بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (1)، (2)
Friday, 19/10/2012, 12:00
دەستپێك:
پێویستە بزانین رووداوی مەڵبەندییو جیهانیی، كاریگەریی لەسەر تێگەیشتنو پێگەیشتنی مرۆڤ هەیەو هەستی دەبزوێنێتو هانی دەدات بۆئەوەی راپەڕێت و سوود لەو رووداوانە وەربگرێت كە بە لایەوە بایەخیان هەیە، ئیتر ئەو رووداوانە مەرج نیە تەنیا سیاسیی بن، بەڵكو لەوانەیە گۆڕانكارییەكی ئابووریی یاخود كۆمەڵایەتیی بنو كاریگەرییان بۆ سەر مرۆڤ حەتمی دەبێتو هەركەس بە گوێرەی زەرفییەتی خۆی.لێرە مەبەست لەو گۆڕانكارییانە بریتییە لەو رووداوە سیاسییە ناوچەییەی كە ساڵی 1958 لە عێراقی دراوسێ روویداو زۆر كەسی خستە بەر هێزو تەوژمی خۆیو بەناچاریی گەلێك كەسی جوڵاندو پاڵی بە رەوڕەوەی ئەو رۆژگارەوە ناوە.
من یەكێكم لەو كەسانەی گەرمی ئەو تەوژمەم بەركەوت. بە تایبەت لایەنە ئەرێنییە نەتەوەییەكەی كە بریتییبوو لە دانپێدانانی ئەو گۆڕانكارییە بە هاوبەشبوونی كوردو عەرەب لە عێراقدا، ئەوەی كاری لێكردمو ویژدانی نوستوومی بەخەبەر هێنا. بۆ كەڵك وەرگرتن لە رووداوە سیاسییە ناوچەییەی كە لە عێراقی دراوسێدا روویدا چوومە ناو داوی سیاسەتەوە، بەوەش هەر لەو كاتەوە پەیوەندی نزیكم بە مەسەلە رەواكەی كوردەوە هەیەو ئاواتم ئەوە بووە كوردبە مافە نەتەوەییە حەقەكانی خۆی شاد بێتو ئازادو سەربەستو سەربەخۆ بژی.
دیارە ئەم نووسینەش بە بەشێك دەزانم لە شێوەی پەیوەندی راستەوخۆم بە خەباتی گەلەكەمانەوە بۆیە بە ئەركی خۆمم زانی ئەم هەنگاوە بنێم هەتا رۆڵەكانی گەلەكەمان لە هەڵەو كەموكورتییەكانی ئەم قۆناغە پەند وەربگرنو ژیرانەتر پالأ بە رەوڕەوەی خەباتی گەلی كوردەوە بنێنو ئەو ماوەیەی كە دەمێنێت لە دەرفەتی داهاتوو بیبڕنو كات بە فیرۆ نەدەن. زۆر بەدووری نازانم ئەو هەنگاوانەی لێرە بە دواوە دەهاوێژرێت زۆر تیژتر بۆ پێشەوەو گەلەكەمان وەك گەلانی جیهانو دراوسێ حیسابی راستەقینەی خۆی بۆ بكرێت.
لەم نووسینەدا بە تەرتیب رووداوو بەسەرهاتەكانم تۆمار كردووە، لە پێشدا باسی شۆڕشی 14ی تەموزی 1958ی عێراقم كردووە، دوای ئەو باسێكم لە " یەكێتی قوتابیانی ئاینیو مەدەنی كوردستان" كردووە، ئنجا هاتوومەتە سەر باسی تێكەڵبوونی ئەو یەكێتییە لەگەلأ حیزبی دیموكراتی كوردستان دا ، لە پاشان بەشداری جیددی ئەو حیزبە لە شۆڕشی ئەیلول لە كوردستانی عێراق بە سەرۆكایەتیی مەلا مستەفا بارزانی. دواتر كەوتوومەتە باسبی دامەزراندنی " كۆمەڵەی رزگاری كوردستان" و دیسانەوە گەڕانەوە بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستانو پێكهێنانی "كۆمیتەی مۆقەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان" و چەند وردە چیرۆكو باسوخواسی تر كە هیوام وایە خوێنەرانی بەڕێز لە رووی مێژووییەوە سوودی لێ وەربگرن.
كاریگەریی شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 :
لە ساڵی 1958، لە دێی"ئەوێهەنگ" قوتابی ئاینیی بووم لەگەلأ هاورێیانم "شێخ عوسمان مەردۆخی، سەید ئەحمەد ئەسكۆڵی" لە خزمەت زانای هەڵكەوتووی كورد مامۆستا"مەلا حەیدەری فەهیمی" رۆژانە بە دەرسو خوێندنەوە سەرقالأ بووین، هێشتا شۆڕی عێراق رووینەدابوو، بێتاقەتیی رۆژانی هەینی روومان دەكردە چەمو دەشتەكانی ئاواییو ئەرۆیشتین بۆ چەمی "رەزاو"، بەدەم رێگاوە شێخ عوسمان باسی ئەو سەردانەی بۆ دەكردین كە چەند مانگێك لەوەبەر بۆ عێراق كردبووی. ئەو پێی گوتین كە "لەو سەفەرەدا بۆم دەركەوت كە وەزعی عێراق لە گۆڕاندایە و خەڵك چاوەڕوانی شۆڕشن، بەتایبەت كوردەكان لە سلێمانی بە گەرمیی باسی گۆڕانكارییان دەكرد".
لەو قسانەی شێخ عوسمان ئێمەش چاوەڕوانی گۆڕان بووین، بەتایبەت جوڵانەوەی نەتەوەی عەرەب بەڕابەرایەتی عەبدولناسڕ، كە خرۆشی خستبووە جیهانی عەرەبەوە، یەقینمان وابوو كە رووداو نزیكە. بەڵام ناخۆشیی ژیانی رۆژانەمان لە ئەوێهەنگ بۆ بۆنەی دووبەرەكییەك كە لە ئاوایی هەبوو، ناڕەحەتی كردبووین. خەڵك خزمەتی نەدەكردین، مامۆستا مەلا حەیدەر وەك پێی دەخوێندین، رۆژانەش مەسرەفی دەكردین، دیارە ئێمەش بە حاڵەتە زۆر سەخڵەت بووین.
بۆئەوەی مەسرەفمان سووك بێتو ئەركمان لەسەر ماڵی مامۆستا كەم بێتەوە، من مۆڵەتی چەند رۆژێكم وەرگرتو چوومەوە بۆ " تەوریوەر" كە وابزانم رێكەوت بوو لەگەلأ یەكی تەموزدا، لەماوەیەدا بوو ئامۆزایەكم كۆچی دوایی كردو ئەو چەند رۆژە لە پرسەدا بووین. لە شەوی 13/14ی تەموز گەیشتمەوە "هویە"، بەڕێكەوت شێخ عوسمانو سەید ئەحمەدی هاوڕێشم لەوێ بوون. یەكمان گرتەوەو شەو میوانی فەقێكانی هویە بووین، بۆ بەیانی لەلایەن كەریم میرزا مەحموودەوە دەعوەت بووینو لەبەر هەیوانە درێژەكەیان كەبەسەر باخچەو ئەو دەشتو دەرەدا دەیڕوانی چاو نانی بەیانیمان خوارد. هەر ئەو بەیانیە بوو رادیۆكەمان كردەوەو عێراقمان وەرگرت"بەیانی ژمارە یەكی شۆڕش"ی راگەیاند. ئێمە لەسەرەتاوە حەپەساینو وردە وردە ئارام بووینەوە، چونكە شتێكی لامان چاوەڕوانكراوبوو.
شەوی دواتریش هەر لە هویە ماینەوە بۆئەوەی بەتەواویی لە سەركەوتنی شۆڕشەكە دڵنیا بین، چونكە نوری سەعیدو هەندێك لە پیاوەكانی رژێمی پاشایەتیی هێشتا دەستگیر نەكرابوون. بە ناچاریی رۆژی دوایی گەڕاینەوە بۆ ئەوێهەنگ، چونكە لەوێ پاسگای لێ بوو، كەس نەیدەوێرا رادیۆی عێراق بكاتەوە باسی شۆڕش بكات. بۆیە بەناوی دیداربینی سەرهۆیە رۆیشتینو شەو لە ماڵی مەلا عەلی ئەكبەر میوان بووین، ئەوان رادیۆیان هەبوو، ئەو شەوە هەواڵی دەستگیركردنی نوری سەعیدو نەیارانی شۆڕشمان بیستودڵنیابووین كە شۆڕش سەركەوتووە.
ئێمە دوای ئەوەی عێراق لە دەستووری كاتیدا بە گوێرەی مادەی سێ دانی نا بە هاوبەشی كوردو عەرەب لە عێراقدا بە تەواویی گەشاینەوەو زۆرمان پێ خۆش بوو. ئێمە ئەو شۆڕشەمان بە هی خۆمان دەزانیو بە پاراستنی لە دەستی ئیستیعمار ئامادەی هەموو گیانفیداییەك بووین، چونكە بۆ یەكەمجاربوو لە مێژوودا كورد دانی پێدا بنرێتو لەنێو ئەو وڵاتانەی تێدا دابەشكراوە بەچاوی شەریك سەیری بكرێت.
ئەوە بۆ ئێمەش بوو بە دانپیانانێكی رەسمیی و بۆ بەدەستهێنانی مافێكی قانونیی وەك ئەوەی كوردەكانی عێراق كەوتینە پرۆپاگەندەو پشتگیریی ئەو مافەو هەمیشە بۆ خەڵكمان باس دەكرد و تێمان دەگەیاندن كە ئێمەش مافی خۆمانەئەوەمان هەبێت كە كوردانی عێراق دەستیان كەوتووە. لەمێژەوە گوتراوە كوردانی هەربەشێكی كوردستان مافێكیان دەستكەوێت،كوردانی بەشەكانی تریش داوای دەكەن، هەربۆیە هیچ كام لە دەوڵەتە داگیركەرەكان ماف بە كورد نادەن ، ئەگەریش بە ناچاریی شتێك لە دەمیانەوە دەربچێت، ئەوە بۆ ماوەیەكەو هەر زوو پەشیمان دەبنەوە، دیارە ئەوە بۆ عێراقیش شتێكی راست بوو.
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر شۆڕشی 14ی تەموزدا، ناچاربووم ئەوێهەنگ جێبهێڵم و لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە رووبكەمە شاری سنە:
یەكەم: وەزعی نالەباری ژیان بەهۆی دووبەرەكیی ناو گوندەكە و بێ سەروسامانی حوجرەو مزگەوتو شوێنو جێگاكە.
دووەم: ئاشكرابوونمان لە شوێنێكی بچووكی وەك ئەو شوێنە زۆر ئاسان بوو.
سێیەم: شوێنی بچووك بۆ ئەو ئاواتانەی ئێمە هەمان بوو بێكەڵك بوو، پێویست بوو لە كۆمەڵگایەكی شارستانییدا تەرحی بۆچوونەكانی خۆمان بكەین.
لەبەرئەو هۆیانە من گواستمەوە بۆ شاری سنەو هاوڕێكانم لە ئەوێهەنگ بەجێ مان. من لە مزگەوتی "عەبدوڵڵا بەگ" لە خزمەتی "سەید عەلی سەجری" سەرقاڵی خوێندن بوومو هاوڕێی دیكەم هەبوو بەناوی "سەید عەبدوڵڵای كوڵیو سەید مەحموودی سەجری. سەید مەحموود پاشتر لە كوردستانی عێراق شەهید بوو، دوای ئەوەی لە دەست شۆڕشی ئیسلامیی هەڵات. لەگەلأ ئەو دوو برادەرە تازەبەتازە یەكترمان دیبوو بۆیە بۆ ماوەیەك لە باسی سیاسەتو چۆنیەتیی كوردو بەسەرهاتی شۆڕشی 14ی تەموزی عێراق قسەیەكمان نەبوو، هەمیشە بە خوێندنەوە خەریك بووین. هەرچەند لە سەرەتاوە چونەكەی من بۆ سنە بۆ هاندانو پێگەیاندنو تێگەیاندنی رۆڵەكانی گەلەكەمان بوو، بەڵام لە رووبەڕوو بوونەوەم لەگەلأ ئەو برادەرانەم زۆر ئەترسام، لەوبارەیەشەوە ناهەقم نەبوو. دوای ماوەیەك سەید عەبدوڵڵا رۆیشتو مایەوە منو سەید مەحموودی سەجریو لەگەلأ ئەودا زیاتر لەیەكتر نزیك بووینەوە، هەر لەم ماوەیەشدا بەهۆی ناسیاوییەكی كۆنەوە لەگەلأ"شێخ لەتیفی شێخوئیسلامی مەریوانی"دا هەمبوو، "چاوە"ی برازای پێناساندم، وردە وردە ناسراومان زۆر بوو، دیدارو هاتوچۆو بەڵێنمان دەستیپێكرد، هەتا هاتینە سەر دركاندنی رازو نهێنییەكانی خۆمان، تێكڕا بیروڕامان لەیەك نزیك بوو كە لە بەرژەوەندیی كوردەوە سەرچاوەی گرتبوو. هیچمان نە ماركسییو نە زڕە ماركسیی بووین، بە یەك شادبووینو بڕیاری ئیشكردنمان بە یەكەوەدا. بەرلەوەی وەك رێكخراوێك كاربكەین هەوڵماندا سەرەتای كارەكانمان كەسانێكی نیشتمانپەروەری كورد لە كوردستانی ئێران پەیدا بكەین، بەداخەوە كەسمان وەگیرنەكەوت. دیارە ئەم هۆیانەی خوارەوە رێگربوون لە پەیوەندییكردنمان بە هێزە سیاسییەكانەوە، بەتایبەت حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە هەر ئەو حیزبە بە حیزبی كوردیی دادەنرا:
یەكەم: توندوتیژیی ساواكو دارودەستەكەی شا كارێكی وەهای كردبوو نیشتمانییەكان بڕوایان بە هەموو ئەو كەسانە نەدەكردو كەس لە كەس ئەمین نەبوو.
دووەم: ئێمە وەك كۆمەڵە گەنجێكی خوێنگەرم كۆنترۆلأ نەدەبووین لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆئارام ڕاگرتندا.
سێیەم: خەباتی خۆمان لە خەباتی حیزبێكی نەتەوەیی جیانەدەكردەوەو بڕیارمان بوو رۆژێك لەگەلأ حیزبی دیموكرات یەكبگرین، بۆیە چاوەڕوانبوون لەو رۆژەدا بۆ پەیداكردنی حیزبی دیموكراتی كوردستان شتێكی زیادەبوو.
دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی ئاینییو مەدەنیی لە كوردستان:
دوای ئەوە لە هەوڵەكانمان نائومێدبووینو چاوەڕوانییكردنمان بۆ مەهدی مەوعود بە شتێكی ناڕاست دەزانی، هەربۆیە بڕیاری دامەزراندنی "یەكێتی قوتابیانی ئاینییو مەدەنیی لە كوردستان" مان داو لە چوارچێوەی خزمەت بە نەتەوەی بەشخواروی كورد، پەیمانی خەباتمان بۆ یەكتر ئیمزاكرد كە ئەم خاڵانەی خوارەوە رەچاو بكەینو لە پێناویدا تێبكۆشین:
یەكەم: هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ فێركردنی خوێندنو نووسین بە زمانی كوردیی لەناو ئەندامو لایەنگری قوتابیاندا.
دووەم: بایەخدان بە مێژووو ئەدەبی كوردییو پەیداكردنو خوێندنەوەی ئەو جۆرە كتێبانە، بۆئەوەش من كرامە بەرپرسو كتێبەكان لای من دادەنران، منیش بۆ ماوەیەك دەمدا بە برادەران بۆ فێربوونو خوێندنەوە، ئەوەش كەسانێكی زۆری بە مێژووو ئەدەبی كوردیی ئاشناكرد. بەداخەوە كاتێك دواتر حوجرەكەیان لەلایەن ساواكەوە داگیرو تاڵان كرد، تەواوی كتێبەكانمان بە كتێبی دەریشەوە سەری تێداچوو.
سێیەم: هەوڵدان بۆ یەكخستنی قوتابیان بە هەردوو بەشەكەیەوە(واتە ئاینییو مەدەنیی/سەردەشتیی) بێ جیاوازییو كاركردن بۆ پتەوكردنی برایەتیی نێوانیان.
چوارەم: بەستنەوەی قوتابیانی شارەكانی كوردستان بە یەكەوە.
پێنجەم: پەیوەندییكردن بە قوتابیانی كوردەوە لە كوردستانی عێراق بەهۆی نوێنەرمانەوە.ئەوەبوو بە تێكڕای دەنگ بڕیارماندا "شێخ ئەحمەد موفتی" بەم كارە هەڵسێت.
دوایی كارەكانمان لەنێوان خۆماندا بەمجۆرە دابەشكرد:
1- فاتیح شێخولئیسلامی مەریوان و ئەسعەد مودەریسی بەشی قوتابیانی مەدەنی بەڕێوەبەرنو كۆبوونەوەیان پێبكەنو لە ئیشوكارەكاندا رابەرایەتییان بكەن لە مەدرەسەكانی شاری سنەدا.
2- منو سەید مەحموود سەجادیش بەشی قوتابیانی ئاینییمان بەڕێوەدەبرد.
3- مەلا ساڵح زەنانی ئەمینی بارەگای رێكخراوەكەمان بوو، هەواڵگری دەنگوباسەكانی شۆڕشی 14ی تەموز بوو، چونكە یەك رادیۆمان هەبوولەلای ئەوبوو، ئەویش دواتر پاش داگیركردنی بارەگاكەمان لەلایەن ساواكەوە،لەگەلأ هەندێك گۆڤارو رۆژنامەی كوردییدا، دەستی بەسەرداگیرا.
4- بڵاوكردنەوەی نووسراوێكی ناوخۆیی بە زمانی كوردییو بە دەستخەت.
بەم شێوەیە دەستبەكاری ئیش بووینو ناوەندی كارمان بوو بە شاری سنە، ئەوە بوو پاش ماوەیەكی كەم توانیمان دەنگی قوتابیان بگەیەنینە تارانو لە كوردستانیش مەریوان بانەو سەقزی گرتەوە. بەهۆی نوێنەری قوتابیانەوە، دەنگمان گەیشتە كوردستانی عێراق، بۆیە دەستگیركردنی ئەندامانی یەكێتی ئاینیی لە رۆژنامەكانی عێراق، بەتایبەت رۆژنامە كوردییەكان وەك رۆژنامەی خەبات، بە درێژی باسی ئەو تاوانو رەشبگیرییەی رژێمی پەهلەویی كردبوو لە لاپەڕەكانی خۆیداو ناڕەزایەتییو پرۆتێستۆی كوردی عێراقی بڵاوكردبووەوە.
ئەتوانم بڵێم ئەو رووداوە لە شاری سنە لەژێر چاودێری وردو تیژی ساواكدا، بە گەورەترین تەحەدا بۆ ئەو دەزگا سەركوتو درەخشانترین بەڵگەی ئازادییخوازییو نەترسی رۆڵەكانی شارەكە دەسەلمێنێت، بۆیە ئێستاش ساڵی 1958 كە بەرابەری 1337ی هەتاوییە لە شاری سنەو لای دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو شارە بە "ساڵی فەقێكان" ناوبانگی دەركردووە.
بەبۆنەی شۆڕشی 14ی تەموزەوە ئێران ترسی لێ نیشتبوو، لە شۆڕشێكی ناكاوی وەك شۆڕشی عێراق دەترسا، بەتایبەت لە كوردستان، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- دانپێدانانی حكومەتی عێراق بە مافی كورد لەو وڵاتەدا.
2- چاوەڕوانیكردنی گەڕانەوەی رابەری میللەتی كورد مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتی شورەویی پاش دوازدەسالأ ئاوارەیی.
3- ئازادیی حیزبو كۆڕو كۆمەڵی سیاسییو ئازادیی بەیانو رۆژنامەو چاپەمەنی بەتایبەت نووسینی كوردیی.
4- محاسەرەبوونی لە بەری رۆژئاواوە بە دەوڵەتێكی سەر بە شورەویی، لەگەلأ زۆر مەترسیی تر.
یەكێتی قوتابیانی ئاینییو مەدەنیی لەو رۆژە پڕ مەترسییەدا، بە بێ ركابەر لە مەیدان بە تەنیا بوو، هەتا حیزبە ئێرانییەكانیش ورتەیان لێوەنەدەهات، ئەوە باسی تودەییەكان هەر مەكە. ئەو رۆژە یەكێتی ئەو گۆمە مەنگەی شڵەقاندو لێڵی كردو شەوانە بە كوچەو كۆڵانو مەدرەسەو مزگەوتو ساختمانە دەوڵەتییەكاندا دروشمو بەیانی ئەنووسیو هەڵدەواسی.بۆ ئەو رۆژە بە نیسبەت ساواكەوە ئینقلابێك بوو ترسی رژێمی لە شۆڕشی 14ی تەموزی عێراق مەزنتر كردبوو. بۆیە ئێمەش بە لەخۆبردوویی لێبڕابووین درێژە بە نووسینو شەونامەكانی خۆمان بدەین، ئەوەبوو نووسینەكان ئەم شوێنە گشتییانەی گرتەوە:
1- پەیكەری شا لە چواڕیانی خیابان، ئەو كاتە حەوزێكیان لەو شوێنە دروستكردبوو، پەیكەرەكەیان لە بەرزی ناو حەوزەكە دانابوو، دەروروبەریان بە بەرق رۆشن كردبوو، بە گوڵیش رازاندبوویانەوە.
2- دیواری دوخانیات لەرووی خیابانەوە.
3- رووی دەرەوەری مزگەوتی دارالاحسان.
4- دیواری دانشسەرای ئەو كاتە كە شوێنەكەی لەوبەر چەمەوە بوو.
5- دەروروبەری ساختمان.
6- زۆربەی مزگەوتو مەدرەسەكانی شار.
دروشمەكان بریتییبوون لە:" بژی كوردو كوردستان"، " بڕوخێ ئیستیعمارو نۆكەرانی"، "سەركەوتووبێت خەباتی كورد"، " داوای خوێندنو نووسین بە زمانی كوردیی دەكەین لە كوردستاندا". شەوانە ئەم دروشمانەمان بە دیوارەكانەوە دەنووسی، ئەم نووسیانە كاریكردبووە سەر شارو خەڵك زۆر خۆشحالأ بوون، بەتایبەت كاسبو دوكاندارەكان كە بەیانییان دەڕۆیشتنە بازاڕ دەیانبینی ساواكییەكان بە تەنەكە نەوتەوە خەریكی كوژاندنەوەی نووسینەكان بوون.
یەكێتیش چەند برادەرێكی تەرخانكردبوو بۆئەوەی بیروڕای خەڵك ببیستنێتو كۆی بكاتەوە، ئەوەبوو دوای وەرگرتنی بیروڕایەكی نهێنی دەركەوت نووسینەكان زۆر پێویستو ئیجابین، بۆیە هەرگیز وازمان لێنەهێنا، لەگەلأ ئەوە برادەران ئەكەوتنە مەترسییەوە، بۆئێمەش مەسەلەكە هۆشیاركردنەوە بوو. ئەو كاتە برادەرانی یەكێتی "كوردبوون"و یەكیان گرتبوو بێ ئەوەی گوێ بدرێتە ئەوەی ئەمە كوڕی ئازادییخوازە یان كوڕی رەجعییە، یان لەبەرەی سەرمایەدارو دەرەبەگە. بەكورتیی كوردبوون باڵی بەسەر یەكێتییەكەماندا كێشابوو، خەباتمان بۆ مافە بنەڕەتییەكانی گەلی كورد بوو كە قووتدرابوون، وەك نووسینو خوێندنی كوردییو هەروەها ئازادییو تا دەگاتە ئاڵا و قەوارەی نەتەوەیی كە نەتەوەكانی دراوسێ هەیانبوو. بەم بیرە نەتەوەییە خۆمان لەو شەڕە نابەجێیەی چینایەتیی بە دوورگرتبووو بە خەیانەتمان دەزانی كە كورد هێشتا خانۆچكەیەكی بە دەست نەهێناوە، شەڕی چینایەتیی تێبخەینو بەگژ یەكیدا بكەین، بەداخەوە هەلپەرستان وازیان نەهێنا لەماوەی ئەم چل ساڵەی دواییدا لە كوردستان ئاگری شەڕی چیبنایەتییان خۆشكردو تەڕووشكیان پێكەوە سووتاندو كوردیان بەمجۆرە دواخست.
من ئەو كاتەو ئێستاشی لەگەڵدابێت بە چاوی قەومیانەوە روانیومەتە سیاسەتی كوردو وشەی كوردم بە قەومی كورد مانا كردووە، وەك چۆن چەمكی عەرەبو فارسم بە "قەومی" عەرەبو فارس لێكداوەتەوە. بەپێی بۆچوونی من ئەگەر كوردێك لەهەر جێگایەكو مەقامێكدا بێت لەسەر ئەم گۆی زەوییە، بەزانینەوە گوتی من كوردم، ئەوە ئیعترافە بە قەومیەتو پێویستە هاوڕەگەزەكانی چ لە كوردستان یان لە هەندەران بە چاوێكی رێزەوە بنرخێنێ چونكە قەومییەت چوارچێوەو وەسفێكی تری نیە ئەمە نەبێت. چوارچێوەیەك كە چینایەتیی دروستی دەكاتو و بۆ بەرژەوەندیی خۆی شەڕی قەومی پێدەكات من ئەوساو ئێستاش دژیمو هەرگیز رازیی نەبووم بە شەڕێكی دروستكراوی چینایەتیی لەلایەن ئەو كەسانەوە كە مەعلوم الحاڵنو پێویست بە ناوهێنانیان ناكات.
شایەنی باسە زۆر كەس بە دڵسۆزییەوە هاوكاریی یەكێتیی قوتابیانیان كرد كە كارمەند، مەلا، ئاغا، شێخ یا جووتیارو كرێكار بوون. لەناو ئەوانەدا مەرحوم شێخ موعتەسەم حیسامی دەورێكی دڵسۆزانەو نەتەوەییانەی بەرچاوی هەبوو، هەروەها مەرحوم مەلا حەیدەر، ئەوەبوو دوای ئاوارەبوونی منو گیرانی برادەران، ساواك ئەویشی بانگكردبوو بۆ شاری سنەو هەفتەیەك لەژێر لێكۆڵینەوەدا بوو.
لەساڵی 1958دا، خەڵك بە زەحمەت لە دەوری"كوردایەتیی" جەم دەبوون، بەڵام یەكێتی توانی بەو شێوە تایبەتییە كە بەكاریدەهێناو جیاوازیی نێوان كوردو كوردی لەرێگای چینایەتییەوە حەرام كردبوو هەر زوو بوو بە خاوەن جەماوەرێكی دڵسۆزو رێكوپێكو یەكدەستو تاقەهێز بوو لە شاری سنەو كوردستانی ئێراندا. هیچ زێدە ڕەوییەك نیە گەر بڵێم یەكێتی قوتابیان بەر لە حیزبی دیموكرات بەخەبەر هاتو خۆی رێكخستو خەڵك پێی زانی. بۆ نرخاندنی ماندووبوونی ئەو دڵسۆزانەی یەكێتی، جێگای خۆیەتی لێرەدا ناوی ئەو ئەندامە دڵسۆزانە بنووسم كە ناویانم هێشتا لەبیرماوە:"فاتیح شێخولئیسلامی مەریوانی، مەلا ساڵح خوسرەوی، مەلا محی الدین كێلانەیی، سەید مەحمود سنجەری، ئەسعەد مودەریسی، ئەسعەد سیراجەدینی، مەلا ساڵح هارونی، شێخ ئەحمەد فەزڵی، مەلا ساڵح مەجدی، شێخ تاهیر، شێخ سەعید، شێخ سەدیق مەردۆخی، سەید ئەحمەد ئەسكۆڵی، شێخ عوسمان مەردۆخی، مەلا ئەمین نوینی.ئەمانە تێكڕا بەشداری تەواویان لە دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی ئاینییو مەدەنیی كوردستاندا هەبوو، زۆریان گیرانو گەلێكیان ئاوارەبوون. ئەمانە لەو رۆژەدا ئازاو بەجەرگ لێبووردوانە كاریان بۆ تێگەیاندنو راپەڕاندنی گەلی كورد لەژێر چەپۆكی داگیركەر دەكرد. دیارە هی تریش زۆربوون كە بەداخەوە ئێستا ناویانم لەبیر نەماوەو داوای لیبَبوردنیان لێدەكەم.
زۆر جێگای خۆیەتی وەڵامێكی ئەو كەسانە بدەمەوە كە رەخنە لە نووسینی بەسەرهاتو رووداوەكانی رابردوو دەگرن، بەیانوی ئەوەى كە ئەوی رابورد تێپەریو ئەو رووداوانە كۆن بوون، بەڵام بە بڕوای من هەر كوردێك لە بوارەكانی سیاسیی یا زانستیی یا كۆمەڵایەتیی خزمەتی كردبێت لەسەر نەتەوە پێستە بە زیادەوە یادی بكاتەوەو لەسەری بنووسێت، چونكە نەتەوە پێویستی بە مێژوویەكی دەوڵەمەند هەیە بۆ چەسپاندنی، ئەمانەش بەڵگەی مێژوویینو دەبێت بخرێنەڕوو.ئێمەی كورد پێویستمان بە پسپۆڕانی سیاسییو قارەمانی جەنگییو لێهاتووانی زانستیی زۆر زۆرە قارەمانی كۆنمان وەك تازەمان زیندوونو مێژووی كۆنمان هەر ئەوەیە ئێستامانی پێوە گرێدراوەو ئیتر چ خراپەیەكی تێدایە گەر خۆمان ماندوو بكەینو لەسەر مێژووی ژیانی سیاسیی لە كوردستانو قارەمانە لەخۆبوردووەكانی خۆمان شتێك بنووسین.
لەماوەی 50ساڵی رابردوو، لەژێر باڵی پێغەمبەرایەتیی ماركسی-لینیندا هەموو شتێك بۆ ئێمە حەرام بووە، باسی قەومایەتیی، باسی مافی چارەنووسو خۆ بە مرۆڤزانین هیچ حەقی ئێمەی كورد نەبوو، ئیتر نازانم دوای ئەم هەموو هەنگاوانەی گۆرباچۆف جیهانی كورد بە كوێ دەگات. ئەی ئەگەر خۆمان لە رابردووو مێژووی خۆمان نەدوێینبەتەمای كێ بین ئەم هەنگاوە پێویستەمان بۆ بنێت!میللەتانی پێشكەوتووی جیهان شانازیی بە گۆرانی بێژو شاعیرو نووسەرو قارەمانانی جەنگی خۆیانەوە دەكەن، هەر بۆیە ناكرێت ئێمەش قارەمانیەتیی ئەم پۆلە كوردە لەخۆبوردووە لە یاد بكەین كە لەبەرامبەر دەسەڵاتی تاغوتی شاو پیاوەكانی بێباكانە خەباتو ململانێیان ئەكردو زیندانو ئاوارەبوونیان لەپێناوی ئازادیدا هەڵدەبژاردو ملیان كەچ نەدەكرد.
ئەندامانی یەكێتی قوتابیانی ئاینییو مەدەنیی بێترس شەوورۆژیان خستە سەریەك بۆ هۆشیاركردنەوەی گشت چینو توێژو بەشەكانی گەلی كورد لە بازاڕو مەدرەسەو شوێنە گشتییەكان، پەیامبەرانی كوردایەتیی پەیامی راستی كوردییان بەگوێی خەڵكدا ئەداو ئەو خەباتەش نیمچە ئاشكرابوو. سازمانی ئەمنیەتو ئیتلاعات"ساواك" هەر لەسەرەتاوە ئاگای لەم جموجوڵە هەبوو، زۆری پێ باش بوو لەبەر هەر هۆیەك بێ ئەم خرۆشانە كپ بكاتەوە. بە بۆچونی ئەوان ئەگەر جوڵانەوەیەك بەناوی كوردایەتییەوە هەبێت ئەوا دەبێت لە ارەكانی مەهابادو بانەو سەردەشت بێت نەك لە سنەو سەقزو مەریوان. بەڵام خەیاڵیان خاو بوو، سنە بەر لە هەموو جێگایەكی تری كوردستانی ئێران خرۆشاو هەموو دەوروبەری گرتەوە. ساواك زانی ناتوانێت بە رێگای تر بەری ئەم جوڵانە بگرێت، لەناكاوو زۆر دڕندانە لە شەوی 17/18ی ئابانی 1337ی هەتاوی/1959زاینی پەلاماری كادرانی یەكێتیان دا ئەو شەوە 32كەسیان گرت لەناویاندا : فاتحو ئەسعەدو هەردوو مەلا ساڵحو شێخ سەعید بەركەوتن، منو چەند برادەرێكی تر خۆمان شاردەوەو هێرشیان كردە سەر حوجرەو شوێنە تایبەتییەكانمانو دەستیان بەسەر تێكڕای كتێبو رادیۆو كەلوپەلەكانمان گرت. دوای ئەم پەلامارە ترسو دڵەڕاوكێ كەوتە ناو شارەوە لەبەر ئەوەی پەلامارەكە گەورەو بەربڵابوو هەموو كوردستان پێی زانی. رۆژنامە نیشتمانییەكان وەك: خەبات، ئازادی، ئیتحادالشعب، ێوت الاكراد لە عێراقو كوردستانی عێراق تەواوی جەریانەكەیان بە نووسین بڵاوكردەوە، ئەمجارە كڵپەی كوردایەتیی لە شاری سنە بەرزبووەوەو كوژانەوەی نەبووەو نیە، ئێستاش هەر ئەو مێژووەیە هەتا كورد دەگاتە مەنزڵی رزگاریی بەردەوامە.
************* *************** ***************************
بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان
ئامادەكردنی: دكتۆر یاسین سەردەشتیی
(2)
من و پەلامارەكەی ساواك
دوای پەلامارەكەی ساواك، من لە ماڵە برادەر لە سنە خۆم شاردەوەو چاوەڕوانی سەرئەنجامی ئەو رووداوەم دەكرد. دیاربوو رۆژ لەدوای رۆژ گرتنو راوەدونان زیاتر دەبوو، ساواك وەك شێتی بەسەر هاتبوو، بەحەقو بەناحەق خەڵكیان دەگرت. دوای مانەوەم لەشار بۆماوەی شەش حەوت رۆژێك، چوومە ماڵی شێخ موعتەسەم حیسامی بۆ راوو تەكبیر، چونكە ئەو بێگانە نەبوو پێمانو دۆستێكی راستی كوردایەتیی بوو. لەسەر بڕیاری هەردوولا، بە باشمان زانی من بچمەوە بۆ لادێو لەوێ چاوەڕوانی وەڵامی ئەو بكەم. لەسەر ئەو بڕیارە رۆیشتم بۆ تەوریوەرو شیان، نزیكەی مانگێك خۆم شاردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی یەكێك بووم لە ئەندامانی ناسراوی یەكێتی قوتابیانی ئاینیو مەدەنی، ساواك بەهیچ جۆرێك لەكۆڵم نەدەبوونەوە، ئەوەبوو بەناوی فەقێو سواڵكەرو لۆتی، بەدێهاتی ژاوەرۆدا بۆ دەستگیركردنم بڵاوببوونەوە، هەمان كات رادیۆی سنە خەڵاتێكی 35هەزار تمەنیان بۆ هەركەس تەرخانكردبوو منیان بۆ بگرێت. سالأ بەرەو ساردی ئەرۆیشتو لە هەموو لایەكەوە ساواك گوشاری خستبووە سەرم، هیچ ئاواییەكی ژاوەرۆ نەبوو، رۆژانە ساواك بەناوی چەرچییو سواڵكەرەوە سەردانیان نەكات، منیش هەر خەریكی خۆشاردنەوە بووم.
لەسەرەتاوە هەرگیز كۆتایی كارێك راستەو راست وەك خۆی پێشبینیی ناكرێت، تەنیا ئەگەرەكان بە نەزەر وەردەگیرێتو هەموو ئەو ئەگەرانەش راست نابێت، بۆیە ئێمە لەم كارەی خۆماندا بیرمان لە ئاوارەییو دەربەدەریی نەكردبووەوە، بەڵام بیرمان لە گرتنو ئەشكەنجەو زیندان كردبووەوە. ئەوەبوو بە پێچەوانەوە، هەندێك لە برادەران لەژێر فشاری ئەشكەنجەو لێدانی ساواكدا بەرگەیان نەگرتو زۆربەیان ئیعتیرافیان لەسەر من كردبوو بەو ناوەوە نەگیراوم بۆئەوەی باری ئەوان سووكتربێت، لەو لاشەوە هەواڵیان بۆ من ناردبوو لەگەلأ هاوڕێیانی ترمان دەربازبین بۆ كوردستانی عێراق دەنا ئێمە دەگیرێینو زۆربەمان ئیعدام دەكرێین. ئەوەش وایكرد كە بەناچاریی مل بە ئاوارەیی بدەمو وڵات بەجێبێڵم. سەرەتای مانگی سەرماوەرزی 1337ی هەتاوی(كۆتایی نۆڤەمبەری 1958-سەردەشتیی) لەگەلأ شێخ جەمالی برام، لە شیان بەڕێكەوتین. شاخە سەركەشەكان بەفریان لێنیشتبوو بۆئەوەی لە ئاوەدانییەوە تێنەپەڕین، رێگەی كوێستانەكان گرتەبەر، لەسەر تەنگی سەرو میرگەوارەوە، قەدبڕ بڕیمانو شەومان بردەسەرو لەماڵی ئالیخان رۆژمان كردەوە، لەبەرئەوەی دەوڵەت رێگا سنوورییەكانی كۆنترۆڵكردبوو، ئێمە لەرێگەی قاچاخ ئیستیفادەمان كرد، بەتایبەتی ئەو كاتە قاچاخچیان بەتایبەتی هی چا، لە عێراقەوە بە هەوراماندا تێئەپەڕی بۆ ناوچەكانی كانی ژاوەرۆو سنە، ئەوان هەمیشە لەبەر كارەكەی خۆیان بەوریاییەوە چاودێریی رێگاكانیان ئەكرد كە بزانن ئەمنیەو پۆلیس لە ناوچەكەدا هەیە یان نیە. ئەم حاڵەتە یارمەتی دەربازبوونی دام، شەوی دواتر بووم بەمیوانی مەلاقادری روار كە پیاوێكی زاناو وریاو زۆر عاشقی كوردایەتیی بوو. ناوبراو بەهۆی رادیۆوە لە قاچاخی من بەئاگابوو، هەربۆیە وتی بە یەكێك لە قاچاخچییە شارەزاكان رائەگەێنم بەسەلامەتیی بتگەێنێتە تەوێڵە. ئەوەبوو پاش گەڕانەوەی شێخ جەمالی برام، خۆم لەگەلأ قاچاخچییەكان ملی رێگەم گرتو شەوی داهاتوو گەیشتمە تەوێڵە. بۆ بەیانی هاتمە خورمالأو چوومە حوجرەی فەقێیان، لەوێ دەبینم كە مەلا محێدینی هاوڕێمان لێرە جێگەی گرتووەو خۆی مەشغولأ كردووە، پێكەوە رۆیشتینە خزمەت مامۆستا مەلا محەمەدی كوڕی مەلابەهای بیارەو داوامان لێكرد وەك فەقێ لە حوجرەكەی خورمالأ بخوێنم. ئەویش بەروویەكی گەشەوە داواكەمانەی پەسەندكردو ئیتر لەگەلأ مەلا محێدین خۆمان بەخوێندنەوە سەرگەرمكرد. ئەو كاتە من (جمع الجوامع) م دەخوێندو لەم ماوەیەشدا رۆژنامەكانی عێراقو كوردستانی عێراق بەگەرمیی بروسكەی ناڕەزایی خەڵكیان بڵاودەكردەوە كە بە بۆنەی گرتنی قوتابیانی ئاینیو مەدەنی شاری سنە روویداوە. هەر لەم ماوەیەدا مەلا محێدین سەردانێكی ئێرانی كردەوە، بەڵام لە كاتی گەڕانەوەدا گیرابووو خرابووە زیندانی كرماشانەوە. ئەوەبوو سەرلەنوێ بەناوی یەكێتی قوتابیانەوە بەیانێكمان دەركردو داوامان لە هەموو ئازادییخوازی جیهانو كوردستان كرد كە دەنگی ناڕەزایی دژی دەزگای ساواكو رژێمی شاهەنشاهیی بەرزبكەنەوەو داوای ئازادكردنی مەلامحێدینو هاوڕێكانی بكەن. ئەوەش تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكی گەورەی لیكەوتەوە كە لە رۆژنامەكانی خەباتو ئازادیو ئیتحادولشەعبدا بڵاودەكرانەوەو ببووە باسی سەردەم.
پاش ماوەیەك مانەوەم بەتەنیایی لە خورمالأ، هەستم بە تەعقیبی ساواك كرد، هەربۆیە لە مانگی نیسانی 1959 چووم بۆ هەڵەبجەو لەوێش هەرچەندە لەژیانی فەقێیایەتی وەرز ببووم ، بەڵام لەخزمەتی مامۆستا شێخ خالیدی موفتی درێژەم بەخوێندندا. لە هەڵەبجە لەگەلأ پارتییەكان هاتوچۆم هەبوو، رۆژێك شێخ سەعیدی موفتی پێی وتم: ئەمڕۆ لە سلێمانییەوە برادەرێكی بەرپرسی گەورەمان دێت بۆ ئێرە، تۆش وەرە بەسەرهاتی خۆتو هاوڕێكانتی بۆ باس بكە بەڵكو بە فەرمیی كارێكت بۆ بكاتو لەم دڵەڕاوكێیە رزگارت بێت. منیش وتم زۆر باشەو بۆ بەیانی لەگەلأ شێخ سەعید چووین بۆ بینینی برای مەسئولی پارتی دیموكراتو رابەری كورد. دوای چوونە ژورەوە بە عادەتی سلێمانی وتی(ئێ)، واتە قسە بكە، منیش هەرچییەكم لەبیربوو بۆم باسكردو وامزانی رێزێك بۆ هەوڵو بایەخێكیش بە نەهامەتییەكانمان دادەنێتو وەك قارەمانێك پێشوازییم لێدەكات، كەچی لەوەڵامدا وتی:" جا بەرامبەر دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەتان كردووە، خۆ دەوڵەتی ئێران خراپ نییە!!" بەڕاستی بە بیستنی ئەم قسەیە لەجێی خۆم وشك بوومو هاتمە دەرەوە.
لەماوەی مانەوەم لە هەڵبجە، لەلایەك لەدەست ساواكییەكانی مەریوانو جاسووسە خۆماڵییەكانی خورمالأ رزگاربووم، چونكە بە زەحمەت دەیانتوانی لە هەڵبجە كارەكانیان ئەنجام بدەن. هەروەها لەوێ ئاشناییم لەگەلأ ناوەندە سیاسییەكانی ئەودەمە پەیدا كرد كە لە حیزبی شیوعیو پارتی دیموكراتدا بەرجەستە دەبوو. لەلایەكی تر توانیم لەگەلأ ئاوارەكانی جوانڕۆییدا پەیوەندیی بگرم، بەتایبەتی حسێن بەگو قازیی زادەی جوانڕۆیی، قازیی زادە بۆ ئیشوكاری پەناهەندەكان زوو زوو سەردانی بەغدای دەكردو زیاتر میوانی مەلامستەفا بارزانی دەبوو، لە بەغدا هەر گرفتێك بهاتایەتە رێی، بارزانی فریای دەكەوتو كارئاسانی بۆ دەكرد. بەقسەی قازیی زادە، مەلامستەفا بەچاوی رێزەوە سەیریانی دەكردو هەمیشە ئاگای لێیان بوو. رۆژێك لە حوجرە دانیشتبووم، دوو جامانە سوور خۆیان بەژووردا كردو دوای بەخێرهاتنو قسەوباس، وتیان ئێمە لەلایەن مەلامستەفا بارزانییەوە بۆ سەردانی جوانڕۆییەكان هاتووینو لەوێ قازیی زادە باسی تۆی بۆكردووینو پێی وتووین حەزدەكەم سەردانی بكەنو ئەویش هەر دەربەدەرە، ئێمەش بۆ دڵخۆشیی دانەوەت هاتووین. بەڕاستیی من ئەم دیدارەم بە پێچەوانەی دیدارەكەی حیلمی عەلی شەریفەوە زۆر پێ خۆش بوو.
پەیوەندیی پێوەكردنم لەلایەن حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە
ماوەیەك بوو قازیی زادەم نەدیبوو، رۆژێك سەردانیم كرد، ئەو تازە لە سەفەری بەغدا گەڕابووەوەو سەردانەكەمی زۆر پێ خۆش بوو. ئەو وتی : بەقەبری وەكیڵ ئێستا ئەهاتم بۆ لات، باش بوو خۆت هاتی، دوێنی شەو لە بەغدا لە ماڵی بارزانی لەگەلأ برادەرێكی حیزبی دیموكراتی كوردستان باسی تۆمان كردووەو سەبارەت بە یەكێتی قوتابیانی ئاینیو مەدەنیو پەلاماری ساواكو ئەو دەنگو باسانەی لە رۆژنامەی خەباتو ئازادی دا بڵاوكراونەتەوە. ئەو برادەرە كە من لە ماڵە بارزانی ئەوم ناسیوەو ناوی (ئەحمەد تۆفیقە)و زۆر داوایكردووە كە بە یەكتان بناسێنم. پاش ئەوەی لەبارەی ئەحمەد تۆفیقەوە چەند پرسیارێكم ئاراستەی قازیی زادەكرد، ئامادەییم بۆ بینینی دەربڕی بە مەرجێك ئەو بێت بۆ هەڵەبجە، قازیی زادە وتی: هەركاتێك رێگەم كەوتە بەغدا لەگەلأ خۆم دەیهێنم. ماوەیەكی كەم پاشتر، لەبەر چەند هۆیەك هەڵەبجەم جێهێشتو گەڕامەوە خورمالأ، كە گرنگترنیان نزیكبوونەوە لە سنوورو ئاگاداربوون بوو لە برادەرە گیراوەكانمان، هەروەها پەیوەندی بەهەندێك لەو برادەرانەو ئاگاداركردنیان لەبارەی ئەحمەد تۆفیقو تێكەلأ بوون لەگەلأ حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كوردستانی عێراق.
رۆژێك لە حەوشەی مزگەوتی خورمالأ دەورم ئەكردەوە، لەدوورەوە پیاوێكم دی لە غەریب ئەچوو، ریشێكی ماشو برنجیو باڵایەكی كورتی هەبوو، شكم لێكرد كە لەژێرەوە بۆ كەسێك بگەڕێت، وردە وردە لەمن نزیك دەبووەوەو منیش بە پارێزەوە لێی نزیك بوومەوەو پێم وت: چیتە چاوەچاو دەكەیت؟ وتی: وەڵڵا كاكە مەلا هیچ نیە، میوانمو بڵێ ئەمشەو لە حوجرە جێگام بكەنەوە،وتم: میوان بەخێربێت. ئنجا چەند پرسیارێكی سەبارەت بە سەردانی مەڵبەندی مەڵبەندی موكریانو حوجرەكانی لێكردمو بە نەخێر وەڵامم دایەوە. پاشتر وتی: قازیی زادەی جوانڕۆیی دەناسی؟ منیش وتم : تۆ ئەحمەد تۆفیقی؟ وتی نەخێر بەڵام لەلای ئەوەوە هاتووم. ئەو شەوە میوان لەلامان مایەوەو بەیانی بۆ باسكردنی رازو نیازی خۆمان لە مزگەوت چووینە دەرەوەو بەدەم رێگای ئەحمەدئاواو زەڵمەوە وتی: ناوی نهێنیم (سادق شەریفە) بەڵام لە ئەسڵدا ناوم (مەلا باقی) ەو لەلایەن برادەرانو ئەندامانی سەركردایەتی حیزبەوە هاتوومو پێتڕابگەیەنم كە برادەران لەسەر ئەو بڕیارەی لەگەل قازیی زادە كردووتانە دێنە لاتان، بەڵام ئێسیتە لەشاری سلێمانی سەرقاڵی دابینكردنی شوێنو رێن بۆ ئەو برادەرانەی كە لەلایەن ساواكەوە ئاوارەكراون. لەراستییدا لە پایزی ساڵی 1959دا لە پەلامارێكی كتوپڕی ساواكدا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستان گیرانو ئەندامانێكی زۆریش پەرتەوازەی شارەكانی كوردستانی عێراق بوون لە هەولێرو سلێمانیو قەڵادزە گیرسانەوەو گەلی كوردو پارتی دیموكرات كۆمەكیان پێكردن. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكو پاش ئەوەی ئاوارەكان جێگیركران ئەحمەد تۆفیقو فایەق هاتن بۆ خورمالأ بۆئەو دیداربینییەی كە لەگەلأ قازیی زادە باسمان لەبارەوە كرد. ئەوەش یەكەم دیدارم بوو لەگەلأ ئەم دوو كەسە. بۆ قسەكردنو بەناوی سەیرانەوە روومان لە چەمی ئەحمەدئاواو زەڵم كردو لە شوێنێكی تایبەت بەتێروتەسەلی رووداوەكانی رابردوومان باسكردو بڕیاردرا:
1- راپۆرتێكی دوورودرێژ سەبارەت بە یەكێتی قوتابیانی ئاینیو مەدەنی كوردستان لەلایەن یەكێتیەوە، ئەویش كە من بووم بنوووسرێت.
2- هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیەكەو بانگێشتی ئەندامە دڵسۆزەكانی بۆ چوونە ناو حیزبی دیموكراتی كوردستان.
3- چالاككردنی رێكخستنی حیزبی دیموكرات لەناوچەی سنەو مەریوانو هەوڵدان بۆ پێشخستنی لەم دوو ناوچەیە چونكە حیزبی دیموكرات لەم دوو ناوچەیە چالاك نەبووەو كەسیش بەناوی حیزبەوە لەو ناوچەیە بەر پەلاماری ساواك نەكەوتبوو.
4- بەرلە دەستبەكاربوونی من، پێویست بوو پاش گەڕانەوەی ئەوان سەفەری سلێمانی بكەمو لەگەلأ برادەران جێگاو شوێنی سیاسیی دیاریی بكرێت.
دوای گەڕانەوەی ئەوان، من دەستم بە نووسینی راپۆرتەكە كرد. پاش تەواوكردنی بەرەو سلێمانی بەرێكەوتمو لەجێگایەكی تایبەت برادەرانم چاوپێكەوتو هەموویان خۆیان پێناساندم كە بریتیبوون لە
1- عەبدوڵڵا ئیسحاقی دەبیر ئەوەلی حیزب ناوی نهێنیی ئەحمەد تۆفیق.
2- سلێمانی موعینی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ناوی نهێنیی فایەق.
3- قاسم سوڵتانیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی ناوی نهێنیی كەمال ئەحمەد
4- هاشم ئەقەل توڵاب ئەندام كۆمیتەی مەركەزی ناوی نهێنیی قادر شەریف
5- مەلاباقی ئەندامی كۆمیتەی مەركەزی ناوی نهێنیی سادق شەریف
من هەر لەگەلأ ئەمانەدا دانیشتمو هەر لە سلێمانی كەسانی تریشیان هەبوو وەك عەبدولڕەحمانی قاسملوو یوسف رەزوانیو هی تر، ئەوانەم بەناو بەرگوێ كەوتن. بەداخەوە هەر یەكەم رۆژ لەگەلأ برادەران بووم بە هاوكار هەستم بە دووبەرەكیی كرد، خۆم پێنەگیراو بە عەبدوڵڵای ئیسحاقیم وت: ئەم دووبەرەكییە ئەنجامی نالەباری لێئەكەوێتەوە، ئەو وتی: گوێ مەدەرێ چەند كەسێكن شیوعییەكان لەخشتەیان بردوونو بۆخۆیان پەشیمان دەبنەوە. بەهەرحالأ من لە حیزبی دیموكراتی كوردستاندا بووم بە هاوكاری دەستەكەی عەبدوڵڵا ئیسحاقیو ئەوانیش شەرەفی ئەندامی سەركردایەتییان بۆمن بە رەوا زانیو ناوی نهێنیی "بڵێسە"یان بۆدانامو لەیەكەم رۆژی ئەندامبوونم بەرپرسیارێتی مەڵبەندی سنەو مەریوانی حیزبیان بەسەردا دام.
سەردانی ناوچەی مەریوان
لەسەرەتای ساڵی 1960دا، بەمەبەستی رێكخستنو بڵاوكردنەوەی یەكەم ژمارەی دەورەی سێیەمی رۆژنامەی "كوردستان"، لەگەلأ هاوڕێ كەمال ئەحمەد رۆیشتین بۆ مەریوان. هەرچەند دنیا سارد بوو، بەڵام لە دەرەوە خەرمانەكان زۆر بوو، دوای چاوپێكەوتنی ئەو كەسانەی كە بە باشمان زانین، لە دەشتە پێچو پەناكانداو شەو لەناو "كا" دەنووستین. ئەم سەفەرەی ئێمە دەنگی دایەوەو گەنجولاوانی مەریوان بە بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی كوردستان لە شارەكەیاندا فرە خۆشحالأ بوون. بەتایبەت ئەو دەنگوباسە كە یەكێتی قوتابیانی ئاینیو مەدەنی، تێكەلأ بە حیزبی دیموكرات بووە، ئەوەش وایكرد زۆر لەو لاوانە داوای هاتنە ناو حیزبی دیموكرات پێشكەش بكەن. بەراستیی، ئەم سەفەرە تەلیسمی بێدەنگی شكاندو ناوچەكەی خستە جووڵە، وایكرد دواتر لاوان خۆیان پەیوەندییان دەكردو خۆشیان سەربەخۆ كۆمیتەكانی حیزبیان پێكدەهێنا. لەگەڕانەوەدا كەمال ئەحمەد رۆشتەوە بۆ سلێمانیو منیش رووم كردەوە حوجرەكەم لە خورمالأ، ئەو حوجرەیەی بێ ئاگاداریی مامۆستاو قوتابییەكانی، ببووە بارەگایەكی حیزبی دیموكراتی كوردستانو لە رێگەی منەوە گۆڕابوو بۆ خاڵی پەیوەندیی كارە حیزبییەكانی نێوان سەركردایەتیی لە سلێمانیو رێكخستنەكانی مەڵبەندی مەریوانو هەورامانو تەنانەت شاری سنەش.شایەنی باسە، هەر لەم ماوەیەدا كاری زۆرباش كرا، وەك دابەشكردنی ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانو بەیانو وێنەی ئەندامە گیراوەكانی حیزب، بەتایبەت وێنەی عەزیز یەسفی، غەنی بلوریان، رەحمەتی شەریعەتیو دكتۆر عەلی مەولەوی و زۆر پرۆپاگەندەی بەكەڵكی نەتەوەیی.
ساواك بۆ پوچەڵكردنەوەی هەوڵەكانی ئێمەو رێگرتن لە پەیوەندیی لاوانی كورد بە حیزبی دیموكراتەوە، هەستا بە دروستكردنی حیزبێك بەناوی "حیزبی شۆڕش"و هانی خەڵكانی خوێندەوارو عەشائیرەكانو جووتیارانی دەدا كە پەیوەندیی بكەن بە شۆڕشەوە، تەنانەت پرۆپاگەندەی ئەوەشی بۆ دەكرد گوایە ئەم حیزبە هەڵدەستێت بە شۆڕشێك كە سەراسەری كوردستان بگرێتەوە!!. حیزبی دیموكراتی كوردستان بەهۆی برادەرانەوە هەر زوو بەم پیلانەی زانی، ئەوەبوو بەیانێكی لەسەر ئەم حیزبە دەكردو شێخ ئەحمەدی فەزڵی بردی لە مەریوان بڵاویكردەوەو دەست بەدەست گەیشتە سنەو دەوروبەریو شۆڕش بووە بڵقی سەرئاوو بە بەیانێك هەڵوەشا. دەكرێت بوترێت كە دەنگوباسی حیزبی شۆڕش، كوردستانی عێراقیشی گرتبووەو زۆر لە هەلپەرستانو بێبەندو باری لەدەور كۆببووەوە، ئەگەر ئەو بەیانەی حیزبی دیموكرات نەبایە هەر ئەو دەمە ساواك بەهۆی شۆڕشەوە دەستی دەگەیشتە زۆر جێگا.
سەبارەت بە حیزبی شۆڕش
حیزبی شۆڕش لە ساڵی 1960 لە كوردستانی ئێران لە مەركەزی سنە بە هاوكاریی ساواكو بە رابەری شێخ نەسرەدین نەقشبەندیی دامەزرێنرا. لەسەرەتاوە لاوەكانی كورد زۆریان پێخۆش بوو، پرۆپاگەندەی ئەم حیزبە سەبارەت بە هەڵگیرساندنی شۆڕشێكی گەورەو سەرتاساری لە كوردستان دەنگی دابووەوەو هەركەس بە شێوەیەك لەبارەی حیزبی شۆڕشەوە بۆچوونی خۆی دەردەبڕیو بەدەملوسییو پارەی ساواك زۆر ئینسانی باش تەفرەدرابوو. لەوبارەیەوە ئەگەر حیزبی دیموكرات فریا نەكەوتایە ئەوا زۆر كوردی پاكو نیشتمانپەروەر بەتەواویی گرفتار دەبوون. ئەوەبوو دوای ئاشكراكربوونی رووی راستەقینەی "شۆڕش"، ئەو كوردە دڵسۆزانە گیران كە لە پەنای ئەو حیزبەدا بۆ ساواك دەركەوتن، بەك لەوانە عەلی قوتبی بێسارانی بوو كە دوای لێدانو ئەشكەنجەیەكی زۆر نەیانتوانی چۆكی پێدابدەنو ئیرادەی تێكبشكێنن . ئەوەبوو مەردانە لە زیندان هاتەدەرو پەیوەندیی بە حیزبی دیموكراتەوە كردو یارمەتی شۆڕشی ئەیلولیدا. عومەر سادق نگڵی، یەكێكی تربوو لە ئەندامە كارامەو دڵسۆزە راستینەكانی كوردو لەناو حیزبی شۆڕشدا بوو، بەڵام دواتر نەیتوانی لە ئێراندا بمێنێتەوەو ئاوارەی كوردستانی عێراق بووو لە رێگەی منەوە هاتە نێو حیزبی دیموكر اتی كوردستانەوە، پاش ئەوەی لەگەڵ خۆم هێنامە سلێمانیو بە ئەحمەد تۆفیقو فایەقم ناساندو ئەوانیش پاش كۆڵینەوە، داوایان لێكرد راپۆرتێك لەسەر حیزبی شۆرش بنووسێتو داوایەكیش بۆ ئەندامەتیی پێشكەش بكاتو ماوەیەكیش لە خورمالأ بێتو پەیوەندیی حیزبیی بە منەوە بێت. بەداخەوە گەر حیزبی دیموكرات حیزبێكی بێ دەردەسەریی بووایە ئێستا ئەو راپۆرتە لە ئەرشیفەكەیدا دەبینرایەوەو نەدەفەوتا. لەڕاستییدا، دامەزراندنی حیزبی شۆڕش لەلایەن ساواكەوە بەمەبەستی بەربەرەكانیی بوو لە دژی حیزبی دیموكرات، وێڕای ئەوەش هێشتا چەند ئاكامێكی ئەرێنیی لێكەوتەوە كە بریتییبوو لە:
1- گرتنەخۆو وەرگرتنی پاشماوەی شۆڕش لەلایەن حیزبی دیموكرات، ئەوانەی كە بەڕاستیی كوردپەروەربوونو لەڕووی دڵسۆزییەوە كەوتبوونە دوای شۆڕش.
2- خۆپاراستنی دڵسۆزانو خەڵكی كوردپەروەر لە پاشماوەی حیزبی شۆڕش كە سەر بە ساواك بوون.
3- هاتوچۆی حیزبیی بۆ ناوچەكە وایكرد رێگە لە دروستبوونی وەها كۆسپێك بگرێتو رێگە نەدرێت بەناوی كوردایەتییەوە ساواك جارێكی تر خۆی بكات بە ریزەكانی كورددا.
4- ساغبوونەوەی حیزبو چینو توێژەكانی كوردستانی عێراق و تێگەیشتنیان سەبارەت بە ماهییەتی حیزبی شۆڕش .
من بەوەندە سەبارەت بە حیزبی شۆڕش وازدێنمو وردەكارییەكانی بۆ ئەو كەسانە جێدێڵم كە كاریان لەو حیزبەدا كردووەو ئەمێستا لە ژیاندا ماونو داواكارم تەواوی زانیارییەكانیان لەوبارەیەوە بۆ خوێنەرانی كورد بخەنەبەرچاو، چونكە شۆڕشیش بە هەموو خراپییو چاكەیەكییەوە بەشێكە لە میراتی جوڵانەوەی سیاسیی ئەم میللەتە ستەمدیدەیەو پێویستە ون نەبێت.
دووبەرەكیی لە عێراق
هەر لەسەرەتای ساڵی 1960ەوە، كە بوومە ئەندامی حیزبی دیموكرات، ئەوەمزانی لەناو ئەندامانی سەركردایەتیی حیزبدا دووبەرەكییەكی قوولأ لەئارادابوو. دەستەیەك لەگەلأ ئەو بۆچوونەدابوون كە حیزبی دیموكرات وەك دەورانی جەبهەی میللیو سەردەمی مەسەدیق رێكخراوێكی سەر بە حیزبی تودە بمێنێتەوەو یارمەتی مادییو بارهێنانی تیۆریی لەوەوە وەربگرێت. لەناو ئەم دەستەیەدا هەبوون جیابوونەوەی حیزبی دیموكراتیان لە تودە بەخیانەتو نۆكەرایەتیی ئیستیعمار دەزانی. دەستەیەكی تر كە تاقمو لایەنگرانی ئەحمەد تۆفیق بوون، لایان وابوو چۆن پارتی لە باشووری كوردستان لە حیزبی شیوعی عێراق جیایە، دەبێت حیزبی دیموكراتی كوردستانیش لە حیزبی تودەی ئێران جیابێتو سەربەخۆ بێت. ئەم دووبەرەكییە بەشێوەیەك پەرەی سەند كە ئاڵۆزییەكی گەورەی لەنێو حیزبدا پێكهێنا، هەتا كار گەیشتە ئەوەی ئەحمەد تۆفیقو هاوڕێ كەمال ئەحمەد چوونە بەغدا بۆ لای مەلامستەفا بارزانیو داوایان لێكرد ئەو تاقمەیان لە كۆڵبكاتەوە كە لەلایەن عەبدولڕەحمانی قاسملووە رێبەرایەتیی دەكران. مەلامستەفا زیرەكانە پێیوتن وەك ئێوە باس ئەكەن ئەبێت عەبدولڕەحمانو هاوڕێكانی خیانەتیان لەحیزب كردبێت، ئەگەر وایە پێویستە حیزب ئەوان وەدەرنێت، جا لەبەرئەوە مادام ئێوە حیزبتان هەیە، بڕۆنەوە سلێمانیو كۆبوونەوەی خۆتان لەسەر ئەم مەسەلەیە بكەن، ئەگەر حیزب بەناوی خیانەت ئەوی دەركرد، ئەوە چارنیە من بۆ دەرەوەی رەوانە دەكەم. ئەوان هەر ئەوەندەی لە بەغدا گەڕانەوە خێرا دەستبەجێ كۆبوونەوەیەكیان كردو بە ئیجماع بڕیاری دەركردنی عەبدولڕەحمانی قاسملویان داو بە بەیان بڵاویانكردەوە. ئەوەبوو دوای بڕیاری حیزب، بارزانی قاسملۆی لەعێراق وەدەرنا، مایەوە ئەحمەد تۆفیقو بەشە نیوە تودەییەكەی حیزب، هەتا گەیشتە ئەوەی كەمال ئەحمەدو تاقمێكی تریان گەڕانەوە ئێران. دیارە ئاوارەبوون خۆی لەخۆیدا دەردێكی پیسە، دووبەرەكیش هێندەی تر ئەو دەردەی ئێمە كۆڵەوارتركردبوو، وایكردبوو لە هەموو لایەكەوە تەماعی ئەوەمان تێبكرێت كە لەلایەن هێزو لایەنە جیاوازەكانی ناوچەكەوە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیانو بەشێوازی دزێو بمانكە ئامرازو هەر كەسێك هەستێت بازرگانیی بە كوردی رۆژهەڵاتو ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە بكات، ئەو رەوتەی هەر لەدوای جێگیربوونی ئاوارەكانی كوردی رۆژهەڵاتەوە لە باشووری كوردستان لە تێكڕای قۆناغەكانو لەلایەن تەواوی هێزو لایەنە جیاوازەكانەوەو بەچاودێریی ساواكییە دڕەكانی وەك عیسا پەژمانو سەرهەنگ ئەیوبیو سەرهەنگ مودەریسیەوە، گیرابووەبەرو ئێمەیان كردبووە دەستمایەی بازرگانی خۆیان.
كاتێك لە ساڵی 1959ەوە، لەناو حیزبی دیموكراتی كوردستان درێژەم بە تێكۆشاندا هەتا ساڵی 1961و بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول لەگەلأ بەڕێزان: ئەحمەد تۆفیق، سلێمان موعینی، قادر شەریف، مەلاباقی، قاسم سوڵتانیان، رئوف مەلا حەسەن، مەلا رەحمانی سێفەتاڵەیی، مەلا سەید رەشید، رەشەی قاچاخچی، شێخ موعتەسەم، عەبدوڵڵای شێخ موعتەسەم، عومەر نگڵی، مەلا عەلی لێوی، شێخ عوسمان مەردۆخی، مەلا ئەمین نوینی، عەلی عەجەم، كوێخا كەریم، تۆفیقە سور، شێخ ئەحمەد فەزڵیو لەتیفی شێخولئیسلامیو چەند لە تێكۆشەرانی تر كاروچالاكیی حیزبییمان لە هەردوو پارچەی كوردستانی ئێرانو عێراق ئەنجامداوەو ئەركی نەتەوەییمان بێ هیچ چاوێك لە پاداشتو بەرژەوەندییەكی تایبەت ئەنجامداوە، بەڵام بەداخەوە كە كەسانێكی بێئاگاو هەندێكیش بە ئەنقەست چاو لەم قۆناغەی تێكۆشانی حیزب دەپۆشنو خۆبەختكارانی ئەم قۆناغە لە نەوەی نوێ دەشارنەوە.
سەردانی مەلامستەفا بارزانیو پلان بۆ شۆڕش لە كوردستانی ئێران
بەهەر حالأ، گەموگوڕیی حیزبی دیموكراتی كوردستان بۆ گۆڕانو كاری جددیی لە ساڵی 1961دا چووە قۆناغێكی تازەوەو چاوەڕوانی دەكرا، ئەوەی لە 11ی ئەیلول لە كوردستانی عێراق روویدا، لە كوردستانی ئێراندا بكرێتو بۆ جێبەجێكردنی ئەم قۆناغە تازەیە، حیزب دەستی بە گورجوگۆڵییو جوڵانی نوێ كرد، بەمجۆرەی لای خوارەوە:
1- نووسینی نامەیەك بۆ بارزانیو دانیشتنو قسەكردن لەسەر ئەم بەرنامەیەی حیزب كە بەدەستەوە بوو، بە ئیمزای زۆر لە برادەران كە منیش بەناوی بڵێسە سنەدژی یەوە ئیمزامكرد.
2- پەیوەندییكردن بەزۆر كەسەوە لە كوردستانی ئێر ان لە مانگی شوباتی 1961دا بۆ بیرۆكەیەكی وەها.
3- ئامادەكردنی رای گشتیی لە كوردستانی عێراق بۆ ئەم مەبەستە.
ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی بارزانی بووین، ئەو كاتەی مەلامستەفا لە بەغدا نەمابوو، بینینو چاوپێكەوتنی لە بارزان فرە زەحمەت بوو. خاڵەكانی پشكنین لێپرسینەوەیان لەگەلأ هەركەس دەكرد كە سەردانی ناوچەی بارزانی كردبا، هەربۆیە ماوەیەكی زۆر چاوەڕوان بووین. ئەوەبوو لە مانگی حوزەیرانی 1961دا، بارزانی داوای چاوپێكەوتنی ئێمەی كرد.من لە خورمالأ بوومو بەهۆی سلێمانو حەمەی مینە عەوڵاوە لەو هەواڵی سەردانی بارزان ئاگاداركرامەوە، زۆرم پێخۆش بوو، چونكە هێشتا بارزانینم نەبینیبوو، هەر لە دوورەوە ناوبانگیم بیستبوو. ئەوەبوو لەگەڵیاندا چووەمە سلبَمانیو بۆ بەیانییەكەی لەگەلأ: ئەحمەد تۆفیق، سلێمانی موعینی، رەشەی قاچاخچی، قادر شەریفو عارف قەرەچەتانی دا بەرەو بارزان بەڕێكەوتین. شەوێك لە هەولێر لە ئوتێل ماینەوە كە خاوەنەكەی ناسیاوی ئەحمەد تۆفیق بوو، ئێمە كە بێ ناسنامە بووین، ناچار بووین لە زۆربەی شوێنەكان رێگەی قاچاخ بگرینەبەر. بەتایبەت لە خەلیفان لەسەر رێگەی رەواندز-بارزان فەجێك عەسكەر دانرابابوو، لە خاڵەكانی پشكنین نەیاندەهێشت كەسانی وەك ئێمە تێپەڕن. ئەوەبوو بۆ نیوەڕۆی رۆژی دواتر گەیشتینە گوندی ریزان كە ماڵی لوقمانی كوڕی مەلامستەفای لێبوو. لەوێ بەومان راگەیاند كەلەسەر داوای بارزانی هاتووین، ئەویش وتی: با لەپێشدا ئاگاداری بكەم ئەوسا چۆنی بەباش زانی هەواڵەكەتان دەدەمەوە. ئێمە ئەو رۆژەمان بە گوندی ریزان لە چاوەڕوانییدا بەسەر برد، وەرزی بەهار بوو رۆژ هەر تەواو نەدەبوو، ئەحمەد تۆفیق پێشنیاری كرد سەردانێكی ئاوی زێ بكەینو سەرێكیش لە شێخ بابۆی برابچووكی مەلامستەفا بارزانی بدەین.
هەربۆیە كە لەسەیری زێ گەڕاینەوە، چووینە خزمەت شێخ بابۆ، بەتەنیا لە ژوورێك لەسەر بەرمالێك رووەو قیبلە دانیشتبوو، پیاوێكی نورانیو رۆحانییەكی بەدڵداچوو، پیاو بە بینینی دلأو دەرونی دەگەشایەوە. من پرسیاری ژیانی شێخ بابۆم لە ئەحمەد تۆفیق كرد چونكە ئەو ئاموشۆی زۆری لەگەلأ ماڵە بارزانییدا هەبوو، لەوەڵامدا وتی: چۆنت بینیوە هەمیشە وا لەسەربەرماڵەو خەریكی تاعەتە، تەنیا ئەو كاتە لەسەر بەرمالأ نیە كە خەریكی كسپو فەلاحەتەو خواردنی خۆی بەدەستی خۆی پێكدەهێنێتو بۆ هەرشوێنێك بڕوات خواردنی خۆی لەگەڵ خۆی دەبات.
رۆژی 16ی حوزەیرانی 1961، پاش ئەوەی لەلایەن بارزانیەوە بانگ كراین، هەر زوو نانمان خواردوخۆمان كۆكردەوە، من بە عەقڵی خۆم وام چاوەڕوان دەكرد كە شوێنی بارزانی هەر نیو سەعاتێك لە ماڵی لوقمانی كوڕییەوە دووربێت. شارەزایەك بەناوی "زەكی كامل" پێشمان كەوتو بەرەولای بارزانی كەوتین رێ. زۆر نەڕۆیشتین پردێكی ئاسنی گەورە هاتە رێمان، زەكی لایداو ئێمە بەدوایدا، نوسا بە باریكە رێگایەكی هەڵەتو سەخت كە تەنیا بزن ئەیتوانی خۆی لێبدات، باریكە رێیەكی بەرەوژوور كە دارستانی بەڕوو قەزوان سەری لەیەك نابوو بەچەشنێك بەكێك ون بووایە بەناڕەحەت دەبینرایەوە. هەر رۆیشتینو هەر نەگەیشتین. لەسەرەرێگا گوندێكمان هاتە رێ، خەڵكەكەی پێشوازییان لێكردینو لەسەر یانجیڵەی خانوویەك بەڕەیەكیان بۆ راخستینو دۆی ساردو كەرەو هەنگوینیان خستە بەردەممان. خانمی ماڵەكە خزمەتی میوانی دەكرد، قسەمان لەگەلأ كرد وەلامی نەداوە، دواتر زانیمان ئەو خانمە رووسەو شووی بە بارزانییەك كردووەو هێشتا فێری كوردیی نەبووە. پاش ریشتن لەم دێیەو بڕینی كوێرەرێگایەكی تری سەختو لەكۆتایی نەهاتووو جێهێشتنی چەند ئاواییەك، گەیشتینە چیایەك لە زەكیمان پرسی وتی: ئەمە (چیای شیرینە) بەچەشنێك بەرزو سەخت بوو كە شاخە بچووكەكانی دەوروبەری هەمووی لەژێر نیگاو دیدماندا بە بچووكی دەردەكەوت. تەنیا شاخێك كە شانی لە شانی ئەم چیایە دەدا، (پێرس) بوو، دیمەنو چەشمەندازەكان تادەهات دڵگیرترو سیحراویتردەبوو.
دوای رێرۆیشتنێكی چوار پێنج ساتی، شاخ تەواو بوو بەودیو ئەودیودا شۆڕبووینەوەو نزیكەی دوو تا سێ كیلۆمەتر، لە دوورەوە چادری سپی دەركەوتو وەكی مژدەی دا وتی ئەو چادرانە ماڵی مەلامستەفایە، زۆرمان پێخۆش بوو، چووینە نزیك چادرەكانو پێشمان كەوتن بۆ میوانخانە، لەڕاستییدا، ماندوێتی رێگا شەكەتی كردبووینو ئەو شەوە بارزانی نەهات بۆ لامانو بە راحەتی نووستینو هیلاكی رێگەمان دەرچوو. بەیانی ئاوی گەرمیان بۆ هێناین، وتمان دەچینە كانی بۆ دەستوچاوشتن، وتیان لە (چاڵوێ) كانیاونییەو تەنیا بەفراو هەیە، ئەویش بەیانیان دەیبەستێتو تا دەمی نیوەڕۆ بەفرەكە خاونابێتەوە. پاش نانخواردن، بارزانی تەشریفی هێناو بەقسەی خۆشو میوان نەوازیو رێزگرتنی بێ ئەندازە ئارەقی ماندووبوونی رێگای لێ سڕینو غەمی ئاوارەیی لەدلأ دەركردین. ماوەی هەشت رۆژمان لە چاڵوێ لە خزمەت بارزانیدا بردەسەر، لەم دانیشتنەدا لە زۆر شت دواین، لەوانە گەڕانەوەی جەنابی بارزانی لە یەكێتی شورەویی كە بەبۆنەی یادكردنەوەی حیزبی شیوعی شورەویی بانگێشتكرابوو. هەروەها دەربارەی ئەو هۆكارانەی وایان لە بارزانی كردبووە بەغدا جێبهێڵێتو رووبكاتەوە بارزان. لەبارەی حیزبی دیموكراتی كوردستانیشەوە، باس لە ناخۆشیی ژیانی ئاوارەكانی كوردی رۆژهەڵاتو دەستگیركردنیان لەلایەن حكومەتی ئەو كاتەی عێراقەوە كرا. هەروەها بیرۆكەی دروستكردنی دەستەی چەكداریی بچووك بچووك بە رابەرایەتیی حیزبی دیموكراتو بەشداری هەندێك لە عەشیرەتە نیشتمانپەروەرەكانی كوردستانی ئێران. سەبارەت بە كوردستانی عێراقیش، بارزانی رای بەوشێوەیە بوو كە نەبە نووسینو نە بە چەك دژی عەبدولكەریم قاسم هەنگاو نەهاوێژرێت. بۆچوونێكی وا كە عارف قەرەچەتانی بێزاركردبوو كە دەیوت: ئێمە دەمانەوێت سبەی بارزانی شۆڕشمان بۆ بكات كەچی ئەو دەڵێت نابێت دژی عەبدولكەریم هەنگاو بنرێت. بارزانی ئەو رۆژە پێیوابوو كە كورد پێویستی بە لانیكەم 10-15 ساڵی ترە تا بتوانێت شۆڕشێك بەرپاكات. ئەو لەوە دەترسا نەیارانی عەبدولكەریم هەلەكە بۆ كودەتاكردن بقۆزنەوەو دەیوت: گەر ئەمرۆ منو كاك ئیبراهیم(مەبەستی ئیبراهیم ئەحمەد بوو) دەتوانین بۆ كوردێك لای عەبدولكەریم تكایەك بكەین، ئەوە سبەینی ناتوانین لەگەلأ ئەو كەسانەی دێنو لە شوێنی ئەو حاكم دەبن ئەوە بكەین، ئەوە مەحمود كاوانی فەرمانی دەستگیركردنی هەیەو لای منە، كاتێك چوومەوە بۆ بەغدا لەگەلأ خۆم دەیبەمو عەفوی بۆ وەردەگرم، باشترین شت ئەوەیە لەناو جەماوەردا بنكەی خۆمان داكوتینو دەبێت بە وردیی ئاگامان لەخۆبێتو كەی وەختی شۆڕش هات خۆی لە دەرگا دەدات، ئێمە دوژمنمان زۆرەو میللەتێكی هەژارینو نابێت دوژمن بەخەبەر بێنین. بۆیانگێڕاومەتەوە كە یەكێك لە ئەندامانی بەرزی پارتی...لەبەردەم سەفارەتی چیكسلۆڤاگیا رۆژنامەی خەباتی پێشانی سەفیرداوەو پێی وتوە بزانن چیمان بۆ نووسیوون، ئێمە باشتان بۆ ئەنووسین یان "اتحاد الشعب". بەرای من ئەم جۆرە قسەو پەیوەندییانە ئاگرخۆشكردنن بۆئەوەی رۆژێك بەناوی شوعییبوونەوە لە كورد بدرێت، چ پێویست دەكات بە خۆڕایی ناوزڕاوبین.
بارزانی رای لەسەر بیرۆكەی جوڵانەوەی چەكداریی لە كوردستانی ئێران بوو، بەمەرجێك هەنگاوی وردو لەسەرخۆو عاقڵانەی بۆ بنرێت. سەبارەت بە راوەدونانی ئاوارەكانیش لە عێراق، زۆری پێناخۆشبوو، بڕیاریدا بە چوونەوەی بۆ بەغدا لەگەلأ كاربەدەستانی حكومەتدا قسە لەوبارەیەوە بكات. لەبارەی پێویستی ماڵیشەوە، بارزانی یارمەتی 500 دیناری بە حیزب كردو ناونیشانی چەند كەسێكی لە بەغدا دا بە ئەحمەد تۆفیق، تاكو بڕوات لەوێ بەناوی بارزانییەوە داوای یارمەتی بۆ ئاوارەكانو برادەرانی حیزب بكات.
لەڕاستییدا، لەو ماوەیەی میوانی بارزانی بووین زۆرم سوود بینی، زۆر مەسەلەی سەرەكیی لە مێشكمدا قەتیس مابووو وەڵامی گونجاوم بۆ نەدەدیتەوە، لەم ماوە كورتەدا وەڵامیانم دەستكەوت. بە راشكاویی پرسیار لە هەموو بابەتێك دەكراو وەڵامەكەی بە پوختی وەردەگیرایەوە. لەبەرئەوەی بارزانی پیاوێكی نیك نەفسی ئاسایی بوو، دنیادیدەو پەروەردەی چەرخی زەمانە بوو، هەربۆیە بێباكانە وەڵامی پرسیارەكانی بەڕاستیی دەداینەوە. پرسیارم لێكرد: لە یەكێتی شۆرەویی رۆڵی جەنابتان چی بوو؟ لەوەڵامدا پێكەنیو فەرمووی: قەساب بووم لە سیبریا! لەرستییدا من وەڵامەكەم بە سەرسوڕمانەوە وەرگرت، بەڵام ئەو بۆئەوەی بۆم بسەلمێنێت دەستی كردە بستو فەرمووی كێردێكم لەبەر پشتنێكەم كردبوو ئا ئەوەندە دەبوو. هەروەها لەم سەردانەدا هەستم كرد بارزانی مرۆڤێكی زیرەكی تیژهۆشە، لەوجۆرە بوو گەر كەسێكی بۆجارێك دیتبا پاش ماوەیەكی دریژ بیبنیایەتەوە زوو دەیناسییەوە. یاخود ئەو بەسەرهاتو رووداوانەی ژیانی زۆر بە وردیی دەگێڕایەوەو ئەو ماوەیە سەبارەت بە رووداوەكانی كۆماری كوردستانو شەڕەكانی بارزانی لەگەلأ لەشكری ئێرانو چۆنێتی چوونیان بۆ شورەوییو زۆر وردە رووداوی تری وا باس دەكرد دەتوت ماوەیەكی كەم بەسەریاندا تێپەڕیوە. لەو چەند شەوەدا بە پەرۆشەوە گوێمان بۆ داستانە تالأو شیرینەكانی بارزانی رادێرابوو، ئەزموونێكی زۆرمان لێوەرگرت. بارزانی فەرموی تەمەنم شازدە سالأ بوو، شۆڕشی شێخ سەعید لە كوردستانی توركیا دەستیپێكردبوو، شێخ ئەحمەد پەیوەندیی بە شێخ سەعیدەوە هەبوو، ئەویش نامەیەكی ناردبوو بۆ شێخ ئەحمەد سەبارەت بە پەیوەندییكردن بە عەشائیرە كوردەكانەوە لە كوردستانی ئێران، بەتایبەتی ئەعیانو ئەشرافی شاری سنە. شێخ ئەحمەد منی لەگەلأ پێنج كەسدا ناردە سنەو نامەی بۆ ئەشرافی سنە نووسیو وتی با بەهۆی (ئایەتوڵڵا مەردۆخیی)وە پەیامەكەی شێخ سەعید بە ئەعیانی سنە بگات. ئێمە كەوتینەڕێ بۆ سنەو نامەكەی شێخ ئەحمەدمان برد بۆ ئایتوڵڵا مەردۆخیو ئەویش لەگەلأ عەشائیرو ئەشرافی سنە، شەو لەماڵی ئایەتوڵڵا كۆبوونەوەو ئەوانیش بە گەرمیی پێشوازییان لە لە پەیامەكە كردو بەڵێنیاندا لەڕووی مادییو مەعنەوییەوە یارمەتی شۆڕشی كورد لە توركیا بكەن. لەكاتی گەڕانەوە، لە كەلی خان چەند ئەمنیەیەكی ئێران رێگایان لێگرتینو هەوڵییاندا رووتمان بكەنەوەو چەندەمان هەوڵدا لەگەڵیان وەڵامیان نەداینەوە، ئەوەش وایكرد تەقە لەنێوانماندا دروستبێتو یەكێكمان لێكوشتنو ئیدی هاتین بەڕێدا.
هەروەها لەم سەفەرەدا رۆیشتین بۆ خزمەتی شێخ ئەحمەدو دیداربینی ئەویشمان كردو میوانیان بووین لە هاوینەهەوارێكی دوورتر لە چاڵوێ بەرەو لای توركیا. پێش ئەوەی بگەڕێینەوە وێنەیەكی یادگارییمان لەگەلأ بارزانیدا گرتو بەمجۆرە كۆتایی بەسەفەرەكەمان كۆتاییهاتو گەڕاینەوە بۆ شاری سلێمانی.
لە راستەوە بۆ چەپ ئەم كەسایەتییانەن:
جەمیل مەردۆخ، ئەحمەد تۆفیق، سلیمان موعینی ، عارف قەرەچەتانی، مەلامستەفا بارزانی، ئەسعەدی خۆشەوی، رەشەی قاچاخچی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست