ئەحمەد میرەو هەڵەی دووەم
Tuesday, 14/06/2011, 12:00
یەکەم هەڵەی میرە ئەوەبوو خەڵاتی شەهیدی قەڵەم (سۆرانی مامە حەمە)ی دا بە (عیما د ئەحمەد)، دیارە لەکاتی خۆیدا میرە لەڕوونکردنەوەیەکدا پاساوی بەخشینی ئەو خەڵاتەی دایەوەو زانرا کە چەند لاواز بوو، بۆیە جارێکی تر ناچینەوە سەر ئەو باسەو هەروەك چۆن وەك یەکەمین هەڵە واباش بوو کە زۆری لەسەر نەڕۆین و بەجارێ دۆ و دۆشاو تێکەڵاو نەکەین و ئەو پەندەش نەڵێین کە ئەڵێ (تەیری گول عاشق بەداری ژەقنەبوووتە)،جابۆیە ووتمان قەیناکە مەلاش هەڵە ئەکاو لەو کاتەدا نەختێ خاترمان گرت و بەردێکی گەورەشمان وەك سەرقاپ خستە سەری.
پێشینان ووتویانە، هەڵەی یەکەم خوا بیان گرێ، ئەوەی دوای ئەو، خوا خۆم بگرێ،، کاك میرە ئەبوو ،لەو چەند ڕەخنەیەی پێشوو وانەی وەربگرتایەو گەلێ بەووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ کەیسی سەرکردەو مەسئولەکانی یەکێتی و پارتی بکردایە،، هەروەك چۆن کاتی خۆی دەست خۆشیمان لێ کرد، کاتێ بابەتەکەی مێژوونووس، قانعی فەردی لە گۆڤاری لڤین بڵاو کردەوە. کە گەلێ خزمەتی میدیای ئەهلی کردو توانی بەربەستێك بشکێنێ کە وەك میدیای ناوخۆ، کارێکی مەزن و پڕ هەژموون و کاریگەر بوو،، لێ ئەم جارە، کەئەبوو هەنگاوی لەوە گەورەتری بنایەو ڕەوتی گۆڤارەکەی بەرەو ئاسۆیەکی فراوانترو بڵندتر ببردایە، وا خەریکە بە بەگێکی موحتەرەمانە ئەوەی کە دروستیشی کرد لەناوبانگ و چۆنایەتی و چەندایەتی ، خەریکە بەهەڵەیەکی تر، وەك مریشکە ڕەشە خۆڵ بکات بەسەری خۆیداو نەتوانێ برەو بەگەشەو سەرکەوتنی بکا، ئەوەی هاتۆتە دەستیش لەدەستی بداو بیان فەوتێنێ.
کاك میرە وەك مامۆستای زانکۆو ڕۆژنامەنوسێکی بەتوانا و چالاکوانێکی چەلەنگ و هۆشیار ، هەر دوای شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە لەلایەن چەتەکانی مەسعودەوە، ئەبوو جارێکی دی هیچ باوەڕێکی بەم حزب و باندە تیرۆریستە نەکردایە، خۆ ئەگەر ئەم کارەش بەس نەبوایە، خۆ ئەبوو، ئەوەی زیاتر گومانی لای نەئەهێشت ، هەر هەمان گروپ و بەئەمری هەمان سەرۆکی ئەو باندە، خەریك بوو خۆشی لە سلێمانی تیرۆر بکەن،، کەچی ئێستا وا خێرە ئەو بارزانیە خەریکی چاکسازیەوەو کاك میرەش پێی باشە دەستی ڕەحمەتی بۆ درێژ بکەن و لەمیدیاکانی ئەمانیشەوە بەخەڵکی سلێمانی و کوردستانی بفرۆشنەوە؟؟!!
بارزانی خۆی لەچەند بۆنەیەکدا ووتویەتی؛ ئێمە پردێکمان پێ تێك ئەدرێ، بەڵام هیچمان پێ دروست ناکرێ. باشە گەر ئەم زاتە نا موبارەکە خۆی ئاوا وەسفی خۆی بکا، ئێ چۆن ئەتوانین بڵێین وا ئێستا خەریکی چاکسازیەو دەستی کردەوە بە ڕیفۆرم و نەهێشتنی گەندەڵی؟
هەر بارزانی بوو لەکۆنسێرتی ١٣ دا ووتی ، نەوەیەکی مەسروور داوای لێکردوە کەرکوك نەدەین بەکەس و منیش پێم ووتوە، بەخوا ئێمە هەرئەوەندەمان بۆ کرا، بەشکم تۆ بۆمانی وەربگری.. باشە گەر مەسعود خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی نەبێ، لەتوانایا ئەبێ کار بۆ نەهێشتنی نایەکسانی و بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بکا؟؟هەگیززززززززز ، وەیان لەتوانایا ئەبێ بەگژ گەندەڵیدا بچێ و نەهێڵێ کەس شانی بەر ئەوی تر بکەوێ؟؟ لەڕاستیدا ئەوەی خۆی گێل نەکا، زۆر باش ئەزانێ کە ئەوانەی دژی گەندەڵین ، کەسانی ئەکادیمی و دڵسۆزو نیشتمان پەروەرو ئەزمووندارو بەتوانان،، کام لەم سیفەتانە لە مەسعود بارزانیدا هەیە؟؟ بەکاك ئەحمەدی شێخ ، هیچ لەوانە لەودا شك نابەم .
کاك میرە ئەبوایە چاوەڕوانی بکردایەو هەندێ گۆڕانکاری بنەڕەتی بدیایە لەم دوو سەرۆکە نەخۆش و گێلەوە و ئەوسا سەرچۆپی بۆ گرتنایە، ئەوە تاڵەبانی نەبوو لەماوەی ڕابردوو کە ئەیووت ، ئەوانەی لەسەرای ئازادین هەمویان خەڵکی ئەم ووڵاتەن و کوڕی خۆمان و داواکانیان ڕەوان، ئەی باشە دوایی هەر ئەو و بارزانی نەبوون وەك زەردەواڵە کەوتنە گیانی ئەو خەڵکەو سەرایان لێ کردنە زیندان و شوێنی کوشتن و بڕین، ئەی کەوایە چۆن کاك میرە هەر وازوو باوەڕی کرد کە بارزانی چاکسازی کردوەو وا باشە میدیاکان بڵاو بکەنەوەو ڕۆژنامەنووسانیش هەندێ زیاتر ئینساف بن و بەگیانێکی وەرزشیەوە ئەم ئاکارانە باشتر بخەمڵێنن و دەست خۆشی لێ بکەن؟!
هیوادارین ئەمە دوا هەڵەت بێی وچی تر شەرمەزارمان نەکەیت . لەبەرئەوەی هەروەك بارزانی ئەڵێ، لەم ووڵاتەدا ئاسانترین کەس بتوانی لچی دۆلاریان نیشان بدەی، چینی نوسەران و هەندێ ڕۆشنبیرانە، با تۆش نەکەویتە داو و تەڵەی ئەم کەسە نەخوێنەوارو هەلپەرستە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست