لەپێناوی كام گۆڕاندا دەنگدەدەین بەلیستی گۆڕان؟
Thursday, 25/06/2009, 12:00
فەیلەسووفی مەزن "كارل ماركس" لەیەكێك لەوتەكانیدا كە دەكرێت بەكرۆكی بیرە سیاسییەكەی ناوزدەی بكەین، دەڵێت "فەیلەسووفەكان بەشێوەی جیاجیا تائێستا دنیایان تەفسیر كردووە بەڵام گرنگ گۆڕینێتی". ئەم وتەزا بەربڵاوەی ماركس هەندێك لەشرۆڤەكارانی گەیاندۆتە بڕوایەك ماركس هەموو شیكردنەوەكانی لەبواری فەلسەفەو ئابووری ومێژوو بۆ ئەوەبوو بیكاتە كەرەستەو زانستی گۆڕینی دنیا. كەوابوو ئێمە چۆن دەتوانین بارێكی سیاسیی یان كۆمەڵایەتی بگۆڕین؟. بەبڕوای من وەڵامێك بتوانێت پڕ بەپێستی ئەم پرسیارە بێت، ئەوەیە دنیا ناگۆڕێت بەبێ خوێندنەوەی پێشكاتی ئەو دنیایە، واقیعێك ناگۆڕێت تا كون وكەلەبەری ئەو واقیعەت شەن و كەو نەكردبێت؟. ئەی ئەگەر پرسیار بكەین واقیعی وەستاوی كوردستان چۆن دەگۆڕێت وكام هێز دەتوانێ بەسترۆكتۆریی بیگۆڕێت؟، من پێموایە گۆڕانی راستەقینە كە سیستمی چەوسێنەری كۆن لەبناغەوە هەڵتەكێنێت بە هێزو ئەڵتەرناتیڤێكی چەپی شۆڕشگێڕ دەكرێت، ئەم چەپە لەكوردستان نەك وزەو نفوزی نییە بەڵكو ئەسڵەن هەر لەبوونیشدا نییە، ئەو چەپە سەیرو سەمەرانەشی بەناوی سۆسیالیزم وخەباتی چینی پڕۆلیتاریاوە كاردەكەن زۆر زیاتر لەسەرمایەداران قورستتر ودژوارتر چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵ دەچەوسێننەوەو بەناوی ئەوانەوە بازرگانیی وسەفەقاتی سەیرو سەمەرە ئەنجام دەدەن. پرسیارێك دوای ئەم روونكردنەوە كورتە بێتە ئارا پرسیارێكی قورس وجیددییە، ئایا ئەگەر چەپ نەبێت كێ دەتوانێت بارو كەشی ئەمڕۆی كوردستان بگۆڕێت؟. بەدیتنی من هیچ هێزێكی راستڕۆ ناتوانێت یان راستتر وایە بێژین ئەجیندای نییە لەبناغەوە سەرلەبەری رەنگی پرۆسەی ژیان بەهەموو لایەنەكانەوە لێرە بگۆڕێت، ئەوەی ناوی گۆڕانە تەنیا هەندێك ریفۆرمی سیاسیی وئابوورییە كە لەهەناوی هەمان سیستمی فەرمانڕەواییدا دەكرێت و رەواییەكەی لەدیكتاتۆریی وداسەپاندنەوە دەگۆڕێت بۆ رەواییەكی یاسایی ودیموكراتی، لەكاتێكدا هەموو دەزانین لەقیمەی وڵاتانی دیموكراسییدا مرۆڤەكان دەرگیری هەزاران كێشەی جۆربەجۆرن كەپشكی زۆرینەیان بەهۆی بازاڕی ئازادو خودی سیستمەكەوە بەدیهاتووە، واتە دیموكراتی چارەسەر نییە، بۆیەكا گۆڕان لەكوردستان لەسەر دەستی هێزە راستڕۆكان تەنێ هەندێك گۆڕانە لەناو خودی هەمان سیستمی سەرمایەداریی وفیوداڵی باڵادەستی كوردستان نەك رزگاركردنی مرۆڤ لەكۆت وپێوەندە دەستكردەكان. پرسیارێكی تریش لێرە خۆی دەسەپێنێت: ئایا ئەو گۆڕانەی كۆمپانیای وشەو هەوادارانی نەوشیروان مستەفا جەختی لێدەكەنەوە چەند دەتوانێت باری سیاسیی وئابووری وحكومداریی لەكوردستان بگۆڕێت؟. لایەقترین بەرسڤ لەوەدا دەبینرێتەوە: گۆڕانی كۆمپانیای وشە گۆڕانێكە لەناو هەمان ئەو سیستمەی وا خەریكە لەكوردستان تەبەنی دەكرێت، گۆڕینی شێوازەكان ومیكانیزمەكانی پیادەكردنی سیاسەتە نەك خودی ئەو سیاسەتە باڵادەستەی بەرپرسیارە لەخوڵقاندنی هەموو ئەو گرفتانەی وەك مرۆڤی كورد لەنزیكەوە پێیان ئاشناین. ئەم وەڵامەش لەهەناوی خۆیدا بارگاوییە بەدەیان پرسیار، یەكێك لەو پرسیارانەش ئەوەیە: مادام وایە ئایا گۆڕانەكەی لیستی گۆڕان وكۆمپانیای وشە چەند پێویست وبایەخدارە بۆ ژیانی ئەمڕۆی هاووڵاتیانی كوردستان؟. بەبڕوای تایبەتی خۆم ئەو گۆڕانانەی كۆمپانیای وشە باسیان دەكات وكردوونی بەرۆژەڤ لەسەرەكیترین ئەو خاڵ وبنەمایانەن هەموو تاكێك لەم وڵاتەدا خوازیارە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، چون باشكردنی خزمەتگوزاریی وبەرزكردنەوەی داهاتی تاكەكەس وبەرەنگاریی گەندەڵیی وسەروەریی یاسا "هەرچەندە یاساكان بۆ ئێمەی چەپ جێگەی تێبینی و رامانی زۆرن"، سڕینەوەی ئاسەواری كولتووری بەعس لەبەڕێوەبردن وجیاكردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتەكە لەیەكتر، كورتكردنەوەی نەزعەی خێڵ وحزب لەسەر حكومەت وژیانی خەڵك، لەگرنگترین ئەو خاڵانەن ئەگەر هێزێكی چەپیش بێتە سەر حوكم لەماوەی چوارساڵدا هەر ئەوەندەی پێدەكرێت بیكات، بۆیەكا پێموایە ئەگەرچی چەپەكان لایەنگری گۆڕانی رادیكاڵیی وریشەیین لەكۆی سیستمەكەدا لەهەمان كاتدا ناتوانن پێشوازیی لەوجۆرە گۆڕانە نەكەن ئەمڕۆ كۆمپانیای وشە بووەتە جۆشدەری ونوێنەرایەتی دەكات، ئایا بۆ چەپەكان ئەوە باشە كوردستان رووەو كۆمەڵگەی سوێدیی یان رۆژئاوایی مل بنێت كە زۆر دەستكەوتی مرۆیی تێدا بەدیهاتووە لەئەنجامی خەباتی ئازادیخوازان، یان زیاتر بۆ دواوە بەرەو ئەفغانستانبوون ونموونەی ئەو وڵاتە تۆتالیتێری ودیكتاتۆرانە بڕوات هەموو لەناوچەكەدا بەچاوی سەر كارو كردەوەكانیان دەبینین؟. لەگەڵ ئەوەی تێبینیمان هەیە لەسەر ئەو ئەجێندایەی بانگەشەكارانی لیستی گۆڕان بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵام ناكرێت بەناوی ئەوەی ئەو گۆڕانەی ئەوان داوای دەكەن هەموو شتێك نییە رەتی بكەینەوە، چوونكە هیچ هێزو لایەنێكی تر نییە بەرنامەیەكی لەوە راقیترو گۆڕانخوازانەتری پێبێت یان ئەگەر هەیشی بێت بایی ئەوە شانسی نییە چارەگێكی لێ بهێنێتەدی، چوون هیچ هێزێكی وەها كاریگەر نابینین جگە لەلیستی گۆڕان ئەو وزەو قورساییەی هەبێت كەبتوانێت گۆمەكە بشڵەقێنێت ودەنگی جەماوەر بەدەستبهێنێت وبیانكاتە پشتیوانی كارو هەنگاوەكانی لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانتارییدا. ئەگەر لەمن بپرسن لەكوردستان گۆڕان لەكوێوە دەستپێدەكات؟، لەسادەترین وەڵامدا دەڵێم: بەهەڵتەكاندنی سەرلەبەری سیستمی باو وباڵادەست!، ئەگەر پێمبڵێن سیاسەت ریالیزمەو یۆتۆپیا ناخوات وئەو كارە لەگەڵ ئەو واقیعەی هەیە هاوكوف نییە، ئەی چی بكەین؟ زۆر لەسەری ناڕۆم ودەڵێم كەمێك گۆڕانكاریی لەنەگۆڕان باشترە، هەنگاوێك تەنانەت بۆ گۆڕانی لاوەكیی وریفۆرمی سیاسیی باشترە وەك لەچەقبەستن، بۆیەكا دەخوازم بڵێم لەپێناوی گۆڕاندا دەنگ بدەن بەگۆڕان.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست