لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەی پشت ئاشان و هەولێر
Saturday, 11/05/2013, 12:00
گەرچی لەکۆنگرەی سێ ی چاودێری کوردۆساید داوام لێ کرد ن , وەرن کار لەسەر کۆمەلکوژیەکانی پارتە سیاسیەکانی کورد لەبەرامبەر یەکتر بکەینە بەشێکی تری بەرنامەی کارەکانمان ، بەداخەوە نەیان خستە ناو بەرنامەی ئەو رێکخراوە تا منیش دەرچوم لەو ڕێکخراوە . لەکاتیکدا ئەو باس و بابەتە گرنگە هەردە بێ کەسێ و ريکخراوێ باسی بکا ت بەتایبەتی ئەو ريکخراوانەی لەبواری کۆمەلکوژی و جینۆساید کار دەکەن
لەچەند ڕۆژی رابردو یادی کۆمەلکوژی پشت ئاشان و قرناقە هەندێ کادیرو هەواداری شوعی بەگەرمی لەفەیسبوک بابەت و نووسینیان بلاو دەکردەوە . هاوکات ١٦ی مایش ڕۆژی کۆمەلکوژی هەولێرە ١٩٩٧ ، بۆیە لێرەدا هەندێ سەرنج دەدەم
1. گەرچی رۆژ لەدوای ڕۆژ ، ئاستی ڕۆشنبیری دژ بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ وتاوان و ئازادی سیاسی گەشە دەکات ،چونکە وەک کۆن نماوە ، کە هەر پارت و کەسایەتیەک ، روبەروی کوشتار و تاوان و پێشیلکاری دەبۆوە ، تەنیا ئەو لایەن و کەسایەتیانە دەنگیان بەرز دەکردەوە کە خاوەنی هەمان بیروبۆچون و ئایدیەلۆجیا بون . بەلام ئێستا ئاستی هوشیاریەکە لە دژایەتی پێشیلکاری و تاوان و تۆقان لەسنوری ئایدیەلۆجیا وا تێدەپەرێ ، هەر ئەمەشە وای کردوە کەبارەگای یەکگرتو دەسوتێ ، ئەوا کۆمنست و جەپ و لیبرال و هەموو ئازادیخوازێ دەنگیان بەرز دەکەنەوە ، لەکاتێکدا گەر نمونەی لێدانی بزوتنەوەی ئیسلامی بەدەستی یەکێتی نیشتمانی بکەین هەمومان دلخۆش بوین بەلێدانیان . بەلام هیشتا ئەو ئاستە ڕۆشنبیریە ماوە کەداکۆکی لەتاکی کورد بەپیی پێشێلی مافی مرۆڤ بێ ، نەوەک بەپێی (کەسایەتی دیار ونادیار ، یان ترس بون لەوەی کەئەمانە ئیسلامی توندرەون ، یان کەسی ماف پیشێل کراو مادام کۆن لەگەل دەسەلات بوە ، ئاسایە ئیستا دەسەلات هەرچی بەرامبەر بکات ).
2. لەم روانگەوە واباشترە هەرکادیرو هەوادارێکی شوعی و یەکێتی وپکک ، گەر دەیەوێ دژی تاوانەکۆمەلکوژیەکانی دژ بە حزبەکەی بوەستێ ، وابۆیان بابەتی و جوانترە ، هەر باسی پشت ئاشان و قرناقە و هەکاری و هەولێر نەکەن ؟. بەڵکو دەبێ کۆی کۆمەلکوژیەکان باس بکات ، ئەوکات شێوەیەکی بابەتی راستگۆیی لەدژایەتی تاوان وەردەگرێ و هەست دەکرێ ، نوسینەکە لەروانگەیەکی تەسکی شەرە خێل و حزبی نیە . بەلکو دژایەتی تاوانەکەیە لەهاوشیوەی داکۆکیەکانی ، ئامنستی و هۆمان رایت وۆچ و رۆژنامەنوسانی جیهان ، لەدژایەتیان بەرامبەر هەموو ئەو دام ودەزگا و ولاتانەی ، کەبەپێی جارنامەی مافەکانی مرۆڤ مامەلە لەگەل مافی هاولاتی ناکەن . بۆیە ناکرێ تۆ خۆت پێ چەپ و کەسی پێشکەوتوخواز بێ ، تەنیا لەدژایەتی کۆمەلکوژی حزبەکەت بی ، بەلام هاوشیوەی ئەو ئەگەر خراپتریش بکرێ بێدەنگ بیت بەنمونە:
١/ هەکاری ١٩٧٨ کەپارتی دیموکراتی کوردستان سەدان پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەهید کرد.
٢/ پشت ئاشان و قرناقە لە ١٩٨٣ کەیەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیان کادیرو پێشمەرگەی شوعی بەدیلی شەهید کرد.
٣/ کۆمەلکوژی هەولیر ١٩٩٧ کەپارتی دیموکراتی کوردستان نزیک بە ٦٠ کادیری پکک بەدیلی و لەهیرش بردنە سەری شەهید کرد
٤/لەشەری ناوخۆی نێوان پارتی ویەکێتی ، جگە لەدەیان کاری دژە مرۆیان ، لەدیل کوشتن دا بەلام لیرەدا دوو نمونە دەهێنینەوە
١/لە٣١ ئاب پارتی زیاتر لە ٧٠ کادیرو بەرپرسی سەربازی یەکێتی کەخۆیان رادەستی پارتی کردوە شەهید کردون
٢/یەکیتی لەسالی ١٩٩٧ لەرانیە زیاتر لە ٥٠ چەکداری پارتی بەکۆمەل شەهید کرد
هاوکات ئەگەر شوعیەکان هەر باس لە و تاوانانە دەکەن کە دژیان کراوە دەبی هەول بدەن تەنیا لەنەوشیروان موستەفا چری نەکەنەوە با ئەویش سەرپەرشتی کردبێ ، بەلکو ئەوە بیروبۆجون و بریاری کۆی پارتەکە بووە وەخودی نەوشیروانیش بەپێی پلەکەی و ئاستی تاوانەکەی ، بەردەکەوێ . هاوکات بۆ ئەوەی هەستیان پێ بکرێ بەهەقیقەت ئەوان دژ بەتیرۆری شەهیدو حزب و دژایەتی کۆمەلکوژیەکانیان بکرێ واباشترە هاوشیوەی تاوانەکانی پارتیش باس بکەن ، کەهەمومان دەزانین و گوێ بیست بوینە کە ١٢ کادیری شوعی بەبێ چەک بەرپرسی بالای پارتی لەبادینان (عیسا سوار) لەسالی ١٩٧٢ گولەبارانی کردن، یان تیرۆری مامۆستا ئەمینی جوتیاران لەلایەن یەکێتیەوە لە (رانیە) و ئەبو نەسیری لەلایەن پارتیەوە لە بادینان و .....
٣/ پێم وایە دۆسیەی کۆمەلکوژیەکانی کورد بەدەستی کورد کەخۆی زیاتر لە (پشت ئاشان و قرناقە ، هەکاری ، هەولیر و شەرەکانی ناو خۆ لە ١٩٦٤/١٩٩٨ یان ١٩٧٣ بۆ ١٩٧٨ شوعی وپارتی .... کۆی ئەمانە زادەی ململانێی شەری ناوخۆن . بۆیە هەموو یەکێ لەوتاوانانە ، بۆهەموو پارت و بەرپرسەکانی ، پاساو و هۆکاری خۆی باس دەکەن . بەلام هەموو پاساوەکانیان لەبەرامبەر تاوانەکان هیچ سودێکی نیە . با کەمتەرخەمی و هۆکاریکیش لەلایەن پارتی قوربانیدەرەوە هەبێ ، ئەمە پاساو نادات تۆ تاوانی کۆمەلکوژی یان دیل شەهید بکەی . بۆیە جگەلەوەی پێویستە ئەو دۆسیانە لەدادگایەکی بێلایەن یەکلا بکرێتەوە ، بەلام وەک کەمترینی کار بۆ لابردنی ئەو تاوانە و ویژدان ئاسودە کردن بەرامبەر بەرپرسیارەتی میژوو ، ئەوەیە بریاردەرو جێبەجێکارانی ئەو تاوانانە بەفەرمی داوای لێبوردن بکەن ، گەرنا ئەو کۆمەلکوژیانە هەرگیزلەهزری کەس ناسڕیتەوە و کاریگەری لەسەر پەیوەندی و حزبایەتیش هەردەمێنێ و کۆمەلکوژیەکانیش بەردەوام دەبێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست