هەولێر پەشێوی پێویستە، نەک پیرباڵ
Wednesday, 23/02/2011, 12:00
دوێنێ فەرهاد پیرباڵی بەناو شاعیر و نوسەرو ڕوناکبیر ڕێگەیەکی دووری بڕی و خۆی گەیاندە بەردەرکی سەراو بە تەمابوو. گەنجان و لاوان و خۆپیشاندەرانی ناڕازی پێشوازی لێ بکەن و ڕێگەی بدەن وتار بخوێنێتەوە. بەڵام خۆشبەختانە لاوانی خۆێن گەرمی مەیدانی ئازادی لەوە هوشیار تر بوون، فریوو درێن و ڕێگە بدەن، قەڵەمێکی تێکشکاوی دەرباری دەسەڵات، تێکەڵیان بێت.
فەرهاد پیرباڵ، گەر ڕاستی کردایەو ئەوەندە پەرۆشی لاوانی وڵاتەکەیەتی، پێش ئەوەی ملە قوتێی بەشداری خۆپیشاندانەکان بکات لە سلێمانی ، دەبوو لەوەوە دەستی پێ کردایە.، داوای لێبوردن لەگەلەکەی و خۆێنەرانی و خوێندکارانی زانکۆ بکات.، کە زووتر نەهاتۆتە ڕیزیانەوە و کاتی خۆشی دەنگی بە پارت و سەرۆکێکدا، کە هێزوو توانای بەردەستی بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی و شەهید و بریندارکردنی دەیان لاوی خوێن گەرم، بەکارهێنا کە تاوانێکیان نەبوو.
پێشتر پیرباڵ، وەک مامۆستایەکی زانکۆو بڵندگۆیەکی ئەو کاتی گەنجان، خۆشەویستی خۆی قوڵتر لەناو دڵی هەوادارانیدا دەقوڵقاند، گەر بەرامبەر شەهید کردنی سەردەشت و سۆران و مامۆستا تایەر هەڵوێستێکی هەبوایە! و داخوازی داواو خواستە هەرە سەرەتاییەکانی خەڵکی کورد بوایە.
پیرباڵ پێویست نەبوو بێ بۆ سلێمانی و خۆی بنوێنێ، کاتێ دەرکردنەکەی لە ئەگەری نەهاتنی زیاتری لەسەر کەوت!
ئەرکی ئەو بوو، خۆێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا و گەنجانی شارە سەدان جار بریندارەکەی هەولێر لەخۆی کۆکاتەوە، و وتاریان لەگەڵ بڵێتەوە، و سنگ بخاتە ڕیزی سنگیان گەر چارەنوسیشان فیشەک بێ!
هەفتەی ڕابردوو، شێرکۆ بێکەس و گروپەکەشی، زاتیان نەکرد گوزەرێ بەبەر سەرادا بکەن! بەڵکو نوسراوێکی شەرم هێنەریان بڵاوکردوە بۆ پشتیوانیان.
ئەم بەناو ڕۆشنبیرو شاعیر و مامۆستای زانکۆو ڕوناکبیرانە، تا بۆیان کرا. لەسەر سفرەی ڕازاوەی دەسەڵات، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ. بەشدار بوون لە درێژەدان بەو ڕەهێڵە گەندەڵی و ناعەدالەتی، نایەکسانی و ڕاووڕووتەی لە بیست ساڵی ڕابردوودا، بەرۆکی سەرجەم دانیشتوانی هەرێمی کوردساتنیان گرتبوو. کەچی ئێستا هەندێک وەک کەتنێکیان کردبێ! بێ دەنگن و هەندێکیشیان بێ شەرمانە دەیانەوێ لە ڕیزی پێشەوە خۆپیشاندەراندا خۆ بنوێنن.
بۆیە ئەرکیانە هەڵوێستی خۆیان ئاشكرا بکەن، و لەڕابردوویان پەشیمانی بنوێنن! ئەو کات لاوانی ناڕازی و خۆپیشاندەریش کورسییەکیان لە خواری خوارە پێ ڕەوا ببینن.
بە دیدی من هەولێری هەمیشە سەربەرزو خۆشەویست و لاوان و دانیشتوانە قارەمان و دڵ پر لەئازارەکەی، لە هەر کاتێک زیاتر، پێویستی بە عەبدوڵڵا پەشێوە، نەک فەرهاد پیرباڵ کە لەسێبەری دووگی دەسەڵاتدا پیر ئەنوێنێ!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست