ئه‌رێ مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س بۆ وا له خۆی ده‌کات؟!
Saturday, 29/08/2009, 12:00
گومانی تیا نییه، که مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س یه‌کێکه له شاعیره باشه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کوردستان و له‌ناو شاعیرانی یه‌کێتی نیشتیمانیش باشترینه! له ساڵانی حه‌فتاوه کاک شێرکۆ شانبه‌شانی شاعیرانی تری وه‌ک مامۆستایان ئه‌نوه‌ر قادر جاف و فه‌رهاد شاکه‌لی و قوبادی جه‌لیزاده و عه‌بدوڵا په‌شێو و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ئه‌وانی تر خزمه‌تی وشه‌ی پیرۆزی کوردی کردووه، به‌ڵام له هه‌ندێکیان به‌وه جیا ده‌کرێته‌وه، که کاک شێرکۆ قه‌ت بێ ناز و نیعمه‌تی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵی نه‌کردووه. جا گرنگ نییه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چییه و کێیه!
له حه‌فتاکاندا، له زه‌مانی به‌عس، هه‌میشه هۆیه‌کانی ڕاگه‌یاندنی حوکومه‌تی عیراقی به‌کار ده‌هێنا بۆ ڕیکلام کردن بۆ خۆی و داپۆشینی به‌هره‌کانی تر که ئاماده نه‌بوون سه‌ر بۆ جاشقه‌ڵه‌مه‌کان دابنه‌وێنن.
له قۆناخی چوونه‌شاخیشدا، که باو بووه باوی کۆمه‌ڵه، ئیدی کاک شێرکۆی نه‌ته‌وه‌یی و کاژ‌یک به قودره‌تی خوای ته‌عالا بووه مارکسی و ته‌نانه‌ت شیعری بۆ لێنین و که‌مال عدوان وت و کۆمه‌ڵێک شیعریشی بۆ فه‌له‌ستین هۆنییه‌وه! ئیدی ڕۆژێک له شاخ و ده ڕۆژ له شاره‌کانی ئێران بوو بۆ ڕابواردن و خواردنه‌وه. کاک شێرکۆ ده‌یزانی یه‌کێتی ئه‌و حیزبه نییه هه‌روا به خۆڕایی بیداتێ و بیگێررێ و بیپه‌ڕێنێ، بۆیه به نازناوی (جوامێر) کاک شێرکۆ ئه‌وه‌نده‌ی توانای هه‌بوو جوێنی به نه‌یارانی جه‌لا‌لییه‌کان دا. ئه‌وه‌ی پێشی کرا کردی بۆ گه‌رمکردنی شه‌ڕی براکوژی. لایانگرییه‌کی موتڵه‌قی له " هه‌ڵۆیه سووره‌کان" کرد و هانی دان بۆ ته‌فروتوناکردنی " جامانه سووره‌کان"!
بۆیه که هه‌وه‌سی هاتنه ئه‌وروپای که‌وته که‌لله، یه‌کێتی و مامه قه‌لخۆره‌که‌ی دریغییان بۆی نه‌کرد. له ئه‌وروپاش، له سایه‌ی ئه‌و دیمۆکراسی و پێشکه‌وتنه‌ی که هه‌یه و شێرکۆ به چاوی خۆی ڕۆژانه ئه‌یبینی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌قلییه‌تی شاخ مایه‌وه. له جه‌رگه‌ی ئه‌وروپاش به وه‌فا مایه‌وه بۆ مامه و یه‌کێتی. ڕێککه‌وتنی نێوانیان هه‌ر به‌رده‌وام بوو. یه‌کێتی به هۆی عومه‌ری شێخمووسه‌وه، که په‌یوه‌ندیی به ده‌یان لایه‌نی ده‌ره‌کییه‌وه هه‌یه، خه‌ڵاتێکی نووسه‌رانی په‌نابه‌ری سوێدیان بۆ ده‌سته‌به‌ر کرد. ئه‌وه‌ی له سوێد ژیابێ و ئاگاداری چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی له‌و بابه‌ته بێ ده‌زانێ که ئه‌مه خه‌ڵاتی به‌زه‌ییه و ماوه نا ماوه ده‌درێته نووسه‌رێکی بێگانه‌ی په‌نابه‌ر. یه‌کێتی له هه‌ڵڵای دا، که خه‌ڵاتێکی جیهانی دراوه به شاعیره نازداره‌که‌ی. هه‌ڵۆیه سووره‌کانیش، هه‌موو رێک‌خستنه‌کانی یه‌کێتیش، به شارانی ئه‌وروپادا ده‌یانگێڕا و به شاعیری گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه وه‌سفیان ده‌کرد و به‌رده‌وامیش هه‌واداره‌کانی یه‌کێتیی دیانبرد بۆ سوێنی خواردنه‌وه و دانس و دواجار ده‌یان په‌ڕاند! ته‌نانه‌ت یه‌کێتی پێی ناخۆش بوو باسی شاعیرێکی تری کوردستان بکرێ جگه له کاک شێرکۆ!
که دوای ڕاپه‌ڕین یه‌که‌م نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیش ده‌رکه‌وت له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان، شێرکۆ یه‌که‌م که‌س بوو دوکانێکی ڕۆشنبیریی بۆ کرایه‌وه به ناوی ده‌زگای "سه‌رده‌م"، بۆ خۆی له‌وێ به سه‌رده‌ما لێی که‌وت و پاره و پولێکی زۆری له کورد دزراوی خرایه به‌ر ده‌ست. کاک شێرکۆ نه‌ک هه‌ر خۆی، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک قه‌ڵه‌میشی کڕین بۆ وه‌سف کردنی گه‌وره‌یی شێرکۆ. ده‌زگای سه‌رده‌م و ئۆرگانه حیزبییه‌کانی یه‌کێتی و کوردسات و تاقمێک فه‌یله‌سوفی قۆڵبڕ و ئه‌کادیمیی ساخته‌چی و نووسه‌ری به‌ناو نوێخواز، که ئێستاش مانگانه له شێرکۆ وه‌رده‌گرن، که‌وتنه مه‌تحی شێرکۆ. به‌م دوادواییه کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ، بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بکا، که هێشتا له ژیاندایه، به پاره‌ی دزراوی خه‌ڵکی کوردستان فیلم له‌سه‌ر خۆی ده‌ر بکات!
شێرکۆ به‌رامبه‌ر به‌و پاره زۆره حه‌رامه‌ی مانگانه له مامه دزه‌که‌ی وه‌رئه‌گرێت، زوو زوو له‌گه‌ڵ ره‌ووف بێگه‌رد و هه‌ڵکه‌وت و چه‌ند که‌سێکی تری نووسه‌ر و شایه‌ر و گۆرانیبێژان ده‌باته‌خزمه‌ت جه‌لال و تێی ئه‌گه‌یه‌نێ که ئه‌و پاره‌ی وه‌ری ئه‌گرێ هه‌وا‌نته نییه!
من وه‌ک شیعردۆستێک، به دڵ پێم خۆشه کاک شێرکۆ بێکه‌س، هیچ نه‌بێ له‌و ته‌مه‌نه هه‌ڵکشاوه‌یدا، هه‌رچه‌ند زۆر دره‌نگیشه، شه‌ق له ماڵی دنیا هه‌ڵدا و واز له ناز و نیعمه‌تی مافیای حیزب بێنی و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو گه‌له هه‌ژاره‌که‌ی خۆی. ئه‌وه‌ی تا ئێستا وه‌ری گرتووه به‌شی ده ژیانی تری ده‌کات!
سه‌یره، شاعیرێک له شارێکدا ده‌ژی که رۆژانه هه‌زاران زوڵم و زۆری له خه‌ڵک ئه‌کرێ ، که تاقمێکی دز و ڕێگر ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو داهات و چاره‌نووسی وڵات‌دا گرتووه، ئه‌م بێده‌نگه! ئێستاش ، وه‌ک رۆژانی شاخ، له کوردسات هه‌ر ئه‌نه‌ڕێنێ و خۆی له‌م واقیعه گێل ده‌کات که هه‌یه. نازانێ ، ئه‌وه‌ی ئه‌و له پاڵیانه و ماڵی دزراویان له‌گه‌ڵدا به‌ش ئه‌کات، ئه‌وانه‌ن، که که‌رکووکیان کرده ماده‌ی 140، ئه‌وانه‌ن، که مووسڵ‌یان بۆ داگیرکه‌ران چۆل کرد. ئه‌وانن دار و به‌ردی کوردستانیان له‌سه‌ر خۆیان و خێزانیان به‌ش کردووه، ئه‌وانه‌ن، که بنه‌مای ده‌وله‌تیان نه‌هێشت و عه‌شیره‌تیان ژیانده‌وه، ئه‌وانه‌ن، که رۆژێ ده‌یان و سه‌دان خوشکانمان به ناوی نامووس ئه‌کوژن و ئه‌سووتێنن، ئه‌وانه‌ن، که ژینگه‌ی کوردستانیان وێران کردووه. ئه‌وانه‌ن، که هه‌زاران تاوانیان ئه‌نجام داوه و ئه‌وانه‌ن و ئه‌وانه‌ن، ....
کاک شێرکۆ... بۆ ئه‌وان مه‌شیڕێنه، دژی ئه‌وان بشیرێنه! دواڕۆژ هه‌ر بۆ ئه‌و قه‌ڵه‌مه مه‌ردانه‌یه که سه‌ر بۆ پاره‌ی دزراو شۆڕ ناکه‌ن . بۆ ئه‌وانه‌یه که مولکی خه‌لکن نه‌ک مافیای حیزب. تۆ به ده‌یان ڕۆمان و دێوان و نامیلکه و هه‌زار شیعر بنووسیت، پاش مردنت نه‌فره‌تت لێده‌کرێت، وا نه‌زانیت ناوه‌که‌ت نه‌مر ده‌بیت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست