ئوسترالیا ئەو بەهەشتەی پەنابەران خەونی پێوە دەبینن وا دەبیت بە دۆزەخی واقعی...!
Friday, 19/07/2013, 12:00
پێم وانی یە کیشەی پەنابەران لە ئوسترالیاو سیاسەتی رەگەزپەرستانەی حکومەتی ئوسترالیا نەک بۆ چاودێرانی مافەکانی پەنابەری و مرۆڤ بە گشتی و تەنانەت بۆ ڕای گشتی جهانیش شاراوە بێت.
دیارە سەرهەڵدانی ئەم کێشەیەش ڕاستەوخۆی پەیوەندی بەو سیاسەتەوە هەیە کە هەردو حزبی لەیبەر- کرێکاران- و لیبرالەوە هەیە کە وەک خودی چاودێرانی سیاسی و مافەکانی مرۆڤو و پەنابەران ئاماژەی پێدەدەن و سەرچاوەی ئەم کێشەیەن.
دیارە ئەوە ڕۆشنە کە دیاردەی پەنابەری بۆتە کیشەیەکی سیاسی گەورە بە هۆی دەسەڵاتە دینی و تایەفی و قەومی یە سەرکوتگەکانەوە بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقاو زۆری تر .بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵویستی دەوڵەتانی رۆژئاواش بۆ خۆی کێشەکەی قوڵ تر کردۆتەوە بە پەیرەوکردنی سیاسەتی رەگەزپەرستانەیانو پیشیل کردنی بەندەکانی بریارنامەی ژنیف بۆ مافەکانی پەنابەران.
تا ئەو جێگەیەش دەگەڕێتەوە بە ئوسترالیاوە بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمیسونی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان سیاسەتەکانی بەرامبەر ئەو پەنابەرانەی بە ڕێگای دەریایی و نافەرمی دێن لە هەمو دەوڵەتانی تری ئەوروپایی نا مرۆیی ترە ئەمەش لە سێ خاڵدا دەردەکەوێت:
یەکەم: ئەو پەنابەرانەی کە بە ڕێگای دەریایی و نافەرمی و دێنە ئوسترالیا، کە موغامەرەیەکی گەورە بە ژیانی خۆیان و مناڵەکانیانەوە دەکەن، زۆر کەمترن لە چاو ژمارەی ئەو پەنابەرانەی ڕوو لە ووڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
دووەم: سیاسەتی ئوسترالیا بەرامبەر ئەو پەنابەرانە ،بە پێی بریارنامەی ژنیف بۆ مافەکانی پەنابەران ،زۆر دژی مرۆیی یە بەوەی دەیانکاتە کەمپی زۆرە ملێوەو ڕووبەڕی ژیانێکی سەختیان دەکەنەوە .هاوکات دانی مافی پەنابەریش بە چەندین قۆناغدا تێپەر دەبیت،و زۆربەیان ماوەیەکی زۆر دەبێت لە کەمپەکاندا بمێننەوە تا فیزەی کاتیان پێ دەدرێت.هەندێک لەو پەنابەرانە هەتا ٣-٤ ساڵ لەو کەمپانە دەمێننەوە و مافی چونە دەرەوەیان نی یە.وە کەمپەکانیش ئێستا جگە لە کەمپێک کە لە ناوی شاری سدنی یە بەناوی ڤیللاوود ئەوانی تر هەمویان لە ناوچە دوورە دەستەکانن یان ئەو کەمپانەن کە لە دورگەی کرسمس و سولەیمان و پەپوانیوگینیا کراونەتەوە.
خاڵی سێ یەم: حکومەتی ئوسترالیا بە نیازە لە دژی پەنابەران هەنگاویکی زۆر مەترسیدارتر بگرێتە بەر ئەویش ئەوەیە کە بە نیازە داوا لە کۆمیساریای باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بکات تا چاو بخشێننەوە بە بڕیارنامەی مافەکانی پەنابەرانی ژنیڤ و دەسکاری بکەن تا مافەکانی پەنابەران بەرتەسک کەنەوە تا ئەو ڕادەیە بەدەگمەن پەنابارانە مافیان پێ بدرێت یان ئەوەتا دەوڵەتی ئوسترالیا کە واژۆی ئەو بریارنامەیەی کردەوە پاشەکشە دەکات و بەهیچ شێوازێک مافی پەنابەری نادات بە کەس.ئەمە ئیتر ئەوپەری سیاسەتیکی دژی ئینسانی یەو چونکە دەرچون لە بریارنامەیەو نەدانی مافی پانەباری یانی داننان بە دەوڵەتە سەرکوتگەرە دینی و تایەفی و قەومی و میلیشیایی یەکان و چاو نوقان لەهەمو ئەو پێشێلکاری یانەی کە ئەو دەوڵەتانەی وەک ئیران و سعودیەو تورکیاو سوریاو تەنانەت گرتن و تیرۆرەکانی پارتی و یەکیتی کە دژی نەیارەکانیان دەیکەن و سەدان دەوڵەتی تر کە پیشیلی سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ دەکەن.هەروەها ئەمە هەنگاوێکە بۆ پاشەکشە لە زۆر مافی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی نەک هەر بەرامبەر پەنابەرانی تازە هاتوو تەنانەت بەرامبەر ئەو کەسانەی کە کە ساڵەهایە مافی پەنابەری یان لە ئوسترالیا وەرگرتوە .وە دەبیتە زیاتر قڵشتی کۆمەڵایەتی لە نیوان خەڵکانیک کە لە باکگراوندی ئەنگلۆسەکسۆنی بن بەرامبەر کەسانی ووڵاتانی تر.
بیگومان ئەمرۆ کە هەردو ئەم حزبە بۆرژوایی یە لە دژی پەنابەرانی نزیک بونەتەوەو بەرەو هاوسەنگەری دەرۆن ئاکامی ئەو قەیرانە ئابوری یەیە کە پێیان وایە پەنابەران سەرچاوەیەکەین و بە وەرنەگرتنی پەنابەران چارەسەر دەبێت گەر چی ئەم قەیرانە لە ئوسترالیا لە چاو وولڵاتانی تری ئەوروپا هێشتا قوڵ نەبۆتەوە.
دیارە دەکرێ لەم بارەیەوە ئاماژە بە سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا کڤین راد بدەین بۆ ئەندەنوسیا لە هەفتەی ڕابردوو بۆ ڕێککەوتن لەگەڵیان بۆ گیرانەوەی هەر پەنابەرێک کە لەو ووڵاتەوە دین بۆ ئوسترالیا .گەرچی لەم بارەیەوە نەگەییشتنە ڕێکەوتنی تەواو بەڵام ئەندەنوسیا بەڵێنی ئەوەی داوە کە زیاتر چاودێری بکاتە سەر کەنار دەریاکان و هەروەها چاو خشانەوە بە دانی فیزەی ئەندەنوسیا بە خەڵکی ئەو ووڵاتانەی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لەێوە بە نافەرمی ڕوو لە ئوسترالیا بکەن .ئەمە جگە لە زیاتر شوێن پێهەڵگرتنی کەسانی قاچاخچی کە هەڵبەت ئەو کەسانە ڕۆڵیان هەیە لە خوڵقاندنی ئەو کارەساتانەی بەسەر پەنابەراندا دێن بەهۆی وەرگەڕان و نقومبونی بەلەمەکانەوە کە هەم زۆر کۆنن و هەم بۆ ئەوە دروست نەکراون تا ڕێگای چەند سەد کیلۆمەتر بە ژمارەیەکی زۆر خەڵکەوە ببرێت.دیارە هەمو ئەم قوربانیانەش بۆ ئەوەیە تا ئەو قاجاغچی یانە پارەی زیاتریان دەسکەوێت.
شایانی ئاماژە پێ کردنە کە لە چەند ساڵی ڕابروو تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠ پەنابەر لە ئاوەکانی نزیک دوڕگەی کریسمس خنکاون .وە بە پێی بەڵگەکان بێ دەربەستی و بە دەنگەوەنەهاتنی کەشتی یە سەربازی یەکانی ئوسترالیا کە هەمیشە چاودێرە لەو ناوچانە ڕۆلیان هەبوە لە نقوم بوون و خنکانی ئەو پەنابەرانە کە بەهانایانەوە نەهاتون .هەر لەم بارەیەوە لەم هەفتەیەدا چوار پەنابەر خنکان بەهۆی وەڕگەڕانی بەلەمەکەیانەوە نزیک دوڕگەی کریسمس.
بێگومان دەوڵەتی ئوسترالیا بەرامبەر ئەم سیاسەتە رەگەزپەرستانەو دژی ئینسانی یە تا ئێستا ڕووبەڕوی ئیدانەی زۆر بۆتەوە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران و کۆمیساریای باڵای نەتەوەیەکگرتوەکانەوە. هاوکات ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکێتی یە کرێکاری و حزبە چەپەکانو هەتا حزبی سەوزی ئوسترالیاش بەردەوام ئیدانەی ئەم سیاسەت و کردەوەیەیان کردوە داوای دانی مافی پەنابەری تەواویان کردەوە بۆ پەنابەران جا بەهەر شێوەیەک بێنە ئوسترالیا.بەڵام لەگەڵ هەمو ئەو فشارانەشدا سیاسەتی فەرمی ئوسترالیا رۆژبەرۆژ ڕوو لە خراپی یە. خۆ گەر بەر پێ نەگیرێ و چ بکشیتەوە لە پەیماننامەی ژنیف چ خۆی پاشەکشە بکات ئەوە کارەساتی گەورە ڕوودەدات نەک هەر بەرامبەر پەنابەرانی تازە هاتوو بەڵکو بەرامبەر ئەو پەنابەرانەش کە ساڵەهایە لەم ووڵاتەن و دەبیتە زیاتر بەهیز بونی سیاستی رەگەزپەرستانە.وە ئەو خەونەی کە پەنابەران بە بەهەشتی ئوسترالیاوە کە دەیبینن دەبیت بە دۆزەخی واقعی.
بۆیە پێویستە لە هەمو لایەکەوە ئەم سیاسەت و کردەوانەی حکومەتی ئوسترالیا لە دژی پەنابەران ئیدانە بکرێت.
[email protected] ٢٠جوڵای ٢٠١٣
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست