دیموكراتی لەلایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكات
Saturday, 01/03/2014, 12:00
1912 بینراوە
سەبارەت بەناكۆكیەكانی حكومەتی ناوەندی ئێراق و هەرێمی كوردستان، هاوكات دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە مافی مرۆڤ بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان و نەبوونی كۆدەنگی سیاسی و ئەمنی لەبەرامبەر بە هێرشەكانی رێكخراوی جاڵجالۆكە تیرۆریستی داعش دەڵێت:"پێویستە حكومەت ناوەند هاوڵاتیانی كورد نەكاتە قوربانی كێشە و ناكۆكیەكانی خۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكاتیش دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگەخۆشكەرە بۆ ئەم سزایانە و راپۆرتەكەی ئەمریكاش بەنیسبەت پێشلكاری مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان ئەم راستیە نیشاندەدات و نەبوونی پلانی هاوبەشی لایەنە كوردیەكان لەناوچە كێشەلەسەرەكان بەتایبەتی لەبەرامبەر بەمەترسیەكانی رێكخراوی داعش وادەكات، رۆژبەرۆژ مەترسی بۆ سەر پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر ببێت.
ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان"حسین كەركوكی"، سەبارەت بە ناكۆكیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداد و نەناردنی بەشە بودجەی حكومەت و سزادانی هاوڵاتیان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری پارتەكەی دەڵێت:"كێشەی سەرەكیەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد گرێدراوی خاڵەكانی دەستوری بنەڕەتی ئێراقە؛ چونكە هەرلایەنە بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی بڕگە و ماددەكانی دەستور تەفیسر دەكات و هەرساڵەش لەم كاتەدا ئەم مشتومڕە سەرهەڵدەداتەوە و نەك حكومەتی ناوەند و نەش حكومەتی هەرێمی ئامادەی چارەسەری ریشەیی نین و هیچ كام لەم دوولایەنەش پرۆژەی چارەسەریان پێ نییە و هەركاتەش ژێربەژێر لەكۆتاییدا بەیەكەوە رێكدەكەون و هاوڵاتیانی ئێراق و هەرێمیش باجی ئەو ململانێیە و پەیوەندیە ژێربەژێرەی هەردوو حكومەتەكە دەدەن. ئەوەی راستی بێت وەكو پارتی چارەسەری هەر لەسەرەتای پەسەندكردنی دەستوری ئێراق لەساڵی"2005"دا، ئاماژەمان بەو خاڵانەی دەستور كرد كە لەداهاتوودا دەبنە جێگەی ناكۆكی هەردوولایەن و خەڵكیش باجەكەی دەدات.
حسین كەركوكی ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری سەبارەت بە دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت:"ئەوە پێنج مانگ زیاترە لەئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی هەرێمی كوردستان تێپەڕدەبێت كە چی هێشتا گفتوگۆ لەسەر دابەشكردنی پلەو پۆستەكان بەردەوامە و خەڵكیش لەچاوەڕوانی خزمەت و پێكهێنانی پرۆژە خزمەتگۆزاریەكاندایە لەحكومەت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی ئیرادەیەكی سەربەخۆ و بەدوور لەبەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و بەبنەمانەگرتنی ئیرادەی خەڵك و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، دەنگی دەنگدەران و ئیرادەی خەڵك بێ واتا دەكرێت و هەرلایەنە هەوڵدەدات، بەرامبەرەكەی خۆی لەدواكەوتنی حكومەت تۆمەتبار بكات و زیاترین پۆست و پلە قازانج بكات. كەركوكی دەڵێت:"پێكنەهێنانی حكومەت و كابینەی نوێ لەهەرێمی كوردستان، لەم كاتەدا بۆشاییەكی سیاسی، ئەمنی، خزمەتگۆزاری دروست كردووە و هاوكاتیش بۆتە بەشێك لەو گۆشارانەی كە لەئێستادا لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان پیادە دەكرێت و كارگەیشتووەتە ئەوەی كە قۆتی خەڵك وەكو كارتێكی گۆشار لەدژی هاوڵاتیان بەكار بهێنرێت. لەلایەكی ترەوە ئەو حكومەتە كاربەرێكەرە كە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێم كۆدەبێتەوە، خاوەن دەسەڵاتێكی یاسایی نییە و ناتوانێت تەعبیر لەئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات و ئەوەش خۆی لەخۆیدا پرسی بۆشایی دەستوریە لەهەرێمی كوردستان زەقتر دەكاتەوە.
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا حسین كەركوكی ئەندامی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دەڵێت:"دوای تێپەڕبوونی"24"ساڵ لەئەزمونی دەسەڵاتداریەتی كورد لەهەرێمی كوردستان نەمانتوانی روویەكی جۆان نیشانی دەرەوە بدەین، لەگەڵ ئەوەی كە ئێمەی كورد لەژێر زۆڵم و زۆرداری حكومەتە یەك بەدوایەكەكانی ئێراقدا بووین، بەڵام پاش راپەڕینی ساڵی"1991" و پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەت، نەمانتوانیووە دەستورێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموكراتی دەستەبەر بكەین و حكومەتێكی دامەزراوەیی دابمەزرێنین كە حكومەتی خەڵك بێت و خزمەت بەخەڵك و تەعبیر لەو هەموو نەهامەتی و ئێش و ئازارانەی خەڵك بكات، كەچی بەپێچەوانەوە حكومەتێكی بێدەستور، حزبایەتی و ناوچەیی پێكهات. لە حكومەتە حزبیەكەدا لەبەر نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی سەربەخۆ بەردەوام دەستی دەرەكی تەداخۆلی كردووە و حكومەتە حزبیەكەش ملكەچی بڕیارەكانی دەرەوە بووە و تەعبیر لەخواست و هیواكانی خەڵكیشی نەكردووە و ناكۆكیەكانی ئێستاش لەگەڵ حكومەتی بەغداش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت و راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئەم راستیە پێشڕاست دەكاتەوە. بەو عەقڵیەتە حزبایەتیەش لەپاش رووخانی رژێمی بەعس بەهەمان شێوە لەجێگا كێشەلەسەرەكانیش هەڵسوكەوتمان كرد، بۆیە ئێستاش رووبەرووی مەترسی و پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بووینەتەوە و مەترسیەكانیش لەداهاتوویەكی نزیكدا پەلكێشی ناو هەرێمی كوردستانیش دەبێت و دەبێتە مەترسی بۆ سەر پێگەی هەرێمی كوردستانیش و هەتاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خاوەن هەڵوێستێكی یەكگرتوو نین لەبەرامبەر بەم مەترسیە وەكو حكومەت.
لەكۆتایی لێدوانەكەدا ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی پارتی چارەسەری سەبارەت بەمیكانیزمەی چارەسەری ئەم كێشانەش كە رووبەرووی كورد و خەڵكی ئێراق بەگشتی بۆتەوە؛ دەڵێت:"پێویستە بەپەلە لەهەرێمی كوردستان بانگەوازیەكی بۆ هەموو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان بكرێت كە كۆبوونەوەیەكی گشتی بە بێ جیاوازی هەموو لایەنە سیاسیەكان بەشداری تێدا بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەكەوە ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی، دیموكراتی و نیشتمانی دابڕێژرین و پێگەی سیاسی، دەستوری، نەتەوەیی، دیموكراتی قازانج بكەین، هەتاكۆ بتوانین ببینە وەڵامدەرەوەی پرسەكانی دەرەوەی خۆمان، لەئاستی ئێراق و درەوەی ئێراقیش و نمونەیەكی جۆانیش پێشانی دەرەوەی خۆمانیش بدەین.