کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زامی هزرێکی ماندو ..!!

Thursday, 22/03/2012, 12:00


 





ئێمه‌ کێین و چین و له‌کوێووه‌ هاتووین
پرسیارگه‌لێکه‌‌ کێ سه‌رسام نا‌‌کات
ته‌مه‌نی پیاده‌و شه‌که‌ت بونیمان له‌م ژینه‌ هیچه‌ هه‌ر فه‌نایه
‌مرۆڤیش چنگ له‌سه‌رشان هه‌ر بۆی ڕاده‌‌کات
چه‌ند هات و چه‌ند ڕۆی به‌لای ئه‌م ژینه‌ هیچ و پووچه‌دا
کێ حاڵی بووه‌ له‌م هاتووچۆیه‌ تا چرای حه‌زی خۆی بۆ هه‌ڵبکات

ئێمه‌ کێین و چین و له‌کوێوه‌ هاتووین ئه‌ی کێ ئه‌زانێ که‌ی بووینه‌ میوانی ئه‌م خاکه‌و چۆن چۆنی په‌یدا بووین که‌ی هاتووین و که‌ی ده‌ڕۆین یان بۆ په‌یدا بووین و بۆچی وه‌کو هه‌ڵمی سه‌ر ده‌ریا دیار نامێنین و هه‌ڵم وه‌کو باران و دواتر داده‌کاته‌ خواره‌وه‌ ئێمه‌ش وه‌کو ماده‌ی کیمیاوی تێکه‌ڵ به‌خاک ده‌بینه‌وه‌ .؟. که‌واته‌ ڕاسته‌ سروشت بێ گیان و هه‌ناسه‌یه‌ به‌ڵام گرنگه‌ چونکه‌ هه‌موو بونه‌وه‌ران وه‌کو سوڕێکی سروشتی به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌رک و ماندوبوون بکێشین ئه‌و سوڕی سروشته‌ دروست ده‌که‌ین .. !! . ئه‌مانه‌ پرسیارگه‌لێکن‌ مرۆڤ سه‌ر ده‌ئاوسێنن هه‌ربۆیه‌ بۆ مرۆڤه‌ هۆشمه‌نده‌کانیش وه‌ڵامێکی دروست نی یه‌ که‌به‌ته‌واوی مێشک و بیری به‌شه‌ری قه‌ناعه‌ت پێ بکات به‌ڵام هزرو بیرکردنه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت پرسیار بکه‌ین ، باهه‌میشه‌ پرسیار بکه‌ین پرسیار نزیکمان ده‌کاته‌وه‌ له‌حه‌قیقه‌ت له‌ڕاستی و دروستیی بوون ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش وه‌ڵامه‌کان به‌ته‌واوی نه‌زانین نه‌وه‌ی داهاتوو پێی ئاشنا ده‌بن که‌واته‌ باپرسیار بکه‌ین ده‌رباره‌ی هه‌موو شتێک له‌م که‌ونه‌دا . سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌م چیرۆکی ژیان و بوونه‌ ئه‌م خه‌ونه‌ دورودرێژه‌ ته‌واو نه‌بوونه‌ (ته‌واونه‌بوون / بێ کۆتا) بۆیه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌ین له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بیر بکه‌ینه‌وه‌ بۆچی هه‌ین و بۆچی ده‌ڕۆین یان چۆن چۆنی ئێمه‌ هه‌ین و بۆچی هه‌ین و وه‌کو هه‌ین بۆچی ده‌ڕۆین .؟. که‌چی هندێکمان هێنده‌ش چاو قایم و بێ باک و له‌خۆیان ڕازیین ده‌ڵێی خۆیان وتویانه‌ دروستمان بکه‌ن ..!! . ده‌بێت گێلێتی ئه‌و که‌سانه‌ به‌ئه‌ندازه‌ی مێشوله‌یه‌کیش نه‌بێت که‌له‌ئیمه‌ سروشتی تره‌ له‌سروشتدا .
ئێمه‌ وه‌کو مرۆڤه‌کان گه‌وره‌ترین بونه‌وه‌ری سه‌ر گۆی زه‌وین خۆمان به‌خاوه‌نی هه‌موو شارستانی یه‌تی ئه‌م که‌ونه‌ ده‌زانین و بێ ئه‌وه‌ی له‌خۆمان تێ بگه‌ین خۆمان به‌که‌ڵه‌گا ده‌زانین و بێ ئه‌وه‌ی بپرسین ده‌ڵێی هه‌موو شته‌کان ده‌زانین که‌چی له‌ڕاستیشدا خاوه‌نی هیچ نین و هیچیش ده‌رباره‌ی خۆمان و هاتنمان نازانین بۆیه‌ نه‌خاوه‌نێتی بوونی هه‌یه‌و نه‌هیچیش وه‌کو هیچ ده‌بینین . ئێمه‌ خۆمان نین هه‌تا خاوه‌نیش بین ، لێره‌دا من وه‌کو کورد قسه‌ ناکه‌م به‌ڵکو به‌شێوه‌ گشتی یه‌که‌ی وه‌کو مرۆڤ بیر ده‌که‌مه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌ڵێم : تۆ وه‌کو خۆت نیت هه‌تا هه‌بیت من وه‌کو خۆم نیم و هتد ..!! . مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی هه‌ناسه‌ بدات ده‌خنکێت چونکه‌ زۆرجار که‌مه‌شغوڵی شتێک ده‌بیت له‌ئه‌نجامی ئه‌و سه‌رگه‌رمی یه‌ بیرت ده‌چێت هه‌ناسه‌ بده‌یت ، مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی بخه‌وێت ناخه‌وێت مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی تێربخوات هه‌رگیز تێرناخوات ، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر تۆ له‌کاتی خه‌ودابیت چ هێزێکی ئاگالێبوون و به‌خه‌به‌ربوونت هه‌یه‌ هه‌تا تواناو بڕیاری هه‌ناسه‌ی پێ بده‌یت ، بۆ نمونه‌ تۆ وه‌کو مرۆڤ و ئه‌وانی تریش وه‌کو په‌له‌وه‌رو ئاژه‌ڵان چی هێزێکی میکانیکی به‌ده‌ست خۆتانه‌ که‌خواردن هه‌زم ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه‌ خوێن و پێست و میزو مه‌وادی کیمیاوی و هتد .. !! ؟. ئێمه‌ وه‌کو خۆمان نین ئێوه‌ش وه‌کو خۆتان نین تۆش وه‌کو خۆت و منیش وه‌کو خۆم بوونمان نی یه‌ ، ئه‌ی که‌واته‌ چ هێزێکه‌ جوڵه‌و بیرو هه‌ست و ئه‌ندێشه‌کان کار پێ ده‌کات .؟. ئالێره‌دایه‌ که‌من ده‌ڵێم پرسیار گرنگه‌ بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رده‌م پرسیار بکه‌ین .
مرۆڤ زۆر که‌م بیر له‌خۆیی و خه‌ڵک و ده‌وروبه‌ر‌ ده‌کاته‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ سه‌رگه‌رمی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌و کێبڕکێی ژیانه‌ بۆیه‌ له‌ڕاستیدا خۆ مه‌شغوڵ کردن به‌و شته‌ لاوه‌کی و پڕوپوچانه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ چونکه‌ هیچت پێ نابه‌خشێت ده‌رباره‌ی خۆت و ژیان و بوون و نه‌بوون یان ڕاوه‌ستانێکت فێربکات که‌له‌خاڵێکدا تۆزێک کات بگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ خۆت و هزرو بیری خۆتی تیا به‌کاربهێنیت و خۆتی تێدا بدۆزیته‌وه‌و له‌و کاته‌دا ئیستێک ده‌که‌یت و ئه‌و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ گرنگه‌ ، مخابن که‌چی به‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌ که‌مه‌وه‌ که‌به‌شی خۆشه‌ویستی ناکات هه‌ڵئه‌شاخێین به‌یه‌کترداو ماڵی یه‌کتر وێران ده‌که‌ین و هیچیش حاڵی نه‌بووین چیمان کردو بۆچی واده‌که‌ین . ڕه‌نگ کردن بۆ جوانی تابلۆو کۆشک و ڕێکخستنی جلوبه‌رگی ئاده‌میزاده‌ یان بۆ ده‌رخستنی ته‌واوی به‌رزی و نزمی سێبه‌رو ڕوناکییه‌کانی ژیانه‌ بۆ هه‌ستی چێژو ده‌رخستنی واتایه‌ که‌چی ئێمه‌ی ئاده‌میزادو به‌تایبه‌ت مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌ڕه‌نگی ناشرین و سه‌قه‌ت جیهانمان ڕه‌ش کردوه‌و سه‌ریشمان له‌وو له‌خۆمان تێکداوه‌ . دروست بوون بۆ مانه‌وه‌یه که‌ئێستایه‌‌ یان بۆ به‌رده‌وام بوونه .؟. بۆ هه‌ر کامیان بێت کاره‌که‌ی پێکاوه‌ که‌چی ئێمه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تێکده‌رو شکێنه‌رین ، به‌ڕاستی دنیاو خه‌ڵکیی به‌گشتی دڵیان ده‌وێت به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو خواروخێچی و که‌م عه‌قڵی و هه‌ڵه‌یه‌ی ئێمه‌ بگرن بۆیه‌ له‌خراپه‌و کوشتن و ڕه‌شیدا بۆیه‌ له‌درۆو دوژمنایه‌تیدا یه‌که‌مین که‌چی له‌زانست و داهێناندا مخابن شوێنێکمان نی یه‌ تێیدا وه‌ستابین . ئاده‌میزاد حه‌زی له‌ژیانه‌ که‌چی ڕۆحێکی شه‌ڕه‌نگێزیشی تێدایه‌ له‌لایه‌ک شه‌ڕو له‌لایه‌ک ئاشتی له‌لایه‌ک ڕک و له‌لایه‌ک خۆشه‌ویستی بۆیه‌ مرۆڤ چه‌ند ڕویه‌کی هه‌یه‌ له‌ژیاندا به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سیی یان باوه‌ڕی تایبه‌تی ده‌گۆڕێت . به‌گشتی ڕه‌زا قورس و بڵحین به‌رامبه‌ر یه‌کترو بێ ئاگا له‌م بوون و نه‌بوونه‌ هه‌ر خه‌ریکی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیین که‌چی له‌کۆتاییدا ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ له‌ماڵی خۆمان و موڵکی خه‌ڵکانی تریش تێری نه‌کردووین ئه‌وه‌ی که‌دروستمان کردووه‌ به‌خوێنی خۆمان و پاره‌و خوێنی خه‌ڵکیتر به‌داخه‌وه‌ بیرمان نی یه‌ که‌به‌جێی دێڵین‌ تروسکاییه‌کیش ماوه‌ نی یه‌ هه‌ناسه‌یه‌کی ناخۆشی بۆ هه‌ڵکێشین . له‌هیچ بوارێکدا هه‌تاسه‌ر ناسازێین بۆنمونه‌ دوو مرۆڤ به‌هاوبه‌شیی به‌یه‌که‌وه‌ کار ده‌که‌ن هه‌تا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن دووایی ده‌بنه‌ دووژمنی یه‌کترو یه‌کێکیان ئه‌ویتریان ناهێڵێت یان ژن و مێردێک به‌خۆشه‌ویستی خێزان دروست ده‌که‌ن که‌له‌یه‌ک تێر بوون ده‌کشێنه‌ دواوه‌و به‌خوێن و شه‌رو ناخۆشی ئه‌وه‌ی دروستیان کردووه‌ تێکی ده‌ده‌ن و به‌خوێنی سه‌ری یه‌کتر تینوون دواییش په‌شیمانن له‌وه‌ی که‌ که‌دروستیان کردوو له‌وه‌ی که‌تێکیان دا ئاله‌وێدا گرنگه‌ که‌بزانیت ژیان واتایه‌کی نی یه‌ که‌پڕه‌ له‌شه‌ڕو پێکدادان . بۆ ڕێک ناکه‌وین له‌م بیابانی مه‌رگه‌دا که‌ ئه‌م بوونه‌ ڕه‌ق و ته‌قه‌ شک ده‌به‌ین که‌چی مرۆڤ ڕه‌قترو خراپترو ‌وێرانکه‌رترو به‌سه‌رسوڕمان و ئاسایی یه‌وه‌ نازانێت ڕۆح له‌گه‌ڵ کێدا هه‌ڵده‌کات . شه‌ڕه‌نگێزی ئاده‌میزاد کۆتایی نی یه‌ هه‌تا دنیا دنیایه‌ هه‌رده‌مێنێ و هه‌تا مرۆڤیش هه‌بێت سروشت و بوون و که‌ون خراپترو پیسترو ژه‌هراویتر ده‌بێت بۆیه‌ زاناکان وتویانه‌ دوسه‌د هه‌زار ساڵمان ده‌وێت له‌دوای نه‌مانی مرۆڤه‌وه‌ که‌ژینگه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د پاک ببێته‌وه‌ ..!! .
بۆچی هاتین بۆچی ئه‌ڕۆین ئه‌مه‌ بێئاگایی یه‌کی ته‌واوه‌ بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵکانی ساده‌ له‌هه‌مان کاتدا پرسی ملیۆنه‌ها بوونه‌وه‌رو ژن و پیاوه ‌که‌درک به‌ژیان و هیچ و پوچی یه‌که‌ی ده‌که‌ن .!؟. له‌م هه‌راو ژیانی لێوان لێوو به‌دبه‌ختی یه‌دا بێعاره‌ مرۆڤ هه‌ر خه‌ریکی خۆ بادان و هه‌رایه‌ بۆ کورسی و لیره‌یه‌ک ‌سه‌ما ده‌کا . چی یه‌ هات و چی یه‌ چی بوو که‌ ڕۆی هه‌موو ته‌مه‌نی ئاده‌میزاد وه‌ک ته‌می داوێنی چییا بوو پێش خۆرهه‌ڵاتن نه‌ما ڕۆی که‌چی شاخ وه‌ک ژیان به‌و زه‌به‌لاحی و ته‌م و ته‌مه‌نه‌وه‌ جوانه‌و ماوه‌‌ . کێ چه‌ندو کێ چۆنی لێده‌زانێ بێته‌ مه‌یدان کێ ده‌زانێ ئه‌م چنگه‌ی یه‌خه‌ی گرتووین له‌ کوێووه‌ هات کێ ده‌زانێ ئه‌م لافاوی شه‌ڕو میهره‌ بۆ کوێ ده‌چێت کێ ده‌زانێ کۆتایی چیرۆکی ته‌مه‌ن له‌ دووای مردن به‌ چی ده‌گات .؟. ئه‌م پرسیارگه‌له‌ گرنگن بۆ به‌خه‌به‌رهاتنه‌وه‌ی هزرو بیرمان . له‌کوێ بووین و بۆکوێ ده‌چین بێ وه‌ڵامه‌ پرسیارگه‌لێکی ئاوا له‌م هه‌راو تاریکستانه که‌س ناپرسێ له‌م مه‌ینه‌تی و کێشمه‌کێش و تاڵی و ژانه هۆش و بیریش سنورداره‌ لای مرۆڤی گێل و گه‌مژه‌ سه‌نعه‌ت هیچه‌ ئه‌وه‌ی پیاو کووژه‌ قاره‌مانه‌ بۆچی له‌وه‌ته‌ی هه‌ین و هه‌زاران ساڵه‌ دێین و ده‌چین که‌چی مرۆڤی ژیرو دانا بۆخۆی له‌خۆی و ئه‌م بوون و ده‌وروبه‌ره‌ به‌گومانه‌ ئێمه‌ یان ئه‌وان که‌س نازانێت کێ ڕاسته‌ گێل و نه‌فام یان زاناو دانا یان ئه‌وانه‌ی که‌له‌م بوونه‌ مێشک و دڵیان له‌پڕیدا وێرانه‌ یان شێت و نه‌خۆش و که‌ساس که‌حاڵی نی یه‌ هێنده‌ی بێزمانه‌کان نائاگاو نوستوو به‌سته‌زمانه‌ .‌ ‌هه‌رکه‌سه‌ بۆ خۆیی و ماچی لێوێ غاری به‌تینه‌ و ڕاده‌کات ئه‌وه‌ کێ یه‌ ژینی وه‌ک سه‌عات کرده‌ تاقه‌تی خۆیه‌وه‌و بوو به‌ خوداوه‌ند له‌ گه‌ردوونی بێ سه‌ره‌تاو بێ کۆتایی مرۆڤی بێ ده‌ست و پێی کرده‌ هه‌وێنی ژیانی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ئێمه‌ شانۆیه‌کی گه‌رم بۆ بێ تاقه‌تی خۆی ساز ده‌کات . ئه‌م ژینه‌ کاڵ و کرچ و‌ سوێرو تاڵه‌ چی یه ‌باخێکی بێ به‌ره‌ وه‌ک و خورمای خه‌ڵاڵی نه‌گه‌ییو وایه‌ ، که‌واته‌ ژیان نه‌گه‌ییوه‌و‌ مرۆڤ به‌هه‌مان شێوه‌ کاڵ و ناحاڵی یه‌ له‌م بوون و که‌ون و ئه‌م دنیاو ئه‌و دنیایه‌دا که‌واته‌ جابۆ حه‌رامه‌ مه‌سته‌کی ڕاست گۆیانه‌ دوور له‌ جه‌نگه‌ڵ ‌له‌گه‌ڵ مه‌ی هه‌نگوینه ‌عه‌شق و ژیان تاجی سه‌ره‌ به‌ڵام داخه‌که‌م له‌ووڵاتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی وه‌کو ئێمه‌دا هه‌م عه‌شق و هه‌م مه‌سته‌کی حه‌رامن ..!! . لای ئێمه بڤه‌یه‌ هه‌ناسه‌و ژیان تازه‌ به‌تازه‌ مه‌زهه‌ب له‌تافی گه‌نجێتی یه‌تی و مێشکمان ده‌خوات هه‌ست و هۆش و هزرمان له‌ناو ده‌بات سه‌رده‌می مه‌غۆل و ته‌ته‌ره‌ ‌بۆیه‌ ئاسانه‌ بۆ پیاو کووژو دزو جه‌رده‌ خیانه‌ت و درۆ که‌چی باسی عه‌شقێکی خودایی یان خۆشه‌ویستیی بۆ ژیان و مرۆڤ ئابڕوچوونه‌ ..!! . ‌چۆن هاتین و بۆچی هاتین پرسیاری حه‌قیقه‌تن ئه‌ی له‌ناو ئێمه‌ی گه‌لحۆدا حه‌قیقه‌ت ده‌مێکه‌ مردووه‌ که‌واته‌ کێ یه‌ نه‌خشی ‌ته‌مه‌ن و بوون به‌دیواری ژیانه‌وه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ ده‌کات ئه‌وه‌ کێ یه‌ کوڕان و پیاوانی ووڵاتی ئێمه‌ی‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌خشاندووه‌ هه‌وێنی جه‌نگ و تفه‌نگ و پیاو کوشتنی بۆ گۆمی خوێن لێ ساز ده‌کات هه‌رکه‌س به‌له‌ش و هۆش و بیری خۆیه‌وه‌ به‌جیاوازی له‌دایک بوو که‌چی یه‌کمان قبووڵ نی یه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو وه‌کو یه‌کبین .؟. سروشتی یه ‌له‌دایک بووندا حه‌ز نی یه‌ تا ئاره‌زوو بکه‌یت مێ بیت یان نێر که‌چی قه‌ومی عه‌با ڕه‌ش و عه‌قڵ کورت و به‌ربه‌ر کوڕو نێرینه‌یان ده‌وێت زۆریشن کوڕان و پیاوانی میلله‌ته‌ چه‌وساوه‌کانی جیهان خۆفرۆش و پاشه‌ڵ پیسن . جێی گریانه‌ یان پێکه‌نین ئه‌م هزره‌ بۆگه‌ن و کۆنه‌ که‌ده‌ستکاری سروشت و خودا کردوو هه‌موو بوونه‌کانی هه‌بوون ده‌که‌ن ئاخر مرۆڤ به‌و هه‌موو جوانی یه‌وه‌ خوداوه‌ندی مه‌زن و میهره‌بانیش به‌و زانایی یه‌وه‌ که‌چی مرۆڤی که‌م عه‌قڵی ئێمه‌ دێن کوڕان و کچانمان به‌و منداڵی یه‌ خه‌ڵتانی خوێن و ئازار ده‌که‌ن و ئاشنای ترس و نه‌گبه‌تی ده‌که‌ن و قه‌سابخانه‌یه‌ک به‌ناوی خه‌ته‌نه‌وه‌ ده‌که‌نه‌ دیاری منداڵانیان ئاخر مرۆڤ به‌و هه‌موو جوانی یه‌وه‌ که‌خوداوه‌ندی مه‌زن دروستی کردووه‌ نازانێت به‌خه‌ته‌نه‌کراوی دروستی بکات یان ده‌بێت تۆی گه‌مژه‌و نه‌خوێنده‌وار له‌خوا زیره‌کتربیت و کاره‌که‌ی بۆ ته‌واو بکه‌یت .؟. میلله‌تی نه‌فام و ناحاڵیش له‌ژیان حه‌زیان به‌کوڕه‌ هه‌تا کچ که‌چی کوڕیش هه‌ر به‌بچوکی جه‌نگی ده‌وێت به‌گه‌وره‌ییش خوێنی ده‌وێت خۆ که‌س فێری شه‌ڕی ناکا بۆ ناپرسن ئه‌وه‌ کێ یه‌ به‌منداڵی کچان و ژنان فێری سه‌ماو ماکیاج ده‌کات کێ په‌ی ده‌با به‌ نهێنی و سه‌رسامی ئه‌م ژیانه‌ گه‌لی ناحاڵی هه‌ر نێرینه‌ی له‌لا جوانه‌ ئه‌ی ئه‌م هه‌موو پزیشکه‌ ژنه‌ ئه‌ی ئه‌م هه‌موو دایکه‌ ژنه‌ ئه‌ی ئه‌م هه‌موو خوشکه‌ ژنه‌ ئه‌مانه‌ ژن نین فریشته‌ن تۆی پیاویش له‌ووڵاته‌ سورو خوێناویه‌کاندا شه‌یتانی شه‌یتانی گه‌وره‌ . ده‌زانم ئازار زۆر ده‌چێژیت ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی خه‌مخۆری نیشتمان و خه‌ڵکیت ‌تۆش سه‌رت سوڕماوه‌ وه‌ک و من له‌م هات و چۆو گه‌ڕه‌لاووژه‌و هات و هاواری ناو ئه‌م ژیانه‌‌ ‌‌له‌م جه‌هه‌نه‌می ڕۆح سوتان و زوقمی به‌ناو ژیانه‌ ، دڵنیام ئه‌مه‌ ژین نی یه‌ به‌ڵک و ته‌ختی شانۆی به‌خته‌وه‌ری و ‌به‌هه‌شتی گاو که‌رانه هه‌ندێکیش هه‌ن که‌هه‌میشه‌ ناڕه‌حه‌ت و نائارامن ئه‌زانن ئه‌م ژینه‌ کاول و وێرانه‌‌ زۆر سه‌خڵه‌تین و شپرزه‌ بۆ ئه‌م ژینه‌ تاڵه‌ به‌په‌رۆشین که‌ ناهێنێت تورێکی تاڵ له‌گه‌ڵ پیاڵه‌یه‌ک مه‌ی و دیمه‌نێکی جوانی مه‌یخانه‌ دڵنیام که‌ناهێنێت په‌‌نجه‌ بکه‌ی به‌ئاودا بۆ خاتری ئه‌م زیندانی به‌ناو ژیانه که‌چی بۆ هێندێ ‌شتی بێتامی ئه‌م جه‌وره‌ گه‌لێ ناحاڵی و بێهۆشین که‌ دڵخۆشین جار جار وه‌ک و نه‌زان جێی پێکه‌نینه‌ که‌ نازانین بۆ دڵخۆشین .
زۆربه‌مان حه‌ز ده‌که‌ین بزانین دوای مردن چ باسه‌ .؟. زۆربه‌شمان له‌مردن ده‌ترسین و زۆر له‌و حیکایه‌ت و سه‌رگوزه‌شتانه‌ی ئاین و مه‌زهه‌به‌ ترسێنه‌ره‌کانی لای خۆمان کاریان له‌سه‌رمان هه‌یه‌و هه‌ر له‌منداڵی یه‌وه‌ وێنه‌ی دوو جه‌مسه‌رو دوو که‌ناڵی ترس و خۆشیی و سوتان و پێکه‌نین و ئازارو خه‌م و بێ خه‌میی له‌ناخماندا سه‌وز بووه‌و مخابن وه‌کو مرۆڤێکی ئاسایی ژیان نابه‌ینه‌ سه‌رو به‌ژیانێکی سروشتی نه‌ژیاوین بۆیه‌ هه‌موو ساته‌کانی ژیانمان به‌دڵه‌ڕاوکێ ده‌به‌ینه‌ سه‌رو ئه‌م دوو دنیای جیاوازه‌ ئه‌م دوو دنیای ڕه‌ش و سپی یه‌ له‌مێشکماندا هێلانه‌ی کردوه‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانین و بیبینین . له‌ڕاستیشدا نه‌بینیومانه‌و نه‌هیچیش ده‌رباره‌ی ده‌زانین ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ی که‌خۆیان به‌وه‌کیلی خودا ده‌زانن له‌کتێبه‌ ئاسمانی یه‌کانه‌وه‌ زانیاریان هه‌یه‌ ده‌ڵێن به‌هه‌شتێک هه‌یه‌ بۆ پیاو چاکان و جه‌هه‌نه‌مێکیش هه‌یه‌ بۆ مرۆڤه‌ خراپه‌کان . ئه‌م ئامۆژگاری و ترساندنه‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتوه‌ که‌مرۆڤه‌کان خراپه‌ نه‌که‌ن و چاکه‌ بکه‌ن چونکه‌ مرۆڤ هه‌ر له‌ئه‌زه‌له‌وه‌ هێزی چه‌وساندنه‌وه‌و داگیرکاری و خراپه‌کردن زاڵ بووه‌ به‌سه‌ریدا به‌ڵگه‌ی ئه‌م قسانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌هه‌تا ئێستا مرۆڤ هه‌ر به‌ده‌ستی مرۆڤ ده‌چه‌وسێته‌وه‌و زوڵم و داگیرکاری و کووشتن و بڕین بوونی هه‌یه‌ . له‌سه‌رێکی تریشه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌م به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌مه‌ حیکمه‌تی خۆی هه‌بێت و مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ که‌مرۆڤ ده‌توانێت له‌وڵات و ماڵی خۆیدا جه‌هه‌نه‌مێک بۆ خۆی دروست بکات ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاری خراپ بێت و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ مرۆڤ ئه‌گه‌ر هۆشمه‌ندو له‌سه‌رخۆو ژیربێت ده‌توانێت ئه‌و به‌هه‌شته‌ی هه‌بێت و نه‌شمردبێت . ئێستا له‌وڵاته‌ پێشکه‌توه‌کانی دنیا وه‌کو ئه‌وروپای ڕۆژئاوا ئه‌و سیستم و خه‌ونه‌ی مرۆڤیان هێناوه‌ته‌ دی و جێی ئاین و خوداو یه‌کسانی و ماف له‌لای حوکمه‌ته‌کانیان بوونی هه‌یه‌و که‌س برسی نی یه‌و که‌س سه‌رپێچی یاسا ناکات و ئه‌گه‌ریش کردی سزا ده‌درێت و میریش ڕۆڵی دایک و باوک و خودا ده‌گێڕێت چونکه‌ که‌سێک نی یه‌ زۆر تێرو که‌سێکیش زۆر برسی بۆیه‌ ئه‌و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری یه‌ی له‌ئاینه‌ ئاسمانی یه‌کاندا هاتوه‌و باسی ده‌کات له‌م جۆره‌ وڵاتانه‌دا بوونی هه‌یه‌و ئازادی ڕه‌هاو یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری خوادایی هه‌یه‌ . ئێمه‌ی مرۆڤ زۆر نامۆین به‌مردن و حه‌زی پێ ناکه‌ین به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌موو مرۆڤێک له‌شه‌وو ڕۆژێکدا جارێک یان دووجار ده‌مرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت چونکه‌ ده‌خه‌وێت ، پێم وایه‌ خه‌ویش مردنێکی کاتی یه‌و بوونی ئه‌و دنیاشمان بۆ ده‌سه‌لمێنیت به‌خه‌و بینین . له‌ڕاستیدا مرۆڤ که‌خه‌وتووه‌ مردوه‌ که‌چی خه‌و ده‌بینێت بێ ئه‌وه‌ی ئه‌رکێک بکێشێت بێ ئه‌وه‌ی خۆی به‌و کاره‌ هه‌ڵسێت ، که‌واته‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دوای مردنیش ئاوا خه‌و ببینین و زیندو ببینه‌وه‌و به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌مێکیش بوونی هه‌بێت به‌ڵام جیاواز له‌و به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌مه‌ی که‌ئاین و کتێبه‌‌ ئاسمانی یه‌کان باسی لێوه‌ ده‌که‌ن چونکه‌ به‌هه‌شت ده‌درێت به‌زاناکان و مافی خۆشیانه‌ جه‌هه‌نه‌میش بۆ مشه‌خۆران و گێل و نۆکه‌رو نه‌زان و خۆفرۆشه‌کانه‌ .
هه‌زاران ساڵه‌ هه‌ین و له‌ڕاستیشدا که‌س نازانێت له‌که‌یه‌وه‌ هه‌ین چونکه‌ ته‌مه‌نی مرۆڤ و گه‌ردون جێگیر نی یه‌و ئه‌و هه‌موو شتانه‌ی وتراوه‌ ده‌رباره‌ی گه‌ردون و مرۆڤ ڕێژه‌یی یه‌و که‌سیش نازانێت ته‌مه‌نمان چه‌نده‌ به‌ته‌واوی ، پێم وایه‌ ده‌ئه‌وه‌نده‌ی تریش هه‌بین و ته‌مه‌نی سروشتی مرۆڤه‌کانیش درێژتربێت هه‌ر تێناگه‌ین له‌م بوون و ژیانه‌‌ی که‌هه‌یه‌و نه‌ئه‌زانین له‌کوێوه‌ هاتوین و نه‌ئه‌شزانین بۆ کوێ ده‌چین .؟. لێره‌دا پرسیارێک دێته‌ گۆڕێ ئایا ئه‌وه‌ کێ یه‌ تابلۆ تاڵ و شیرینه‌کانی ژین به‌ئاده‌میزادو خاک و سروشته‌وه‌ به‌هه‌ناسه‌ی وه‌ستایی یان خوداوه‌‌ندێتی خۆیه‌وه‌ هه‌م دروست و هه‌م وردوخاش ده‌کات ، کانیاوی ته‌ڕو بیابانی وشکیش به‌ پێنوسی نهێنیه‌کانی خۆی ده‌نوسێته‌وه‌ .؟. که‌س نازانێت ئه‌و نهێنی یه‌ چی یه‌و مرۆڤ چۆن چۆنی ڕیش و پرچی درێژ ده‌بن و نینۆکه‌کانی گه‌شه‌ ده‌که‌ن و جه‌سته‌ی فراوانتر ده‌بن و چۆن هه‌ناسه‌دان دروست ده‌بێت و ئایا ئه‌وه‌ کێ یه‌ هه‌ناسه‌مان بۆ ده‌دات و ئه‌وه‌ کێ یه‌ خه‌ومان بۆ داده‌نێت و ئاماده‌ی ده‌کات و نیشانمانی ده‌دات و .. هتد .؟. مرۆڤ له‌دوای به‌کارهێنانی هۆش و بیری خۆی و تێڕوانین بۆ چوارده‌ورو ئه‌و هه‌ستانه‌ی که‌له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان کرد دێته‌ قه‌ناعه‌تێک که‌بڵێت : ئه‌وه‌‌ ده‌ست و خه‌تی باوکێکی مه‌زنه‌ که‌باوکی هه‌مومانه‌ و ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ئه‌م باوکه‌ که‌سیشی لێ په‌یدا نابێت و له‌مه‌ش سه‌رنج ڕاکێشتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ئه‌م باوکه‌ مه‌زنه‌ کوڕی خه‌ڵکه‌و له‌که‌سیش په‌یدا نه‌بووه ..!! . ئه‌م وه‌ستای سروشت و خوداوه‌ندی کێشمه‌ کێش و هه‌رای ژیانه‌ له‌چاوو ‌هۆش وونه‌ بۆیه‌ له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ گره‌ومان له‌گه‌ڵ ده‌کات ده‌یه‌وێت بزانێت چ مرۆڤێک زرنگه‌ که‌به‌دوایدا بگه‌ڕێت ، هه‌تا دنیا دنیایه‌ نایدۆزینه‌وه‌ چاوشارکێ یه‌کی ئه‌به‌دی یه‌ ئه‌م ژینه‌ له‌گه‌ڵ باوکماندا له‌گه‌ڵ ئه‌و باوکه‌ی که‌منداڵی نابێت و خۆیشی منداڵی که‌س نی یه‌ . که‌واته‌ ئه‌ی چۆن مرۆڤ به‌و جوانی و شێوه‌ ئه‌ندازه‌یی یه‌ ته‌واوه‌وه‌‌ دائه‌تاشێ و په‌یکه‌ر ساز نی یه ‌ئه‌ی چۆن خوداوه‌ندێکه‌ هه‌رگیز له‌هیچ شتێک سڵ ناکاته‌وه‌ ، وه‌ستایه‌که‌ که‌س وه‌ک و ئه‌و خاک و نیشتمان و مرۆڤ ڕه‌نگ ناکات له‌جوانیدا .؟. نیشتمانی من وه‌ک و بووکێ جێ په‌نجه‌و پێنوسی ئه‌وه ‌ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ که‌له‌ کتێبیا بۆ خۆی باسی لێوه‌ ده‌کات که‌ده‌ڵێت جێگه‌یه‌ک هه‌یه‌ پڕ له‌جوانی و دارو دره‌خت و کانیاوو میوه‌ی جوانی زۆرو .. هتد که‌ئه‌ویش به‌هه‌شته‌ ..!! . یان هه‌موو بونه‌وه‌رانی دنیا خاک و نیشتمانی خۆیان پێ جوانتره‌ له‌ماڵی خه‌ڵک و وڵاتی خۆیان پێ به‌هه‌شته‌ یان ئه‌وه‌تا قسه‌ی یه‌که‌م جارمه‌و نیشتمانی من له‌جوانیا به‌هه‌شتێکه‌ . ئه‌م ژین و ته‌مه‌نه‌ی ‌که‌ به‌ دڵیش بۆی سوتاوین کاتی یه‌و هه‌رچه‌نده‌ حه‌زی لێ بکه‌ین و خۆشمان بوێت هه‌ر نابینه‌ خاوه‌نی ، نی یه‌ شیرینتر له‌نیشتمان‌ له‌هیچ کوێی ئه‌م گه‌ردونه‌دا ئه‌ی بۆ ده‌مرین و له‌ نیشتمانی باوانمان ده‌بین ئه‌ی بۆچی حه‌زو ئاره‌زوه‌ جوانه‌کانمان ده‌چێته‌ ژێر گڵ و ئه‌ی بۆچی ئه‌و هه‌سته جوانانه‌ی مرۆڤ‌ دروست ده‌بێت و له‌دوایشدا دائه‌ڕمێت به‌سه‌ر یه‌کدا .؟. که‌س هه‌یه‌ پێی وابێت له‌م به‌هه‌شتی نیشتمان و بوونه‌دا که‌واقیعه‌و هه‌یه‌ له‌و به‌هه‌شتی خه‌یاڵه‌ جوانتر نه‌بێت که‌هه‌یه‌ یان هه‌ر نی یه‌ .؟. هه‌زاران پرسیاری حه‌سره‌تاوی له‌دڵماندایه‌و .. هتد . ئه‌و ئه‌گه‌ر وه‌کو خودایه‌ک به‌و جوانی و عه‌شقه‌وه‌ حه‌بیبه‌ی بۆ نالی دروست کرد ئه‌ی بۆ دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ شیرینه‌ی‌ حه‌زره‌تی نالی هێشتی به‌هه‌ناسه‌یه‌ک ‌بۆ جودایی و غوربه‌ت سه‌رهه‌ڵگرێ و بۆ وڵاتی تاریک و نادیار بۆ دنیای چۆڵ و تاریکی مردن سه‌فه‌ر بکات ، یان عه‌شقی ڕاسته‌قینه‌ دورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ .؟. گێژاوێکه‌ ئه‌م وانه‌ی ژیانه‌ زۆر سه‌خت و وردو دژواره‌ سه‌ری خۆتی پێوه‌ مه‌یه‌شێنه‌ هه‌رگیز ته‌نها بژی و ‌خۆت خه‌ریک مه‌که به‌شتی پڕوپوچه‌وه‌‌ خۆت و کات به‌فیڕۆ بده‌یت و بگه‌یته‌ کۆتایی ژیان و خۆشی یه‌کت تام نه‌کردبێت ، هه‌میشه‌ هه‌وڵ بده‌ له‌سه‌ره‌تادا بیت و گه‌نج و جوان له‌ته‌مه‌ن و بیرکردنه‌وه‌دا له‌جه‌سته‌و جوانی و گیانی پڕعه‌شقیدا بژیت . به‌کورتی وه‌کو مرۆڤ خۆت و خه‌ڵکت خۆشبوێ و بژی بۆ مه‌یی و ماچێک و مه‌چۆ به‌لای ئه‌و هاوکێشه‌ قورسه‌ی که‌که‌س هاوسه‌نگیی ناکات و لێی تێناگات . له‌م شانۆی ژیان و شه‌که‌ت بوونه‌دا که‌س سه‌ره‌تاو کۆتایی ئه‌م چیرۆکی هه‌بوونه‌ نازانێت ، که‌واته‌ به‌س بزانی بۆچی دێیت و بۆچی ده‌ڕۆیت دنیای به‌خته‌وه‌ربوون و ئاسوده‌یی میوانته‌ و ئیدی ژیرو فه‌یله‌سوفیش قڕوقه‌پی لێده‌که‌ن و ورته‌ ناکه‌ن به‌ڵام نایبینین که‌تێبگه‌ین چونکه‌ ژیان به‌و که‌م و کوڕی و ناهاوسه‌نگیه‌شه‌وه‌‌ هه‌ر به‌رده‌وامه بۆیه‌‌ ئه‌و ته‌مه‌نی خۆشی و ناخۆشی و جه‌نجاڵی و کوێره‌وه‌ری یه‌ی ئێمه‌‌ وه‌ک سه‌هۆڵی به‌ر هه‌تاو‌ وایه‌ زوو ئه‌خلیسکێ و ڕۆده‌چێ و نامێنێت . له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا که‌هیچ ده‌رباره‌ی ژیان نازانیت به‌ڵام ده‌بێت بزانیت که‌تۆ وه‌کو ئاده‌میزاد ژیانێکت پێ به‌خشراوه‌و ده‌بێت باش بژیت و ئه‌گه‌ر نه‌زانیت سود له‌ڕۆژگارو ته‌مه‌نت وه‌رگریت جه‌هه‌نه‌مێکی حه‌قیقی بۆ خۆت دروست و ده‌خه‌مڵێنیت و ژین و بوونت به‌ده‌ردی ژیانی ئه‌و جه‌هه‌نه‌مه‌ خه‌یاڵی یه‌ ده‌به‌یت که‌هه‌موی ئاگرو کوشتن و بڕێنی مرۆڤه‌کانه‌و له‌ڕاستیشدا ئه‌مه‌ چ بیرێکی تاریک و ڕه‌شه‌ .
ته‌مه‌ن چی یه‌ که‌چرکه‌یه‌ک ڕانه‌وه‌ستێ وه‌ک و ئاو فریای عه‌شقێک نه‌که‌وێ له‌دوای فێربوون باوه‌شی حه‌ز بووروژێنێ تاتامی حه‌زێک له‌دووای گێل بوون شیرینتر بتامێنێ .. ! . یه‌که‌م ژیان کاڵ و کرچه‌ ماڵێکی پڕ ئاشوب و چه‌رمه‌سه‌ری یه‌ چونکه‌ مرۆڤ که‌م ته‌جروبه‌و کاڵ فامه‌ ، دووجار ژیان لێزانینه‌ ئاده‌میزاد زۆری ده‌وێ عه‌شق فێربێت چونکه‌ عه‌شق واتای ژینه‌ بۆ بوون له‌دووای مردن جارێکی تر عه‌شق واتات پێ ده‌به‌خشێت که‌جارێکیتر بژێیته‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ مرۆڤ دووجار بژی ، تۆ بڵێی ئه‌و ژیان و دنیایه‌ی تر که‌خه‌یاڵه‌ لای زۆربه‌مان ببێته‌ واقیع .؟. ‌ته‌نها عه‌شقی نه‌شمیل و خاک به‌رهه‌مێکی جوانی ژینه ‌به‌بێ نه‌شمیل باهه‌ناسه‌ش هه‌ر نه‌بووایه کوێستانیش به‌بێ گه‌رمیان هه‌ر ته‌ڕو تووشیی ده‌بوو بۆیه‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ خاک و نیشتمانی دایکدا جوانترین یان مرۆڤه‌کان هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌ جوانن ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوو ژین لێوان لێو تاڵی و بێ واتاو ڕک و ده‌ردو ته‌نهایی و ڕق و کینه‌ ده‌بوو ‌. تۆی مرۆڤی ژیر یان هۆشمه‌ند پێت سه‌یر نه‌بێت دوو دێڕ پێشتر سه‌د ساڵ ژیان له‌مه‌وبه‌ره‌ باسی ته‌مه‌ن و ئاومان ده‌‌کرد ئاویش‌ وه‌کو په‌شمه‌ک و هه‌ڵمه‌‌ ته‌مه‌نی ده‌‌چێته‌ سه‌ر ته‌مه‌نی باران له‌ ئاسمانی بێ کۆتاییدا تۆزێ لیته‌و قوڕاومان بۆ دائه‌کات ئه‌و بارانه‌ی که‌به‌تاو له‌به‌هارا به‌گریانێکی هه‌نسکاویه‌وه‌ به‌کووڵ میوانی گووڵه‌ ڕه‌نگ ئاڵه‌کانی باخچه‌ی ئه‌م بوونه‌ دیاری ده‌کات سه‌یره‌ سوڕی سروشت ئاوایه‌ ئێمه‌ی مرۆڤیش به‌له‌دایک بوون و مردنمان ئه‌و سوڕه‌ ته‌واو ده‌که‌ین . ئێمه‌ کێین و چین و له‌کوێوه‌ هاتووین ئه‌ی که‌ی بوینه‌ میوانی ئه‌م خاکه‌و چۆن چۆنی په‌یدا بووین .؟. ئه‌م پرسیاره‌ وه‌ڵامی نی یه‌ بۆیه‌ سه‌رم سوڕماوه‌ که‌ چ ده‌ریایه‌کی تۆ له‌ئازاری بیابان و تینوێتی دنیایه‌ک ناڕه‌حه‌تیت له‌‌ خوێندا چاند ‌خوێنیش بۆ ئێمه‌ی بنیاده‌مه‌ بێ قاچ و ده‌سته‌کان بێ ده‌سه‌ڵات له‌ هاتن و بێ قاچه‌ڵات له‌ ڕۆیشتنا خوێن بۆ ئێمه‌ ده‌ردوو ژان بوو نه‌گبه‌تی بوو هه‌تا ئێستاش ژیان به‌و خۆشی و کورتی یه‌وه‌ که‌پێویسته‌ یه‌ک چرکه‌ی به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین که‌چی مخابن هێنده‌ دڕنده‌ین هیمۆگڵۆبینی به‌ربه‌رو شه‌ڕه‌نگێزی له‌گیانماندا چه‌که‌ره‌ی کردوه‌و به‌به‌رده‌وامیی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و هێزو ده‌وڵه‌مه‌ندبوون ده‌که‌ین که‌ئه‌وه‌ش زه‌ره‌ره‌و له‌ته‌مه‌ن و جوانیمان ده‌بات و له‌مرۆڤبوونیمان که‌م ده‌کاته‌وه‌ . بۆ مرۆڤ به‌م جۆره‌ ئاڵۆشه‌ پێکهات هه‌رچی غه‌ریزه‌ی دنیایه‌ تێیخنراوه‌ ‌ئه‌و هه‌موو ئاره‌زوه‌ چی یه‌و دنیای جۆراو جۆر له‌‌ حه‌ز به‌یاسای نه‌داران حه‌رامه‌ گه‌ر وایش نه‌بێ به‌ڵام به‌چه‌شنی دی ئاره‌زووه‌کان تێرن به‌شه‌رعی حه‌زو ئاره‌زوو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان .
هه‌رچی خۆشی ژیان هه‌یه‌ نیشانه‌ی پرسیارو حه‌رامه‌‌ که‌چی مخابن به‌تایبه‌ت له‌لای ئایندارو خودا ناسه‌کان شته‌ تاڵ و ‌ناخۆشه‌کان بێ یه‌ک و دوو حه‌ڵاڵن‌ ، مرۆڤی ژیرو هۆشمه‌ند درکی پێ ده‌کات بۆیه‌ دوعایه‌کی له‌م چه‌شنه‌ به‌تاڵه‌ ‌گه‌ردونی جوان و شیرین لای بێ خه‌م و به‌خته‌وه‌ران به‌هه‌شتێکه‌ .
تۆش ئاسمانێکیت پڕله‌ پێکه‌نین و تریقانه‌وه ‌گوێ نه‌دان و ‌بێ خه‌میی و ڕۆح سوتان تۆی هه‌ناسه‌و خه‌م و شایی و پرسه‌و به‌هارو زریان ئه‌وه‌ تۆی تاریکی شه‌وانی توڕه‌بوونت ده‌هاویژی یه‌ ناومان‌ بۆ خه‌وزڕان یاخی له‌ئێمه‌ی چه‌قاوه‌سوو له‌شه‌وی ساردی بڵێسه‌و باوو بۆران یان ئێمه‌ش توڕه‌و ماندو له‌دنیای بێ ده‌نگی تۆ یان بێزار و بێ بڕوا له‌ چاوشارکێی وون بوونی تۆ له‌ئێمه‌و وون بونێکی ئه‌م ماڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی دنیای‌ هه‌تا ئه‌به‌د ، ئه‌ی چی ده‌کات بنیاده‌مێک یاده‌وه‌ری هه‌موو عومری شیرین نه‌بێ تاڵی هاوڕێی شه‌وگارو ته‌مه‌نێک مه‌نفای نیشتمان بێت بێ لانه‌یی جاڕسی هه‌موو ساتێکه‌ تاکو ئه‌مرێ ئه‌ی چی حاڵی بوو له‌م دنیای سته‌مه‌ تا له‌و دنیا به‌قولاپا هه‌ڵبوواسرێ وه‌ک مه‌له‌وانێ که‌ تێنه‌گا و حاڵی نه‌بێ له‌قوڵی ئاو له‌سامی شه‌پۆل و بێئاگا له‌ خنکان وه‌ک ڕاوچی یه‌ک ناشاره‌زا له‌جه‌نگه‌ڵ و گرتنی داویان بێ هۆش له‌ ته‌مه‌نی خۆی و ناڕه‌حه‌ت له‌خوێنی ‌گه‌نجیا به‌حه‌زی خۆت .؟. ئه‌ی گه‌ردوون کێش مه‌کێشی ژین ئه‌که‌یته‌ ناومانه‌وه ‌ئاده‌میزاد لێوان لێو له‌ مه‌ملله‌که‌تی قه‌ده‌رو ئازاردا بژی خه‌نجه‌ر به‌ناو ڕۆحیا گوزه‌ر ده‌کات له‌ووڵاتی جه‌نگه‌وه‌ هاتبێ و به‌ئاره‌زوی یه‌کێکی دی له‌دایک بێت و حه‌زو ئاره‌زوی خۆیشی نه‌بێت که‌بڕوات و هه‌نگاونانی کۆتایی به‌نابه‌دڵی به‌ره‌و ڕوی بڕوات . کاره‌ساته‌ ئه‌م به‌ناو ژینه‌ به‌ڵایه‌ ئه‌م ترس و تۆقینه‌ خۆ تێنا‌گا که‌ بۆ هه‌یه‌ خۆ نا‌زانێ بۆ کوێ ده‌چێت ده‌با پرسێ ده‌با شتێ پێش هاتن و ده‌با ده‌نگێ دووای ئۆغربێت ده‌با شتێ دووای بوون و دیسان شتێ دووای مردن بێت ڕۆح ده‌ڕوات و جه‌سته‌ ده‌ڕزێت بێ ئه‌وه‌ی هیچ حاڵی بین له‌م ژیانه‌ بۆ بێ ئاگا بێین و بڕۆین له‌م زیندانه‌ لێڵ و شومه‌ جیهانێکیش هه‌ناسه‌ی تاڵ میوانی چوار وه‌رزی ساڵمان بێت .؟.
ئێمه‌ کێین و چین و له‌ کوێوه‌ هاتووین ئه‌ی که‌ی بووینه‌ میووانی ئه‌م خاکه‌و چۆن چۆنی په‌یدا بووین .؟. هه‌رکه‌س هات و ناحاڵی له‌ خۆیی و ده‌وروبه‌ری خۆی هه‌رکه‌س هات و زمانی چه‌قۆی ده‌سه‌ڵات بوو هه‌رکه‌س هات و قامچی پێ بوو کوشتنی له‌لا ئاوخواردن و که‌یف و سه‌فا درۆی له‌لا پێنج فه‌رزه‌ ڕه‌وا بوو سه‌ربڕینی گووڵ و په‌پوله‌ش غه‌زاو شۆڕش بێت هه‌رکه‌س هاتو به‌‌زمانی گووڵ زۆر نامۆ بوو هه‌رکه‌س هات و قێزی له‌وه‌نه‌وشه‌و دڵی له‌ عه‌شق تێکه‌ڵ ده‌هات ‌هه‌رکه‌س هات و تف له‌گووڵ و گۆرانی بۆ جه‌نگ و کوشتن ده‌ووته‌وه‌ هه‌رکه‌س هات و بۆ کوشتن و سه‌ربڕینی په‌پووله‌کان ده‌ست واڵابوو هه‌رکه‌س هات خه‌نده‌و شادی نه‌کرده‌ دیاری ئاده‌میزاد ‌ده‌سه‌ڵات خاکی ووڵاتی کێڵا به‌ ئاگر و ئاسن بۆیه‌ شه‌ونمه‌کانی ته‌مه‌ن دڵۆپ دڵۆپ له‌گه‌ڵای چاوانی خاکه‌وه‌‌ فرمێسکیان ‌ڕشت بوون به‌هه‌ڵمی فه‌نابوون ‌فریای دوو به‌یانی ڕه‌نگ شه‌فه‌قی نه‌که‌وت تاعه‌شق له‌گه‌ڵ هه‌تاوا بکا . ئێمه‌ کێین و چین و له‌کوێوه هاتووین وه‌ڵامی سه‌رئێشه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ ئاسان نی یه‌ ‌ئێمه‌ی ناحاڵی له‌م به‌زمه‌ چی ئه‌زانین له‌م جیهانی باخی بێ به‌ره چیمان خواردو چی حاڵی بووین .؟. ‌ئه‌وه‌ی زانینه‌ لای ئێمه‌ هه‌رکه‌س که‌ ڕۆی نایه‌ته‌وه مه‌گه‌ر خودا بۆ خۆی له‌مردنێکا بۆمان باس بکاو بیگێڕێته‌وه‌ ‌ئه‌گه‌ر گه‌ردوون وانه‌یه‌ک بێت بۆ سزادان له‌ناو قه‌ومی هه‌ژارو دوواکه‌وتووی به‌ربه‌رستاندا ئاخوندو ڕیش بۆز یه‌که‌م که‌سن له‌ئاگردا بتوێنه‌وه ، گریمان دنیا سروشته‌و خاوه‌نێکی هه‌ر نه‌بووه‌ ‌ئه‌ی کێ له‌ودیو گه‌ڵاکانه‌وه‌ سات به‌ سات وچرکه‌ به‌ چرکه‌ ته‌مه‌نی گووڵان ده‌نوسێته‌وه باخه‌وان ده‌ستی باوکایه‌تی باخ و گووڵه‌ ئه‌ی بۆ ته‌مه‌نی خۆشه‌ویستی خۆی له‌ باخ و نهێنی چرۆکان ناهۆنێته‌وه‌ .؟. نامه‌یه‌ک بۆ نهێنی یه‌کانی تۆ ئه‌ی سبه‌ینێی کڵۆڵتر له‌ئه‌مڕۆ ئه‌م هه‌موو جه‌نگه‌ چی یه‌ بێ پشوو تاوێ برسی و تاوێ وێڵ تاوێ لافاو تاوێکی تر شمشێری کولی دوواکه‌وتوی کۆنه‌په‌رستی و خێڵ ، هه‌ناسه‌یه‌کین بێ ئۆخه‌ی هه‌ر له‌ دووێنێی چاوه‌ڕوانیدا به‌جێماین زه‌مینێکین بێ خاکه‌نازو پاچ و بێڵ ژینێک که‌ هه‌ناسه‌کانی سارده‌ بێ پرسیار هاتووین بێ وه‌ڵام ده‌ڕۆین ده‌با ژین هه‌مووی هه‌ر تاڵی نه‌با بۆ که‌سی زانا زه‌هری مار نه‌با فه‌لسه‌فه‌ی ژیان بێ کۆتایی یه‌ ده‌ڵێن چناره‌و هه‌رگیز نانه‌وێ ئه‌ی بۆ شیعرو چیرۆکی سۆز هێنده‌ کورته‌ فریای ماچی کتێبێک ناکه‌وێت ته‌مه‌نی مێروله‌ چی یه‌ که‌چی قه‌ومی شه‌پۆل و شه‌ڕن‌‌ بۆ پووش و ده‌نکه‌ گه‌نمی ژیان .
نامه‌یه‌ک بۆ تۆ ئه‌ی بوون ئه‌ی تاقه‌تی بێ کۆتایی ئه‌ی ئه‌و شته‌ی ئه‌ی ئه‌و وزه‌یه‌ی که‌ناڕه‌حه‌تیت کرده‌ خوێنی مێژووه‌وه‌ بۆیه‌ نان سێژه‌م گریانه‌ هیلاک بوون و خه‌م و ژانه نه‌بوون له‌م شه‌ڕه‌ چاتره‌ دوای عومرێکی کوله‌مه‌رگی هه‌زاران جار مردن ده‌بێته‌ میوان و له‌مه‌نفای ناو ووڵاتی خۆتدا هاوڕێت ده‌بێت هه‌موو ڕۆژێ مردنێکیش له‌غوربه‌تدا مسۆگه‌ره‌ بۆ مرۆڤی زرنگ و زاناش هه‌موو ژیان هه‌ر مردنه‌ چونکه‌ ئێمه‌ی مرۆڤ ژیان و خۆشی و ماڵ و منداڵ و سه‌رمایه‌ ده‌چێنین له‌باتی حه‌سانه‌وه‌و به‌خته‌وه‌ری بدورینه‌وه که‌چی مردن هه‌موویت لێ وه‌رده‌گرێته‌وه‌ . مرۆڤێک ژین و بوونی خۆیی و ووڵاتی له‌لاشیرین بێت جارێکی دی به‌ره‌و نه‌مان و بێ به‌رگی ناڕواته‌وه‌‌ ناو باسی غوربه‌ت و دورکه‌وتنه‌وه‌ بۆیه‌ غه‌ریبی تاڵه‌ زه‌هره‌ نامۆیی یه‌ له‌مێژه‌ سه‌گه‌ ئازاکان چیرۆکی به‌رگری و وه‌فایان هه‌بووه‌ بۆ مێژوی هه‌ست و ئیدراکی مرۆڤه‌کان ‌سه‌گ گیاندارێکی ماڵی یه‌ له‌مرۆڤ گه‌لێک چاکتره‌ هه‌رگیز کولانه‌و ماڵی خۆی جێناهێڵێت . ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ئه‌نفالی زوڵم و سته‌مدا سه‌گه‌کان له‌خیانه‌تکاران و ناپاکان مرۆڤترو باشتربوون به‌رگرییان له ماڵ و ‌کولانه‌کانیان کردووه ‌سه‌گێک بۆمانه‌وه‌و نه‌ڕوخانی ماڵی خاوه‌نه‌که‌ی له‌گوندێکی کوردستاندا قه‌پی به‌ زنجیری ده‌بابه‌کاندا کردووه . ئێمه‌ کێین و چین و له‌کوێوه‌ هاتووین هه‌ر نه‌مانزانی و نایشی زانین ، ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ده‌رباره‌ی زه‌وی و ئێمه‌ ڕێژه‌یی یه‌ چونکه‌ ئێمه‌ خۆمان نایزانین ئیتر چۆن یه‌کێکیتر ده‌یزانێت .!! .
هه‌تا هه‌بیت له‌ژیاندا هه‌رگیز مه‌پرسه‌ له‌کوێوه‌ هاتوویت و بۆ کوێ ده‌چیت به‌دڵنیایی یه‌وه‌‌ وه‌ڵامێک نابینییه‌وه‌ ‌بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت که‌کاتێکیش زانیت تۆ مردویت و نه‌ماویت چونکه‌ ته‌نها دوای مردن ده‌زانیت ئه‌م خه‌وه‌ دورو درێژه‌ی بوونی ئێمه‌ چ باسه‌ چونکه‌ که‌ده‌مریت ئه‌وکات ڕاده‌چڵه‌کێیت له‌و خه‌وه‌ی که‌ناوی ژیانه‌ .. !! . گرنگ خۆش به‌ختی یه‌‌ بۆ مرۆڤ شادیش‌ قه‌د میوانی ژیران نی یه ‌هه‌رچی گه‌رمای دنیا هه‌یه‌ به‌خۆشبه‌ختی یه‌کی ده‌روون نابێ ئێمه‌و ئه‌وانه‌ی که‌تۆزێک له‌م که‌ونه‌ گه‌یشتووین تازه‌ دنیای زوقمین ناکرێینه‌وه‌ به‌هه‌موو گه‌رمای درۆکانی دنیا .‌ دنیای جوانی گه‌ڵای داری مناڵیمان زوو به‌سه‌رچوو کوێره‌وه‌ری و تاڵی ژیان وه‌ک و ده‌وار و ڕه‌شه‌با چوار وه‌رزمان ترس و گریانه‌ له‌مێژه‌ هاوڕێی بوونمانه‌‌ ساتێک نه‌هات نه‌ماندی به‌خته‌وه‌ری هه‌مووی گریان و شینه‌ خۆشی له‌ڕۆحمانا له‌مێژه‌ داڕماوه‌ که‌چی ژیان هێنده‌ خۆشه‌ به‌هه‌موو تاڵی یه‌کانی یه‌وه‌ شیرینه‌ . نامه‌یه‌ک بۆ تۆ ئه‌ی بوون ئه‌ی کاتژمێری بێده‌نگی من عه‌بدێکی پڕ ژانی‌ جیهانم پڕ ئاسمانێک هه‌ناو سووتان و دنیای به‌شی تاریکستان قه‌ده‌رم بوو نۆره‌ی جه‌نگه‌ڵی نه‌فامیم به‌رکه‌وت‌ ‌وه‌لێ عه‌شقی سوتاندوم خه‌یاڵت بۆیه‌ بۆلای نورت هاتووم خاڵێک له‌ دیوانه‌که‌ی نالیم هاتوم تاڵه‌ موویه‌ک عه‌شق فێربم من له‌ ووڵاتی ده‌رده‌وه‌ هاتوم گلێنه‌م لێڵ و تاریکه‌ وه‌ڵامی نامه‌که‌م به‌ته‌پوتۆزی کاروانا بۆ بنێره‌ ئه‌و کاروانه‌ی به‌رده‌ووام بیر له‌من و تۆ ده‌کاته‌وه‌ بۆ سبه‌ینێ . ‌ئه‌ی ئه‌و بوونه‌ی که‌ گه‌وره‌ییت له‌مرۆڤدا نوسی یه‌‌وه که‌جوانی یه‌کی بێ وێنه‌ت به‌خشی یه‌ ڕۆحی ئاده‌میزاد لێمان ببوره‌ سه‌رمان ئاوساوه‌ له‌م چاوشارکێی ژیان بوون و نه‌بوونی تۆیه‌دا . به‌ڵام گه‌وره‌م خوارو خێچیت له‌ته‌وێڵی نه‌فامێکا به‌دی ده‌کرێت زیره‌کیشت له‌ئه‌نیشتاین و نیتشه‌دا ڕه‌نگی گرتووه . ‌ئه‌م بوون و ژیانه‌‌ گه‌ر تاڵیشی زۆره‌ گه‌لێ خۆشه‌‌ که‌چی ئاقیبه‌ت ئه‌مانسڕیته‌وه‌ ، ده‌ست و په‌نجه‌که‌ت هه‌مووی جوان نی یه ‌نوسینت هه‌یه‌ له‌سه‌قه‌تیدا له‌غه‌درو کڵۆڵی و ‌له‌به‌دبه‌ختیدا یه‌کێ جوان و یه‌کێ نابووته‌ یه‌کێ ده‌ووڵه‌مه‌ند یه‌کێ په‌ڕپووته‌ حیکمه‌تی ئه‌وه‌ چی یه‌ یه‌کێ وه‌ک پاشا شه‌و ده‌باته‌ سه‌ر یه‌کێ وه‌ک گه‌دا خه‌و به‌نانه‌وه‌ ده‌بینێت . ناڕێکیت هه‌یه‌ جێگه‌ی پرسیاره‌ هیچ چاویلکه‌یه‌ک نایخوێنێته‌وه بمبوره‌ گه‌وره‌م هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێحاڵی بووم .
له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌موو هه‌راو هۆریاو شێرو ڕێوی یه‌‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو بزانین که‌ ئه‌م ژیان و بوونه‌ هیچ و کاتی یه‌ وه‌کو هه‌ڵمی سه‌ر ده‌ریا وایه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی که‌ واتا ده‌به‌خشێته‌ ئه‌م بوونه‌ ته‌نها وشه‌و کرداری جوان و خۆشه‌ویستی یه‌ . که‌واته‌ باهه‌موومان یه‌کمان خۆشبووێت و ئیتر به‌نهێنی خۆشه‌ویستی نه‌که‌ین و به‌ئاشکراو نهێنیش مرۆڤ نه‌کووژین . ئێمه‌ خه‌ڵکی ووڵاتی ئاوه‌ژوین به‌نهێنی خۆشه‌ویستی ده‌که‌ین و به‌ئاشکراش درۆو دزی ده‌که‌ین و به‌شانازی یه‌وه‌ مرۆڤ ده‌کوژین .

حه‌مید عه‌زیز / 2008
[email protected]





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە