نوری یەمان: پەرلەمانتاری شاری مووش بۆ رووبەر: ماوەی نێوان BDP و PKK بەقەدەر دووری نێوان ئەنقەرەو قەندیلە

Thursday, 25/03/2010, 12:00


دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی پارتی ئاشتی دیموكراسی BDP و گوتاری سیاسی پارتەكەیان و لێدوانەكانی دەمیرتاش لەسەر ئەوەی كە كوردەكانی باشوور فیوداڵن، هەروەها ئەو رێككەوتنە نهێنیەی كە لەنێوان AKP و BDP هەیە، سەبارەت بە داخستنی DTP و چەند تەوەرێكی دیكە نوری یەمان پەرلەمانتاری شاری مووش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی رووبەری داوە.



رووبەر: پارتی ئاشتی دیموكراسی BDP، كۆنگرەی نا ئاسایی خۆی بەست، ئایا كۆنگرەكەتان چ گۆڕانكارییەكی ستراتیژی تاكتیكی ئەنجامدا؟

نوری یەمان: بۆ ئەوەی بتوانین ببینە پارتی هەموو ئەتنیكە گەلانی توركیا، دەرگامان كردەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بە رەگەز توركە ئەتنیكەكانی تر لەناو بەڕێوەبەرایەتی پارتی جێبگرن. ئەوانە بە رەگەز كوردنین، بەڵكو توركن. ئەو كەسایەتییانە بە دیموكراسی، ئاشتی چارەسەری هەموو كێشەكانی توركیا پەیوەستن، نەوەكو تەنیا لە كێشەی كورد پسپۆرن. هەندێك لەو كەسایەتییانە ئاستی زانستیان بەرزەو لە زانكۆكان بە پلەی پرۆفیسۆر وانە دەڵێنەوە. ئەو كەسانە رەزامەندی خۆیان لەسەر كاركردن لەناو ریزەكانی پارتیمان نیشاندا، لەمەولا لەناو ریزەكانی پارتیمان بەڕێوەبەرایەتیBDP درێژە بەكاری سیاسی دەدەن. بێگومان لەژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە سیاسییە ناهەموارەی لە توركیا هەیە، كە رۆژ نییە كاردیر و ئەندام و بەرپرسانی پارتیمان دەستگیر نەكرێن و دەستبەسەر نەكرێن، رێژەی زیندانیكردن یان دەستبەسەركردنی ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی پارتیمان گەیشتووەتە زیاتر لە %70، كۆنگرە توانی ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی دەستگیركردنی ئەو هاوڕیانەمان هاتووەتە ئاراوە، پڕبكاتەوە. نزیكەی هەفتەیەك بوو، لە كوردستان لە شاری مووش و شارەكانی تر رێكخستن و شارەوانییەكانی سەر بە پارتیم بەسەر دەكردەوە، لە هەرێمەكە رەوشێكی نا ئاسایی بەسەر گەلی كورد سەپێنراوە، هەوڵ دەدەن ئیرادەی ئاشتیخوازانەی گەلی كورد بە رێگای فشار و ترساندن و بێكاری و هەژاری بشكێنن. كۆنگرەی نا ئاسایی BDP توانی لەو بارەیەوە گفتوگۆی تێروتەسەل بكات و بە چەندین گۆڕانكاری ستراتیژی بە تایبەتی بەگواستنەوەی سەنگەری خەباتمان بۆ هەموو شار و شارۆچكەكانی توركیا، دەتوانین ئەو هەوڵانەی دەوڵەت پووچەڵ بكەینەوە.

رووبەر: بەر لە كۆنگرە بانگەشەی ئەوەتان دەكرد، كە كەسایەتییەكی تورك دەبێتە سەرۆكی داهاتووی BDP، بەڵام دەرەنجام ئەمە بەدینەهات، هۆكارەكەی چیبوو؟

نوری یەمان: سەبارەت بەم مەسەلەیە بەر لە كۆنگرە چەندین كۆبوونەوەو گفتوگۆمان ئەنجامدا، هەروەها لەناو كۆنگرەش بە بەرفراوانی گفتوگۆ لەسەر ئەم تەوەرەیە كرا، لە ئەنجامی هەموو ئەو گفتوگۆیانەدا گەیشتینە ئەو باوەڕییەی كە جێبەجێكردنی ئەم بانگەشەیە لەم رۆژگارە بەهۆی نەبوونی زەمینەی گونجاو زەحمەتە، یان راسترە بڵێین گفتوگۆكان ئەوەیان دەرخست كە هێشتا زووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، بەڵام ئەوە نایەتە ئەو واتایەی ئێمە لەو بانگەشەیە پاشگەز بووینەتەوە، بەڵكو لە جاران سوورترین لەسەر جێبەجێكردنی، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی پێویستمان بە كاتە. من بەخۆشم لەگەڵ ئەوە بووم كەسەرۆكی پارتیمان كەسێكی كورد نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پەیامە بدەین كە ئێمە بەتەنیا پارتی كێشەی كورد نینە، بەڵكو پارتی تەواوی توركیاینەو لە ئەجندای سیاسی ئێمەدا كێشەكانی هەموو توركیا جێدەگرن. بەڵام بەهۆی نەگەیشتن بەم قۆناغە ئەندامانی كۆنگرە بڕیاری دواخستنی ئەم مەسەلەیان بۆ داهاتوو دا. بەڵام دەرهەق بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی توركیا بڕیارمان داوە كەسایەتییە دیموكراتییەكانی هەموو توركیا بدەینە پێش. ئەگەر بەربەستی %10نەمێنێت، ئەوا وەكو پارتی ئاشتی و دیموكراتی بەشداری هەڵبژاردن دەكەین، بەڵام ئەگەر بەربەست وەكو خۆی مایەوە، ئەوا بە لیستی كاندید و پاڵێوراوانی سەربەخۆ بەشداری دەكەین و لە هەردوو حاڵەتیشدا هەوڵ دەدەین جگە لە پاڵێوراوانی كورد، پاڵێوراوی تورك و ئاشووری و سریانی و هەموو ئەتنیكەكانی تر لەناو لیستەكەمان جێبگرن. من لەهەموو كۆڕ و كۆبوونەوەكان جەخت لەوە دەكەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانین دەستپێشخەربین و باڵادەستی سیاسی بەدەست بخەین، پێویستە دەستبەردرای ناسنامەی پارتێكی كوردی ببین، ئەمەش بە خۆنزیككردنەوە لە هەموو كەسایەتییە دیموكراتییەكانی توركیا مەیسەر دەبێت.

رووبەر: ناوەندە رۆژنامەوانییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە هاو سەرۆكایەتی BDP، بەگوێرەی رێنماییەكانی ئیمڕالی دەستنیشانكرا، ئایا ئەمە راستە؟

نوری یەمان: من ماوەیەك بەر لە كۆنگرە، لە پەرلەمانی توركیا سەرۆكی فراكسیۆنی BDP بووم، لەهەموو كۆڕ و كۆبوونەوەو ریپۆرتاژە رۆژنامەوانییەكان جەختم لەوە كردووەتەوە كە BDP پارتێكی یاسایی رێگەپێدراوە، هیچ پەیوەندییەكی ئۆرگانی لە نێوان پارتیمان و PKK لەئارادانییە. واتە دووری نێوان BDP و PKK بەقەدەر دووری نێوان ئەنقەرەو قەندیلە. لەلای خۆشیەوە رێبەری PKK بەڕێز ئۆجالان، چەندین جار جەختی لەوە كردووەتەوە، پێویستە ئێوە نەبنە پارێزوانی بەرنامەو رێنوێیەكانی PKK، ئەمە كاری ئێوە نییە، جگە لەمەش ئێمە پارتێكی یاسایین و بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا پارتیمان دامەزراوە. PKK رێكخراوێكی نا یاساییەو هەوڵ دەدات بە رێگای شەڕی چەكداری مافەكانی كورد بەدەست بێنێ، فەرماندار و ئەندامەكانیشی نكۆڵی لەم راستیە ناكەن. بەڵام دەبێت لەهەمان كات دان بەم راستیە دابنێین كە پەیامی سیاسی ئێمە، گەلی كورد بە بنەما دەگرێت، دیسان جەماوەری ئێمە، گەلی كوردە، گەلی كوردیش هەواداری PKKیەو PKK بە پارتییەك دەزانێت كە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی تێدەكۆشێت. لەهەمان كات هەواداری ئێمەیەو دەنگی خۆی بە ئێمە دەدات و ئێمە بە نوێنەری راستەقینەی خۆی لە پەرلەمانی توركیا دەزانێت. بەڵام ئەمە نایەتە ئەو واتایەی كە سیاسەتی ئێمە پەیوەستە بە PKK و سەركردەكانی، چونكە ئەوان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد شێوازێكی نا ئاساییان هەڵبژاردووە، ئەوان شێوازی چەكداریان هەڵبژاردووە، بەڵام BDP، شێوازی دیموكراتی و یاسایی بە بنەما دەگرێت. واتە بەقەدەر دووری ئەرز و ئاسمان رامانی ئێمەو PKK لەیەكتر دوورە.

رووبەر: لەم رۆژانەی دواییدا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی BDP دەڵێت: "ئێمە مەودا دەخەینە نێوان BDP و PKK" ئایا ئەمە ئسلوبێكی نوێ نییە لە گوتاری سیاسی پارتەكەتان؟ ئەگەر خیتابی سیاسی سەردەمی DTP بەبیرخۆمان بێنینەوە، ئسلوبێكی بەمجۆرەی تیادا بەدیناكەین، بەڵام هاوسەرۆكی BDP بەراشكاوانەو لەبەدرەم دەزگاكانی راگەیاندن جەخت لەمە دەكاتەوە، بۆچی؟
نوری یەمان: ئەگەر ئێوە لە باشوور لەو كاتەی سەرۆكی فراكسیۆنی BDP بووم، چاودێری لێدوانەكانتان كردبێت، من بۆ هەمووان ئەوەم دووپاتكردەوە، كە ئێمەو PKK لەیەكتر جیاوازین، رێگەی ئێمەو ئەوان یەكناگرێتەوە. جەختم لەوە كردەوە كە ئێمە بەتەنیا بەكێشەی كوردەوە سنووردار نابین، بەڵكو بە كێشەی هەموو ئەتنیكەكانی توركیاوە خەریك دەبین. ئێمە بەو رادەیەی بۆ چارەسەری كێشەی كورد خەبات دەكەین، بەهەمان رادەش بۆ چارەسەری و بەدەستهێنانی مافی هەموو كەمایەتی و ئایینزاكانی توركیا تێدەكۆشین. بۆیە ئێمە سیاسەتی خۆمان بەگوێرەی PKK نا، بەڵكو بەگوێرەی راستی ستراتیژی نوێمان كە خۆی لەچارەسەركردنی هەموو كێشەكانی توركیا دەبینێتەوە، دابڕێژین. واتە سیاسەتێك پەیڕەو دەكەین كە باوەشی كراوەبێ بۆ لە ئامێزگرتنی هەموو گەلانی توركیا. پێموایە گوتار و لێدوانەكانی رێزدار سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتیمان جەخت لەو راستیە دەكاتەوەو دەكەوێتە خزمەت جێبەجێكردنی.

رووبەر: سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەر لەوەی ببێتە هاوسەرۆكیBDP لە لێدوانەكانی جەختی لەوە دەكردەوە كە كوردەكانی باشوور، فیوداڵن و ئێمە دیموكراتخوازین، ئایا دوای ئەوەی ناودار بووەتە هاوسەرۆكیBDP، هەمان هەڵوێستی جارانی هەیە؟

نوری یەمان: بێگومان پێویستە گۆڕان لەو لایەنەشەوە بێتە ئاراوە. هیچ كوردێكی باكوور بۆی نییە بە كوردانی باشوور كە زۆربەی تەمەنی خۆیان لە شاخەكان و لەناو شەڕ بەسەربردووە، كە ژمارەیەكی زۆر لە منداڵەكانیان لەسەر شاخەكان لەدایكبوونە، بڵێت فیوداڵن. بەڕێزان مام جەلال و كاك مەسعود لەسەر شاخەكان لەناو شەڕێكی نێونەتەوەیی لەدوای زیاتر لە50 ساڵ دەستكەوتەكانیان بەدەستهێناوە، ناتوانم هەروا بەئاسانی ئەوان بە فیدواڵی و دواكەوتوویی لەقەڵەم بدەم و رەخنەبكەم. راستی ئێوە ئەوەیە كە هاوشانی كەسوكارتان، هاوشانی منداڵەكانتان بە ئەنجامدانی شەڕێكی سەخت و قوربانیەكی زۆر دەستكەوتەكانتان بەدەستهێناوە، بەرگریتان لە هەبوونی نەتەوەیی خۆتان كرد. من پێموایە پێویستە هەموو كەس رێز لەو دەستەكەوتانە بگرێت كە هەرێمی كوردستان پێیگەیشتووە. من پێموایە لەداهاتوویەكی زۆر كورت سیستەمێكی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان دێتە ئاراوەو بۆ هەموو هەرێمەكەش دەبێتە نموونەیەك بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رووبەر: تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی هەرێم و سەركردایەتی كورد، لە بەرامبەر كێشەی باكووری كوردستان بێدەنگبووە و رۆڵێكی چاودێرانەی هەبووە. ئایا لە ئێستاو بەدواوە، چ چاوەڕوانیەكی ئێوە لە سەركردایەتی كورد هەیە، ئایا لە كۆنگرە لەوبارەیەوە گفتوگۆیەكتان كرد؟

نوری یەمان: لەم دواییەدا، لەهەر كاتێكی تر زیاتر سەركردایەتی كورد و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرۆشی چارەسەری كێشەی كوردە لە باكووری كوردستان و توركیا. ئەمەش لە لێدوانی رۆژنامەوانیەكانی بەرپرسانی كورد لە هەرێمی كوردستان لە لایەك، لە لایەكەی تریش بەو هەواڵ و پەیامە راستەوخۆ نا راستەوخۆیانەی دەگەنە ئێمەوە، دیارە. جگە لەمەش لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتیمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی توركیا، ئەوەی پێڕاگەیاندین كە ئەو لە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە هەر كاتێك زیاتر ئەوەی بەدیكردووە كە بەپرسانی ئەو هەرێمە ئامادەنە هەموو هاوكارییەكی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی كەمپی مەخمور و دەستبەرداربوون و گەڕانەوەی ملیتانانی PKK لەچەك بكەن. من پێموایە هەرێمی كوردستان رۆڵی بێدەنگی و چاودێری لەمەڕ چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا تێپەڕاندووە، یان خەریكە تێیبپەڕێنێ و دەبێتە ئاكتەرێكی چالاكی چارەسەری. جگە لەمە بەشداری هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی چارەسەری هەنگاوەكان خێراتر دەكات.

رووبەر: لەم دواییە بەرپرسانی حكومەت و پارتی دەسەڵاتداری AKP، رایدەگەینن كە ئەوان سەرلەنوێ بۆ چارەسەری كێشەی كورد، هەنگاوی تر دەنێن، پێتوایە AKP بۆ چارەسەری كێشەی كورد راستگۆ بێ؟

نوری یەمان: من پێموایە AKP راستگۆنییە. ئەگەر بەڕاستی AKP بۆ چارەسەری كێشەی كورد راستگۆبێ، پێویستە رێژەی بەربەستی هەڵبژاردن لە %10 دابەزێنێت بۆ %7-5. دیسان لەماوەی ئەو 7 مانگەی دوایی نزیكەی 1000 كەس لەبەرپرس و كادیرانی پارتیمان لەلایەن دەزگا ئەمنیەكان دەستگیركراون و زیندانیكراون، رۆژ نییە بەبێ دەستگیركردنی ئەندامان تێپەڕ ببێت، بەهۆی ئەم هەڵوێستە كردارییانەی حكومەت باوەڕ بە قسە و بانگەشەكانیAKP ناكەین. یان هەر لەسەرەتاوە باوەڕمان لاوازبوو بە بانگەشەكانی AKP، بەڵام هەڵوێستەكانی ئەم دواییە وایكرد هەر بەتەواوی باوەڕ بە AKP نەكەین.

رووبەر: ئایا ئەمڕۆ AKP بۆ كورد لەهەموو پارتەكانی تر باشتر نییە، یان ئەگەر AKP لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتن بەدەست نەهێنێ، ئەلتەرناتیفی AKP كێیە؟ ئایا CHP و MHP بۆ كورد زۆر لەپارتی دەسەڵاتدار مەترسیدارتر نین؟

نوری یەمان: هەوڵەكانی AKP بۆ چارەسەری كێشەی كورد نییە، بەڵكو بۆ ئەوەی جارێكی تر لە هەرێمەكەو لە شارە كوردییەكان جەماوەری كورد هەڵبخەڵەتێنێ و پێیان بڵێ، ئێوە دەنگ بۆ من بدەن، منیش لەداهاتوو كێشەی كورد چارەسەر دەكەم. چونكە لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا، تەنیا دوو پارتی هەیە كە دەنگدەران دەنگی بۆ بدەن، یەكێكیان AKPیە و ئەوەی تریان BDPیە. واتە لەم قۆناغە هەوڵەكانی AKP بۆ چارەسەری نییە، بۆ لەخشتەبردنی گەلی كوردە. بێگومان نە CHP و نە MHP بۆ كورد دڵسۆز نینەو پێمانوانییە ئەوان لە AKP باشتربن.

رووبەر: باشە لەو كاتەدا چارەسەری چۆن بەدەست دێ، ئەگەر هێزێك و لایەنێكی رشت نەبێت لەسەر چارەسەری؟

نوری یەمان: چارەسەری تەنیا، بە تێگەیشتنی گەلی كورد لەو راستیانە مەیسەر دەبێت.

رووبەر: بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی تایبەت، لەنێوان AKP و BDP رێككەوتنێكی نهێنی هەیە، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە، AKP لە داهاتوویەكی نزیك حەسانەی پەرلەمانی جارێكی تر بە ئەحمەد تورك و ئەیسەڵ تۆگلوك دەبەخشێتەوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا BDP ئەم مەسەلەیە زۆر ناوروژێنێت و ناهێڵێت بەخراپ لەسەر حكومەت بكەوێتەوە. ئایا ئەمە راستە؟

نوری یەمان: ئەو بانگەشەیە هیچ پەیوەندیەكی بەراستیەوە نییە. من نیوكاتژمێر بەرلەو دیدارە لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد تورك بووم، ئەو دوو بەڕێزە هەر رۆژ راپێچی دادگا دەكرێن و بە زیاتر لە50 دۆسیە تاوانباركراون. نەوەكو هەر ناگەڕێنەوە پەرلەمان، بەڵكو ئەگەرێكی زۆر هەیە لەداهاتوویەكی نزیك زیندانیبكرێن، سزای گرانیان بۆ ببڕنەوە. من لە كۆبوونەوەكانی پێشوو بە AKPم راگەیاندبوو، ئەگەر ئێوە دڵسۆزن دەتوانن لەهەرێمەكە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەم دوو هاوڕێیەو ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكانی تری پەلەمان هەڵبژاردنێكی تر بكەن، چونكە لە پەرلەمان بۆشاییەك هەیە، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەكانی توركیا، كاتێك ماوەی ساڵێك بۆ هەڵبژاردنە گشتییەكان مابێ و بۆشایی لەپەرلەمان هەبێت، حكومەت بۆی هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە لەو شوێنانە هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بەڵام گوێیان بۆ ئەو پێشنیارەی ئێمە شل نەكرد.

رووبەر: سەبارەت بەداخستنی DTP، دادگایی مافی مرۆڤی ئەوروپاتان بەسەركردەوە؟

نوری یەمان: بەڵێ، بەسەرمان كردووەتەوە، بەڵام ئەم مەسەلەیە نزیكەی دووساڵ زیاتر دەخایەنێت.
رووبەر: ئەگەر چی ماوەیەكی زۆرتان لەپێشە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكان، شیمانە دەكەن دەنگەكانتان زیاتر بكەن؟

نوری یەمان: هەموو كۆمپانیاكانی راپرسی لە توركیا جەخت لەوەدەكەنەوە كە دەنگەكانی BDP زیاتر دەبێت. ئێمە پێمانوایە ئەگەر بەربەستی %10 كەمبكرێتەوە، ئەوە لەوانەیە زیاتر لە 55 كورسی بێنین، بەڵام ئەگەر كەمنەكرێتەوە، ئەوا ناچارین وەكو كاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بكەین و ئەو كاتیش شیمانە دەكەین لە 35 كورسی كەمتر نەهێنین.

نوری یەمان كێیە؟
ئەو لەدایكبووی شاری مووشی باكووری كوردستانە. ماوەی 30 ساڵ زیاتر لەناو دەزگاكانی دەوڵەتی توركیا كاریكردووە، دوای ئەوەی خانەنشین دەبێت، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی تەمموزی 2007 لەسەر لیستی DTP بووە ئەندام پەرلەمانی توركیا. هەر لەگەڵ داخستنی DTP و تا بەستنی كۆنگرەی نا ئاسایی BDP وەكو سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو پارتە كوردیە لە پەرلەمانی توركیا درێژەی بەكاری پەرلەمانیدا. لەو ماوەیەدا گۆڕانێكی گەورەی بەسەر گوتاری سیاسی ئەو پارتەی داهێناو چاودێران پێیانوابوو كە ئەمە راستی و لێهاتوویی ئەو ئەندام پەرلەمانە دەردەخات. لەهەموو بۆنەكاندا زۆر لێهاتووانە بە زمانێكی پسپۆرانە، رەخنەی لە دەوڵەت دەگرت و لەهەمان كات جەختی لەوە دەكردەوە كە هیچ پەیوەندییەكی ئۆرگانی لە نێوان PKK و BDP دانییە، بەڵكو دەیگوت ئەوەی هەیە لە نێوان PKK و گەلی كورد، پەیوەندییەكی رۆحییە.
تێ بى نى
ئەم دیمانەیە لەسایتى ڕۆژنامەى ڕووبەر وەرگیراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە